لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

٣١ی ئاب و قەتل و عام کردنی بنەماڵەی سوارئاغای شێروانی - محمد ئەمین سوارئاغای شێروانی

Thursday, 09.03.2020, 11:11 AM


ماڵمان لە کۆمەڵگای سێبیران بوو کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ھەولێرەوە، دووەم ڕۆژی پرسەی شەھید ( مامند )ی برام بوو کاتێک ووتیان دەبابەکانی بەعس بە ئاڵای زەردەوە گەیشتنە کانی قرژاڵە و بەرەو سێبیران دێن ، دوای بەرگریەکی بێ وێنەی پێشمەرگە قارەمانەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، کشاینەوە ھەولێر و بۆ پاراستنی گیانی خۆمان ھەریەکەمان چوینە ماڵێک و ئاگامان لە یەکتری نەما .

شەش ڕۆژ دوای ٣١ ی ئاب وتیان سوارئاغای شێروانی و خزمەکانی ( فەتاح عیسا ، خەلیل میران ، شاکر مەجید ، غازی ئاغا ) لە لیوای تایبەتی ( وەجیە بارزانی ) لە ( مصیف صلاح الدین )گیراون و بەختیاری براشم چارەنوسی دیار نەبوو .

ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بووین بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە لیوای تایبەتی ( وەجیە بارزانی ) مانەوە و لەو ماوەیەدا کوڕ و کچی گیراوەکان و خزم و کەس و کارمان خواردن و جل و بەرگ و پێداویستی ڕۆژانەیان بۆ دەبردن ، بەداخەوە لە دوای ئەو ٤٠ ڕۆژەوە تاکو ئێستا چارەنوسیان دیار نەماوە ، کە تەنھا تاوانیان یەکێتی بوون بوو ، جگە لەمانەش زیاتر لە (١٠٠) فەرماندە و پێشمەرگە و کادری یەکێتی لەو کاتەوە تاکو ئێستا بێسەر و شوێنن و چارەنوسیان ئاشکرا نەکراوە .

سوارئاغای باوکم تەمەنی ٨٧ ساڵ بوو ، یەکێک بووە لەکەسە ھەرە نزیک و باوەڕپێکراوەکانی جەنابی خوالێخۆشبوو (شێخ ئەحمەدی بارزانی) و ھەموو تەمەنی گەنجی و جوانی خۆی لە پێناو کوردایەتی و بەرگریکردن لە کوردستان و ناوچەی بارزان تەرخان کردبوو ، وە سەرکردایەتی چەندین شەڕی کردوە .ق

لە یادی ٢٤ ساڵەی قەتل و عام کردن و بێ سەر و شوێنکردنی باوک و برا و خزمەکانمدا و دوای چاوەڕوانیەکی زۆر و بێ ئومێدبونمان لە ئاشکرا کردنی چارەنوسیان بە پێویستم زانی ئەم پرسیارانە ئاراستەی بکوژانی بنەماڵەکەمان بکەم ، کە دڵنیام ھیچ وەڵامێکم دەست ناکەوێت.

١- بەھۆی لێبوردنی گشتیتانەوە بۆ پێشمەرگە و کادرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان زیاتر لە ١٠٠ فەرماندە و پێشمەرگە و کادری یەکێتی خۆیان ڕادەستی ھێزەکانی پارتی کرد ، بۆچی پابەند نەبوون بە بەڵێنەکانتانەوە و تاکو ئێستا چارەنوسیان دیاری ناکەن ؟

٢- ئایا جیاوازی بیروڕا یان یەکێتی بوون ئەوە دەھێنێت بنەماڵەیەکی لەسەر قەتڵ و عام بکرێت لە کاتێکدا ئێوە دروشمی دیموکراسیتان بەرز کردۆتەوە ؟

٣- کەی لە ناو داب و نەریت و کەلتوری کوردەواریدا ڕویداوە ٤٠ ڕۆژ لە ناو ماڵی خۆت نان و ئاویان بدەیتێ و دواتر بێ سەر و شوێنیان بکەیت بێ ئەوەی ھیچ تاوانێکیان کردبێت ؟

٤- ئایا بە قەتل و عامکردنی بنەماڵەی مام حەمەدئاغای مێرگەسۆری ، ئامۆزای سوارئاغای شێروانی دڵتان تێر ئاوی نەخواردەوە ؟ بۆیە ھاتن بنەماڵەی سوارئاغاشتان قەتل و عام کردن ؟

٥- ئەرێ ئەوە چ ویژدانێکی بێ ھەستە پیاوێکی وەکو سوارئاغای تەمەنی ٨٧ ساڵ ئاوا بێ سەر و شوێن بکرێت ؟

٦- ئایا بە کام یاسا و لە کام دادگا بڕیاری کوشتنی کوڕ و خزمەکانی دراوە ؟

٧- ئەرێ لە خۆتان نەپرسی بە کوشتنی ( سوارئاغا و فەتاح و شاکر و خلیل و غازی و مامند و بەختیار ) زیاتر لە ٦٠ کوڕ و کچ بێ باوک ھەتیوو دەبن ؟

٨- خۆ باوک و برا و خزمەکانم لە شەڕ شەھید نەکراون تاکو ئێوە بڵێن نازانین تەرمەکانیان لە کوێن ، بەڵکو بە دەستی ئێوە شەھید کراون ، بۆ تەرم و ئێسک و پروسکیان نادەنەوە بە کەس و کاریان ؟

لە کۆتایدا پەیامێکیش بۆ ڕۆحی پاکی باوک و برا و خزمە بە غەدر شەھیدکراوەکانمان دەنێرین و پێیان دەڵێین : ئێوەی بێتاوان و بێ گوناح و زوڵم لێکراو لە دڵ و دەروونی ئێمدا ھەمیشە زیندو و نەمرن ، ئێوە بونە سەروەتێکی مەعنەوی گرانبەھا بۆ کەسوکارتان ، داواش لە خوای پەروەردگار دەکەین لە بەرامبەر ئەو زوڵم و غەدر و ناحەقیەی لێتانکراوە بە پلەی شەھادەت پاداشت بکرێن .

دروود و سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی یەک بە یەکتان دەنێرین و بەڵێنتان دەدەینێ ڕێز لە خەسڵەتە بەرز و جوانەکانتان بگرین و بەردەوام بین لەسەر ڕێبازە پیرۆزەکەتان .

نەمری بۆ شەھیدانی ٣١ی ئاب و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری خوازی کوردستان .




ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟