ته‌ڤداپرێس راگەیاندنێکی سەربەخۆیە، کار بۆ دەرخستنی راستیی و تاوانی دەسەڵاتی ستەمکار دەکات

وتار

پیاو مەرگ زیندانی

(96 بینراوە)   | Saturday, 10.29.2022, 08:59 PM |


بە پێی گەڕان و پشکینینەکان، بۆ پاشماوەی ئێسک و پروسکە دۆزراوەکان، بۆ دۆزینەوەی بنەچەی سەرتاکانی مرۆڤ، دەرکەوتووە کە داپێرە گەورەی ئێمەی مرۆڤ و شەمپانزی دەگەڕێتەوە بۆ ٦ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا. ئەپرسم ئاخۆ داپیرە گەورەمان، لەو کاتەشدا کێشەی جێندەری (ڕەگەزی)و فێمینی (مێینەیی) هەبووبێ لە گەڵ باپیرە گەورەماندا؟ باوەڕ ناکەم، چونکە هێشتا داپیرە و باپیرە گەورەمان، بەشێک بوون لە سروشت و وەکو ئەمڕۆ لە سروشت دوور نەکەوتبوونەوە، بۆ خەیاڵات و ڕەشباوەڕی و ڕوحانییاتی بێ بنەما. دوای ٣٫٥ ملیۆن ساڵی تر، لە داپیرەی ئێمە و شامپازییەوە، یەکەم مرۆڤی (هۆمۆ) ی پێشکەوتووی لێ پەیدا دەبێ، له ئەفریقیا و نیو ملیۆن ساڵ دوای ئەوە، بە ئۆڕاسیادا بڵاودەبنەوە و جۆری دیکەی مڕۆڤیش پەیدا دەبن. ١٫٥ ملیۆن ساڵ دوای ئەوەش مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدا دەبن. تا ئێرەش هیچ ئاماژەیەک بۆ چەوساندنەوەی لەتە نێرینەکەی مرۆڤ بۆ لەتە مێینەکەی مرۆڤ نەدۆزراوەتەوە. بەڵکو ئەوەی ڕەنگە هەبووبێ جەنگی هەردوو لەتەکەی مرۆڤ بووە، دژ بە پێدراوەکانی سروشت بۆ مانەوە، نەک دژ بە یەکتری. پێنچ سەد هەزار ساڵ دوای ئەم مێژووە، ئیتر مرۆڤی هۆشمەند و ژیر گەشە ئەکات. لەم ساتەوەختەوە، مرۆڤ وردە وردە لە سروشتی خۆی دوور ئەکەوێتەوە، له بری ئەوەی بەشێک بێ لە سروشت، ئەم دژ بە سروشت ئەوەستێتەوە و زاڵ ئەبێت بە سەر سروشتدا. هەتا وەکو مرۆڤ لە گەڕاندا بوو بە زەویدا بۆ ڕاوکردن و کۆکردنەوەی بەروبووم لە پێناو مانەوە، هەر مرۆڤەکەی ناو سروشت بوو. لەتە نێرەکە ڕاوی دەکرد و لەتە مێیەکەی مرۆڤیش بەروبوومی کۆئەکردەوە. یەکەم گۆڕانی ڕیشەییش لە ژیانیدا، ١٢هەزار ساڵ بەر ئێستا بوو، کاتێ قاچەکانی لە گەڕان وەستان و کەوتنە کاری کشتوکاڵ. پەیوەندی مرۆڤ بە گەڕان بەناو سروشت و زەویدا پچڕا و پەیوەندییەکانی بەسترانەوە بە جوگرافیایەکی زۆر بچووک کە ئەو پارچە زەوییانە بوو کە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییان تیا ئەکرد. کۆبوونەوەی مرۆڤەکان بە ژمارەی زۆر بە دەوری یەکتریدا، بووە هۆی دروست کردنی دەیان داب و نەریت و یاسا و ڕێسای کۆمەڵایەتی و باوەڕی ئایینی و سیاسی. ئەو یاسا و داب و نەریت و باوەڕانەی کە پەیوەندییەکانی نێوان ژن و مێرد، باوان و مناڵ، مرۆڤ و زەوی، مرۆڤ و ئاسمان، وە مرۆڤ و دیاردەکانی دیکەی ڕێکئەخست. لێرەوە تا ئەمڕۆ، ئیتر ژن وردە وردە ڕۆڵە گرنگەکەی خۆی لە دەست دەدات، تا پەیدابوونی ئایینە ئاسمانییەکان لە ٣ هەزار ساڵی پێشوو. ئیتر بە تەواوەتی پیاو بوو بە خاوەن زەوی و ژن و بەروبووم و بوو بە بڕیاردەری ژیانی هەمووان. ئەگەر ئەمڕۆ تەماشای ژیانی مرۆڤایەتی بکەین دەبینین کە مرۆڤ لە چ ترس و دڵەڕاوکێ و مەرگبینییەک دەژی لە سایەی پیاودا. لە گەڵ هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە بەڵام مێژوویەکی پڕاوپڕ لە خوێن و ترسی داهاتووی جەنگی ئەتۆمی و قات و قڕی و گەرم داهاتنی گۆی زەوی و پیس بوونی ژینگە، بووە بە خەمی گەورە و ڕۆژانەی مرۆڤایەتی. هەموو ئەم ئەنجامانەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، بەرهەمی عەقڵ و خەیاڵ و بڕیاری پیاوانن، بەرهەمی لەتە نێرینەکەی مرۆڤە. ئەمڕۆ لە سەر زەوی سەرمایەدارەکان، زاناکان، بڕیاربەدەستەکان، خاوەن دوگمەکانی ئەتۆم، …هتد هەموو پیاون، هەموو نێرینەن. لە ئاسمانیش خوداکان، پەیامبەرەکان، ئایینزاکان و ڕوحانییەکان،…هتد هەر پیاوانن، هەر نێرینەن. ئەپرسم ئاخۆ لە ١٢٠٠٠ ساڵی پێشووەوە (سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی کشتوکاڵی)یەوە تا ئێستا لە جێگەی پیاو ژن بڕیاردەر بووایە، خوداکان و پەیامبەران و سەرمایەداران و بڕیاربەدەستان و زانایان، لە ژنان بوونایە، ئاخۆ ئەنجامەکان چۆن و چی ئەبوون؟ خۆ ئەگەر بە گریمانەیەک بڵێین مادامەکی ڕۆڵی پیاو ونە، ئەوا باشتر لەمە نەدەبوو. باشە ئەدی بۆچی پیاو و ژن بە یەکسانی ئەم ڕۆڵەیان نەگێڕا!؟ چەندین هەزار ساڵ باڵا دەستی پیاو وای کردووە کە ژیان تارمایی مەرگی لێ بنیشێت، تا لە ساڵی ١٩٧٩دا ئەنجا پیاوانی ناو ڕێکخراوی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیاز بوون بە دەرچوواندنی (پەیماننامەی ڕاگرتنی هەر جۆرە جیاوازییەکی ڕەگەزی دژ بە ژنان)، باڵانسی ئەو ستەمە مێژووییە ڕاست بکەنەوە. ئەو بڕیارە پیاوانەیەش، هەرگیز نەیتوانی هەموو گەلان و وڵاتانی جیهان ملکەچ بکات. بۆیە خەباتی ژنان بەردەوامی هەیە، هەر ڕۆژەی لە شوێنێک و بە جۆرێک. ئەمڕۆ دروشمە باوەکەی ژنانی کورد بووە بە دروشمێکی جیهانی (ژن، ژیان، ئازادی)، بۆ ڕوو بە ڕوو بوونەوەی باڵادەست و دەسەڵاتدار و بڕیاربەدەست و خودا پیاوەکان. ئەگەر ژنان لەم دروشمە ڕاستگۆ نەبن، ئەوا ئەنجامی بڕیارەکانی پیاوان لە مێژوودا بۆی سەڵماندووین کە دروشمی لایەق بە پیاوان (پیاو، مەرگ، زیندانی)یە. بەوپێیەی پیاو ژیان ئەبات بە ڕێوە، مەرگ سەرتاپای ژیانی گرتووە، ژن لە زیندانەکەی پیاودا دەستبەسەرە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

دانیشتنی سەرۆکێکی نەخوێنەوار لەسەر مێژوویەکی پڕ لە درۆ
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

سایتی تەڤداپریست بەلاوە جۆنە؟