لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بادینان و زیندانیان و گۆگل

Monday, 07.25.2022, 07:48 PM


گۆگل یەکێکە لە هەرە خزمەتگوزارییە گەورەکانی دونیای ئینتەرنێت. یەکێکش لە هەر بەشە گرنگەکانی گۆگل، بزوێنەری گەڕانی گۆگل (جوجل بحث،Google search)ە. ئەم بزوێنەرە، ڕۆژانە ٢٠٠ ملیۆن جار ئەگەڕێ بە دوای وشە و وێنە و زاراوەی جیاجیادا. نزیکەی ٨ ملیارد پەڕە لە سێرڤەرەکەی فەهرەست کراوە. زۆربەی هەر زۆرمان ئەمڕۆ بەکارهێنەری تەلەفونی زیرەک یان لاپتوب و کۆمپیوتەرین. بۆ ئاسان گەیشتنمان بە زانیاری لە بارەی هەر شتێکەوە پەنا دەبەین بۆ بزوێنەری گەڕانی گۆگل. ٨٠٪ ی بەکارهێنەرنی ئینتەرنێت ڕۆژانە گۆگل بەکارئەهێنن. ئەم بزوێنەرە وەها کار ئەکات، ئەگەر بگەڕ وێڵ بێ بە دوای زانیاری، لە بارەی ناوی شوێنێک، کەسێک، کەیسێک، بە تەنها نووسینی ئەو ناوە، لە خانەی گەڕانی گوگڵ و کلیک کردن لە ئایکۆنی (بگەڕێ)دا، دونیایەک سایت و پەیجت بۆ ڕیز دەکات لە بارەی ئەو وشەیەی بۆی ئەگەڕێی. ئەگەر کەمێک وشەی گەڕانەکە فراوان بکەیت، ئەوا زانیاری وردترت دەست دەکەوێ. ئەگەر بۆ ڕستەیەکی‌ زۆر کۆنکرێتی یان ناوێکی دیار بگەڕێی، ئەوا زۆر لە مەبەستەکەت نزیکت دەخاتەوە. بۆ ئەوەی زوو بێمە سەر بیرۆکەی ئەم وتارە، دەبێ بڵێم کە ئەگەر شتێک یان ڕووداوێک بوونی نەبێت و بگەڕێی بە دوایدا ئەوا بێ گوومان هیچت لە بارەیەوە دەست ناکەوێت. ڕەنگە لە باشترین دۆخدا زانیاری هاوشێوەت بداتێ. بەڵام زانیاریت بە پێی گەڕانەکەت بۆ هەڵنابەستێ. بۆ نموونە ئەگەر تۆ لە ٣ی ئایاری ٢٠١٠دا، لە گۆگل بە دوای تیرۆری سەردەشت عوسماندا بگەڕایتایە، ئەوا گۆگڵ بە جیا جیا بە دوای وشەی تیرۆر و سەردەشت و عوسمانی دیکەدا ئەگەڕا. ڕەنگە زانیاری لە بارەی شاری سەردەشت یاخود هەندێک عوسمان ناویاخود کاری تیرۆریستیت دەسکەوتایە، بەڵام لە دوای ئەوەی بە فیعلی سەردەشت عوسمان تیرۆر ئەکرێت، ئیتر لە گەڕان بە دوای ئەو ڕستەیەدا، گۆگل دەستمان ئەگرێ و ئەمانبات بۆ هەولێر، وێنەی سەردەشتمان نیشان دەدا و هەندێ نووسین و وتەمان بۆ ئەهێنێتە پێشەوە. کەیسەکە بەلاڕێدا ئەبرێ، ساڵ بە ساڵ یاد ئەکرێتەوە، ئەگاتە ناوەندە جیهانییەکان، ناڕەزایی لە دەسەڵاتدارانی هەولێر زیاد ئەکات و ئاماژه بۆ بکوژانی دەکرێت. ئیتر سەردەشت عوسمان بە تەنها چەندین هەزار پەڕە لە سێرڤەرەکەی گۆگل داگیر ئەکات و ڕۆژانە زیادیش ئەکات. چونکە کەیسەکە بە کراوەیی ماوەتەوە. نموونەیەکی دیکەی زیندووی بگەڕی گۆگڵ بادینان و زیندانییەکانێتی. بادینان کە ناوچەیەکی فراوانی کوردستانە، ماوەی چەند ساڵێکە ناوەکەی، بەستراوەتەوە بە وشەی زندانیان. گەر بەر لە چەند ساڵێک بەدوای وشەی بادیناندا بگەڕایتایە، بە دڵنیاییەوە وێنەی سروشتی ڕازاوە و ڕووداوگەلێکی تایبەت بەو کاتەی دەدایتێ. بەڵام هەر ئێستا لە خانەی گەڕانی گۆگڵ نووسیم بادینان، ئەم وشانەی ناو کەوانەکانم دەست کەوت (بادینان سات، قوتابیێن بادینان، میرگەها بادینان، میرنشینی بادینان، ئەنفالی بادینان، شێخی بادینان، گیراوانی بادینان، سزادراوانی بادینان، …) دیقەت بدەن چۆن گۆگڵ ناوی بادینانی بەستۆتەوە بە دوو وشەی نوێوە، گیراوان و سزادراوان. بە دڵنیاییەوە هەمان گەڕان بۆ وشەی‌ بادینان، بەر لە گرتن و سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوان بکرایە، ئەوا ئەم دوو وشەیە نەدەبوون بە سیمبوولی دیاری‌ بادینان، لە سایەی ئەو دەسەڵاتەی بادینان. ماوەتەوە بڵێم، ئەگەر بۆ هەر شار و سەرکردە و سەرۆک حزبێکی باشور، گەڕانێک بکەی لە گوگل، ئاخۆ چ کارەسات و چ کەیسگەلێکی قێزەون و ترسناکیان لە سێرڤەری گۆگلدا بۆخۆیان و شارەکانیان تۆمار کردووە؟ خۆ دەکرا بە وێنەی پاریس، گەڕان بۆ بادینان تاوەرێکی وەکو ئیڤڵی نیشان بداینایە لە بری وێنەی شیشی زیندان. یان دەکرا گەڕان به دوای ناوی سەرکردە و سەرۆکەکانی باشور لە بری وێنەی کچ بازی، کۆشک و تەلاری ئەمریکا و ئەوروپا یان جەستەی خوێناوی ڕۆژنامەنووس، وەکو کۆنراد ئەدیناوەرت ئەڵمانی، نیلسۆن ماندێلا یان گاندی ناویان ببەسترایەتەوە بە هەستانەوە و بنیاتنانەوەی وڵات و هێنانەدی ئازادی و یەکسانی و سەربەخۆیی بۆ وڵات و میللەتی خۆیان. وا مەزانن ئیتر مێژوو بە تەنها قەڵەمەکانی دەربار چەواشەکارانە ئەینووسنەوە، بەڵکو لە دونیای ئەمڕۆدا ڕۆڵەکانی هەر میللەتێک، ئازادی خوازەکانی، خەباتگێڕ و چالاکوانی مەدەنی لە لاپەڕەکانی گۆگلدا مێژووتان بە چاک و خراپێوە وەکو خۆی بۆ ئەنووسنەوە

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟