وتار

خودای دەنگدەر و خودای پەرلەمانتار!

Monday, 10.17.2022, 05:32 PM


لە دونیای هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی ئێمەدا دوو خودا هەیە؛
خودا لێرەدا بە دیوێکدا گوزارشتە لەو خودایەی، کە لە ئەزەڵەوە بۆ ئەبەد هەبووەو هەیە، ئێمە دەیپەرستین و هیچ کەس ناتوانێ فێڵی لێبکات و ئیرادەی خۆی بەسەردا بسەپینێ. خودایەک ئاگای لە وردو درشتی هەڵوێست و خەون و ختورەی ناو دڵ و مێشکەکانمانە. خودایەک جوانی و چاکی و پابەندی بەسوێند و بەڵێن و پێداگری لە سەر حەق و روبەڕوبونەوەی ستەمکاری دەوێ، بە پێچەوانەشەوە سزای قورسە.
خودایەکی تریش، کە تەمەنی کورتە، لە دوای راپەڕینەوە، بە تایبەت لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆوە لە لایەن دەسەڵاتەوە داتاشرا، خودایەک هەمو کەسێک بۆی هەیە وەک لاستیک رایبکێشێت و بە پێی بەرژەوەندی خۆی بە کاری بهێنی، خودایەک ویستی خەواڵوی و بیرکۆڵی و کوتوکوێری هەیە، حەزی لە فریودانە، ئەسڵەن جەوهەری گوتاری ئەم خودایە نیفاق و پینەو پەڕۆیە؛ چاوپۆشینە لە سوێندو یاساشکێنی، خودایەک هەر شەیتانەو بەرگی خودایی لەبەرکراوەو ختۆکەی نوێنەرەکان دەدات شەرم نەکەن و سڵ لە درۆکردن نەکەنەوە.
واتە لێرەدا خودای داتاشراوی دەسەڵات هێمایە بۆ خودایەک، کە هیچ سام و سزایەکی نیەو پشتێکردنی باجی نییە، وەک خودای میسریە کۆنەکان و بەشێک لە هندیەکانی ئەم سەردەمە…
(بە زۆری) کاندید لە وڵاتی ئێمەدا، تا ئەو کاتەی لە ناو خەڵکدا بۆ دەنگکۆکردنەوە دەگەڕێن، تەنات تا ئەو کاتەی کە دەست دەخەنە سەر قورئان (یان هەر کتێبێکی تری ئاسمانی) و سوێندی یاسایی دەخۆن، کاندیدو نوێنەرێکن سەر بە ماڵ و جیهانی پابەندی و بەڵێن و نیازباشین، سەر بە خودای دەنگدەرو خودای راستەقینەن.
بەڵام، هەر لەو کاتەوە کە دەسەڵات دەست دەکات بە بەندو بالۆری درێژکردنەوە، ئیدی خودای داتاشراوی دەسەڵاتخوازان دەوامی دەباتە ناو پەرلەمان و رۆژانە پەیامی کحولکراو بە گوێی پەرلەمانتاراندا دەچپێنێ. (نیچە درۆی کحولکراو بە کار دەهێنێ)، گێژیان دەکات و پێیان دەڵێت: خۆتان مەشەوەش مەکەن، وردی مەکەنەوەو گوێ بەوە مەدەن، کە دەسەتان خستوەتە سەر قورئان، گوێ بەوە مەدەن یاسا و ئیرادەی خەڵک ژێر پێدەخەن، دو رۆژەو لەبیر دەچێت!
پێیان دەڵێت: هەزارو یەک پاساوی (چەواشەکارانە) بۆ مانەوەتان لە پەرلەماندا هەیە! پرۆژەی دەستور، یاسای بودجە، کێشەکانی خەڵک، ئاخر تۆی پەرلەمانتار لەوێ نەبیت کێ دیفاع لە (مافی گەل) بکات؟! خۆ ئەم خودا داتاشراوە بیریان ناخاتەوە: ئەوە دە ساڵە هەر شتێک دەسەڵات ویستبێتی تێپەڕیوەو بە سەر خەڵکدا سەپێنراوە. (خوێنەری بەڕێز نازانم "مافی گەل"تان بیر ماوە؟!)
لە دونیای (نوێنەرایەتی) ئێمەدا ئەرکەکە بەم جۆرە دەقی گرتووە: دەسەڵات هەرکات ویستی بڕیارێکی خراپ و قورس دەدات و جێبەجێی دەکات، تۆی پەرلەمانتاریش تەنها بۆت هەیە بەپۆستێک و لێداونێک، ناڕەزایەتی دەرببڕی (تفی خۆت بکەو بڕۆ). ئەم فلیمە نەک ئێستا، بەڵکو لە ٢٠١٣ وە، بەرەو بێتامی رۆشت؛ هەر ئەو کات دەبوو بیر لە شێوازگەلی تری (کارو گوشار) بکرێتەوە، نەک لە پەرلەمانی ماوە درێژکراوەدا (ئەنجومەنی مونافیقین) درێژە بەم یارییە نەزۆکە بدرێ! (آيَةُ المُنافِقِ ثَلاثٌ: إذا حَدَّثَ كَذَبَ، وإذا وعَدَ أخْلَفَ، وإذا اؤْتُمِنَ خانَ)
گوتاری کحولاوی خودای دەسەڵات باشترین فریادرەسێکە بۆ نوێنەرگەلێکی نەفەسکورت و بیروباوەڕلاواز و بێوەفا و هەلپەرست، چونکە بە جۆرێک سەرخۆشیان دەکات و دونیایان بۆ ژێرو ژور دەکات، کە مەلەکردن لە جامەئاوی دەسەڵاتداو هەڵگەڕانەوەیان پێ سیاسەت و سەنگینی بێت، وەلێ رەخنەی راست و بیرخستەوەی پرنسیپ و بەڵێن و رابردویان پێ موزایەدە و پۆپۆلیستیی بێت!
لە زانستی ئەندازیاری مێشک و ئیدارەی گەلان و کۆمەڵگەکاندا، (کە زیاتر مەبەست لێی کۆنترۆڵکردنی سایکۆلۆجیای جەماوەرە، بە خواستی دەسەڵات و زۆر جارێکیش دەبێتە بواری کارکردنی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان)، وە هەندێک ریشەکەی دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی ماکیاڤێلی و هەندێکی تریش پێیان وایە لە سییەکانی سەدەی رابردودا، لە سەر دەستی نازییەکان چوارچێوەیەکی پراکتیکی ئەکادیمی پێدراوەو دواتر ئەمریکا پێشیخستووە، ئا لەم زانستەدا ستراتیجێک هەیە پێی دەوترێ (ستراتیجی دروستکردنی کێشەوە و دواتر چارەسەرکردنی)، کە نوام چۆمسکی بیرمەندی ئەمریکیش باسی کردووە.
لەم ستراتیجەدا دەسەڵات بەرژەوەندی لەوەدایە کێشەیەک دروست بکات و بیکات بە فەوزا، دواتر هەر خۆی دێت چارەسەرێکی (مامناوەندی، کە ئامانجە سەرەکیەکەیە) دەخاتە روو. بۆ نمونە بەرژەوەندی دەسەڵات لەوەدایە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا نەکرێت؛ دێت فەوزایەک دروست دەکات و دەڵێت: کۆمسیۆن ئامادە نییە، یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکراوەتە، رێکەوتنی حیزبەکان نەکراوە، تۆماری دەنگدەران پاک نییە...هتد. ئێ خۆ هەڵبژاردنیش لە کاتی خۆی نەکرێ بۆشایی یاسایی دروست دەبێت، پەرلەمان نامێنێ، شەرعییەتی حکومەت دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بەمەش ئەزمونەکە دەکەوێتە بەردەم مەترسی! دەی کەواتە چی بکەین؟ دەبێ پەرلەمان درێژ بکەینەوە!
بەم جۆرە خەڵک بە گشتی و موعارەزە بە تایبەتی دەخەنە بەردەم دوو بژاردەی تاڵ: تاڵی یەکەم: یان بۆشایی یاسایی و مەترسی لەبارچونی ئەزمونەکە، تاڵی دووەم: یان درێژکردنەوە! ئا لێرەوە تۆی ناڕازی و دەرەوەی دەسەڵات دیسان لە بەردەم دوو بژاردەدای:
بژاردەی یەکەم ئەوەیە: کە تۆی نوێنەر و موعارەزە ئەگەر لاوازو ڕاڕابوی، ئەهوەنترین بژاردەی تاڵ قبوڵ بکەیت، کە چونەوەیە بۆ ناو پەرلەمانە درێژکراوەکە. ئیدی لێرەوە تۆ خۆت نیت، تۆ ئاوارەی ماڵی دەسەڵات و ئەکتەرێکی ناو سیناریۆ و فلیمەکەی دەسەڵاتی، تۆیەکی بێچارە و بێئەجێنداو بێماڵ، کە خودای راستی دەنگدەرت بە خودای داتاشراوی دەسەڵات گۆڕیوەتەوە.
بژاردەی دووەمیش ئەوەیە: بە توندی دەست بە بیرو باوەڕو ئەجێندای خۆتەوە دەگریت و رون و ئازایانە دەڵێی: پف لەم پەرلەمان و حکومەتە، کوا لە کوێدا لە پرسە گرنگەکاندا بە یاسا کار کراوە؟ پەسەندکردنی بودجەی ساڵانە؟ زیادکردنی باج؟ بە تایبەتکردنی زۆربەی سێکتەرەکان؟ گرانکردنی نرخی هەمو شتێک؟...هتد؟ ئەسڵەن پەرلەمان و حکومەتێک، کە لە ئاست خەمی گشتیدا لەوپەڕی دەستبەتاڵی و بێئیشیدابن، ئیدی چۆن دەکەونە بۆشایی یاساییەوە؟! هەرکات نوێنەری راستەقینە ئەم رێگایەی هەڵبژارد ئیدی ئیمان و ماڵ و گوتارو ئەخلاقی خۆی لە هی دەسەڵاتدارانی فاسد جیا دەکاتەوەو پابەند دەبێت بەو بەڵێنەوە، کە بە خودای خالقی داوە.
خوێنەری ئازیز، فلیمەکە لێرەدا کۆتایی نایەت؛ چونکە ئەو کاتەی هێزگەلێک، کە دەکەونە ناو یاری دەسەڵات و ژێر کاریگەری چپە شەیتانییەکانەوەو بڕیار دەدن لە پەرلەمانی درێژکراوەدا بمێننەوە، بێگومان ئا ئەمانە پێویستیان بەوەیە بە کردار بەڵگەو پاساوی مانەوەیان بۆ دروست و دەستەبەر بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵکانی روواڵەتبین و لایەنگرانی خۆیانی پێ فریو بدەن.
بو نمونە: وەک بەشێک لە تاکتیک و قۆناغە سەرەتاییەکانی ئامادەسازی بۆ درێژکردنەوەی پەرلەمان و خواستی مانەوەی موعارەزەش لە پەرلەمانەکەدا بۆ جوانکاری، لە ناکاو هەمواری یاسای توندوتیژی خێزانی دەهێننە پەرلەمان بە شێوەیەک کە نامۆبێت بە دونیای ئێمە، لە پڕ دەنگێکی بەرزی لێهەڵدەبڕن و دەیەکن بە هەرا، لەم یارییەدا رۆڵێکی تاکتیکی و پەراوێزی بە موعارەزە دەدرێ تا قسە بکەن و گوشار بکەن، لەو سەرەوە دەسەڵات خۆی یاساکە دەکێشێتەوە، وەهای پیشان دەدات کە موعارەزەش رۆڵی هەبووە لە راگرتنی ئەم یاسایەدا، لە کاتێکدا هەمو مرۆڤێکی عاقڵ و تێگەشتو لە واقیعەکە دەزانێ ئەگەر دەسەڵات بیویستبا ئەوا هەموارەکەشیان لە پەرلەماندا تێدەپەڕاندو جگە لە هەندێك دەنگە دەنگ، هیچ شتێکی نا ئاسایی روی نەدەدا.
ئاخر خوێنەری بەڕێز، دەسەڵاتێک هێندە بێ ئابڕوبێت و بتوانێ بە چەقەنەیەک تەمەنی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم درێژ بکاتەوە، هەرچی بەهاو پیرۆزی هەیە، لە سوێندو یاساو ئازادی و ماف و ئیرادەی خەڵک و خوێنی شەهیدو دیموکراسی...هتد بخاتە ژێر پێڵاوەکانی، ئایا نەیاندەتوانی هەمواری یاسای توندتیژی خێزانی تێپەڕێنن؟! لە کێ دەترسان؟ لە لیژنەی فتوا؟ لەو مامۆستا ئاینیانەی، کە هێندەی چاوەڕوانی موجامەلەو سڵاوێکی مەسعود بارزانیین هێندە چاویان لە رەزامەنەدی خودا نییە؟!
بەرێزان، هەمو مرۆڤیکی ژیر دەزانێت، لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی، رەنگە لە ئەمریکاو ئەوروپاش، پارتی و یەکێتی و بەرپرسەکانیان خاوەنی دەیان شوێنی قوماربازی و بازرگانین لە بواری نزمترین و بێزراوترین جۆرو ئاستی بەدڕەوشتیدا، هەمو رۆژێک گێرە لەم
زبڵدانەی چواردەورمان هەیەو بۆنی دەکەین و دەیبینین؛ کەچی کوتوپڕ بابەتی (کۆنسێرتی راپەرێکی میسری) ئاگر لە میدیای موعارەزەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات، دەبێ بە کەرەستەو بابەتی حەماسی و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک؛ کەچی خۆش خۆش لەو سەرەوە بە ناڕاستەوخۆ دەسەڵات بە خەڵک دەڵێت: خەڵکینە ئەوە بزانن پەیامەکەتان گەیشت و گوشارەکانی موعارەزەش شوێنی خۆی گرت و بڕیارماندا رێگە نەدەین ئەو راپەرە بەدڕەوشتە کۆنسێرت بکات، چونکە دژی ئاین و کلتوری جوانی کۆمەڵگەکەمانە!
ئێ باشە دەستان خۆشبێت، بەڵام ئاخر خۆ هەمو رۆژێک ئەم بەزمە بەردەوامە، هەر مانگێک پێش ئێستا لە هەولێر راغب عەلامە (دۆ و دۆشاوی تێکەڵ کرد!)، لەوەش خراپتر ئەوەیە بەشێک لەو بەرپرسانەی کە چارەنوسی ئێمەیان لەدەستدایەو ئێوە رۆژانە موعاشەرەیان دەکەن هێندە بێڕەوشتن، بە بەراورد بە راپەرەکە، دەبێت بڵێین رەحمەت لە کفندز؟!
کورت و پوخت بەڕێزان، باش بزانن ئەم یارییە گڵاوانە، هیچ نین جگە لە چاوبەستەکی و کڵاواتی خودی دەسەڵات بۆ ئەوەی وا لە تۆی دەنگدەر بکەن، کە بە جوڵەو شتێکی بچوک و درۆینە رازی ببیت و هیوا لە سەر پەرلەمانێکی بێکەڵکی کارتۆنی هەڵبچنیت، بەمەش بیر لە هیچ رێگایەکی تر نەکیتەوە بۆ رزگار بون لەم دونیاو دۆخە پوچە.
بەڵی پێدانی ئەم رۆڵە بچوک و چەواشەکارییە بە موعارەزە، بۆ ئەوەیە تۆی دەنگدەر مانەوەی موعارەزە لە پەرلەمانێکی ئەتککراودا بە پێویست بزانیت، کاتێکیش ئێمەمانێک کە رەخنە دەگرین و مەترسی و وردەکاری فلیمەکە رون دەکەینەوە، ئێوە بە موزایەدەچی و پۆپۆلیستمان بزانن.
ئا لەم کاتەدا ئیدی دەسەڵات دەگات بە لوتکەی ئامانجی خۆی، چونکە هەم پەرلەمانەکە درێژ دەکاتەوە و درێژە بە یارییە قەڵپەکەی دەدات، هەم کاتێک خەڵکانێک رەخنە دەگرن، خودی دەسەڵات نایەت وەڵام بداتەوە نا...، هەڵەی وا ناکات، چونکە ئیدی هەزاران رۆبۆتی لە سەنگەرو لە ناو دەنگدەرانی ناڕازی و موعارەزەدا دروست کردووە، کە بە پێی بەرژەوەندی و لۆجیکی خۆی پرۆگرامی کردون، ئا ئەم کەسانە رواڵەتیانەو نیازپاکانەو بێئاگایانە لە بری دەسەڵات وەڵامی رەخنەگران دەدەنەوە.
لە راستیدا قسە زۆرە لە سەر ئەم بابەتە، بەڵام لێرەدا دەیبڕمەوەو بە خوشکان و برایانی یەکگرتو دەڵێم: بڕیاری كشانەوەتان شوێنکەوتنی ئەجێندای هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو پابەندبون بوو بەبەڵێن و گرێبەست و سوێندێکەوە، فیسار لایەن و فڵان جەماعەت بکشێنەوە یان نەکشێنەوە ئەسڵ ئەوە بوو، کە بڕیارتان داو لای خۆتانەوە کۆتایتان بە گرێبەستەکەتان هێنا. بۆ خوشکان و برایانی کۆمەڵی ئیسلامی و هەر پەرلەمانتاریکی تری بەڕێز، کە نیازیان هەبێ لە دوای ٦ی ١١ وە، کۆتایی بە کاری پەرلەمانتاری بهێنن، دیسان ئەمانیش نابنە پاشکۆی بڕیاری هیچ لایەنێکی تر، بەڵکو بەویستی خۆیان پابەندییەک جێبەجێ دەکەن، کە کردنی ئاسایی و یاساییە، نەکردنی تاوانە. خوشکان و برایانی نەوەی نوێ، کە زوتر رایانگەیاند لە پەرلەمان نامێنن، ئەم پێشکەوتنە هیچ شتێک ئیزافە ناکات، بە بەراوردتان لە گەڵ هەر کەس و لایەنێکی تردا، کە لە دوای ٦ی ١١وە کۆتایی بە کاری پەرلەمانی دەهێنیت، واتە ئێوەش هەر کارێکتان کرد کە دبو بیکەن.
سەرئەنجام، سەرگەردانی و بێچارەیی گەورە ئەوەیە دوای ٦ی ١١، لە سەر کورسی نیفاق بمێنیتەوەو توند دەستی پێوە بگری، بە پاساوی ئەوەی نەبادا مونافیقێکی نوێ، بچیتە سەر کورسیەکە هەرزانەکەت!
لە کۆتایدا، ئومێد دەکەم بە هەمو بتوانین لە شەقامدا، لە ناو خەڵکدا، گوتارێکی دروست و ماڵی شەرعی خۆمان بنیات بنێین.
پێگومان پشتکردن لەم پەرلەمانە نە کۆتایی دونیایە نە پشتکردنە لە کاری پەرلەمانی، ئێمە دەبێت ئەم پەرلەمانەی ئێستا لە بەرپێی خۆمان و گۆمەڵگەکەمان لابەرین بۆ ئەوەی لە داهاتودا لە چوارچێوەی سیستمێکی دروستدا ببینە خاوەن پەرلەمان.
لەم بابەتەدا تیشکم خستە سەر پەرلەمان، بەڵام هەمان بۆچون و باوەڕم لە سەر ئەنجومەنی پارێزگاکان و شارەوانیەکان و وەزیرەکان و حكومەت و سەرۆکایەتی هەرێمیش هەیە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟