لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

هەرێمێكی پارچە پارچەو، میللەتێكی بەشخوراو

Monday, 06.12.2023, 10:24 PM


- پێشتر لەناو یەكێتیی هەوڵی لامەركەزیەت بۆ سلێمانی درا، بەڵام لەباربرا
- لەكوردستان خواستی حزبی و شەخسیی ئەوەندە گەشەی كردووە، كەس خەمی بەرژەوەندی گشتیی و خواستی نیشتیمانیی نەماوە
- دروستبوونی تێگەیشتنی هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی یان زۆنی كەسك، پارتی لێی بەرپرسیارە
- هۆكاری سەرەكی ئەو سیاسەت و هەڵسوكەتەی پارتی كە سلێمانی یان هەر ناوچەیەكی دیكەی پەراوێزخستبێت، یەكێتیی و گۆڕان لێی بەرپرسیارن
- بەشێك لەحوكمڕانانی یەكێتیی و گۆڕان كە لەحكومەت بوون، زەمینەیان بۆ دۆخی یەكڕەنگی و هەژموونی تاك رەنگی و تاك حزبی لەحكومڕانی رەخساند.
.
هەرێمێكی پارچە پارچەو، میللەتێكی بەشخوراو

لەگفتوگۆی بودجەی عیراق دوو پرسی گرنگ مشتومڕی زۆری لەسەركرا. یەكەمیان؛ پرسی جیاكردنەوە یاخود راستەوخۆ رەوانەكردنی پشكی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بوو لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ حكومەتی هەرێم. دوومیشیان؛ پرسی گێڕانەوە یاخود دانەوەی پارەی بڕدراوی فەرمانبەرانی هەرێم بوو كە بەرلەچەند ساڵێك حكومەتی هەرێم لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانی بەناوی پاشەكەوت لەفەرمانبەرانی هەرێمی بڕی.
هۆكاری دروستبوونی تێگەیشتنی هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی یان زۆنی كەسك، پارتی لێی بەرپرسیارە، واتە هۆكاری سەرەكی دروستبوونی ئەو تێگەیشتنە خودی پارتی بووە، چونكە بەڕاستی ناعەدالەتیەكی گەورە لەدابەشكردنی دەسەڵات و پارە لەكوردستان هەیە، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەو سیاسەت و هەڵسوكەتەی پارتی كە سلێمانی یان هەر ناوچەیەكی دیكەی پەراوێزخستبێت خودی یەكێتیی و گۆڕان لێی بەرپرسیارن. ئەوان زەمینەی ئەو دۆخەیان دروستكرد كە پارتی بەمشێوەیەی ئێستا هەڵسوكەوت بكات. بەشێك لەحوكمڕانانی یەكێتیی و گۆڕان كە لەحكومەت بوون، زەمینەیان بۆ دۆخی یەكڕەنگی و هەژموونی تاك رەنگی و تاك حزبی لەحكومڕانی رەخساند.
ئێستاش ئەگەر بڕیاربێت سلێمانی جیابكرێتەوە یاخود بەجیا پارەی لەبەغدا بۆ بنێردرێت، ئەوا موعالەجەیەكی بەكێشەو ئاڵۆزە. ئێمە نازانین پارە بەجیا دەنێردرێت بۆ سلێمانی یاخود نا، بەڵام بەقسەی پسپۆرانی ئیداریی بەجیا ناردنی پارە بۆ سلێمانی ناكۆك دەبێت لەگەڵ مەبەدەئی یەكگرتوویی كیانی سیاسی و سیستمی ئیداریی هەرێم زەمینەی قانونیی نییەو ناكۆكە لەگەڵ ئەو قانونە بەركارانەی هەرێم.
پێشتر لەسەرەتای 2021 لەناوخۆی یەكێتیی هەوڵی زۆردرا بەشێوەیەكی دیكە گرفتی دابەشكردنی پارەو دەسەڵات لەهەرێم چارەسەر بكرێت، ئەوەبوو لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی گفتوگۆی زۆركرا، لەسەر پرسی لامەركەزیەت و پێدانی دەسەڵاتی دارایی و ئیداریی بەسلێمانیی و زۆنی سەوز پرۆژەش ئامادەكرا. پرۆژەكە پێشكەشی حكومەت یان پارتی كرا، بەڵام نەیانهێشت سەربگرێت و ئەوەبوو هەر لەناوخۆی یەكێتیی لەباربرا. ئەو موعالەجەیە باشتربوو، چونكە بەپێی قانونی هەرێم دەسەڵات دەدرا بەپارێزگاو ئەنجومەن خۆجێیەكان، بەڵام بەداخەوە لەباربرا.
سەبارەت بەگێڕانەوەی پارەی بڕدراو یان ئەوەی ناونراوە پاشەكەوتی فەرمانبەرانی كوردستان، هەموو لایەنەكانی هەرێم موزایەدەیان كردو راستیان نەدەكرد. بەوانەی حكومەتیان پێكهێناوەو بەوانەیشی گوایە ئۆپۆزسیۆنن. چونكە هەمووان دڵنیابوون لەوەی بەغدا بەهیچ شێوەیەك پارە بۆ دانەوەی پارەی بڕدراوی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخان ناكات و ئەمە بڕیارو ئیشی حكومەتی هەرێمە، بەڵام موزایەدەو تەنانەت بەكارهێنانی زمانی زبریان بەكاردەهێنا. چونكە ئەو پارەیەی بڕدراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بووە، بۆیە بەپێی مەنتق دەبێت هەر خۆی بیداتەوە، ناكرێت بەغدا پارەیەك بداتەوە كە ئەو نەیبڕیوە.
خولاسەی كەلام، ناكۆكییەكانی ناوخۆ، خواستی حزبی و شەخسیی ئەوەندە گەشەی كردووە لەكوردستان، كەس خەمی بەرژەوەندی گشتیی و خواستی نیشتیمانیی نەماوە. هەمووان بەزمانێكی دەمارگیریی حزبیی هەڵسوكەوت دەكەن و هیچ بیانوو یان ئەرگۆمێنتێكیش نییە بۆ ئەو سیاسەتە چەوتەی گرتویانەتە بەر.
كەوایە خەمی ئایندەی كوردستان و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی ئەم میللەتە گوزەشت! ئێستا كەس خەمی جێبەجێكردنی ماددەی 140، دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك، یاخود گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان یان چارەسەركردنی گرفتە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدای نییە! بەڵكو هەمووان لەخەمی خواستی شەخسی و حزبیدان و خواستەكانی خۆیشیان بەدروشمی قەومی باقوبریق و موزایەدەی سیاسی داپۆشیوە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟