هەواڵ

یەکێتیی ئەوروپا: لە گوشارە سیاسییەکانی سەر کەیسی حوکمدراوانی بادینان نیگەرانین

Wednesday, 06.30.2021, 09:33 AM


یەکێتیی ئەوروپا راگەیێندراوێک لەبارەی سزادانی حوکمدراوانی بادینان بڵاودەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات، نیگەرانییەکانیان "بەتایبەتی ئەو بانگەشانە دەگرێتەوە کە گوایە ئەشکەنەجدان، نەگەیشتنی دۆسیەکە بە دەستی تیمی پارێزەران و هەروەها گوشارە سیاسییەکانی سەر دۆسیەکە" دەگرێتەوە.
یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ بەرپرسانی شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق راگەیێندراوێک سەبارەت بە پەسندکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بەسەر 5 رۆژنامەنووس و چالاکڤان لەلایەن دادگەی پێداچوونەوە بڵاودەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە هەڵوێستی یونامی لەسەر دۆسیەکە دراوە و رایدەگەیێنێت، یەکێتیی ئەوروپا و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق "هاوبەشی ئەو نیگەرانییە جیدییەن کە لەلایەن یوونامی و ئۆ ئێچ سی ئێج ئار( نووسینگەی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان) لە راپۆرتی هاوبەشیان لە 12ی ئایارادا خرایەڕوو کە تێیدا ئاماژەیان بەوە داوە رێز لە بنەما سەرەکییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لەکاتی دادگاییکردنەکاندا نەگیراوە."
راگەێندراوی یەکێتی یەوروپا
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "شاندی یەکێتیی ئەوروپا و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق هانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەدەن چاو بە پێشنیازە سەرەکییەکانی راپۆرتی یوونامی و ئۆ ئێچ سی ئێج ئار بخشێننەوە، بەتایبەتی ئەو پێشنیازانەی پەیوەستە بە هەراسانکردن، تۆقاندن و تۆڵەسەندنەوە لە رۆژنامەنووسان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکڤانان، هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیابوون هەبێت لەوەی کە یاسای تاوانەکان وەک ئامرازێك بۆ سنووردارکردنی ئازادیی رادەربڕین بەکارناهێندرێت."
یەکێتیی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەدات کە ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی میدیا و هەروەها دادگەی سەربەخۆ، پێکهاتەی سەرەکیی دیموکراسین.
دوو رۆژ پێش ئێستا نووسینگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە هەولێر (یونامی) لەبارەی بڕیاری سزادانی حکومدراوانی بادینان لە تویتێکدا رایگەیاند، "بڕیاری دوێنێی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بەداخەوە ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستانی عێراق پێویستی بە چاکسازییەکی بەپەلەی دادوەری و دامەزراوەیی هەیە بۆ ئەوەی رێگە لەم جۆرە هەڵە دادوەرییە لە داهاتوودا بگیرێت".
لەبارەی کاردانەوەکان بەرامبەر بە بڕیاری سزادانی حوکمدراوانی بادینان، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دادگەکان سەربەخۆن" و ئەوانیش وەکو حکومەت ناتوانن دەستوەردان لە کاروباریاندا بکەن.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان رێز لە سەربەخۆیی دادگەکانی هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییش دەگرین. وەکو حکومەت، ناتوانین دەستوەردان لە کاروباری دادگەکاندا بکەین".
رۆژی 27-06-2021 دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی لەبارەی حوکمدراوانی بادینان دەرکرد، بەو پێیەش هەر یەکە لەو چالاکڤان و رۆژنامەڤانانە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دران.
مارتین هووت، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "تووشی شۆک بووم بە بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر کە جەخت لە سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ پێنج رۆژنامەڤانەکە و چالاکڤانەکە دەکاتەوە کە لە مانگی ئابدا ئەو سزایەیان بۆ بڕێندرایەوە، ئەوە سەرەڕای کەموکورتییە رژدییەکان و تۆمەتی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیان کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی پێکردبوون".
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی نووسینگەی هەولێری باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق لە تویتێکدا نیگەرانیی خۆی لەبارەی بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە لە دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان دەربڕی و رایگەیاند، "نائومێد بووین لە بڕیارەکەی دوێنێی دادگەی پێداچوونەوە لەبارەی سزادانی شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، هەریوان عیسا و گوهدار زێباری."
لە بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوەدا گۆڕانکاری کراوە و تۆمەتی سیخوڕیکردنی رۆژنامەڤان و چالاکڤانەکان بۆ کۆنسوڵخانەکان لابراوە.
باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی میدیا و سیستەمی دادوەریی سەربەخۆ و پڕۆفیشناڵ لە پێکهاتە بنچینەییەکانی دیموکراسین".
پێشتر پارێزەرانی دۆسیەکە تانەیان لە بڕیارەکەی دادگەی تاوانی دووی هەولێر دابوو، بەو بڕیارەش، دادگەی پێداچوونەوەی تانەکانی رەتکردووەتەوە و بڕیاری دادگەی هەولێری پەسندکردووە.
لە 16ـی شووباتی رابردوودا دادگەی تاوانەکانی دووی هەولێر لە دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادیناندا هەریەک لە ئه‌یاس کەرەم، شێروان شێروانی‌، شڤان سه‌عید بەڕۆژکی، گوهدار محەممەد زێباری‌ و هاریوان عیسای بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدا، بڕیارەکەش کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. رۆژی 7ی حوزەیرانی 2021 دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان لەسەر داوای دادگەی تێهەڵچوونەوە، رەوانەی دادگەی پێداچوونەوە کرا.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟