وتار

کێ گرەوی زیندانیانی بادینانی بردەوە؟

Wednesday, 12.07.2022, 11:57 PM


لە نێوان دونیایەک لە کێشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، ئەمنی و نائارامیدا، کە سەرتاپای هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە. لە قەوارەیەک وەک خۆیان ئەڵێن بێ پەرژیندا کە هەموو کات کراوەیە بۆئەوەی دوژمنی چواردەور پەلاماری بدەن. حکومەتێکی پەرت و پەرلەمانێکی ئیفلیج هەیە. هەردوو ئەمانە کە ئێستا نایاسایی و بەسەرچوون. لە نێو ئەم حکومەتە هاوپەیمانییەشدا کە پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێکهێنەرین، پارتی و یەکێتی بەعزی سیاسیان کردووە و گۆڕانیش وەکو یەکێتی ناڕازییە لە ئەدای سەری هەڕەمی حکومەتەکە، کە پارتییە. لە نێو حزبی یەکەمی هەرێم و حکومەتیشدا، وا دەر ئەکەوێ کە یەک کەس خاوەن یەکەم و دوا بڕیاری حزبەکەی و حکومەتیشە. ئەم کەسەش نە لە نەرمی سیاسی تێدەگات، نە لە زمانی دیبلۆماسی و نە لە دۆخی ئەمنی ونە لە ئەمنی قەومی هەرێمۆچکەکەش. ئەو کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمێکی چەند ملیۆنییە بەڵام تا ئێستاش بە قوڵپە قوڵپی خوێنی گەنجێکی ١٦ ساڵ شەڕ ئەکات و بە حقد و حەسادەتی مناڵێکی ٥ ساڵیش ڕق لە نەیارەکانی هەڵئەگرێ و بە ڕوحی پیاوێکی دڕدۆنکیش تۆڵە ئەکاتەوە. سەیرە کە سەری گەورەی حکومەتۆچکەیەکی لەق و لەرزۆک و پەرت بی، کە لە لایەکەوە عێراق لە خەونی گەڕانەوەی دەسەڵاتە بۆ ئەو سنورانەی، سی ساڵە پۆستاڵی عێراقی نەیشێلاوە. لە لایەکیش ئێران هەڕەشەی هاتنەژوورەوەی سەربازی لێ ئەکات. لەولاشەوە تورکیا بە ماشێنێکی گەورەی سەربازییەوە لەقوڵایی خاکەکدا داکووتاوە و لە تەڕ ئەبڕێ و لە وشک ئەسووتێنێ. سەیرە لە نێو ئەم هەموو قەیران و ناتەبایی و مەترسییە ئەقلیمی و ناوخۆییەدا، هێندە سەرقاڵ بێ بە ئازاردانی گەنجانی وڵاتەکە و دەڤەرەکەی خۆت. ئەوان کە به بێ بوونی تۆمەتێکی ڕاستەقینە، گیراون، ڕاگیراون، سزادراون، دادگایی کراون، ماوەی زیندانییان تەواوکردووە، دەرفەتی یاسایی ئازادبوونیان هەیە و کەچی لەنێو زینداندا،هەر ڕۆژە بە جۆرێکی دیکە سزادەدرێن، هەرڕۆژە و بە بیانوویەکی نوێوە ڕادەگیرێن و ئازار دەدرێن. ئەوەی بەسەر ئەو چەند سەد گەنجەی بادیناندا هاتووە و ئەوەی ڕۆژانە لەزاری بەشدار حەسەنی پارێزەری خۆبەخش و گرووپەکەیەوە، لە میدیاکانەوە ئەیبیستین، لە بارەی دۆخی زیندانیانی هەق خوراوی بادینان،هی ئەوەن ببن بە چەخماخەی ڕاپەڕینی سەرتاسەری و قڵپ کردنەوەی مێزەکە بەسەرسیاسەت وحکومەت و پارلەمان و دادگادا. بەڵام کڕوکپی جەماوەری کوردستان نە لە وێنەیدا هەیە و نە دەبێت. شایەنی باسە ئەم بێ دەنگییەی جەماوەر لە کارێکی خۆرسک ناچێت. بەڵکو ئەمە لە کارێکی پیلان بۆ دڕێژراو و ورد خوێندراو ئەچێت. جەماوەرێک گرنگی ئەم کەیسەی لە لا سفرکراوەتەوە و سەرقاڵ کراوە بە هەندێ کەیسی دیکەوە کە لە بنەڕەتدا کەیسی زیندانی بادینان بەرئەنجام بووە بوهەڵدانەوەی ئەوفایلانەی ئەمڕۆ خەڵکی پێوە سەرقاڵکراوە. چونکە لە لایەن خودی ئەم ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە زیندانکراوانەوە کار ل سەر ئەم کەیسانەی ئەمڕۆ کراوە. هەندێ لەو فایلانەی کە ڕۆژانە خەڵکی پێوەی سەرقاڵن ودۆش داماو لێی دانیشتوون بە هیوای ئەوەی ئەم حکومەتە خوارە ڕاست بێتەوە. گەندەڵی، ئیفلاسی سیاسی و ئابووری و داگیرکاری و هەڕەشەی چواردەر و پەلاماری سەربازی، بێ مووچەیی وبێ خزمەتی، تیرۆری لابەلا و هەواڵی دروستکراو و سیناریۆ بۆداڕێژاو، ناکۆکی سیاسی و شەڕی ڕاگەیاندنی دروستکراو، بڵاوکردنەوەی توندڕەوی ئایینی و بە مێگەل کردنی جەماوەر بە تایبەتی گەنج، پەلاماردانی بەردەوام نوخبەی ڕۆشنبیر و چالاکوانی مەدەنی و سیاسی بە گژیەکدا دانەوەیان لە گەڵ نوخبەی ئایینی و سەلەفی و ئیخوانی کومەڵگادا، و زۆرێکی کەیسی دیکەی لابەلا کە هەمووی دەستکردی دەسەڵاتن جا ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، بە سپۆنسەری دەسەڵات خۆی بە تەنها یان بە هاریکاری دەرەوە و ناوەوە، بووبێت. ئەو ڕۆژەی زیندانیانی بادینان پۆل پۆل برانە بەردەمی دادوەرە قەرەقووشەکان، دادگاییەک کران کە تەنانەت لە دادگاکانی سەددامیش لەو جۆرە مەهزەلەیە ڕووی نەدابوو، ئەو ڕۆژەی بەسەدان ڕۆژنامە نووس و چالاکوان و جەماوەر دڵۆپە فرێمسکەکانی مناڵە چاوگەشەکانی زیندانیان ئەژمارد. ئەو دەم وتم ئەم کەیسە درووست کراوانە گرەوێکی دۆڕاوی دەسەڵاتە و جەماوەر ئەم گاڵتەجاڕییە قبووڵ ناکات و دەتەقێتەوە. وتم ئەمە بە خراپ بەسەر دادگا و حکومەتدا دەشکێتەوە. لەو ڕۆژەوە چاوەکانی زیندانیان و کەس و کاریان و چاودێرانیش لە سەر هەڵوێستی جەماوەر بوو، بەڵام نەمانزانی کە ئەم دەسەڵاتە شێتە پیلانی بۆ جەماوەریش دانابوو. جەماوەرێک هەر ڕۆژەوە لایەکی بەنج ئەکرێ، ئەوەندەی برین بە جەستەیەوەیە، ئاگای لە برینی زیندانیانی بادینان نەماوە. جەماوەر ئەمڕۆ بێ ئاگایە لەوەی گەر هەڵوێستی چاوەڕوان لێکراوی لە کەیسی زیندانیانی بادینان ببوایە، ئەوا گرەوی لەم دەسەڵاتە بێ باکە ئەبردەوە و ناچاری ئەکرد بە چارەسەری سەرجەم کێشەکانی دیکەشی. چونکە زیندانیان لە دژی گەندەڵی و داگیرکاری و خیانەتەکان ئەم باجەقورسەیان دا بۆ جەماوەر، بەڵام جەماوەر هەم گرەوەکەی بە دەسەڵات دۆڕان، هەم هەڵوێستی جوامێرانەی زیندانیانیشی بە بادا. ئاخۆ ئیتر کێ ئارەزوو ئەکات وەکو ئەم زیندانییانە خۆی بکاتە قۆچی قوربانی، بۆ جەماوەرێکی بێ باڵ کە وەکو زەڕنەقوتەی پاساری چاوە ڕێی حکومەتە بەخێری خۆی نانێکی بداتێ یان خزمەتێکی بکات. قوربانی لە پێناو تاکەکان و توێژەکانی کۆمەڵگایەک کە سەری خۆی سەلامەت بێ، دونیا لە زیندان بێت باکی پێی نیە

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟