لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

شەقی پەروەردەکراوەکانی یەکێتی: درا لە مامۆستایانی زانکۆی سلێمانیش!

Thursday, 09.23.2021, 03:04 PM


دەمێکە ٤٥٥ مامۆستای زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندان دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی مافێکی ئاسایی خۆیان، کە بە ھەمان شێوەی ھاوڕێکانی خۆیان پارچە زەوییەکیان پێ بدرێت!

یەکێتیی ھەستاوە ٧٠٠ پارچە زەوی بە تاپۆکراوی داوەتە حەوسەد مامۆستای زانکۆی سلێمانی. کە ئەو حەوسەد مامۆستایە حەقی خۆیان بوە. بەڵام ھەر یەکێتیی ھەستاوە جیاکاری کردوەو ٤٥٥ مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە ھەمو مافێک بێبەش کردوە!

من ھەتاکو بەڵگەنامە نھێنییەکانی بەریتانیا و سی-ئای-ئەییم بە وردی تەتەڵە نەکرد. پێش ئەوە ھەرگیز بڕوام بەوە نەدەبو کە دامەزرێنەرانی یەکێتیی ھێندە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەزگا ھەواڵگرییەکانی سوریا و سەددام و خومەینییەوە، ئاڕاستە کرابن.

بەجۆرێک زیاتر لە دوو سەد بەڵگەنامەی نھێنیی یەکێتیی و حسک بە باند و باندی مافیایی لە قەڵەم دەدەن!

زیاتر لەوانەش، کاتێک وردتر بەڵگەنامەکانی سی-ئای-ئەی تەتەڵە دەکەیت، ئەو ڕێکەوتنەت بۆ دەسەلمێ کە لە تاران ئەنجام دراوەو بە فەرمی یەکێتیی کراوەتە بەشێک لە سوپای پاسداران. دواتر سەرکردەکانی یەکێتیی ڕێکەوتنەکەیان جێبەجێ کردوەو کەوتونەتە پێش سوپای پاسداران و، بەوەش بیانویان دایە ڕژێمی عێراق و، ئاکامەکەشی کیمیاباران و ئەنفالی بەدوا داھات!
ـ
من بڵاوکردنەوەی بابەتی 'دبلۆماسییەتی کورد لە بەڵگەنامەنھێنییەکانی بەریتانیا و سی-ئای-ئەی'م دواخستوە بۆ دوای ھەڵبژاردنەکان. بۆ ئەوەی وەک ئەکادیمیستێک ئەتەکێتی زانستییم بپارێزم. چونکە بەڵگەنامەکان زۆر بە نەرێنی باسی ڕەفتارەکانی یەکێتیی دەکەن. بەجۆرێک کە شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بە دوو ھەزار و خوردەیەک لە قەڵەم دەدەن و، کوژراوانی پاسداران و یەکێتیشیان  بە دوو ھەزار و حەوسەد کەس لە قەڵەم دراوە. واتە بە وردی داتاکان و جیاکارییەکان دەخەمەڕو و، زۆریشم لا سەیر بو کە سی-ئای-ئەی شەھیدانی ھاوڵاتی لەگەڵ ژمارەی کوژراوانی یەکێتیی و پاسدارانی لێک جیاکردۆتەوەو، بیانوی تاوانەکەش خراوەتە ئەستۆی یەکێتیی و پاسداران کە خاکی عێراقیان گرتوە!


واتە: بە فەرمی یەکێتیی کردن بە بەشێک لە سوپای پاسداران بریتی بوە لە «سیاسەتزانین!!!» ی دامەزرێنەرانی یەکێتیی. کە ئەگەر لە ھێرشی سەر سلێمانی یەکێتیی و پاسداران نەشکابانەیە  کارەساتێک دەخولقا زۆر لەوەی ھەڵەبجە ترسناکتر دەبو و، کەسیش ئاوڕی بە لای کورد نەدەدایەوە. چونکە عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان وەک ئەوەی ھەڵەبجە دەیگوتەوە: ''پاسداران شاری سلێمانییان داگیرکردوەو خاکی عێراقە!!''.

مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم: دامەزرێنەرانی یەکێتیی ھەرگیز دەرسیان لەو ڕابردوەیان وەرنەگرت و، کار گەشتە ئەوەش، لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تا ئێستا سەدانی وەکو 'بەکر عەلی' شاعیریان شەھید کردوە! کەچی سەرکردەکانی کۆن و نوێشیان ھەمیشە وتویانە: ''ئێمە حیزبی سۆشیەڵ دیموکراتین و، دیموکراسیخوازین!''.

ئەو شەقانەی کە لە بەردەرگای قوباد تاڵەبانی لە ٢٢-٩-٢٠٢١ لە یەکەم ڕۆژی پایز لە مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی درا، ھێندەی کارەساتی شەھیدکردنی بەکر عەلیی و کاوە گەرمیانیی و سەردەشت و ھتد بەسۆ و بێ-مۆراڵی سیاسییەو، ڕەفتارێکی پەروەردەیی بەربەرییانەیە!!

پرسیار بۆ یەکێتیی ئەوەیە: ئێوە کە حەوسەد زەوی بە تاپۆکراوی بە حەوسەد مامۆستای زانکۆ دەدەن، بەڵام بۆچی ٤٥٥ کەسیان جیادەکەنەوە!؟


ئێوەی یەکێتیی بە پێی کام یاسا ھەستاون ٨٢ دۆنم موڵکی زانکۆی سلێمانیتان داوە بە کۆمپانیایەک!؟

لە بری ئەوەی لە ناو گشت یەکێتییەکان، بە ھەمو تەکەتولەکانیانەوە: تەنیا یەک سەرکردەیان تیابێت کە بە ئاشکرا دژی شەقکاری مامۆستاکانی زانکۆی سلێمانی ھەڵوێستی بخاتەڕو، کەچی یەکێتیی دەیانەوێت سبەینێ بەشێک لە فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی بجوڵێن و، ئاڕاستەیان بکەن بۆ بەردەم بارەگای قوباد تاڵەبانی کە گوایە داوای شوقە دەکەن. یەکێتیی بۆ دوو مەبەست ئەمە دەکات:-


یەکەم: بۆ ئەوەی ناکۆکی بخاتە نێوان مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانییەوە. کە لەمەدا یەکێتیی سەرکەوتو نابێت. دواتر ڕونی دەکەمەوە بۆچی سەرکەوتو نابێت!!


دووەم:- یەکێتیی دەیەوێت فەرمانبەران داوای شوقە بکەن بۆ ئەوەی لە ڕێی کۆمپانیا حیزبییەکانی خۆیەوە دەست بەسەر زەوییەکانی زانکۆی سلێمانی دا، بگرێت. بەوەش یەکێتیی بەسەر زەوییەکانی میللەتەوە قازانجێکی زۆر دەکات. چونکە ھەم دەست بەسەر زەوییەکانی زانکۆ دا دەگرێ و، ھەمیش دواتر شوقەکان بە نرخی گرانبەھا دەفرۆشێتەوە!

بۆچی یەکێتیی لە بەکارھێنانی بەشێک لە فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی کە خۆپیشاندان ساختەیان لێ دروست بکات و داوای شوقە بکەن سەرکەوتو نابێت!؟


چونکە مناڵێکی سەرەتایی ھوشیاری ئەوەی ھەیە کە ئەرک و مافی مامۆستای زانکۆ جیایە لە ئەرک و مافی فەرمانبەر. ھەروەک چۆن ئەرک و مافی وەزیر جیایە لە ئەرک و مافی پەرلەمانتار. زیاتر لەوانەش، خەڵکی کوردستان ھێندە ھوشیاریان ھەیە کە بپرسن: یەکێتیی بۆچی حەوسەد پارچە زەوی بە تاپۆکراوی داوە بە حەوسەد مامۆستای سلێمانی، کەچی ھەر یەکێتیی ھەستاوە جیاکاری کردوەو ٤٥٥ مامۆستای زانکۆی لە مافەکانیان بێبەش کردوە!!

لەم پرسەدا، ھەم نێچیرڤان و مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت بێھەڵوێستن و، ھەم میدیاکانی پارتییش بە ھیچ جۆرێک بە ھەواڵێكی بچوکیش باسیان لەو ھەمو شەقکارییانەی یەکێتیی لە دژی مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی، نەکرد! ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە: یەکێتیی و پارتییش ڕێکەوتون لەسەر ئەوەی ھەرلایەکیان چی بەسەر زۆنی خۆیدا دەھێنێت: با بیھێنێت و، لاکەی تریان لێی بێ دەنگ دەبێت! بەڵام ھیچ لەو حەقیقەتە ناگۆڕێت کە لەم پرسەدا نێچیرڤان و مەسرور بارزانی بێھەڵوێستن، لەکاتێکدا ئەوان دەبێت لە لوتکەی بەرپرسیارێتیی دابن بە ھۆی پۆستەکانیانەوە!

ھیوادارم تەنیا یەکێک لە سەرکردەکانی یەکێتیی لەوە ھوشیارببێتەوە کە لە شەقدان لە مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی دا نەنازن و، ھەڵوێستی بخاتەڕو! بێگومان گەر مامۆستایانی زانکۆ سوربن لەسەر مافە خوراوەکەیان: ھەر پێی دەگەن!


ھەر تاکێکی ھوشیاری خەڵکی کوردستانیش ئەکرێت لەو پرسیارە ڕامێنن: ئەگەر یەکێتیی بە ڕۆژی ڕوناک لە بەردەرگای قوباد تاڵەبانی دا لە پێش ھەڵبژاردنەکان و بە بەرچاوی دنیاوە شەق لە مامۆستاکانی زانکۆی سلێمانی بدەن. ئاخۆ ئەگەر لە شوێنی چۆڵ دابێت 'زیندان' و تاریکە شەو بێت، پەروەردەکراوەکانی یەکێتیی چی بەسەر کەسانێکی ستەملکێراو دەھێنن، کە داوای مافی خۆیان کردبێت!؟

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟