لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

برێت مەکگۆرک: کیسنجەرێکی تر؟

Sunday, 06.05.2022, 11:51 PM


هێنری کیسنجەر بوو بە ٩٩ ساڵ. کەم سیاسی هەیە لەمێژووی ئەمریکادا کە هێندە ناسراوو کاریگەر و درێژخایەن بێت، بە تایبەتی کە نە سەرۆک بووبێت و نە لەئەمریکا لە دایک بووبێت. سەردەمانێک کیسنجەر روومەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو. پۆل وود، کە بیست و پێنج ساڵ لە بی بی سی کاری کردووە، لە پرۆفایلێکی ورددا وەهای دەبینێت کە، وەک کیسنجەر و ریتجار هۆلبروک و ئەوانیتر، برێت مەکگۆرگیش، دەبێتە روومەتی دیپلۆماسی ئەمریکی. بەڵام هەرچەندە ماکگۆرک جوان دەنووسێت، بەڵام خاوەن هەمان بیرو ئاگایی و دیدی کیسنجەر نیە.  مەکگۆرک لە سی ساڵیدا، وەک زۆرێک لە ئەو تازە دەرچوانەی زانکۆکانی ئەمریکا، لەگەڵ هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق هات بۆ بەغدا. سەرەتا هیچ رۆڵێکی سەرەکی نەبوو، بەڵام ئەوەی بەلای هەموانەوە جێگای سەرنج بوو، ئەوە بوو کە چۆن وەها بەخێرایی پێگەی هەڵدەکشێت.

برێت کەسێکی نەناسراو نیە لەناو کورددا، بۆیە هێندە بەوردی ناچمە تان و پۆی مێژوویەوە. بەڵام زانینی هەندێک خەسڵەت گرنگە. لاوبوونی ئەو بنەمای ئەوەیە کە ئەو چۆن دەیەوێت مامەڵە بکات لەگەڵ خۆی و رێچکەی کاری و ئەوانی تردا. لەم ڕوانگەیەوە برێت زۆر رەخنەی لەسەرە، بەوەی کەسێکە کە گرنگی زۆر بە ئیمیجی خۆی و سەرکەوتنی دەدات و زۆر بێ دەربەستە بەرامبەر نەیار و ڕێگرەکانی. ئەمە تەنانەت لە واشنتۆنیش بەرامبەر ئەوانەش کە لەگەڵیاندا کار دەکات. ئەم خواستی سەرکەوتن و هەوڵدان بۆ تێکشانی هەموو رکەبەرێک و لابردنی هەموو بەربەستێک بە خراپی لە پرۆسەی پەرلەمان کاریگەری هەبوو لەکوردستان، پاشان لەسەر ریفراندۆم .  ئەم بێدەربەستییەی مەکگۆرک بەرامبەر دەرئەنجامی هەوڵەکان رەنگە لەهەموی زیاتر لەپشتیوانی ئەودابێت بۆ نوری مالیکی. پشتیوانی ئەمریکا بۆ مالیکی لەو قوتابخانەیەوەیە کە عێراق پێویستی بە کەسایەتییەکی بەهێزی شیعەیە بۆ بەڕێوەبردنی. [ لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا دەربڕینێک هەیە کە بەگشتی دەیگەڕێننەوە بۆ رۆزفلت بەرامبەر دیکتاتۆری نیکاراگوا سۆمۆزا، رەنگە کوڕی سۆزانی بێت، بەڵام کوڕی سۆزانیی سەر بەخۆمانە]. گەر ئەو نەبووایە مالیکی بۆ هەمیشە وەک کۆلکە سیاسییەک دەمایەوە. دیپلۆماتە رۆژئاواییەکان رەخنەی ئەوە لە مەکگۆرک دەگرن چونکە عەرەبی نازانێت و لەمامەڵەیدا پشت بەوەرگێر دەبەستێت و زۆربەی وەرگێڕەکان، بەهۆی ترس و لایەنگرییەوە، هەرگیز کارەکەیان بە پرۆفیشناڵانە ناکەن، ئەوا مەکگۆرک نەیزانیوە مالیکی کێیە. چۆن کەسێکی ناسیونالیستی، تایفی، دژە ئەمریکایە.

ئەمەش هۆکاری ئەوەی مەکگۆرک زۆر جار تەنها مامەڵە لە گەڵ ئەوانەدا دەکات کە زمانی ئینگلیزی دەزانن. دیدی کورد بۆ تێگەیشتن لە کەس و کەسایەتی و یەکەکان زۆربەی جار لەسەر بنەمای هەڵوێستە. میتۆدی هەڵوێستگەرایی قەیرانی زۆرە. کەسێک لەساتێکدا هەڵوێستێکی هەیە، رەنگە ئەو هەڵوێستە دەرئەنجامی کۆمەڵێک زۆر لە فاکتەر بێت، لە هەمانکاتدا رەنگە بە ئامانجێکی دیاریکراو ئەنجامدرابێت و هەروەها تەنها تاکتیکێک بێت. بۆیە هەڵسەنگاندنی کەسێک بەهەڵوێستێکی زۆر سنوردارە، بە تایبەتی بۆ کەسێکی بیانی لە دونیای پڕ لەهەڵبەزو دابەزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەکرێت، ئەگەر بمانەوێت لەئاستی فیکریدا تێبگەین، برێت دەچێتە خانەی ئەوانەی کە هانا ئارێنت پۆلێنیان دەکات وەک کەرییەریست،  careerist کە بە کوردی پیشەخواز گونجاو بێت. کەسێک کە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ ئەوەیە لە پیشەکەیدا سەرکەوتووبێت. لەهەمانکاتدا کەرییەریست کە دەبێتە بنەمای دونیابینی کەریەریزم، ئەو کەسانەن کە پێچەوانەی ئایدەلۆژیستەکانن.

چەمکی ئایدۆلۆژیست سەدایەکی نێگەتیفی هەیە لەدونیای کوردیداو هەروەها لە ئاستی دونیادا بەگشتی. بەلای بەختیار عەلی-یەوە ئایدۆلۆژیست ئەو کەسەیە کە نابینایە یان کەمبینایە. بەڵام بەگشتی ئایدۆلۆژیست ئەو کەسەیە کە بەچاویلکەی ئایدۆلۆژیاکە و بۆ بەرژەوەندی ئایدۆلۆژیاکەی دەبینێت. بۆ نموونە زۆرێک لەچەپی رۆژئاوایی، چونکە ئێران نەیاری ئەمریکایە، ئەوا ئێران وەک دژە ئیمپریالیزم دەبینن و بەزۆری پشتیوانی دەکەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەر رەهەندێکی تری ئەو وڵاتە.  ئەگەر ئایدۆلۆژیست تەنها دونیای ئایدۆلۆژیاکەی دەبینێت، ئەوا کارییەریست تەنها خۆی و سەرکەوتنی خۆی دەبینێت. بەڵام چونکە کارییەریست لەگەڵ کرۆکی نیولیبرالیزمدا تەبایە، ئەوا رەخنەی زۆر لەسەر کەمە.

لێرەدا بەسودە ئەگەر قەسابەکەی ئادەم سمیثمان بیرکەوێتەوە.  زانینی ئەم ڕوانگەو دونیابینی کەسەکان زێدە گرنگە، چونکە ئەم کەسانە کاریگەرییان هەیە لەسەر چۆنیەتی بینین و مامەڵەو رەفتاری وڵاتەکەیان. دیارە کڵێشەیەک هەیە لەناو دونیای کوردیدا کەئەمریکا دونیای دەزگاکانەو شەخسەکان رۆڵیان تایدا نیە، ئەم تێگەیشتنە تەنها وەک کڵێشەیەک راستە.  ئایا ئەم دیدو دونیابینییەی برێت مەکگۆرک یانی چی و چۆن کاریگەری هەیە؟ برێت وەک راپۆرتەکان ئاماژەی پێدەدەن ئێستا یەکێکە لەگرنگترین کەسایەتیەکانی واشنتۆن لەداڕشتنی سیاسەتی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەندێک وەهای پۆلێن دەکەن کە ئەو هیچ سەرکەوتنێکی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینەهێناوە، بەڵکو هەموو سەرکەوتنەکانی لەواشنتۆن بووە.  لە ماوەی پێشوودا لەمیانەی قەیرانی لەگەڵ سعودیەدا ئیدارەی بایدن دووکەسی بەنهێنی هەنارد بۆ ئەو وڵاتە یەکێکیان برێت مەکگۆرک بوو. برێت کە لەهەردوو ئیدارەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش کاری کردووە، ئەم هەڵکشانەی وەهای لێدەکات کە زیاتر ببێتە جێگای ئامانجی کەسایەتی و سەرۆکەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لۆبییکردن و دانانی قورسایی لەسەر بڕیارو ئاراستەی بڕیار لەواشنتۆن. پێکەوە گڕدانی ئەزمونی چەند ساڵەیی و هەروەها ئامانجی تاکەکەسی خۆی، مەکگۆرک لە ئەنجامدا بووە بەهەواداری سیاسەتی [دەستی لێمەدە با خراپ نەبێت]. ئەوەی بەلاتینی پێی دەوترێت سیاسەتی ستاتۆس کۆ status quo. ئەم دیدە دووپاتکردنەوەی ئەو باوەڕەیە کەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک خۆی دەمێنێتەوە. بەرژەوەندی ئەمریکا لەئەوەدانیە کەهەوڵی ئەوەبدات بیگۆڕێت، بەدیموکراسی بکات یان مۆدێرنی بکات. ئەم دیدە لەپاش ئەزموونی عێراق و ئەفغانستان هەتا ئاستێکی زۆر رەواجی هەیە. نەیارانی مەکگۆرک، کەبەڕاشکاوانە ناتوانن قسە بکەن و رەخنەی لێبگرن لەترسی تۆڵەکردنەوە، وەهای دەبینن کە هەر پێشنیارێکی نوێ بێتە ئاراوە ئەو بە پشتبەستن بەئەزموون و پەیوەندییەکانی پووچی دەکاتەوە.

دەکرێت لێرەدا بە ئاسانی نەرەتیڤی ئەوە بونیادبنێین کە تەباییەک هەیە لەنێوان دیدی مەکگۆرک و دۆخی ئەمریکاو دۆخی جیهانی. بۆ نموونە، کاتێک لەڕۆژانی داهاتوودا سەرۆکی ئەمریکی جۆو بایدن سەردانی سعودیە دەکات، ئەم سەردانە وەک وەرچەرخانێک دەبینرێت لە ئاراستەی سیاسی ئەودا چونکە، بایدن دژ بەمەلیکی راستەقینەی سعودیە محمد بن سەلمانە. هەندێک لەچاودێران وەهای دەبینن کە سەردانەکەی بۆ دوو ئامانجە، زیادکردنی نەوت لە بازاڕداو نزیککردنەوەی سعودیەو ئیسرائیل. بەڵام هەندێکیش وەهای دەبینن کە هیچ کام لەئامانجەکانی ناپێکێت. بەڵام گرنگ نیە کە پاڵنەرەکان چیە، بەڵکو ئەوەی روونە کە پلان و دید لەگەڵ ئەمری واقیعدا هەمیشە یەکناگرنەوە. ناچاربوونی بایدن بە ملکەچبوونی بۆ ئەمری واقیع دەرخەری ئەو دۆخەیە کەمەکگۆرک پشتیوانی لێدەکات.  مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ ئەمری واقیعدا، رەنگە لەماوەی کورتدا لەبەرژەوەندی ئەمریکا بێت.

بەڵام لەدرێژخایەندا ئەمریکا ناتوانێت خۆی لەدەرئەنجامەکانی بەدوور بگرێت. ئەم ئاراستەیە گەرچی نوێ نیە، بەڵام لەسەردەمێکدا کە سیاسەتی جیهانی دەگۆڕێت، زیاتر تەبایە لەگەڵ سیاسەتی چینیدا. چینییەکان جگە لەبەرژەوەندییەکانی خۆیان هیچ رەهەندو بوارو لایەنێکی تر بەلایانەوە گرنگ نیە لەسیاسەتی دەرەوەیاندا. ئایا ئەوە کێیە کە ئەو بەرژەوەندییە دابین دەکات، چۆن دابینی دەکات، ئەمانە پرسیاری ناپێویستن لەکرۆکی سیاسەتی دەرەوەی چیندا. گەر لاوازبوونی دیموکراسی لەدۆخی باشبوونی باری ئابوریدابێت، ئەوا هێندە کاریگەری نابێت، چونکە زۆرینەی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتخوازنین، بگرە بەئاگایی و بێئاگاییش دژ بەدیموکراسین. لەهەمانکاتدا دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگرین کە پراگماتیزم و هەوڵی ئەو بۆ سەرکەوتن لایەنی گەشاوەشی هەیە. پشتیوانیکردنی رۆژئاڤا لەبەرامبەر ئەندامێکی ناتۆی وەک تورکیادا، کارێکی بێ وێنەیە لەمێژووی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادa


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟