لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن

Thursday, 04.01.2021, 02:10 PM



وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە مافی مرۆڤی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە دۆخی مافی مرۆڤ لە رووی سیاسی و کەسایەتی و کاری رێکخراوەییەوە لە هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

راپۆرتەکە بە دوورودرێژیی باسی رووداوەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ لە ساڵی 2020دا دەکات، بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەش لە کۆتایی ئەمساڵدا راپۆرتێکی تایبەت بە دۆخی مافی ژنان بە تایبەت لەو وڵاتانەدا بڵاودەکاتەوە.

ماوەی 45 ساڵە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵانە راپۆرتی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە جیهاندا بڵاودەکاتەوە و جگە لەوەی باس لە رووداوەکانی ئەو بوارە لە هەموو جیهاندا دەکات، بەڵام زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین پێشێلکاری مافی مرۆڤ تێیاندا روودەدات.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی 2020دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دۆخی خراپی ئابوورییەوە پێشێلکاری زیاتر لە جیهاندا کراوە و هەندێك لە وڵاتان ئەو قەیرانەیان بۆ سنووردارکردنی زیاتری مافی مرۆڤ بەکارهێناوە و هەندێک لە حکومەت و سەرکردەکان هەوڵیانداوە لەو رێگەوە دەسەڵاتی خۆیان فراوانتر بکەن. ژنان و منداڵانیش بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتەی ساڵی 2020ەوە زۆرترین پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە بەتایبەت بەهۆی تووندوتیژی خێزانییەوە لەکاتی قەدەخەی هاتووچۆ و مانەوەی زۆر لە ماڵەوە.

ئاسایش

راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووی رێکخستنی وڵاتەوە رووبەڕووی ململانێی زۆر بوونەتەوە بەتایبەت، کە نزیکەی 60 گرووپی جیاوازی سەر بە حەشدی شەعبی بەشداری لە کارە ئەمنییەکاندا دەکەن.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خاوەنی ئاسایشی تایبەت و جیاوازی خۆیانن، هەرچەندە بەپێی دەستووری فیدراڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر ئاسایشی هەرێمەکەدا هەبێت، بەڵام یەکێتی و پارتی بە جیا کۆنترۆڵی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کردووە و لەناو وەزارەتی ناوخۆشدا خاوەنی هێزی پۆلیسی جیاوازی خۆیانن. ئەمە جگە لە دوو خزمەتگوزاریی جیاوازی هەواڵگری و ئەوانیش لەناو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات "هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێلکاری دژ بە مافی مرۆڤیان ئەنجام داوە". چونکە بەپێی راپۆرتەکە: "کوشتنی نایاسایی، کوشتن لە دەرەوەی دادگاکان، شوێنبزرکردن، ئەشکەنجە، هەڕەشە، سنووردارکردنی رادەربڕین و مامەڵەی نامرۆییان ئەنجام داوە". هەروەها "رێگریشیان کردووە لە دەنگ بەرزکردنەوەی خەڵک و بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵک سنووردار کراوە و تووندوتیژییان دژ بە رۆژنامەڤانان کردووە".

راپۆرتەکە دەڵێت لە ئۆکتۆبەری 2019ەوە تاوەکو ناوەڕاستی 2020 راپۆرتیان پێگەیشتووە سەبارەت بە کوژرانی 500 کەسی مەدەنی و برینداربوونی 20 هەزار کەس لە تەواوی عێراقدا. حکومەتیش کەمترین هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی بەرپرسیارانی ئەو تاوانانە بباتە بەردەم دادگا. تەنانەت دەشڵێت هەرچەندە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە، کەچی زۆر بە دەگمەن سزای ئەنجامدەرانیان دراوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "ئەوانەی بەرپرسیاری تاوانەکانی دژ بە مافی مرۆڤن، بریتین لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی، چەند یەکەیەکی دیاریکراوی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
بەپێی راپۆرتەکەدا حەشی شەعبی یەکێکە لەو گرووپانەی زۆرترین تاوانی دژ بە مافی مرۆڤ کردووە ئاماژەی بەوە داوە کە: "حەشد بەشداری لە کوشتن، رفاندن، هەڕەشە و بێزارکردنی پێکهاتە جیاوازەکان کردووە". یەکێک لەو نموونانەش، کە راپۆرتەکە باسی دەکات کوژرانی شرۆڤەکاری عێراقی هاشم ئەلهاشمییە کە لە بەغدا کوژرا. راپۆرتەکە دەڵێت "پێش کوژرانی، هیشام ئەلهاشمی لەلایەن داعش و حەشدی شەعبییەوە هەڕەشەی لێکراوە".

بێسەروشوێنان

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات لە کۆتاییەکانی 2019ەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی رابردوو 154 دۆسیەی بێسەروشوێنبوون تۆمارکراون، کە بەشێکیان خۆپیشاندەرانی بەغدا بوون.

هەروەها دەشڵێت "لە شنگال و دەشتی نەینەوا 70 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە گومان دەکرێت لە زیندانییە نهێنییەکانی پەکەکەدا بن، بەڵام دەڵێت لەبەرئەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ناوچەیە دەسەڵاتیان نییە نەتوانراوە ئەو راپۆرتانە پشتڕاست بکرێنەوە.

ئەشکەنجەدان

سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی خەڵک و سزای تووندی بەندکراوانی نێو زیندانەکان، راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراقی بە پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبییەوە، خەڵکیان بەبێ فەرمانی دادگا زیندانیکردووە، ئەشکەنجەیان داون و مامەڵەی زۆر تووندیان لەگەڵ کردوون"، بەتایبەت عەرەبە سوننەکان. زۆربەی ئەو کەیسانەی ئەشکەنجەدانیش لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەدین، کەرکووک، ئەنبار، زیقار و بەغدا تۆمارکراون.

هەرچەندە لە باسی ئەشکەنجەدا باس لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵام راپۆرتەکە دەڵێت ئەوانەی بەرپرسن لە ئەشکەنجەدان جگە لە هێزە عێراقییەکان چەند یەکەیەکی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە.

دەستگیرکردن

سەبارەت بە دەستگیرکردنی خەڵک بەبێ فەرمانی دادگاکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەندێکجار رەشبگیرییان کردووە، بۆ نموونە لە مانگی حوزەریرانی 2020دا لە بەغدا 20 کەسی سوننە دوای کوژرانی بەرپرسێکی ئەمنیی عێراق بەبێ هۆ دەستگیرکرابوون، کە دواتر لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە ئازادکرابوون. هەروەها باس لە دەستگیرکردنی 40 خۆپیشاندەر دەکات لە بەغدا.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانێش راپۆرتەکە دەڵێت لە ئابی 2020دا هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 50 خۆپیشاندەر، چالاکڤان و رۆژنامەڤانیان لە دهۆک و زاخۆ دەستگیرکردووە.
ئازادی رادەربڕین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش چالاکڤان، رۆژنامەڤان و خۆپیشاندەرانیان بەهۆی دەربڕینی بۆچوونی خۆیانەوە دەستگیرکردووە بەتایبەت ئەوانەی رەخنەیان لە حکومەتی فیدراڵی یان حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتووە. هەروەها دەشڵێت "هەوڵیانداوە ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیا سنووردار بکەن".

راپۆرتەکە سەبارەت بە هەرێمی کوردستانێش دەڵێت: "پارتی و یەکێتی لە ناوچەی دەسەڵاتی خۆیان ئیمتیازێکی زۆر بەو کەناڵ و میدیایانە دەدەن، کە سەر بە پارتەکەیانن و نزیکن لە پارتی دەسەڵاتدارەوە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە هەموو شوێنێک و دەستیان بە هەموو زانیارییەکان بگات".

ئەمە هەم بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش راستە، کە هەردووکیان لە دوو ناوچەی هەرێمی کوردستان ئیمتیازی زیاتر بە میدیاکانی خۆیان دەدەن. راپۆرتەکە دەڵێت: "بە پێچەوانەی میدیاکانی نزیک لە پارتی و یەکێتییەوە تەلەفزیۆنی ئۆپۆزیسیۆن ئەو ئیمتیازەی نییە و بە نموونەش لە ئابی 2020 کەناڵی ئێن ئار تی لە هەولێر و دهۆک بەهۆی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەوە داخراوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت تەنانەت ئەم جۆرە ئیمتیازاتە ناوەندە ئەکادیمییەکانیشی گرتووەتەو ەو لە زانکۆکانیشدا راگر و و سەرۆک بەش و سەرۆکی زانکۆکان زیاتر ئەوانەنن، کە نزیک لە پارتی و یەکێتی.

بێ ناسنامەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەشێکی کەمیشی تەرخانکردووە بۆ باسکردن لەوانەی لەناو عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەژین و خاوەنی هیچ دۆکیۆمێنتێک یان وڵاتینامە نین. راپۆرتەکە دەڵێت بەپێی ئەو داتایانەی تاوەکو ئابی 2020 کۆکراونەتەوە 47 هەزار کەسی بێ ناسنامە لە عێراق هەبوون، 45 هەزار منداڵی ئاوارەش هیچ دۆکیۆمێنتێکیان نییە و بەو هۆیەشەوە ناتوانن بچنە قوتابخانە یان سوود لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان وەربگرن.

ئاماژە بەوەش دەکات بەشێکی ئەو منداڵانە لە سەردەمی حوکمی داعشدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لەدایکبووون و بەڵگەنامەی لەدایکبوونیان نییە.

هەروەها یەکێک لەو کێشانەش کە زۆر منداڵی دیکە بێ باوک و دایک و بێ دۆکیومێنت دەکات، ئەوەیە کە کوردی ئێزدی کاتێک کچە رفێنراوەکان دەگەڕێننەوە ناو خێزانەکانی خۆیان، ئامادەنین ئەو منداڵانە وەربگرنەوە، کە لە پیاوە داعشەکانن، بەو هۆیەشەوە ئەو منداڵانە بێ دۆکیۆمێنت دەبن و کەسیشیان نییە کاریان بۆ بکات بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی بەڵگەنامەیەک.

گەندەڵی و ناشەفافی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو راپۆرتەدا باس لەوەش دەکات: "گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت کێشەیەکی گەورەی حکومەتی عێراقە"، بەپێی راپۆرتەکە "ئەوانەی لە گەندەڵی تێوەدەگلێن بەهۆی پارەوە دەبەخشرێن، واتە لەو پارەیەی لە گەندەڵی دەستیان دەکەوێت بەشێکی دەبەخشن بۆ ئەوەی بەرپرسەکان لێیان خۆش بن. ئەمەش وایان لێدەکات بەردەوام بن". بەگوێرەی راپۆرتەکە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغداش "بەشدارن لەم گەندەڵییانەدا".

تەنانەت گەندەڵی بووەتە رێگریی سەرەکی لە بەردەم حکومرانییەکی کاریگەردا لە تەواوی عێراقدا.
راپۆرتەکە باسی لەوە کردووە تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2020. لە عێراق 300 ملیار دۆلار لەسەر بنەمای پرۆژەی وەهمی و ساختە براوە. هەروەها دەشڵێت 85%ی پرۆژە پیشەسازییەکانی عێراق لە کەرتی تایبەتدا پرۆژەی ناچالاکن و نزیکەی 250 کارگەی گشتیش کە ناویان تۆمارکراوە بەهیچ جۆرێک کاریان تێدانەکراوە و کەچی هەموو ئەو پرۆژە و کارگانە تەمویلکراون و پارەیان بۆ خەرجکراوە.

ئەمە جگە لە بەرتیل، خزمخزمێنە و بەهەدەردانی خەرجییە گشتییەکان, کە لە زۆربەی دامودەزگاکانی حکومەتدا هەیە. راپۆرتەکە دەڵێت: "هۆز و عەشیرەت و خزمایەتی کاریگەریی زۆریان لەسەر بڕیارەکانی حکومەت هەیە".

خاڵە سنوورییەکانیش بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەشێکن لە گەندەڵییەکانی عێراق و سەرباری ئەوەی سەرۆکوزیرانی عێراق هەڵمەتی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی سنوورەکانی دەستپێکردووە، بەڵام ئەو سنوورانە لەگەڵ ئێران و کوێتدا بوونەتە سەرچاوەی گەندەڵی.

ئاماژە بە راپۆرتێکی دەستەی نەزاهەی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە باسی لە تۆمارکردنی 158 کەیسی گەندەڵی لە سنوورەکان کردووە لە هەولێر، دهۆک، گەرمیان و سلێمانی.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟