لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بنەمای شوانكارەیی لە سیاسەتی كوردیدا

Sunday, 06.12.2022, 05:21 PM


شوان ئاژەڵەكانی لەپێناو خۆیاندا بەخێو ناكات، بەڵكو لەبەرئەوە بەخێویان دەكات، كە بیانفرۆشێت، یاخود سەریان ببڕێت!

ئەو چەمكە بنەمایەكی گرنگی لەفەلسەفەی سیاسیدا هەیەو رەنگدانەوەی لە سەر زۆربەی سیستەمە سیاسیەكاندا هەیە، بەتایبەتی ئەو سیستەمانەی تاوەكو ئێستا لە قۆناغی خێڵەكی وشوانكارەییدا دەژین، كە تا ئێستاش لەرووی كەلتووریەوە سەركردە وەك باوك یاخود شوان سەیر دەكەن وپێناسەی بۆ دەكەن!.
بەشێكی زۆر لە سیستەمە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراون، وەك (ئەرنۆڵد تۆینبی) دەڵێت، بنەمای دەسەڵاتی عوسمانیەكان لەسەر چەمكی شوانكارەیی بونیات نرابوو، مەڕەكان گەل، سەگەكان سوپا و شوانەكەش سوڵتان خۆی بوو!
لەو سیستەمەدا سەگی پاسەوانی بایەخێكی زۆری پێدەدرێت، بۆیە دەبینین لەدەوڵەتی عوسمانی سوپا بەهێزترین دەزگای دەوڵەت بوو، ئەو كەلتوورە گواسترایەوە بۆ توركیای نوێش، تا ئێستا دەزگای سەربازی بەهێزترین دەزگایە لەو وڵاتەدا. سوپایەك، كە لەسەر بنەمای بیرۆكەی سەگی پاسەوانی دامەزرابێت، مەبەستی پاراستنی ئاژەڵیەكانی نیە لەبەر خاتری چاوی رەشی ئاژەڵەكان، وەك خەڵك تێیدەگات، بەڵكو لەبەرخاتری چاوی رەشی سوڵتانەكە خۆیەتی، هەموو شتەكان لە خزمەتی ئەودان بەسەگ و ئاژەڵەكانیشەوە، بەو پێودانگە لەو كۆمەڵگایانەدا سوپا لەپێناو پاراستنی گەل دانامەزرێت وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت، بەڵكو لەپێناو مانەوە وپاراستنی بەرژەوەندیەكانی سەرۆكە، كە زۆر جاران بەرژەوەندیەكانی سەرۆك پێچەوانەی بەرژەوەندی نیشتمان وگەلەكەی دەبێتەوە، لەو دۆخە نەخوزراوانەدا، لە پەنای بیانوو هێنانەوەی سیاسی، كە دوو دەزگای گەورە كاری لەسەر دەكات، وەك دەزگای میدیایی و دەزگای دادوەری، لەپەنای پاراستنی بەرژەوەندی ئاژەڵەكانەوە پاساو بۆ فرۆشتنی لەوەڕگە، واتە نیشتمان، گەل، واتە ئاژەڵەكان دەهێننەوە.
لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو جۆرە مۆدیڵە زۆر بەئاسانی هەستی پیدەكرێت، ئەو بیرۆكەیەش، كە دەڵێت سەرۆكەكان هەرگیز هەڵە ناكەن، لەمنداڵدانی ئەو ژینگەیەوە لە دایك بووە!.
چەمكی شوانكارەیی، لەسیاسەتی كوردیدا رەنگ بیت لە نەتەوەكانی ترو لەسیستەمە سیاسیەكانی تری دەورو بەر زۆر بەهێزتر بێت، لەبەرئەوەی كۆمەڵگەی كوردی تا ئێستا نەیتوانیوە قۆناغی خێڵەكی و شوانكارەیی تێپەڕێنێت، بۆیە دەبینین هێزەكانیش لەسەر ئەو بنەمایە دابەش كراون، ئەو دابەشكردنە كاریگەریەكی زۆر مەترسیداری لەسەر گەشەسەندنی كۆمەڵگەی مەدەنی و پێشكەوتنی شارستانی كردووە لە هەرێم، ئێستا بەروونی هەست پێدەكرێت، كە بایەخی گەورەترین زانا ناگاتە بایەخی بچوككترین سەرۆك خێڵ، كە لەكاتی تەنگانەدا دەتوانێت چەكدار بۆ جەنابی سەرۆك ئامادە بكات!
لە هەرێمی كوردستان بنەمای شوانكارەیی هێندە بەهێزە، هەموو دەزگاكانی تریش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری ئەو، تەنانەت ئەو دەزگایانەی، كە دەتوانن رۆڵیكی گەورە لە دامەزراندنی دەزگای مەعریفی وشارستانی دابنێن، وەك زانكۆكان، دەزگا ئەكادیمی ورۆشنبیریەكان، ئەوانە هەموو جڵەو كراون ولە خزمەتی قامچیەكەی سەرۆك دان، سەرۆك گوتی، كەواتە ئاژەڵەكان گوتیان، سەرۆك شوانە و لەدواجاردا مەبەستی سەرەكی خزمەتی ئاژەڵەكانیەتی، ئەو بیركردنەوەیە كۆسپی بۆ هەموو پێشكەوتنێك لە كوردستان لە دروست كردووە، سوپا، زانكۆ، دادگا، هەموو خراوەتە دەست جەنابی شوان!
ئێستا لەكوردستان دادگاكان بەرامبەر سوڵحی عەشایەری دەستەوەستانن وناتوانن تێیپەڕێنن، لەو رۆژانە لەیەكێك لە میدیاكان خوێندمەوە، بكوژێك، كە بەرپرسی یەكێك لەحیزبەكان بوو، بە سوڵحی عەشایەری، كە لەسەرەوەی هەرەمی دەسەڵات كرابوو، لەبەردەم دادگاكان تووڕ هەڵدراو خرایەوە ناو كۆمەڵگا بۆئەوەی بە ئازادی بژیت، لەبەرئەوەی بنەمای هزری شوانكارەیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئاژەڵەكانی هیچ حیسابێك بۆ ئاژەڵەكانی ناكات و ئەوان تەنیا ئامڕازێكن لە خزمەتی باوكەكە یاخود شوانەكە، یاخود سەرۆكەكە..!


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟