لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

نەوشیروان مستەفا و هەوڵى ئازاردانم

Monday, 08.23.2021, 11:31 AM


کە بۆ یەکەمجار نەوشیروان مستەفام بینی ئەو کاتە بوو کە لەناو یەکێتی بەرپرسیارێتی هەبوو. ئێوارەیەکیان تێلم بۆ کرد و کاتێکمان دانا لە ماڵەکەی خۆی بۆ یەکتر بینینمان و وتی "وا وەرە کە کاتمان زۆر هەبێت پێکەوە دانیشین". ئەوە یەکەم جار بوو بیبینم. لە کاتی دانیشتنەکەشمان دیدارێکی ڤیدیۆیم لەگەڵیدا سەبارەت بە تراژیدیای ئەنفال ئەنجامدا.
لەو کاتەدا سەلاح ڕەشیدی کۆنە وەزیری ئەنفال لای ئەو ئەژیا. من لەسەر سەلاح ڕەشید هەڵوێستم لە ئەڵمانیاوە خراپ بوو چونکە بە کەسێکی بێتواناو گەندەڵ و خۆپەرستم ئەبینی. نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا لە یەکێتی و پارتی پێکهاتبوو کە ئەوەی یەکێتی سەلاح بوو. ئەوەی پارتیش دڵشاد بارزانی بوو براکەی مەسعود بارزانی کە سەرکەوتو بوو لەوەی یەکێتی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی گوایە سەر بە پەکەکە لای ئەڵمانەکان بناسێنێت، بەشێکی بە رێگای ئەڵمانێکی لۆبییانەوە کە ئەندام پەڕلەمان بوو لە پارتی سەوزەکان لە پەڕلەمانی دوسلدۆرفی پایتەختی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن بە ناوی زیگیەوە کە کوردەکان نازناوی زیگی بارزانیان دابویە.
بەو هۆیەوە یەکێتی خرابوە سەر لیستی تیرۆرو کێشەی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەڵمانی بۆ هەندێک ڕەد کرابونەوە کە ئەندامی یەکێتی بوون کە لێرەدا نامەوێ ناوەکانیان بنووسم. سەلاح تێلی بۆ من ئەکردو ئەیوت بچۆ لای ئەو کەنالی ڕادیۆ ئەڵمانیەی کە ئەم هەواڵەی بلاو کردۆتەوە کە یەکێتی رێکخراوێکی تیرۆریستیەو تۆ قسە بکە لە دژیان. خۆی لە ساڵی 1975 وە هاتۆتە ئەڵمانیاو زمانی ئەڵمانی وەک پێویست نازانێ. ئەمانە لەو جۆرەن کە ئەیانەوێ مار بە دەستی خەلکی تر بگرن.
سەلاح بەناوی یارمەتی پەناهەندەی کوردەوە لە بەرلین تەنیا لە رێکخراوێکی ئەڵمانی ، بە رێگای رێکخراوێکی خێرخوازیی کوردی باشورەوە (KAK) 30 هەزار مارکی ئەو کاتەی ئەڵمانیای وەرگرت و ژمارەی حسابی بانقیی خێزانەکەی دابوو پێیان و دواتر پارەکەی ڕاکێشابو بۆ خۆی. ئەوە یەکێک لە چەندین نموونە. دڵشاد ئینقیلابی کرد بەسەریداو نوێنەرایەتیەکەی حکومەتی هەرێمی لە شاری بۆن گواستەوە بۆ گەڕەکێکی ترو سەلاح ئەیووت هەر ناشزانم لە کوێیە.

ساڵێکیان ئەم باس و بەلگەو نوسینانەم دا بە نیاز سەعید بەرپرسی پەیمانگای کادیرانی سیاسی لە قەلاچوالان کە لە میدیای عەرەبیش خراپ لەسەر سەلاح نوسرابوو. ناوبراو ناردبووی بۆ عومەر فەتاح، ئەو کاتە بەرپرسی دەزگای زانیاری بوو. من مەبەستم بوو کە سەلاح چ زیانێکی بە یەکێتی گەیاندوە لە ئەڵمانیاو کەسێکی سەرکەوتو نیەو لە خەمی گیرفان پرکردنی خۆیەتی. عومەر فەتاح سەلاحی بانگ کردبووە لای خۆی و بێ لێپرسینەوە پێی وتبوو کە ئەم نوسراوانە لای سالار باسیرەوە نێردراوە. لەو کاتەوە سەلاح کەوتە دوژمنایەتی من و نەوشیروان مستەفاشی لێ پڕ کردبومەوە.
نیوەڕۆیەکیان لە سلێمانیەوە تێلم بۆ نەوشیروان مستەفا کردو کاتی شەشی ئێوارەمان دانابوو لە ماڵەکەی خۆی لە گردی عەلی ناجی بۆ یەکتر بینین. لە رێگا بە رێکەوت دوو هاورێی خۆم مامۆستا ڕەفیقی بەرپرسی بنکەی ژین و کاک سدیقی برایم بینی و وتیان ئەگەر ئاساییە لات ئێمەش دێین و ئەمانەێ چاومان پێی بکەوێت ، وتم من هیچی شەخسیم نیە لەگەڵیدا باسی بکەم و وەرن. ئەو هاتنەی ئەوان بوو بەخێر بۆ من. کە چوینە ئەوێ نەوشیروان بە تەنیا بوو لە ژورەکەیدا. کە بینی تەنیا نەهاتووم دەموچاوی خۆی تێکداو سارد بوو بەرامبەرم و قسەی لەگەڵ نەکردم. دوای دوو خولەکێک سەلاحیش هاتە ژورەوە ، دیارە پاسەوانەکان پێیان وتوە کە سالار باسیرە لێرەیەو گەیشتوە. ئەویش کە هاتە ژورەوە دەموچاوی تێکدا کە بینی من تەنیا نیم. کە بینیم بارودۆخەکە خراپە دوای ماوەیەکی کورت بە هاورێکانمم ووت من ئەڕۆم. هەمومان ڕۆیشتین.

( بۆ وەبیرهێنانەوە )
بە فەرمانی شەخسی نەوشیروان و بێ گەڕانەوە بۆ مەکتەبی سیاسی یان مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی لە ڕۆژی ١٠/٨/١٩٩٢  کۆمەڵێک کادری دیاری ئەو کاتەی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی کە بریتی بوون لە ( تەحسین قادر ، خەبات عەبدوللا ، وەستا حەسەنی ئاسایش ، سەرکەوت زەکی و شوان عەبدوللا) لە لایەن حیمایەکانی نەوشیروان مستەفاوە دەستگیر کران و ڕاستەوخۆ لە ماڵەکەی خۆیدا کە ئەو دەمە ئەکەوتە سەرەتای شەقامی مەحوی (قەنات) ، زیندانی کران.
هەر هەمان ڕۆژ و بێ لەبەرچاو گرتنی هیچ پرەنسیپێکی حیزبیی و بێ گەڕانەوە بۆ دادگاو بێ دانانی هیچ ئیعتیبارێک بۆ تێکۆشانی ئەو کەسانە ، ماڵەکەی خۆی کردە شوێنی لێکۆڵینەوەو زیندان و سزادان. تەنیا گوناهی ئەو کەسانە ئەوە بوو کە لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی کە لە سەرەتای ئەو ساڵەدا بەسترابوو ، ئەم کادرانە وەکو زۆرێک لە کادرە گەنجەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران دژی هەوڵەکانی نەوشیروان وەستابونەوە کە خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەو هەوڵی لەت لەتکردنی یەکێتیدا دەبینیەوە. ئەمان لە کۆنگرەو پاش کۆنگرە نەچوونە ژێر باری ئەو تەکەتولانەی کە ناوبراو لە سلێمانی پێکەوەی نابوو، و کەسانی وەک حەمە تۆفیقی زاوای و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی ئاگرەکەیان خۆش ئەکرد. بەلام لەبەر ئەوەی نەوشیروان سلێمانی بە مولکی خۆی ئەزانی بڤە بوو کادرو ئەندامانی یەکێتی دژی خواستەکانی ئەو لە سلێمانی بوەستنەوە. ئەوە بوو دوای کۆنگرە گێچەڵی جیاجیایان پێ ئەکردن. دوریان ئەخستنەوەو دژایەتیان ئەکردن و تانەو تەشیریان لێ ئەیان.
ڕۆژێک پێش گرتنی ئەو کادرانە دوو خوشکەزای نەوشیروان بە چەکەوە هەڵئەکوتنە سەر خەبات عبدوللا لەناو کۆمێتەی سەرچناری یەکێتیداو بێ حساب کردن بۆ ئەوانەی لەناو کۆمێتەکەدان و بە مەبەستی گرتن و بردنی هەڕەشەی کوشتنی لێ ئەکەن. خەبات عبدوللا مل نادات و لەگەڵیان ناچێت. پاش ئەوەی ئەندامانی کۆمێتەکە بە کارەکە ئەزانن هەردو خوشکەزاکەی ناوبراو هیچیان پێ ناکرێت و کۆمێتەکە بە هەڕەشە کردن جێ ئەهێڵن. خەبات عبدوللا مەڵبەندو هەندێک لە ئەندامان و کارگێڕانی مەڵبەند تێ ئەگەیەنێت کە هەڕەشەی لەسەرەو داوای لێپرسینەوە لەو دوو کەسە ئەکات. بەلام کەس نایەت بە دەمیەوە. ڕوداوەکە چۆن بووە ئەینوسێت و ڕۆژی دوایی لە شێوەی بەیاننامەیەکدا بلاوی ئەکاتەوەو بێبەری بوونی خۆی لە یەکێتی ڕائەگەیەنێت هەتا ئەو کاتەی بەدەم داواکەیەوە بێن. هەر هەمان ڕۆژ نەوشیروان خوشکەزاکەی و کۆمەڵێک چەکدار ئەنێرێتە سەر ماڵی خەبات و بەزۆر لەگەڵ خۆیاندا ڕاپێچی ئەکەن بۆ ماڵی نەوشیروان.
بەپێی زانیاریەکانی کەسێک کە ئەو ڕۆژە لە ماڵەکەی نەوشیروان بووەو بە مەبەستی بەخێر هاتنەوەی نەوشیروان کە تازە گەڕاوەتەوە کوردستان و جگە لەو ژمارەیەکی بەرچاو بەرپرس و فەرماندەی عەسکەریش لە ماڵەکەی بوون ، خەبات عبدوللا لە وەلامی نەوشیرواندا کە ئاخۆ تۆیت ئەم بەیاننامەیەت نوسیوە؟ خەبات بێ دوو دڵی وتویەتی بەڵی منم. جارێکی تریش نەوشیروان لێی دوبارە کردۆتەوە ، هەر وتویەتی بەڵی من نوسیومە. پاشان نەوشیروان ڕووی کردۆتە میوانەکان و وتویەتی باوەڕی پێ مەکەن درۆ ئەکات ئەمە نوسینی ئەو نیە. ئەمانە تاقمێکن لە سلێمانی دژی من ئیش ئەکەن. پاش ئەوە خەبات عبدوللا نوسخەی دەستنوسی بەیاننامەکەی لە گیرفانی کراسەکەی دەرئەهێنێت و ئەڵێت ئەمە دەستنوسەکەیە بە خەتی خۆم ، بەلام پێم خۆشە بپرسیت بۆچی نوسیومە؟ ئینجا نەوشیروان زۆر تووڕە ئەبێت و ناهێڵیت لەوە زیاتر قسە بکات. جنێوی زۆر بە خەبات ئەیات و وتویەتی بیبەن لە ژێر زەمینەکە سجنی بکەن. پاش ماوەیەک تەحسین قادریش لە مەڵبەندەوە ئەهێنن بۆ هەمان ماڵ و ئینجا هەریەکە لە وەستا حەسەنی ئاسایش ، شوان عەبدوللا و هەروەها سەرکەوت زەکی.
پاش سوکایەتی زۆرو جنێودانی ناشیرین بە دایک و خوشک و هەڕەشەی کوشتن ، هەر لەناو ماڵەکەی خۆیداو بەبەرچاوی نەوشیروان و هەموو ئەوانەی ئەو ڕۆژە لەو ماڵەدا ئەبن و لە ئەنجامی لێدانی زۆر لەلایەن دانای ئەحمەد مەجیدو ڕزگاری حاجی کایل و عومەر غەریبەوە ، دەستی خەبات ئەشکێنن (وەک خۆیان لەوێ وتویانە) کە بەیاننامەکەی پێ نوسیوە. هەر بە پێی زانیاریەکانی میوانەکەی ئەو ڕۆژەی ناوبراو نەوشیروان ڕووی کردۆتە گیراوەکان و پێی وتوون "من ئەگەڕام بۆ رۆژێک ئاوا هەمووتان بێنە بەردەستم".
پاش ئەوەی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو ڕۆژە کە لە لایەن حاکم حەمە جانەوە هەر لە ماڵەکەی نەوشیرواندا لەگەڵ گیراوەکان کراوە ( ماڵی جەلاد بکرێتە هۆڵی دادگایەکی گاڵتەجاری و بریاری ژیان و مردن بەسەر کەسانی تردا بدرێت) دەرئەکەوێت کە قسەکانی خەبات دروستەو تەنها ئەو خۆیەتی بەیاننامەکەی نوسیوەو هەر بە تەنها خۆشی کارەکە لە ئەستۆ ئەگرێت. هەروەها پاش ئەو فشارەی کە هاوڕێ و کەسوکاری گیراوەکان کردیانە سەر یەکێتی و نەوشیروان بە مەبەستی ئازاد کردنی گیراوەکان بۆ ئێوارەکەی تەحسین قادرو وەستا حەسەن بە دەستبەسەری ئەبەنەوە بۆ ناو مەڵبەندی سلێمانی و بۆ بەیانیەکەی ئازادیان ئەکەن. خەبات عەبدوللا و هاورێکانیشی ئەبەن بۆ ناو زیندانی لەشکری یەک لە بەکرەجۆ. کە یەکێتی ئەبینێت ڕۆژانە خەڵک بە لێشاو ڕوو لە هاورێکانیان ئەکەن لە زیندان ، لەوێ دوریان ئەخەنەوە بۆ زیندانی مەکتەبی سیاسی لە هەولێر. پاش چل و پێنج ڕۆژو لە ئەنجامی گەڕانەوەی مام جەلال لە دەرەوەی ولات خەبات عەبدوللا و هاورێکانی ئازاد ئەکرێن. خەبات عبداللە سالانێکە ڕاوێژکارە لە وەزارەتی شەهیدان.
لەوانەیە منیش بە هەمان دەرد بچوومایە ئەگەر تەنیا بومایە لە ماڵی ناوبراودا. تەنانەت لە داب و نەریتی عەشایەریش نەبوە میوان بێتە ماڵەکەت و دەستبەسەری بکەیت و ئەشکەنجەی بدەیت و سوکایەتی پێ بکەیت و ماڵەکەی خۆت بکەیتە زیندان بۆی. دیارە لە شاخیش هەر بەم شێوەیە خۆیان کردبێتە دادوەرێکی ناعادیل و بەم هۆیەوە دەیان کەسی بێتاوان ئەشکەنجە درابن و تیرۆر کرابن. چیتر لەو ڕۆژەوە نەوشیروان مستەفا بۆ من وەک کەس و سیاسەتیش کۆتایی هات. مام جەلال لە کاتی گرانیەکەدا دوو سەد هەزار دۆلاری ئەمریکی پێداو لە لەندەن لە ماوەیەکی کورتدا هەمووی بۆ خۆی خەرج کرد. باوکی هەژاران دوای مردنیشی گردی گرانبەهاو موڵکی زۆری بۆ نەوەکانی جێهیشت و تاپۆ کران لەسەریان.
ئەو سەردەمە پڕۆژەیەکم بۆ ئەنجامدانی کۆنفرەنسێک سەبارەت بە بابەتی ئۆپۆزیسیۆن ئامادە کردو لەگەڵ دوو هاوڕێی دیاری ناو کایەی سیاسی و ڕاگەیاندن ناردمان بۆ نەوشیروان مستەفا گەر بتوانێت پشتگیریەکی ماددی و ڕاگەیاندنمان بکات بەتایبەت کە لە تەمەنی کایەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا ئێستەشی لەسەر بێت بۆ ئەم بابەتە کۆنفرەنسێک ئەنجام نەدراوە بەلام نابراو ڕەتی کردەوە. ئەم جۆری ڕەت کردنەوەیە کە خۆشیان هەرگیز کۆنفرەنسێکی لەو جۆرەیان ئەنجام نەداوە بە تایبەت لەو قۆناغەدا کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆنی دەسەلات لە قەڵەم ئەدا گومانی زۆری بۆ پەیدا کردم لەسەر گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفاش. هەڵوێستی نەگەتیڤی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە هەڤدەی شوبات نمونەیەکی بەرچاوەو زۆرترین زیانیان بە ئۆپۆزیسیۆن بوون گەیاند.
سەبارەت بە سەلاح ڕەشید سەرەڕای ئەو هەموو گەندەڵی و بێتوانایی و مشەخۆریەی کەچی مام جەلال ئەیکاتە وەزیری مافی مرۆڤ و ئەنفال و کیمیاباران و کوردە فەیلیەکان و ئاوارەکان و نازانم چیتر کە لە دونیادا شتی وانەبووە ، ناوبراو لەم پۆستەشیدا هەر سەرکەوتو نەبوو.
سەلاح لە ئەڵمانیا بێ دەرامەت بوو کەچی بووە خاوەن خانوو لە ولاتی ئەوروپای ڕۆژهەلات ، کە گەڕایەوە کوردستانیش بووە خاوەنی بە دۆنم زەوی و خانووی گرانبەهاو موچەی زۆری خانەنشینی و بووە بازرگانی پڕۆژە. لە ئەڵمانیا کاری ڕەشی کردوەو هاوکات پارەی دائیرەی سۆشیالیشی وەرگرتوەو بەم هۆیەوە درابوو بە دادگا بەلام وتبووی گوایە ئەو پارانەی بۆ رێکخراوێکی خەیریی ناردۆتەوە. بۆ ئەم مەبەستە داوای یارمەتی لە هانس براندشایدی سەرۆکی رێکخراوی مێدیکۆ ئینتەرناشنال کردبوو کە ئەو درۆیەی بۆ بکات. هانس ڕۆژگارێک پەشیمان بوو لەو هاوکاریەی پێشکەشی سەلاحی کردبوو بۆ ڕزگار کردنی.  
ئەم برادەرە کە خۆی بە کۆمەڵەی ڕەنجدەران و مارکسی لینینی ناوئەبرد لە ئەڵمانیا لە کۆبونەوەکاندا سرودی خەباتی کرێکارانی بە دەنگی بەرز ئەوتەوەو خەڵکانێکیان وەک ئەندام لە ڕیزەکانی کۆمەڵە وەرنەئەگرت ئەیان ووت هێشتا بۆرجوازیەو نەبۆتە مارکسی. زۆرێک لەم نمونانەم لا هەن ئێستە لە هەرێم خاوەن سامان و پلەو پۆستن و هەندێکیان لە ئەوروپاش موچە وەرئەگرن یان خۆیان خانەنشین کردوە.

(لە کتێبی یاداشتە هێشتا چاپنەکراوەکەمدا)


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟