لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

دەوڵەت نەتەوە باوی نەماوە؟

Monday, 12.21.2020, 09:44 PM


نازانم ھەندێک کەس ئەم قسەیە لە کام حەسارە دێنن کە دەڵێن دەوڵەت نەتەوە باوی نەماوە... دنیا لە وێستفالیاوە لە ١٦٤٨ ەوە تا ئەمڕۆ لەسەر بنەمای دەوڵەت نەتەوە دامەزراوەو بەردەوامە. سیستەمی جیھانی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەیە... من نازانم لەم ٤٠٠ ساڵەی ڕابردو کام دەوڵەت نەتەوە ھەڵوەشاوەتە تا بڵێین دەوڵەت نەتەوە باوی نەماوە. دیومانە ئیمپراتۆرەکان ھەڵدەوەشێنەوەو دەوڵەت نەتەوەیان لێ دروست دەبێت، وەک ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. یەکێتیی سۆڤیەت نەیتوانی کۆمۆنیزم بکات بە گرێدەری نەتەوەکان و ھەڵوەشایەوەو دەرزەنێک زیاتر دەوڵەت نەتەوەی لێ دروست بوو، یوگوسلاڤیا وسودانو چەندانی دیکە بەھەمان شێوە...
تۆ پێم بڵێ لە ٤٠٠ ساڵی ڕابردو کام دەوڵەت نەتەوە ھەڵوەشاوەتەوە و شتێکی دیکەی لێدروست بێت. یەک وڵاتم پێ بڵێ لە دنیا کە دەوڵەت نەتەوە نەبێت.
ئەوەی دەڵێت دەوڵەت نەتەوە باوی نەماوە لەم حەسارەیە ناژیت. ئەمریکا دەوڵەت نەتەوەیە نەتەوەکەش ئەمریکایە، نەتەوەیەکی دروستکراوە لەلایەن دەوڵەت. فەڕەنسا دەوڵەت نەتەوەیە، نەتەوەکە و شوناسەکەی فەڕەنسییە کە بنەماکەی نەژادیە، ئیتنییە. زۆر کەمن ئەو دەوڵەت نەتەوانەی وەک ئەمریکا، بەگشتیی ئەو وڵاتانەن کە لە ئاکامی کۆڵۆنیالیزم و نیشتەجێکردن دروستبوون وەک ئوسترالیا و کەنەدا، ئەگەرنا زۆربەی وڵاتانی دنیا دەوڵەت نەتەوەن لەسەر شەکلی فەڕەنسا کە بنەمای نەژادی و ئیتنیان ھەیە.
ھەندێک لە دەوڵەت نەتەوەکان، وەک سوید و ئوسترالیا و نەرویج تەبەنی سیاسەتی فرەکەلتوری دەکەن بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە دەستبەرداری نەتەوە نەژادیەکەی خۆیان بووبن، شوناسی سوێدی ھەر سوێدی بووەو ھەر سوێدیشە ئێستا.
ئایا دنیا یان وڵاتەکان بە ھەمان فۆڕم و شێوەی جاری جاران ئیدارەدەدرێن و پەیوەندییەکانیان ڕێکدەخەن، بە دڵنیاییەوە نەخێر، بەڵان بەگشتیی گۆڕانکارییەکی وا ڕووی نەداوە کە کۆتایی بە دەوڵەت نەتەوە ھێنابێت.
گڵۆبەلازەیشن، جیھانگیریی، تۆزێک دەوڵەت نەتەوەی لاواز کردوە بەڵام ھاوکات شوناسی لۆکاڵیشی بەھێز کردوە. لەم جیھانە گڵۆباڵە قسەی زۆر زۆر ھەیە کە کۆڕۆنا دەوڵەت نەتەوە بەھێز دەکاتەوە نەک بێھێز.
واچاکە بە قسەیەک کە لێرەو لەوێ یان کەسێک بەس بۆ نیشاندانی، من جیاوازم، دەیکات نەبین بە توتی و بێ بیرکردنەوە بیڵێینەوە و بڵێین دەوڵەت نەتەوە باوی نەماوە.
پرسیاری ئەوەی داخۆ دەوڵەت نەتەوە فۆرمێکی باشە بۆ بەڕێوەبردن. من دەڵێم، یەکەم، ئەمە پرسیارێکی دیکەیە، دووەم، ھیچ فۆرمێکی پێرفێکت نیە بە دەوڵەت نەتەوەشەوە بەڵام مرۆڤایەتی لەم فۆرمەدا لە ھەوڵی گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی و یەکسانییە. داخۆ پێیگەیشتوە، دەڵێم نەخێر بەڵام ھەنگاوی باش نراوە.
ئەی بۆ کورد، من بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئەگەر ئەگەری بەرجەستەبوونی ھەبێت فۆرمێکی زۆر باشە. بەڵام ئەگەر ئەگەرەکانی بەرجەستەبوونی نەبێت ئەوە واچاکە فۆرمی ئەو دەوڵەت نەتەوانە بگۆڕدرێن کە کوردیان تێدا دەژیت نەک کورد دەستبەرداری شوناسی نەتەوەیی و کوردستانیی، خاکی، خۆی بێت. فۆرمێک کە دان بە شوناسی کورد وەک نەتەوەو کوردستان وەک خاکی کوردستانیەکان بێنێت. دەوڵەتێک بێت کە دەوڵەتی چەند نەتەوەیەک بێت، دەوڵەتێکی فرەئاڵا و فرەڕەنگ و فرەکەلتور بێت.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟