لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

پاداشت و سزا سایکۆلۆژییەکانی جەماوەر بۆ پاڵەوانەکان بە نموونەی کۆمەڵگەی کوردی

Tuesday, 04.05.2022, 09:39 AM


بەناوبانگبوون یەکێکە لەو حەزانەی بێ ئەوەی مرۆڤ بیری لێبکاتەوە خێرا وەک شتێکی باش و پەسنکراو قبوڵی دەکات، چونکە هەم لەڕووی ماددی و هەم لەڕووی مەعنەوییەوە، مایەی چێژ و خۆشییە بۆ کەسەکە. هەر ئەمەشە وادەکات خەڵکێکی زۆر بە رێگەی جیاواز، هەوڵی ئەوە دەدات بەناوبانگ بێت. کاتی خۆی بەشێکی زۆر لە نووسەران بۆ ئەوە دەبوونە نووسەر و شاعیر و گۆرانیبێژ تا بەناوبانگ بن، نەک ئەوەی لە رێگەی ئەو توانایەی هەیەتی بە رێگەی نووسین یان گۆرانی بتوانێت گوزارشت لەخۆی بکات، بەڵکو هەموو ئامانجی خۆ دەرخستن و داگیرکردنی پانتاییەکە لەخەیاڵی ئەوانیتردا، چونکە ئەویتر وەک سارتەر ئاماژەی بۆ دەکات، زەمینەیەکە بۆ هەستکردن بۆ بوونی خۆ.

ئەگەر جاران ئەم رێگەیە ئاڵۆز و قورس بووبێت، ئێستا بەهۆی شەپۆلی سۆشیال میدیا و جۆرەکانی، بەناوبانگ بوون زۆر ئاسان بووە و لەوەتەی ئینتەرنێت بوونی هەیە کۆمەڵگەی کوردیش تژی بووە بە کۆمەڵێک دەنگ و رەنگ و کەسایەتی جیا. هەڵبەت من باسی ئەوە ناکەم و ناچمە وردەکاری ئەم پرۆسەیەوە کە کەسەکە دەبێت بەحەزی جەماوەر و بە پێی ویستی ئەویتر، جوڵە بکات تا ئەوەی پارێزگاری لە و سەرمایە رەمزییە بکات کەهەیەتی.
ئەوەی من دەمەوێت رۆشنی بکەمەوە ئەوەیە عەقڵی کۆمەڵگە و خەڵکەکە بەگشتی بۆ هەر سەردەمێک کۆمەڵێک پاڵەوان بەرهەم دەهێنێت. جا لە زەمینەی جیاوازدا وەک بواری ئایینی و سیاسی و هونەر و نووسین جەماوەر زۆر بە دڵسۆزی و بە چاوەڕوانی زۆرەوە گرنگی بەم جۆرە پاڵەوانانە دەدات و هەموو هیوا و خەونی خۆی بەم جۆرە کەسانە دەبەستێتەوە. بۆ نموونە کاتێک پیاوێکی ئایینی دەکاتە پاڵەوانی خۆی، ئیتر هیوای بە دۆعا و بەرەکەتی ئەوە و لێی کۆدەبێتەوە و پارەی بۆ خەرج دەکات یان نووسەرێک لە عەقڵی جەماوەردا دەبێتە پاڵەوان، ئیتر خوێنەرە گشتییەکە بەردەوام خۆی دەکاتە پلیکانەی گەورەبوون و بەرزبوونەوەی ئەو نووسەرە. تا ئێرە دیوە خۆشەکەی بەناوبانگبوونە و ئەمڕۆ دەبینین خەڵکی چۆن شەڕی ئەم حەزە دەکەن و چی دەکەن و تیکتۆک و ئینستا و فیسبووکی ئێمە پڕە لەوانەی خەریکی چێژوەرگرتنی ئەم خۆشییەن و جەماوەریش بێ قسورە لە گەورەکردن و فودانی ئەم کەسایەتییانە. هەڵبەت کۆمەڵگەی کوردی چون سیفەتی عیشقیانەی هەیە، کارگەی بەرهەم هێنانی پاڵەوان و بەناوبانگبوونە، کە لە نووسینی دیکەدا کەم و زۆر باسی کۆمەڵگەی عیشقیم کردووە، بەڵام عەقڵی جەماوەر ئەم پڕۆسەیە هەروا بە بەلاش و بێ بەرانبەر ئەنجام نادات. قەرزێکە دەیداتە پاڵەوانەکان، چونکە پاڵەوانەکانی کردۆتە مرۆڤی نیوەخودا و هەموو پیرۆزی و کەم و کوڕییەکی لێ پاککردۆتەوە و وەک فریاد ڕەس و وێنەی ئیدیاڵی ناو عەقڵی خۆی وێنای کردوون. بۆیە کاتێک رووداوێک روودەدات یان جەماوەر تووشی رووداوێک دێت، یەکەمین شتێک کەهانای بۆ دەبات پاڵەوانەکانی خۆیەتی، کە بەهانای بچن و وەک ئەو بیربکەنەوە و وەک ئەو بچێتە سەر شەقام و وەک ئەو جنێو بە حکومەت و نەیارەکانی بدات. لەمەشدا حەقی خۆیەتی، چونکە زۆربەی بەپاڵەوانبووەکانی کۆمەڵگەی کوردی درووستکراوی عەقڵی جەماوەرەکەن. نەک ئەوەی خۆیان پاڵەوانی راستەقینەبن و لە رێگەی گوزراشتکردن لە بوونی خۆیانەوە ببونە ڕووداوێک و هەقیقەتێک لەناویدا ڕۆشنبووبێتەوە تا ئەوەی خۆی ببێتە پاڵەوان، بێ بوونی جەماوەر و شاهیدێک لەدەرەوەی خۆی. کە ئەمە بابەتێکی وردە و قسەی زۆر هەڵدەگرێت. لەو جێیەی بەپاڵەوانبووەکە ناچێت بەدەم خواستی جەماوەرەوە ئیتر جەماوەر دیوە ناخۆشەکەی خۆی نیشاندەدات و بە ئەندازەی خۆشەویستی جارانی ڕقی خۆی بەسەریاندا دەڕژێنێت. ئەگەر نموونەی زیندوو وەربگرین، بۆ نموونە خۆشەویستی جارانی خەڵک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردەکانی و ڕقی ئێستای، کە باوەڕم وایە باجەكەشیان دا و نەیانتوانی تەنها كورسییەكیش بۆ پەرلەمانی عیراق ببەن. هەڵبەت ئەمە بۆ ئەو بەپاڵەوانبووانەی دەرەوەی دەستەڵات، چونکە کەسانی ناو دەستەڵات پێویستیان بە ڕەنج و ماندووبوون نییە و لە رێگەی حیزبەکەیەوە دەکرێتە پاڵەوان و لەو رێگەشەوە تڕۆ دەکرێت. کە ئەم بەپاڵەوانبوونە بە جۆرێکی تر درووستدەبێت لەسەر دڵسۆزی بۆ حیزب و سیمبولەکانی ناو دەستەڵاتەکە ڕوودەدات.

هەڵبەت هەشیانە زۆر بە شارەزایی ئەم یارییە لەگەڵ عەقڵی جەماوەر ئەنجام دەدات و جگە لە کەسە نزیکەکانی خۆی هەست بەم یارییە ناکەن، بۆ نموونە یاریکردنی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ عەقڵی جەماوەر و پاراستنی پێگە رەمزییەکەی خۆیان، یاریکردنی بەشێك لە هێزە نەیارەكانی دەستەڵات و هاو شێوەکانی کە باوەڕم وایە کاتی دەوێت تا دەکەونە بەر رقی جەماوەر.

لەم ماوەدا دوو رەوتی بەپاڵەوانبووی ناو دنیای سۆشیال میدیای ئێمە لە خۆشییەکەی خۆیان کەوتوون و ئێستا لەبەر رق و قینی عەقڵی جەماوەردان، یەکیان رەوتی سەلەفییەت و رەمزەكانی ئەم بوارەن کە یارییەکەیان بە کۆتا هاتووە و ئەوەی دەیپارێزێت لۆژیکی هێزە، نەک هێزی لۆژیک، چونکە ئیتر ناتوانێت یاری بە عەقڵی جەماوەر بکات و نابێتە گەرووی جەماوەر بۆ هاوار و حەزەکانی، ئیتر پێچەوانە دەبێتەوە، دووەم بەشێك لەو رەمزانەی گەشەپێدانی مرۆیین، هەڵبەت هۆکار زۆرن بۆ ئەو رق و قینەی خەڵکی، زۆر سادە بیڵێم ئەوەیە کاتێک هەرکەسێک شوناسی جۆرێک لە کەسێتی لەخۆی باردەکات و ئیدعای بۆ دەکات و پێی دەناسرێت، هەر کات لە ناو خۆیدا و لە بوونی خۆیدا ئەو کەسە نەبوو، وەک بەشێك لە پاڵەوانە ئاینییەكان کە بانگەشەی دەعوە و چاکبوونی خەڵکی دەکەن و وەک رێبەری ئایینی خۆیان ناساندووە، کە کاری پێغەمبەرانە، کاتێک جەماوەر تەرز و ئاکاری پێغەمبەرانە لەوانە نادۆزێتەوە، پێشتریش متمانەی خودی شوناسەکەی داوەتە ئەو جۆرە کەسانە، هەست بەوە دەکات فێڵی لێکراوە، یان لەخشتە براوە، بۆیە توڕەدەبێت و لەو وێنە ئیدیاڵە پیرۆزەوە دایدەبەزێنێتە خوار و پیسترین و ناشرینترین شوناس و قسەی پێ دەڵێت. ئەگەر نموونەی نووسەران وەربگرین، زۆرن کە کەوتوونەتە بەر ڕقی خوێنەر و سیحرەکەیان بەتاڵبۆتەوە، هەندێکیش ئێستا پاڵێوراون بۆ ئەو رقەی جەماوەر ، بەڵام جەماوەر چاوەڕێی ئاماژەیەکە. هەشیانە بەخۆشاردنەوە و یارییەکی زیرەکانە ئەم سزایەی خۆی دوادەخات. کارەساتەکە ئەوەیە مرۆڤی ساویلکە پێش بوونی مانا پەلاماری شوناسەکە دەدات و دەیکاتە بەری خۆی، واتە لەجێی ئەوەی هەڵگری رۆحی شوناسەکەبێت پێش شوناسەکە، شوناسەکە هەڵدەگرێت بێ بوونی ڕۆحی شوناسەکە، ئەمەش جگە لە پاڵەوانێکی ساختە زیاتر هیچی دیکە نییە. زۆرن ئەوانەی شوناسی فەیلەسوف و رۆمانووس و رۆشنبیر و پیاوی ئایینی و سیاسی هەڵگرتووە، بێ ئەوەی تۆزقاڵێک حەق و مانای ئەو شوناسەی دابێت کە ئیدیعای بۆ دەکات، بۆیە جەماوەر لەوەدا لەسەر حەقە کاتێک سزای پاڵەوانێکی خۆی دەدات و دەیکاتە سینەما. چونكە ئەو تەمای بە كەسێكی دیكە هەبووە و ئێستا كەسێكی دیكە دەبینێت. بۆیە بە ئەندازەی خۆشەویستییەكەی جارانی توڕە دەبێت و سزای دەدات.

هەڵبەت ئەمە یەكێكە لە خاسیەتە خراپەكانی كۆمەڵگەی كوردی كە دەست لە دروستكرنی پاڵەوان بەرنادات و هەر رۆژە پاڵەوانێكی نوێ بەرهەم دەهێنێت، بۆیە جەماوەری كوردی بەردەوام خەریكی گۆڕینی پاڵەوان و سزادانی پاڵەوانەكانییەتی. كە باش وایە بەجێی لایەنگری بۆ كەس و هێز و عەشیرەت، لایەنگیری لە سیستەم و جۆرێكی تر لە ژیان بكات. بەمە كۆتایی بە خەونی پاڵەوان دێت و لە جێی پیرۆزكردنی كەس، سیستم و رێسا پیرۆز دەبێت و رەنگی كۆمەڵگە دەگۆڕێت.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟