لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

نیعمەتی سۆشیال میدیا بۆ ستەمکاران!

Sunday, 01.03.2021, 12:38 PM


رۆژگاری رابردوو لەزەمانی حوکمی بەعس و سەدامدا میدیا و سانسۆر بەشێوەیەکی تەقلیدی بوو، ھەموو میدیا کۆنترۆڵ بوو،تەنھا دەسەڵات خۆی میدیای ھەبوو. بۆچاودێری نەیارانیش لە رێگەی دەزگا سەرکوتکەرەکانەوە خەڵک و سیاسیەکانی سانسۆرئەکرد، بۆئەوەی بگات بە زانیاری گومانلێکراوانی دەگرت و ئەشکەنجەی دەدان، دەیان ئامرازی ئەشکەنجەی بەکاردەھێنا بۆ دانپیانانی کەسێک لەسەر ناوھێنانی ئەوانەی لەگەل شۆڕشن. ئێستا ئەم چاودێری و سانسۆرە گۆرانکاری بەسەردا ھاتوە،جگە لە ئەشکەنجە چەندین ئامرازی ئالۆزی تر ھاتۆتە کایەوە بۆ گەیشتن بە زانیاری لەسەر کەسێک.

چاودێریکردنی خەڵک لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، کارەکەی بۆ ئاسانکردون، ھەموو حەز و ئارەزوو بیرکردنەوەی کەسێک دەزانن لەرێگەی چاودێری پرۆفایلی ھەرکەسێک لە فەیسبوک، ھەموو زانیاریەکانی کەسی بەکارھێنەری تێدایە جگە لە شوێنی جوگرافیی و ھەموو ئەو شوێنانەی ھاتوچۆی  دەکات و ھاوڕێیەتی کێ  دەکات،ئەوەش نیعمەتە بۆیان.

نەوەی نوێی سیاسی سۆشیال میدیایان بۆ ئەوەیە راوبۆچونی خەڵک بزانن لەسەر خۆیان،لەبەرئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی دەسەڵات بەھاولاتیەوە زۆر لاوازە، دابڕاون ونازانن خەڵک بیر لەچی دەکاتەوە بۆئەوەی لەوە تێبگەن خەڵک گرنگیی بەچی دەدات، رای خەڵک چیە لەسەر حزبەکەیان و خۆیان، لە سۆشیال میدیا چەندین راپۆرتی جۆراوجۆر و راپرسی جیاواز دەکەن، پاشان بەچاودێریکردنی کاردانەوەکان ئەو زانیاریانەیان دەست دەکەوێت، بۆیان دەردەکەوێت خەڵک بۆچونیی چیە، کێ نەیارەو کێ لەگەڵیانە، لەکاتی پێویستدا ئەو جەماوەرە بەکاردەھێنن و گوتاری خۆیان بەوشێوەیە دادەریژن کە چەواشەیان بکات.

لەرێگەی سۆشیاڵ میدیا و تەلەفزیۆن و رادیۆکانیانەوە راستیەکان دەشیوێنن، چونکە ھەواڵی درۆ بەئاسانی لە فەیسبوک بڵاو دەبیتەوە و خێراییەکەی لە بڵاوبونەوەی راستیەکان زیاترە. لەڕیێ ئینتەرنێتەوە، یان لە رێگەی چاودێری سمارت فۆنەکانەوە ئاگاداری بچوکترین جوڵانەوەی نارازیی و چالاکەوانانن، دەتوانن دەستیان پێیان بگات و بەرلەوەی چالاکی بکەن دەستگیریان بکەن.

سۆشیال میدیا رێگە خۆش دەکات بۆ یاریکردن بە گوتاری نەیاران و ناشرینکردنی کەسایەتیەکان ھەروەھا دەبێتە ئامرازێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی حوکمڕانیان و قایمکردنی پێگەی خۆیان. ئەمەش بە دروستکردنی دەزگا، بنکە، سەنتەری فیکری و لێکۆڵینەوەی وەھمی بۆ بەلاڕیدابردنی خەڵک و یاریکردن بە گوتاری سیاسیی. لەرێگەی میدیا وەھمیەکانی پەیجەکانیانەوە چیرۆکی سەیر و سەمەرە دروست دەکرێت، ژمارەیەکی زۆر تەلەفزیۆن و رادیۆ وماڵپەر... سوپایەکی ئەلیکترۆنی ھەیە بۆ ئەنجامدانی ئەوکارانە. ئەگەر بمانەوێت نمونەکان باس بکەین سەدان نمونە ھەن لەو چیرۆکانەی دروست دەکرێن بۆ نەیارانی دەسەڵات، بەدەیان و بگرە سەدان پەیج و ئەکاونتی فەیسبوک ھەوڵی ناشرینکردنی ھەموو ھەوڵێک دەدرێت کە جیاوازبێت لە گوتاری دەسەڵات، ھەندێک لەھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوکارە دەکەن.

بەگوێرەی لیکۆلینەوەکان بزوتنەوە نارازیە ئاشتیەکان لەساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا لەسەدا ٧٠ یان سەرکەوتو دەبوون، بەڵام لە دوای ٢٠١٠ ەوە ئەو رێژەیە دابەزیوە بۆ لەسەدا ٣٠ کە ئەمەش یەکێکە لەو بەڵگانەی کە پێمان دەڵیت زۆربونیی ژمارەی بەکارھێنەرانی سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت کارێکی کردوە سەرکەوتنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەڕیژەیەکی بەرچاو دابەزیت، کەیەکێک لە ھۆکارەکان ئەوەیە دەسەڵات باشتر سۆشیال میدیا و دیجیتاڵ بەکاردەھێنێت وەک لە چالاکەوانی نارەزایەتیەکان، ژاوەژاوێکی زۆر دروستکراوە، تەپوتۆزێکی زۆر بەرزبۆتەوە بە ئاستەم ئاستی بینین ھەیە بۆ ئەوەی راستیی جیابکەیتەوە لە درۆ، دەیان و سەدان پەیج کاردەکەن بۆ دروستکردنی چیرۆکی وەھمی.

ھۆکارێکی تر کە بەقازانج دەگەڕیتەوە بۆ دەسەڵات ئەوەیە سروشتی نارەزایەتی ئەم سەردەمە وەک رابردوو ھەیکەلی رێکخستن و سەرکردەو ستراتیژ و کاری پێکەوەیی رووبەروو متمانەکردنی تیا نیە، چونکە لەریگەی فەیسبوکەوەیە. متمانە ئەوکاتە دروست دەبێت کە خەڵک روبەروو پێکەوە رەفتاردەکەن و یەکتر دەبینن نەک تەنھا لەرێگەی لاپتۆپ یان سمارت فۆنەکانەوە پەیوەندیان ھەبێت، روبەروو یەکتر نابینن، پاشان بەشی زۆری ئەوانەی نارازین لەناو سۆشیال میدیا وابەستەی ھیچ رێکخستنێکی سیاسی نین و بەشێوەیەکی کاتیی لایک دەکەن و دواتر بەردەوام نابن، بۆیە متمانە دروست نابێت. کارەساتی گەورەش ئەوەیە ھەر لەڕێی سۆشیال میدیاوە سەرکوتکردنەکان بڵاودەکەنەوە و چالاکەوانان دەترسێن و ژمارەی بەشداربوان کەمدەکاتەوە و ریگە خۆش دەکات بۆ نارەزایەتی توندوتیژ.

سالانێکە چەندین سیاسی و شیکەرەوە پێیان وایە دیکتاتۆرەکان بە ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا ئەروخێن، بەڵام ئیڤگینی مۆروزوف نوسەری کتێبی The Net Delusion کەباس لە دیوی تاریکی ئینتەرنیت دەکات لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە لەو ژاوەژاوە بەئاگا بین و دەڵیت: ئینتەرنێت ئامرازێکی سیاسی کۆنترۆڵنەکراوە، رەنگە ھەموو ئەوانەش بێ ئومێد بکات کە پێیان وایە بە کلیکێک دەتوانین برەو بە دیموکراسی بدەین.

لەبەرئەوەی دەسەلاتە ستەمکارەکان بونەتە پالەوانی گەورەی سۆشیال میدیا و زۆر باشتر لەنەیارەکانیان بەکاری دەھێنن بۆ چاودیری نەیاران و تێکدانی وێنەی ئەوانەی نارازین، باشترە ئەوانەی ئومێدی گۆرانکاریان ھەیە بیر لەبەکارھێنانی ئامرازی تر و شیوازی تر بکەنەوە بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکانیان کەتەنھا سۆشیال میدیا نەبێت، ئەو ئامرازە کۆنترۆڵکراوە لەلایەن حکومەت و دەسەلاتە دیکتاتۆرەکانەوە. لەکۆتایشدا سۆشیاڵ میدیا ئامرازێکە وەک چەقۆیەک کەدەتوانرێت بەکاربھینریت بۆ کاری باش و دەشکریت کەسێک بەکاری بھێنیت بۆ کوشتن.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟