لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

گورزێکی کوشندە بۆ گیانی نەتەوە

Monday, 09.14.2020, 10:33 AM


ئایا حزبی موخابەراتیی دەتوانێ پێشرەوی میللەت بێ
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا شکست لە دوای شکست بۆ کوردی هێناوە

تێبینییەکی پێویست/ ماوەی جەند ساڵێک بوو بەهۆی زەرفی تایبەتی خۆم و باری تەندروستیمەوە لە نووسین دابرابووم ئەوە ناڵێم لە پێش ڕاپرسیەکەی بۆ ڕێفراندەم کرا بە چەند هەفتەیەک وتارێکم نووسی و ڕاو بۆچوونی خۆمم تێدا دەربڕیبوو دەربارەی ئەنجامدان یان نەدانی ڕاپرسیەکە لەو کاتەدا و دواتر پێشهات و چاوەڕوانکراوەکان ئەوەبوون کەمن لە وتارەکەمدا ئاماژەم پێدابوو ، جگەلەوە گەشبین و بەرچاوڕوون نەبووم سەبارەت بە بارودۆخەکە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر و ئالۆزتر دەبوو ، خەڵکیش بەگشتی ڕەشبین و بێزارو تووڕەبوون بەهۆی ئەوەی بارودۆخەکە چاوەروانی باشەی لێنەدەکرا ، لەبەرئەوە منیش دەستم لە نووسین هەڵکرت و لێی دابڕام بەڵام بە درێژایی هەموو ئەو کاتانە ڕاو بۆچوون و هەڵوێستی خۆمم هەبوە لە هەموو کارێکی باش و خراپی حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان بەتایبەتی لە فەیس بوک ، بەم وتارە جارێکیتر دێمەوە مەیدان و هیوادارم بەردێک بخەمە سەر بەردێک و سەرنجی خوێنەر بەلای خۆمدا ڕابکێشم.

پێشەکی دەمەوێ بڵێم کەمن لەوتارەکانمدا چ لەوەوپيش و چ ئێستا هەوڵی ئەوەمداوە خۆم بەدوور بگرم لە چوونە ناو موهاتەراتی سیاسی و ڕوشاندن و بریندارکردن و ناشیرینکردنی کەرامەتی ئەم و ئەو بەتایبەتی من دوژمنایەتیم لەگەڵ کەس نیە و هەرچی من بینووسم لە خۆشەویستی و دڵسۆزیمەوەیە بۆ گەل و نەتەوە و نیشتمانەکەم هەروەها داکۆکیم لە مافە ڕەواکانی گەلەکەم ، من بۆخۆشم پاشکۆیەکی سیاسیم هەیە کەدەگەر یتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی 14 ی تەمموزی1958 و ئیتر لەوکاتەوە تێکۆشانم دەستپێدەکات لە ڕیزی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ، ساڵی 1964 من خوێندکاری زانکۆ بووم لە زانکۆی موسڵ لەهەمانکاتدا بەرپرسی ڕێکخستنەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووم لەهەمان زانکۆ ، هەر لەو ساڵەدا گیرام و درام بە (مەحکەمەی امن الدولە لە کەرکوک) ، جارێکیتریش گیرامەوە و لە زانکۆ دەرکرام ، بەڵام پاش دوو ساڵێک بەمەرسومێکی کۆماریی منیان عەفو کرد و وازیان لێهێنام بۆئەوەی بگەڕێمەوە بۆ ژیانی مەدەنی خۆم (خوێندن و کارکردن) ، دیسان ساڵی 1975 کە کارمەند بووم لە زانکۆی سلێمانی ، ڕژێمی بەعس هەوڵی گرتنی منی دا بەڵام خۆم نەدا بەدەستەوەو وازم لە ماڵ و حاڵ و وەزیفەی خۆم هێنا و چوومە سوریاو هەتا ئێستایش نەگەڕاومەتەوە بۆ زانکۆ ، ئەم چەند دێرە بۆ خوێنەری بەرێز لەبەر ئەوەبوو بڵێم کە من لە سەرەنوێلکی سیاسیەوە نەهاتووم هەتا بەئارەزوی خۆم قسەی هەلەق ومەلەق فرێبدەم ، نەخێر دەمەوی بڵێم کە من بایی تێکۆشان و قوربانیدانی خۆم قسەدەکەم و ڕەخنەدەگرم و دەنووسم . جگەلەوە من زیاتر لە جارێک هەل و دەرفەتم بۆ هەڵکەوت کە پۆست و پلە و پایە وەربگرم بەڵام لەبەرئەوەی نەمویست ببمە بەشێک لە گەندەڵ و مشەخۆر ، خێرا خۆم لێدزیەوە ، ئەوکاتانەش کە بەدوای مامەلەی خانەنشینیدا ڕامدەکردلە نێوان سلێمانی و هەولێر ، لای هەندێک وابوو من بەدوای پلەو پایەدا ڕادەکەم ، بەڵام ڕاستێکەی ئەوەبوو من بەدوای مووچەیەکی کەمتر لە مووچەی پۆلیسێکی مروردا ڕامدەکرد کە پێنج ساڵی خایاند هەتا جێبەجێ بوو. جگەلەمانە شەپۆلی ڤایرۆسی کۆرۆناش کاریگری خۆی هەبوو لەسەر ئەم نووسینە بەهۆی ئەوەی هەموومانی لەماڵەوە بەستۆتەوە و کەمتر لەجاران دەچینەدەرەوە .

بەرلەوەی بچمە ناو قوڵایی باسەکەوە دەمەوی بڵێم لە ئەلفبای سیاسەتدا هەندی زانیاری وردو مێتودی ڕاست و واقیعی هەن کە پیویستە ئاماژەیان پێبکرێ و پەنجەیان بۆ ڕابکێشرێت بەتایبەتی ئەوانەی بەرەوڕووی ئەوحزبانە دەبنەوە کە پەنادەبەنە بەر شۆڕش و کاری شۆڕشگێرانە ، ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر و ڕەوشەنبیر کارێکی پێویستە بۆئەوەی دیراسەیەکی سیاسی بەراورد و دروست بکرێت لەگەڵ ڕێبازی سیاسی و دروشم وئامانج و پراکتیزەکردنی حزبەکانی سەردەم .

گرنگترینی ئەو شتانەی کەپێویستە حزبێک پەنای بباتە بەر لەکاری سیاسی و بەرپاکردنی شۆڕشدا ئەوەیە خاوەنی ستراتیژێکی سیاسی ڕوون و ئاشکرا و نەگۆربێت کەلەپێناویدا خەبات و تێکۆشانی بۆبکات و بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاری تێدا نەکاتو لێی نەیەتە خوارەوە ، هەروەها هێزو توانای خۆی و دوژمن و دۆستەکانی بناسێ و خۆی تووشی هەڵەی کوشندە نەکات لەکاتی دەستنیشانکردنی ناکۆکیەکان و ململانێکانداو لەوەبگات کامە هێزی سەرەکی دوژمنە کە ململانێ و شەری لەگەڵدەکات و کامە هێزی لاوەکیە ، واتا دوژمنەکان کامەیان بەپلەی یەکەم دێن و کامەیان بەپلەی دوو و سێ ، هەروەها لەوە گەیشتبێ لەگەڵ کێ دۆستایەتی دەکا واتە تێگەیشتن لە مەبدەئی ( الوحدە والصراع ) و (التناقض) کەلەسیاسەتدا بەمەبدەئە هەرە بنچینەیی و گرنگەکان دادەندرێت. پرسیارەکە ئەوەیە : ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان کەیەکەم حزبی کوردستانیە و لە شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1961وە دەستی داوەتە چەک دژی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا و شەڕدەکات، لەم مەبدەئە گەیشتوە و پەیرەوی کردوە؟! لەوەڵامدا دەڵێین نەخیر چونکە پ د ک خاوەنی دروشمێکی ستراتیژی سیاسی نەگۆر نەبوەو هەرجارەی دروشمێکی بەرزکردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی وەکوو( مادە 3 ی دەستوری عێراق ، لامەرکەزی ، حوکمی زاتی ، حوکمی زاتی حەقیقی ، فیدرالی ) ئەمانە بەدرێژایی ئەوساڵانە لەوە نەگەیشتبوون بۆچی شەڕدەکەن و خەڵک بەکوشت دەدەن و بەهەڵە جێگۆرکێیان کردوە بە مەبدەئە بنەرەتیەکانی یەکێتی و ناکۆکی و ململانێکان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوەو بەپێی بەرژەوەندی و خواستەکانی گەل هەنگاویان نەناوە ، بەئارەزووی خۆیان بریاری شەرو ئاشتیان داوە، بۆ نموونە لەسەروەختی حوکمی عەبدولکەریم قاسمدا 1958_ 1963نەدەبوو پ د ک شەری حکومەتێکی نیشتمانپەروەری وەکوو قاسم بکات و ڕێگە خۆشبکات بۆئەوەی بەعسیە درندەکان کۆدەتای سەربازی بەسەردا بکەن و جلەوی حوکم بگرنە دەست و میللەتی عێراق بگەوزێنن لە خەڵتانی خوێنداو دواتریش پەلاماری کورد بدەن بەپەنابردنە بەر سیاسەتی ئاگرو ئاسن و تەڕو وشک پێکەوە بسووتێنن.

تاکە تاوانی عەبدولکەریم قاسم ئەوەبوو کەیاسای ژمارە 80 ی دەرکرد سەبارەت بەنەوت هەروەها یاسای چاککردنی زەویو دابەشکردنی زەوی و زار بەسەر جوتیارەکاندا. کۆمپانیاکانی نەوت و گازی بیانی لەلایەک و ئاغا و دەرەبەگ و کۆنەپەرستانی کوردستان و حکومەتە وابەستەکانی دراوسێی عێراق لەلایەکی تر لەگەڵ ئەم هەنگاوانەی قاسمدا نەبوون و کەوتنە ئاژاوەنانەوە لەدژی ئەو. پارتی بەهەڵە مامەلەی قاسمی کرد و کەوتە ناو ئاژاوەکەوە ، لەپێشانا بڵاوەی بە هۆزو خێڵەکان کرد کە لەهەردو دەربەندی بازیان و دەربەندی خان کۆبوبونەوە دژی حکومەت بۆئەوەی جڵەوی سیاسی نەگرنە دەست  و دواتر خۆیان خزاندە ناو گوندولادێکانی کوردستانەوەو کەوتنە کۆکردنەوەی خەڵک و دروستکردنی هێزی چەکداری پێشمەرگەو ناوی شۆڕشی ئەیلولی 1961 یان لێنا.

هەرلەسەرەتاوە جۆرە پەیوەندیەک درووستبوو لەنێوان مەلا مستەفاو مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ ئێراندا ، ئەوەبوو هەر زوو شای ئێران سەرهەنگ مودەریسی و عیسا پەژمانی بە نوێنەری خۆی ناردە لای سەرکردایەتی پارتی و لەوێ چادرێک و جیهازێکی بێتەل و پارەوپووڵ و پیویستی تری موخابەراتیان بۆ دابین کردبون بۆئەوەی بەوردی چاودێری بارو دۆخەکە بکەن و دواتر ساواک و شای ئێرانی لێ ئاگاداربکەنەوە. ئەم ئاژاوەیە(نەک شۆڕش) تاساڵی 1964 ی خایاند و مەلامستەفای بارزانی بەهۆی ئەوەی تووڕەو بێزار بوو لە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی و دەیویست دەسەڵاتی یەکەم خۆی بێت و ئەوانی تر ملکەچی ئەوبن، هات پەنای بردە بەر کۆدەتایەکی سەربازی لەساڵێ 1964 دا بەهاوکاری و پشتیوانی سەرۆک هۆزوخێڵەکان هەروەها ژمارەیەکی دیار لە ئەفسەرە بەرپرسەکانی ناو هێزی پێشمەرگە و توانی پارتی بکات بە دووکەرتەوە، کەرتێکیان بەسەرکردایەتی خۆی و ئەوی تریشیان بەسەرکردایەتی م س کە دواتر ناوی مەلایی و جەلالی یان لێناو مەلامستەفا هێزێکی زۆری کۆکردەوەو هێرشی کردە سەر هێزەکانی م س و هەموویانی هەڵبری بۆ دیوی ئێران. لیرەوە دەمەوێ بڵێم هەروەکوو چۆن کۆدەتاکەی مەلامستەفا بەسەر پارتیدا و پەلاماردانی م س کارێکی خراپ بوو ئاوەهاش کۆکردنەوەی هێزی چەکدار لەلایەن م س وە هەروەها چوونیان بۆ ئێران کارێکی لەو باشتر نەبوو ، مەکتەبی سیاسی دەبوایە خەباتی سیاسی بکردایە و پەنای نەبردایەتە بەر چەک هەڵگرتن دژی مەلا مستەفا، جگەلەوە مەکتەبی سیاسی خۆیان بە چەپ و پێشکەوتنخواز و دژی ئەقڵی خێڵەکی دەزانی و لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی میللەتاندا بوون ، شیوەن و گریانیان بۆدەکرد و هاواریان دەکرد بۆ ئازادی و دیموکراتی و مافی گەل، بۆیە چوونی ئەوان بۆئێران و مانەوەیان زیاتر لەساڵێک لەوێ لەژێر سێبەری ڕژێمی شادا خەتاو تاوان و هەڵەیەکی کوشندە بوو بۆ بیری چەپ و پێشکەوتنخواز ، لەجارێکی تردا پاش ساڵێک هەر ئەمان گفتوگۆیان لەگەڵ مەلامستەفادا کرد بۆ ئەوەی ئێران جێبهێڵن و بگەرێنەوە باوەشی ئەو ، کەگەرانەوە هێزەکانی هەردولا یەکخرایەوە و هەندێ لەسەرکردەکانیان پۆستی سەربازیان پێدرایەوە لەلایەن مەلا مستەفاوە، ماوەیەکی زۆری پێنەچوو جارێکیتر مەکتەبی سیاسی بەخشکەیی لەساڵی 1966دا لەگەڵ حکومەتی عەبدولرەحمان عارف لەسەر بەیانی 29 حوزەیران ڕێککەوتن و هێزەکانیان جارێکی تر جیاکردەوە دژی مەلا مستەفا . ئیتر لێرەوە هەردولا نەرێتی کوردکوشتنیان داهێنا و کەوتنە گیانی یەکتر ، پێشتر مەلا مستەفا ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی سەر بە م س ی کوشت وەکوو عەلی حەمدی (مەردان) ، ئەحمەد عەبدوڵڵە ، مەحمود حاجی تۆفیق ، عوسمان عوزێری، ئەو پێی وابوو ئەگەر هێزەکانی بەڕەنگاری هێزی جاش و سوپا و جەلالی بوەوە ، لەپێشاندا دەبێ تەقە لەجەلالی بکرێ و ئەوان بکوژرێن.

پێش ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1966 مەلامستەفا پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئێران و ئەمەریکاو ئیسرائیل توندوتۆڵ کردبوو ، لەساڵی 1965 داسەرەک وەزیرانی ئەوسای ئێران ئەمیر عەباس هوەیدا و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەنری کێسنجەر سەردانی مەلا مستەفایان کرد لە گوندی ساوجی لە سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق و لەگەڵی کۆبوونەوە ، ( ئەو کاتە من خۆم لەو گوندە بووم) ، دوابەدوای ئەوە بە لێشاو یارمەتی لوجیستی و سەربازی دەهات بۆ بارەگای بارزانی و پێشمەرگە ، لەولاشەوە پەیوەندیەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی کە ناوی خۆیان گۆڕیبوو بە پارتی شۆڕشگێری کوردستان لەگەڵ بەغدا ئاسایی بوو هەتا ساڵی 1968کە بەعسیەکان جارێکیتر لەڕێگەی چەند ئەفسەرێکی پلەباڵای سوپای عێراقەوە کۆدەتایەکی سپییان بەسەر سەرۆک عەبدولرەحمان عارفدا کرد و دەسەڵاتیان گرتە دەست و ئەویشیان ڕەوانەی تورکیا کرد . بەعسیەکان بۆ جێگەپێقایمکردنی خۆیان کەوتنە بژارکردن و لەبێژنگدانی سەرکردەکانی ناو سوپا و توانیان هەندێکیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن بە ناوی جۆراوجۆرەوە، هەندێکی تریشیان لەناوبەرن و بسڕنەوە  ، دوابەدوای ئەمە دەستیانکرد بە بە ئاڵوگۆرکردن لەناو خودی سوپا خۆیداو هەموو ئەوانەی لێیان بە گومان بوون و لێیاندەترسان و جێی باوەری ئەمان نەبوون، هەموویانیان دوورخستەوە یان خانەنشین کردو ورد ورد لەماوەی دوو ساڵدا کۆنترۆڵی سوپایان کرد.

لە دوساڵی یەکەمی دەسەڵاتی بەعس لە بەغدا 1968-1970 پەیوەندیەکانی حکومەت و جەلالیەکان تادەهات پەرەی دەسەند و بەهێز دەبوو، پارەوپول و چەکێکی زۆریان بۆ ڕژاندن، ژمارەی چەکدارەکانیان ڕووی لە زیادبوون بوو کار گەیشتە ئەوەی لە زۆر ناوچەدا تەنگ بە هێزەکانی مەلایی هەڵچنن . ئەم هەنگاوە ، یان نزیکبوونەوەی بەعس لە جەلالیەکان بۆ خۆی گەمەیەکی سیاسی بوو بۆ ڕشتنی خوێنی کورد لەلایەن کورد خۆیەوە هەروەها تەڵەو داوێک بوو بۆ شەخسی مەلا مستەفا و هێزەکەی ، بەعس مەبەستی بوو بەهەرنرخێک بێت ئاگری شەرەکە خۆشبکات کە بوەهۆی تیاچوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە بەتایبەتی بەعسیەکان بروایان بە شتێک نەبوو کەناوی کورد و کوردستان بێتو بەپێی بیرکردنەوەی خۆیان خاکی عەرەب و سنووری وڵاتی عەرەبی لای ئەوان لە موحیتەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە شاخەکانی ئارارات و خەلیجی عەرەبی ، ئەمە لەگۆڤار (الثورە العربیە) ی تایبەت بە حزبی بەعس بڵاوکراوەتەوە کە لەشەستەکاندا دەردەچوو ، تایبەت بوو بە ئەندامەکانیان و ناوبەناو دزەی دەکرد و دەست خڵکی تر دەکەوت.

ئەوکاتە مەلا مستافا بە پشتی ئێران شەرەکەی دەکردو لەبەرەی میللەتدا حسابی بۆدەکراو بە پێچەوانەوە میللەت هێزەکانی جەلالی لەبەرەی حکومەتدا حسابدەکرد و خەڵک بێزار بون لەو شەرە تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی دەنگی نارەزایەتی لەناو خودی حزبەکەدا بەرزبێتەوەو داوای کۆتایی هێنان بەشەڕ و حەلکردنی حزبەکە و چوونە ناو ڕیزی هێزەکانی مەلامستەفا بکەن کە زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی بەمە ڕازی نەبوون و قەبووڵیان نەکرد. هەنگاوی دووەمی بەعسیەکان لەم گەمە سیاسیەدا بۆ زیاتر خۆشکردنی شەرەکە پەیوەندی ژێربەژێری ئەوان بوو بە مەلا مستەفاوە بۆئەوەی لەگەڵی رێکبکەون و هاوکاری بکەن بۆ لێدانی جەلالیەکان. بەعسیەکان پاش هاتوچۆو گفتوگۆ لەگەڵ بارزانیدا توانیان لەسەر بەیانی 11 ی ئازار ڕێکبکەون کەگەورەترین دەستکەوتبوو بۆ ئەو سەردەمە ، هەر دوای بەیانەکە باماوەیەکی کورت سەرۆک کۆماری ئەوسا ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باڵی مەکتەبی سیاسی بە جەماعەتێکی سەربە حکومەت لەقەڵەم دا، ئەم پیلانەی بەعسیەکان سەرکەوتوو نەبوو ، ئەوەی ئەوان بەتەمای بوون ڕووی نەدا کە بەیەکدادانی هیزە چەکدارەکانی نێوان جەلالی و مەلایی بوو،  چونکە هەر زوو دوای بەیانەکە بارزانی لێبوردنی گشتی دەرکرد.

ساڵەکانی 1970-1974 کەدیاریکرابوو حوکمی زاتی تێدا جێبەجێ بکرێت بە بێ گرژی و ئاژاوە و کێشە تێنەپەری ، ڕژێمی بەغدا بەرنامەی بەبەعسیکردن و بەعەرەبکردنی ڕانەگرت ، هەڕەشە و داپڵۆسین و گرتن و ڕفاندن و کوشتن بەردەوام بوو لە هەندێ جێگا ، تەقەیان لە شاندێکی پارتی کرد لە بەغدا و کەسێک یان زیاتریان لێ بریندار کردن ، پیلانی کوشتنی مەلامستەفایان لە مانگی 9 ی 1971 داڕشت کە سەرکەوتوو نەبوون تێیدا ، لەولاشەوە مەلامستەفا و بارەگای بارزانی متمانە و بروایان بە حکومەت نەمابوو ، تادەهات پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران بەهێزتر دەبوو ، هەموو جۆرە یەرمەتیەکیان لەوان وەردەگرت ، هەرچی ئێران و ئەمەریکا بوو بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیانویست شەر دەستپێبکاتەوە ، ڕووسەکانیش بە پێچەوانەی ئەمانەوە شەرکردنەوەیان پێباش نەبوو بۆیە هەر بۆ ئەو مەبەستە بەرپرسێکی گەورەی سۆڤیەت( بریماکۆف) یان ناردە لای مەلا مستەفا کە قەناعەتی پێبکات بۆ ئەو مەبەستە بەڵام بێسود بوو .

ساڵی 1974 حکومەت و مەلا مستافا هاتنەوە چوارگۆشەی یەکەم و شەر دەستیپێکردەوە ، شەڕەکە شەڕی پارتیزانی نەبوو وەکوو کۆن ، بەڵکو شەڕی بەرامبەری بوو بە چەکی قورس، سوپای عێراق پەرێشان بوبو ، زیانی زۆری لێکەوت ، فرۆکەیەکی جەنگیان خرایە خوارەوە ، لەبەرەکانی شەردا سەرکەوتوو نەبوون و زیانی ماڵی و گیانیان زۆر بوو ، ئەمانە حکومەتی عێراقی ناچارکرد بۆ نزیکبوونەوە لە ئێران ، سەرۆکی ئەوسای جەزائیر – هاواری بۆمیدیەن- ناوبژی ئێران و عێراقی کرد و لە کۆبوونەوەی ئەندامانی ئۆپیک لە 06/03/1975 دا لە جەزائیر، توانی سەددام و محەمەد رەزا پەهلەوی کۆبکاتەوەو ڕێککەوتننامەی جەزائیریان پێ واژۆ بکات ، مەلامستەفا چاوی بە شای ئێران دەکەوێ و بەقەولی دکتۆر مەحمود عوسمان پێی وتوە پێمان بڵێی بمرە ، دەمرین ، بڵێی بژین ئەوا دەژین ، دوابەدوای ئەوە هەر خودی مەلا مستەفا لەدیدەنی و چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە کاری ئەو تەواو بوە، دوابەدوای ئەمە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەماوەیەکی کورتدا وەکوو بەفر توانەوە، ئەو هەر وەکوو ئەوەشی گوت ، ڕازی نەبوو کەسانێک ، گروپێک ، لایەکی سیاسی تر درێژە بە شۆڕش بدەن و شەڕی حکومەت بکەن بەتایبەتی هیچ کێشەیەکی تەقەمەنی و ئازووقە و پارەوپوول لە کایەدا نەبوو ، بە قەولی دکتۆر مەحمودعوسمان بنەماڵەی بارزانی 43 ملیۆن دیناری ئەوسایان لابوە کەهەر دینارێک زیاتر لە 3 دۆلار بوە جگە لە 2 ملیۆن دیناری فرۆشگاکان هەروەها ئەو دەڵێ بنەماڵەی بارزانی ماڵی حەمەئاغای مێرگەسووری و فاخیر یان لەناوبرد نەوەک جلەوی سیاسی لەکوردستاندا بگرنەوە دەست و شەربکەنەوە ، ئەمە جگە لە تەسلیمکردنەوەی 300 زیندانی بە ئێران بەرامبەر بە پارە ، لەکاتێکتدا خاچی سوور داوای کردوە ئەم کارە نەکەن .

لەو هەلومەجە ناسکەدا پێشمەرگەی کوردستان لەهەموو شوێنێکەوە بە لێشاو دەگەرانەوە بۆ ناو شارەکان و خۆیان و چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت دەکردەوە ، خەڵک ڕووخاو و ورەنزم بوو ، بارودۆخەکە تروسکایی تێدا نەمابوو ، ژمارەیەک پێشمەرگە لە داخانا پەنایانبردە بەر خۆکوژی ، خەڵک بە گشتی سەری دنیایان لێهاتبۆوە یەک و نەیاندەزانی چ ڕێگایەک بگرنە بەر و خەونیان بە بەدیلێکەوە دەبینی بٶئەوەی بەرپرسیارێتی ئەو بارودۆخە بگرێتە ئەستۆ (  من ئەمەم بەشەخسی مام جەلال وت لەسوریا) ، ئالەم بارە ئاڵٶزو ناخۆشەدا بنەماڵەی بارزانی وەکوو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون ، پشتیان کردە میللەت و ڕوویانکردە ئێران و بوون بە میوانی شا- محەمەد رەزا پەهلەوی و لەکەرەجی نزیک تاران نیشتەجێ بوون .

ڕۆژگارێک ئەوان خەریکی ژیانی خۆیان و بنەماڵە بوون ، لایان لەکەس نەدەکردەوە ، کەوتبوونە بەر پرسیار و ڕەخنەی توندی میللەت و هەر خەریکی درۆبەخشینەوە بوون بەسەر خەڵکدا و هەرجارەی شتێکیان دەگوت ، دەیانگوت خەڵک ئازادە لە نێوان عێراق و ئێراندا کامیان هەڵدەبژێرێ ، کێ حەزدەکات بگەرێتەوە بۆ عێراق ئێمە لاریمان نیە ، لە هەمووی گرنگتر لای بنەماڵە  ئەوەبوو کەس بیر لە چەک هەڵگرتن نەکاتەوە دژی حکومەتی عێراق، ناوبەناو بەڵێنی درۆیان بە خەڵک دەدا گوایە ترێ ڕەشە لە کوردستان دەخۆن و شۆڕش دەستپێدەکەنەوە.

مەلا مستەفا گەورەترین و ناودارترین سەرکردەی کورد بوو ، لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو دنیا ناسراو بوو بەڵام بە رێککەوتننامەکەی جەزائیر ڕووخا و خۆی بە پشت شکاو دەزانی و بەیەکجارەکی لەساڵی 1976 دا چوە ئەمەریکا و لە ساڵی 1979 دا کۆچی دوایی کرد. بارزانی پێش سەفەرەکەی بۆ ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی ئێرانی ئەمیر تاهیری ، هەروەها لەگەڵ بیرمەندو ڕۆژنامەوان و نووسەری بەناوبانگی میسری محەمەد حەسەنەین هەیکەل خۆی زۆر بچووک دەکاتەوە و دەڵێ : من چیتر سەرکردە نیم و ئارەزوو دەکەم ناوم لە مێژوو بسردرێتەوە.

خودی شای ئێران کە لەو کاتەدا لەگەڵ عێراق ڕێککەوتبوو ، بڕوای نەبوو کە مەلامستەفا بەو شێوەیە دەروخێ و چۆک دادەدات و جارێکیتر ناگەڕێتەوە بۆ کوردستان ، بەعسیەکان خۆشیان بڕوایان نەبوو کە بزووتنەوەی چەکداری کۆتایی دێت ، ئەگەر بارزانی درێژەی بە شەڕیش بدایە دژی حکومەتی عێراق ، ئەوپەرەکەی شای ئێران دەرگاکانی سنووری دادەخست و یارمەتی لێدەبڕی .

هەتا ئێرە باس باسی ئەو 14 ساڵە بوو 1961-1975 کە پ د ک شەڕێکی خوێناوی بەرپاکرد دژی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و بە مایەپووچی لێی هاتە دەرەوە و گورزێکی گەورەی سرەواندە گیانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد ، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە لەشەڕی ناوخۆو دژ بە حکومەت کوژران و تیاچوون ، لادێ و گوندێکی زۆر وێران بوون ، باری ئابوری و ڕەوشەنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان گەرایەوە بۆ دواوە و گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا نەهات ، پارتی شەڕی کرد لە پێناوی شەڕدا بە بێئەوەی ڕەچاوی کەمترین ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستانی کردبێت ، چییان لەدەست هات لەو چەند ساڵەدا لە چەوساندنەوە و ئازاری میللەت ، لە ڕاو وڕووت و دزی و گەندەڵی و داوێن پیسی و پیاوکوشتن و خۆبەخێوکردن کردیان جگە لەوابەستەیی و کلک گرێدان لەگەڵ دوژمنانی گەلەکەماندا ، دیوە ناشیرینەکانی ئەمان کە شاردرابۆوە تەنها بەهۆی ئەو چەکەوە بوو کەلە شانیانا بوو دژی حکومەتەکانی عێراق.

ساڵی 1975 ساڵێکی شووم و تاریک بوو بۆ کورد کەشوهەوایەکی سیاسی خراپ باڵی کێشابوو بەسەرکوردستاندا ، دوای خۆبەدەستەوەدانەکە ، بەعس کەوتە گیانی هەموو ئەوانەی پێشتر فەرمانبەر یاخود مووچەخۆری حکومەت بوون ، هەموویانی دوورخستەوە بۆناوەڕاست و خوارووی عێراق ، پێشمەرگەو لێپرسراوەکان بڵاوەیان لێکرد و هەرکەسە بۆ ماڵی خۆی ، دوای ئەوە حکومەت یاسایەکی هەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوە بۆ ئەوانەی چەکیان لایە و تەسلیمی حکومەتی ناکەنەوە. هێزەکانی ئاسایش و موخابەرات و سوپا تەراتێنیان دەکرد لە هەموو سووچ و قوژبنێکی کوردستان و کەوتنە پەیوەندیکردن بە کوێخای گوندەکانەوە و داوایان لێکردن نزیکترین بارەگای حکومەت ئاگاداربکەنەوە لە جموجۆڵ و هاتوچۆی هەرکەس و تاقمێک کە دێنە گوندەکانیان یان لەو نزیکانە دەبینرێن. سیاسەتی بەبەعسیکردن و بەعەرەبکردن تادەهات ڕووی لە گەشەکردن بوو ، حکومەتی بەعس دەستیکرد بە درووستکردنی ئۆردوگای زۆرەملێ و ڕاماڵینی گوندەکان ،  ئەوان تەواو لەخۆبایی و تووشی سەرخۆشی سیاسی بوبون و قەناعەتیان وابوو کە ئیتر جارێکیتر کوردستان پێشمەرگە بەخۆیەوە نابینێتەوە و تەقەکردن ڕوونادات.

سەرهەڵدانێکی نوێ و دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بە پێچەوانەی قەناعەتی بەعس و بیرکردنەوەکانی بنەماڵەی بارزانی کە واتێگەیشتبوون جارێکیتر بەبێ ڕازیبوون و بریاری ئەوان هیچ جۆرە جالاکیەکی چەکدارانە ڕوونادات لە کوردستاندا ، بەپێچەوانەی ئەمەوە ڕێکخراوێکی نوێ بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دامەزرا بە سەرۆکایەتی مام جەلال.

مام جەلال ئەوکاتانە لە بەیروت بوو ، لیبیەکان و سوریەکان و بەشێک لە فەلەستینیەکان ئامادەیی خۆیان پیشاندا کە یارمەتی مام جەلال بدەن بۆئەوەی ببێتە بەدیلێک بۆ بنەماڵەی بارزانی و شۆڕشی کورد ، ئەوان مەبەستیان بوو شوڕشەکە درێژەی هەبێ. مام جەلال دەستیکرد بەچالاکی و پەیوەندیکردن بە دۆست و هاوڕێ و نزیکەکانی خۆیەوە، ژمارەیەکی لێهەڵبژاردن لەوانەی جێگای بڕواو متمانەی خۆی بوون و ترسی لێیان نەبوو ، لەکۆتایی مانگی مایسی 1975 دا بەیانی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان داڕشت و لە ڕادیۆی دیمەشقەوە خوێندرایەوە .

پێش دامەزراندی یەکێتی ڕێکخراوێک بەناوی کۆمەڵەوە هەبوو ، خەباتی نهێنی دەکرد ، ئەوانیش پەیوەدیان بە مام جەلالەوە هەبوو، سەردانی ئەویان دەکردلە بەیروت لە پێش دامەزراندنی ی ن ک  دا ، دواتریش دەهاتنە شام و لەگەڵی کۆدەبوونەوە ، ئەوانیش ئاگاداربوون لە دامەزراندنی یەکێتی.

ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەکانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی ئێرانیان جێهێشت و ڕوویانکردە شام و لەوێ گیرسانەوە وەکوو دکتۆر مەحمود عوسمان ، شەمسەدین موفتی ، عەلی سنجاری هەروەها ژمارەیەک لە ئەفسەرەکان ، ژمارەیەکیتر لە پێشمەرگەکانی ئەیلول هاتنە دیوی سوریا ، لە قامیشلۆ و دێرک گیرسانەوەو جێگەو ڕیگەیان بۆدابینکرا و لەوێ مانەوە و لەلایەن یەکێتیەوە سەرپەرشتی دەکران ، من خۆشم لەکەسە دیارەکانی ناو کۆمەڵەبووم و لەدەستی حکومەتی بەعس هەڵاتبوم و چوومە شام . ورد ورد شام قەرەبالغ بوو خەڵکانێکی زۆر لە زۆرشوێنی دنیاوە یان بەسەردان یان بە یەکجارەکی دەهاتنە ئەوێ ، هەر لەو ساڵەدا ڕاهێنان و مەشقی سەربازی لەدەرەوەی شاری شام دەستیپێکرد ، ئەو کەس و پێشمەرگانەی خۆیان ئامادە دەکرد بگەڕێنەوە بۆ کوردستان لەوێ مەشقیان پێدەکرا.

بنەماڵەی بارزانی کەبەدامەزراندنی یەکێتیان زانی کێچ کەوتە کەوڵیان و کەوتنەخۆیان ، پەیوەندیان بە دەزگاکانی ساواک و میتەوە کرد کە چیبکەن و چاوەڕوانی ئامۆژگاری و رێنماییەکانی ئەوان بوون و بەئاگاداری ئەوان قیادە موەقەتەیان دامەزراند ، ئامانجی ئاوان لەم کارە ئەوە نەبوو ئەوانیش لەلای خۆیانەوەخەڵکی کۆبکەنەوە و بانگەشەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش بکەن و هاوکاری بکەن ، نەخێر ئامانجیان تێکدانی کارەکانی یەکێتی بوو چونکە پرسیان پێنەکرابوو لەم هەنگاوەدا و ئەوانیش بەهۆی ئەوەی لەکۆنەوە خۆیان بە وەریسی شەرعێ بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد زانیوە ، ڕازی نەبوون کەسێک یان لایەنێک بەبێ ئەوان و سەرکردایەتی ئەوان کارێکی وەها ئەنجام بدات ، سەردەمێک دەیانوت : ( ئەگەر نەتوانین هیچ بکەین ، ئەوا دەتوانین لێیانی تێک بدین) . بەبیرم دێ پێش دامەزراندنی قیادە موەقەتە مام جەلال نامەیەکی دۆستانەی بۆ ئیدریس بارزانی نووسی و بە کەسێکدا بۆی ڕەوانەکرد ، ناوەڕۆکی نامەکە نە پاڕانەوە و نە هەڕەشە و گوڕەشە بوو ، لە هەلومەرجی نوێی سیاسی ئاگاداری کاک ئیدریسی کرد و داوای دۆستایەتی و هاوکاری لێکرد ، من ئاگاداربووم لەنووسینی  نامەکە و هیچ شتێکی نەرینی تێدا نەبوو ، دواتر بەهۆی ئەوەی لەشام نەمام ، زانیاریم لا نیە وەڵامی نامەکە درابێتەوە یان نا !.

ڕوژان هات و ڕۆیشت ، ی ن ک لەساڵی 1976 دا دوو مەفرەزەی چەکداری ئامادەکرد کە بگەڕیەنەوە بۆ کوردستان بۆ گەڕان بەناو گوندەکاندا و پروپاگاندەکردن بۆ شۆڕشێکی نوێ ، یەکێکیان بەسەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا بوو کە سەرکەوتنی بەدەست نەهێناو گەرایەوە بۆ شام ، ئەوی تریان بە سەرکردایەتی ئیبراهیم عەزۆ و ملازم حەسەن خۆشناو بوو  بوو کە گەیشتنەوە کوردستان و کەوتنە کەمینی میت و قیادە موەقەتەوە و هەر هەموویان بەدەستی ئەوان کوژران .

کۆکردنەوەی خەڵکی چەکراد بەتفاقی جەنگیەوە و ڕەوانەکردنەوەیان لە سوریاوە بۆ کوردستان بەمەرجێک دووجار سنووریان پێببەزێنی ، یەکێکیان سنووری سوریا- تورکیا، ئەویتریان سنووری تورکیا – عێراق کارێکی دروست و بەجێ نەبوو چونکە ئەگەر مەبەست پروپاگاندەکردن بوایە لە کوردستان ، ئەوا کۆمەڵەو یەکێتی پەکیان نەکەوتبوو لە خەڵک بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە ، هەروەها هەڵمەتی هێزکۆکردنەوە لەساڵی 1978 دا بۆ چوونە ناوچەی هەکاری کە ئەنجامەکەی تیاچوونی 700پێشمەرگەبوو ، کارێکی ساوایانە و موراهیقانە بوو، هەڵچوون و سەرگەرمیەکی ئەو سەردەمە بوو هیچی تر ، لەمەشیاندا یەکێتی تووشی نووچدانێکی گەورە بوو چونکە بەبێ دیراسەو هەڵسەنگاندنی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و نێودەوڵەتی ، خێڵەکیانە ئەم هەنگاوەیان ناو بەزیانی خۆیان کۆتایی هات ، ئەوان بیریان چووبۆوەکە هاوکارییەکی بەهێز هەیە لەنێوان عێراق – ئێران - تورکیا ، عێراق و تورکیا لەساڵی 1977 دا ڕێککەوتبوون لەسەر پاراستنی سنوری نێوان هەردولا، دەزگا هەواڵگرییەکانی ساواک و میت بەوردی چاردێری ناوچەکەیان دەکرد دژی هەموو جۆرە چالاکییەکی چەکدارانە لە کوردستانی باشوور، قیادە موەقەتە پەیوەندیەکی توندوتۆڵیان هەبوو لەگەڵ ئێران و ساواک ،  تورکیا و میتی تورکی هەروەها لەگەڵ خێڵ و هۆزەکانی ناوچەی هەکاری و دەوروپشتی ، هەردوجارەکە چ ئەوکاتەی مەفرەزەکانیان لە سوریاوە دەناردەوە بۆ کوردستان و چ کاتی حەملەکردن بۆ ناوچەی هەکاری ، قیادە موەقەتە خێڵ و هۆزەکانی ئەو ناوچانەیان ئاگادار کردبۆوە کە هێزی دوژمن بەوان بەڕێگاوەیە و دەبێ لە ئامادەباشیدابین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان ، لەم وتارەدا من ناچمە ناو قوڵایی کارەساتی حەملەی هەکارییەوە ، چۆن دەستی پێکرد و چۆن کۆتایی هات ، ئەمەبۆخۆی قسەوباس زۆر هەڵدەگرێ و دەبێ بەتایبەتی لەسەری بنووسی کە لێرەدا جیی نابێتەوە، کارەساتی هەکاری قۆناخی دووەمی شەڕی ناوخۆی کورد بوو ، ( ئەوەی یەکەم 1966 – 1970 ) بوو ، سەرکردایەتی کاتیی و ی ن ک ئامانج و دروشمێکی ستراتیژی سیاسیان پێنەبوو بۆ کورد لە دروشمە کۆنەکان بەولاوە ، یەکێتی لەبەر خاتری ڕاگرتنی دڵی هەندێ لە دەوڵەتانی عەرەبی کە یارمەتی کوردیان دەدا بەناوی شۆڕشی عێراقیەوە دەستیان پێکردەوە و هاتنە مەیدان و لەپاڵیدا داوای حوکمی زاتی حەقیقیان دەکرد ، سەرکردایەتی کاتیش لەئاژاوە نانەوە و تێکدان بەولاوە هیچی تریان نەدەویست و پێنەبوو، بۆ نمووونە ئەوان پێش کارەساتی هەکاری لەو سەرسنوورانە خۆیان مەڵاس دابوو ، کارو پیشەیان ئەوەبوو ناوبەناو بێنە ناوەوە و دەستێک بوەشینن و خێرا بکشێنەوە بۆ شوێنی خۆیان . لەدوای کارەساتی هەکاری ی ن ک بە هاوکاری ئەندامانی کۆمەڵە توانی جارێکی تر خۆی کۆبکاتەوە و سەرلەنوێ مەفرەزەی پێشمەرگە درووستبکاتەوەو لە زۆر ناوچە لەسەر پێی خۆی بوەستێ و کۆنترۆڵی بکات ، پێش چوونە هاکاری واتە ساڵەکانی 1976 –1978یەکێتی هێزی زۆری هەبوو لەزۆر ناوچەی کوردستان ڕێگەیان بە قیادو موەقەتە نەدەدا کە بێنە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوان چونکە قیادە موەقەتە یەکێتیان بە دوژمنی سەرەکی دەزانی نەک حکومەتی بەعس و زیاتر خۆیان تەرخان کردبوو بۆ دەست وەشاندن لە پێشمەرگەکانی یەکێتی ( ئەمە سیاسەتی ساواک و میت ی تورکی) بوو کە لە پشتی ئەم هێرشانەوە بوون.

ئەم ئاژاوەیە درێژەی کێشا تا ساڵی 1979 کە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بەرپا بوو و ڕژێمی حەمە رەزا پەهلەوی ڕووخا. هەڵوێستی خومەینی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەیەکەم ڕۆژی دەسەڵاتگرتنەدەستیان هەتا ئێستادوژمنایەتی کورد بوە و ڕۆژێک لە ڕۆژان هەنگاوێکیان نەنا کە بۆنی ئاشتی لێبێ لەگەڵ کورد، ئەوان هەر لەسەرەتای دەسەڵاتگرتنە دەست کەوتنە پەلامار و هێرشبردنە سەر کۆمەڵەو دیموکرات و دەنگی ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەکی زۆریان لێگرتن و کوشتن و ئیعدامکردن ، ئەوکاتانە قیادە موەقەتە لەنۆکەرایەتی بۆ ڕژێمی شا خۆیان گۆڕی و بوون بە نۆکەری خومەینی و پشتگیرییان لەودەکرد و پەلاماری هێزەکانی کوردیان دەدا ، لەلایەک کۆمەڵە و حزبی دیموکرات و لەلایەکی تریشەوە ی ن ک ، لەجارێکی تردا ناکۆکی کەوتە نێوان حزبی دیموکرات و یەکێتییەوە و ئەوانیش کەوتنە گیانی یەکتر  وچەند توانیان لە یەکتریان کوشت ، کۆمەلەی ئێرانیش بێبەری نەبوو لەو شەڕانەی نێوان لایە سیاسیەکان ، هەم پەلامار دەدران و هەم پەلاماریشیان دەدا.

ساڵی 1980 عێراق و ئێران شەڕیان هەڵگیرسان دژی یەک ، ئەوسا یەکێتی پەیوەندیەکانی چاک کردبۆوە لە گەڵ ئێران ، قیادە موەقەتەش هەرلەکۆنەوە لەگەڵ ئیڕاندا بوون . ستراتیژی شەری حكومەتی عێراق لە کوردستانداگۆرانی بەسەرداهات و ئەوان زیاتر پەلاماری هێزەکانی پاسدارو سوپای ئێرانیان دەدا ، هەلێکی باش رەخسابوو بۆ یەکێتی و پارتی بۆئەوەی کاری باش بکەن و خۆیان کۆبکەنەوە دژی ڕژێمی بەغدا ، بەڵام لەباتی ئەوە هێزەکانی کورد پارتی ، یەکێتی ، حسک ، حزبی شیوعی  کەوتبوونە گیانی یەکتر و ئەوەندەی توانیان لە یەکتریان کوشت ، شەڕو ناکۆکیەکانی نێوان ئەم لایە سیاسیانە زیاتر لە 3 ساڵی خایاند و لەساڵی 1984 دا بەداخستنی دەرگاکان بەڕووی یەکێتیدا کۆتایی هات  کە ناچاربوون ڕووبکەنە بەغدا بۆ گفوگۆکردن و دەست خستنە دەستی بەعس ، ئەم هەنگاوەی یەکێتی کاردانەوەیەکی خراپێ لێکەوتەوە چ لەناو ڕیزەکانی خۆیاندا و چ لە ڕیزەکانی میللەتدا چونکە ئەوان بەعسیان لەهەموو کەس باشتر دەناسی و دەیانزانی هەڵوێستیان چۆنە بەرامبەر بە کورد ، یەکێتی لەم هەنگاوەیاندا خۆیان بە ناچار دەزانی و زۆر تەنگەتاو بوبون ، تەنانەت ئەوەندە شپرزە بوبون فریای ئەوە نەکەوتن ڕێکخستنەکانی دەرەوە و پەیوەندیەکانیان لە وڵاتانی سوریاو لیبیا ئاگادار بکەنەوە و کێشەی زۆریان بۆ دروستکردبوون ، ژمارەیەک لەوانە پەڕینە وڵاتانی ئەوروپاو قسەی ناشیرینیان بە سەرانی یەکێتی دەگوت ، یەکێتی لەم هەنگاوەیدا دەیویست بەهەر نرخێک بێت بێتەوە مایە و لەگەڵ حکومەتی عێراق بگاتە ڕێککەوتن بەلام بە پێچەوانەوە بەدەستی بەتاڵ گەرانەوە ناو ڕیزەکانی میللەت ، پێش تێکچوونی گفتوگۆکەیان و گەرانەوەیان بۆ کوردستان بەعس هەرەشەی ئەوەی لێکردن ئەگەر بیتو دەست بخەنە دەستی ئێرانیەکانەوە بۆ لێدانی ئێمە ئەوا ئێمەیش بە چەکی کوشندە وەلامتان دەدەینەوە ، بەپێچەوانەی ئەمەوە یەکێتی نەک هەر هەرەشەکانی سەددامی بەهەند وەرنەگرت و حسابی بۆ نەکرد ، ئەمجارەیان لەدڵەوە دەستیان خستە دەستی پاسداران و حکومەتی ئێران و شەر بەردەوام بوو لە کوردستاندا ، پارتیش لەلای خۆیەوە چی لەدەستهات بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێراندا کردیان ، ئەوکاتە شەرەکەی نێوان عێراق و ئێران گەرم بوو ، ڕوسیا و ئەمەریکا لەسەر خەت بوون بۆ یارمەتیدانی هەردولا بە چەکی قورس و توانیبویان تەرازوی هێز لە نێوان ئەم دوانەدا ڕابگرن ، زۆری پێنەچو هێزەکانی ئێران لە زۆر شوێنەوە هاتنە ناوەوە ، لەناوچەی هەولێرو حاجی هۆمەران پارتی و لەناوچەی سلێمانیش یەکێتی چاوساخ بوون و بەهەردولا توانیان هەندێ شوێن بگرنەوە دەست و هێزەکانی سوپای عێراق دەرپەڕێنن وخۆیان و پاسدار جێگایان بگرنەوە ، ئەم هێزانە شۆڕبوونەوە بۆ قووڵایی ناوچەکە ، حکومەتی عێراق کاتێک بەخۆی زانی پاسدارانی ئێران گەیشتوونەتە کانە نەوتەکانی کەرکوک ، لەولاشەوە نزیکبوونەتەوە لە هەلەبجە ، لە ناوچەی حاجی هۆمەرانیش شوێنی گرنگیان گرتبوو ، حکومەتی عێراق دەستبەجێ هەڵەبجەی چۆڵکرد و لە جێی ئەوان پێشمەرگەو پاسدار چوونە ناو شارەکەوە و هەڕەشەیان لەهەرکەسێک کرد ئەگەر شارەکە جێبهێڵی و بە خائین و ترسنۆک ناویان دەبردن . بەرامبەر بەمە حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆی بەجێهێنا وئەنفالی دەستپێکرد لە ناوچەکانی کوردستان کە قوربانیەکانی زیاتر لە 182 هازار  کەس بوون هەروەها  کەوتە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە زۆر ناوچەی کوردستان ، هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و لەچەند خولەکیکداپێنج هەزار کەس شەهید بوون و زیاتر لە دە هەزار کەسیش بریندار بوون ، هەرچی پاسدارو بەرپرسەکانی یەکێتیش هەیە هەر هەموویان ڕایانکرد بۆ دیوی ئێران و خەڵکی شاری هەڵەبجەیان فریوداوبەجێهێشت کەسیش لە دانیشتوان فریای هیچ نەکەوتن ، دوابەدوای ئەم کارەساتە جەرگبڕو دڵتەزێنە هەر بەرپرسەکان خۆیان بوون کە هاتنەوە ناو شاری هەلەبجەو دەستیان کرد بە تاڵان و بڕۆی شارەکە و هەموویان ئاودیوی ئێران کرد ، زێرو ئاڵتونیان لە لەشی لاشەی خنکاوی ئافرەت دادەماڵی و شانازیان بەم کارەوە دەکرد ، ئەم بێئەخلاقانە هەتا ئێستایش خۆیان بە دەمڕاست و نوێنەری میللەت دەزانن .

کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە ، هەروەها شەڕەکانی پێشووتر ئەوە دەگەیەنن کە دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا بە مێشکێکی خێڵەکی بەتاڵەوە شەڕیان لەگەڵ دوژمنانی گەلەکەمان کردوە و خەڵکیان بە کوشتداوە چونکە خاوەنی ستراتیژی سیاسی و سەربازی نەبوون ، نەخۆیان ناسیوە نە دوژمنەکانمان ،  لەخوێن و ئارەق و فرمێسکی خەڵکی کوردستان نەترساون و زۆر بێباکانە ملیان ناوە و بێنرخ و بێحورمەتانە حسابیان بۆ ئەو خەڵکە کردوە و وەکوو کۆیلەو مێگەل مامەلەیان کردوون ، بەلایانەوە گرنگ نەبوە و نیە ئەگەر بەهەڵەو خەتاو تاوان و خیانەتەکانیان ملیۆنێک ڕۆڵەی ئەم میللەتە بە کوشت بدەن تەنها و تەنها بۆئەوەی خۆیان پادشای وڵات بن ، سەرانی پاری و یەکێتی و حزبەکانی تر لەدوای ئەنفال هەموو هەڵاتن و ڕوویانکردە ئێران ، کوردستان پێشمەرگەو چالاکی پێشمەرگەی تێدا نەما ، حکومەتی عێراق هێزی سوپاو ئاسایشی لە ناوچەکانی کوردستان بڵاو کردەوە ، ڕاگواستنی دەستپێکرد لە گوندەکانی سەر سنووری عێراق – ئێران و بەدرێژایی چەندەها کیلۆمەتر کەسی تێدا نەهێشت و هەموویانی ڕاپێچ کرد بۆ ئۆردوگای زۆرەمڵی . حزبە کوردستانەیەکان کە پێشتر خەریکی یەکتر کوشتن بوون و دوژمنیان بیرچووبۆوە و ئێستایش بە مایەپوچی لێی هاتنەدەورەوە هەر هەموویان هەڵاتن بۆ ئێران و فشەبەرەیەکیان درووستکرد کە پێکهاتبوو لە (یەکێتی ، پارتی ، حسک ، پارتی گەل ، پاسۆک ، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ، بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشووری) ، لەساڵی 1989 دا من چوومە ئێران و نزیکی ساڵێکی لێمامەوە ، ئەم حزبانەی سەروە هەر هەموویان لە دیوی ئێران بوون و نانخۆری کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و بەبی رەزامەندی ئەوان نەیاندەتوانی هەنگاوێک بنێن ، جەماوەر لەمانە بێزاربوو و بەئارەزووی خۆیان قسەیان پێئەوتن ، ئەوانیش مێش میوانیان نەبوو ، ئەگەر مام جەلال یان کاک مەسعود بیانویستایە سەفەرێک بکەن بۆ دەرەوەی ئێران دەبوایە دەزگای قەرارگا یان ئیتیلاعات ئاگادار بکەنەوە ، ئەوکاتانە شەڕی عێراق و ئێران ڕاگیرابوو بەڵام هەرلایە بڕواو متمانەی بەویتر نەمابوو و بیریاندەکردەوە چۆن چاڵ بۆ یەکتری هەڵکەنن ، خومەینی کە بریاری ڕاگرتنی شەڕەکەی دابوو لە مانگی 7 و 1989 دا مرد ، دوابەدوای ئەم بارودۆخە ، ساڵێکی نەبرد سەددام لە ساڵی 1990 دا کوێتی داگیرکرد ، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای کشانەوەیان لێکرد بەڵام ئەو گوێێ پێنەدا و هێزەکانی نەکشانەوە . چەند مانگێک دوای ئەوە واتە لە 17/01/1991 دا جەنگی کەنداو دەستیپێکرد و سەددام ئیسرائیلی دایە بەر موشەک ، هەر ئەوکاتە دەرفەتێکی نوێ هاتە پێشەوە بۆ خەڵکی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ،  لەناوەڕست و خوارووی عێراق و کوردستان ڕاپەرین دەستیپێکرد، لەکوردستان شارەکانی ڕانیە ، سلێمانی ،  کەرکوک ، هەولێر ، دهۆک ڕزگار کران و کەوتنەوە دەست کورد ، ئەمەریکا کە هەمیشە بۆ بەرژەوەندی خۆی کار دەکات و زیاتر لە دەمووچاوێکی سیاسی هەیە پشتگیری لەم ڕاپەرنە نەکرد و هانی سەددامی دا کە بەئارەزووی خۆی قەتڵ و عام بکات لە هەمەموو ناوچەکانی عێراق بە کوردستانیشەوە بۆیە کورد باناچاری کۆڕەوەکەی دەستپێکرد و ئیتر ئەوسا ئەمەریکا لە مانگی 4 ی 1991دا پشتگیری دژەفڕینی کرد و هەوڵی دا پشتیوانی بۆ کۆڕەوەکە پەیدا بکات . هۆکاری ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا ئەوەبوو کە جڵەوی سیاسی لە عێراقدا نەکەوێتە دەستی خەڵکانی سەربە ئێران ، هەروەها خەڵکی چەپخواز و رادیکال.

جگە لە پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ کۆڕەوەکە ، هەموو دنیا دەنگی نارەزایی بەرزکردەوە و هەڵسایە سەرپێ بۆ کورد ، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانە مەدەنیەکان هاتنە سەر خەت ، هونەرمەندانی ئەوروپاو دنیا بە کۆنسێرت و ئاهەنگ گێڕان پاڵپشتییان لە کورد کرد و داهاتی کۆنسێرتەکانیان بەرەوڕووی کورد کردەوە ، نەتەوە یەکگرتوەکان و دەوڵەتانی دنیا پشتگیری خۆیان بۆ کورد دووپاتکردەوە ، ئالەم کاتە ناسکەدا دەرفەتێکی زۆر جاک  و لەبار بۆ کورد هەڵکەوت کە کیانێک بۆخۆی درووستبکات و بانگەشەی دەوڵەتی کوردی بکات ، بەڵام بەپێچەوانەوە سەرانی یەکێتی و پارتی لە جێی ئەوە ڕایانکرد بۆ بەغدا و کەوتنە ماچکردنی ئەملاولای جەللادەکەی کورد سەددام حوسەین و بەمکارەیان هاتنەوە خاڵی سفر و خۆیان و کوردیان سووک و بێحورمەت و بێنرخ کرد . کە میللەتان و وڵاتانی دنیا ئەم دیمەنە قێزەونەیان بینی سەریان سووڕما و لە جێی خۆیان ساردبوونەوە و ئیتر چیتر وەکوو جاران گوێیان نەدایە کورد .

لەکۆنەوە سەرانی یەکێتی و پارتی بەبیانووی ئەوەی کورد لەهەر چوارلاوە دەورەدراوە بە دوژمن ، کوردستان هیچ بەشێکی ناکەوێتە سەر دەریا و یارمەتی نێودەوڵەتی پێناگات بۆیە بانگەشەی دەوڵەتی کوردییان نەکردوە ، بەڵام ئەم قسەو پێنەوپەڕوانە هیچیان ڕاست و دروست نین و لە جێی خۆیدانین ، ئەگەر کورد خەباتی شۆڕشگێرانەی درێژخایەنی بکردایە و خاوەنی گوتارو ستراتیژێکی سیاسی یەکگرتوو بوایە ، لەبەرەیەکی نیشتمانیدا خەباتی ڕزگاریخوازانەی درێژە پێبدایە و ئەوەندە ڕاینەکردایەتە باوەشی دوژمنەکەی بەناوی جۆراوجۆرەوە یاخود بۆ خۆشکردنی شەڕی ناوخۆ ، ئەوا دوور نەبوو کوردیش وەکوو میللەتانی چین، فێتنام، کەمبۆدیا و کوبا و زۆر وڵاتی تر سەبەخۆیی خۆی بەدەست بهێنایە . کاتیخۆی لەسەرەتای نەوەدەکاندا کاتێک بلۆکی ڕۆژهەڵات هەرەسی هێنا ، زۆرێک لە دەوڵەتانی سەر بەسۆڤیەت ئەم هەلەیان قۆستەوە و لە سۆڤیەت جیابوونەوە و بوونە دەوڵەتی سەربەخۆ ، لە یۆگۆسلاڤیاش بۆسنە و هەرسەک کەوتنە شەڕێکی ڕزگاریخوازانەی خوێناوی بە سەرکردایەتی عەلی عیزەت بیگۆڤیتیش (1925-2003) ، ئەمان درێژەیان بە خەبات و تێکۆشانی خۆیاندا و کۆڵیان نەدا هەتا سەبەخۆییان بەدەستهێنا و بوونە دەوڵەت . عەلی عیزەت لەدوای جەنگ و دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی دایتۆن لەساڵی 1990 تا ساڵی 1996 بوو بەیەکەم سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا تیایا کول و کافر بوون و تکای زۆریان لە عەلی عیزەت کرد کە داوای دامەزراندنی دەوڵەت نەکات و لەناو یۆگۆسلاڤیادا بمێنێتەوە ، بەڵام ئەو چونکە بە ڕاستەقینە سەرکردەو دڵسۆزی گەلەکەی بوو ، بەقسەی کەسیانی نەکرد و سەربەخۆیی ڕاگەیاند ، ئەمە لەکاتێکدا بۆسنە و هەرسەک هەرچواردەوریان دوژمن بوو ، وڵاتەکەشیان لەسەر دەریانەبوو و خۆشیان موسوڵمان بوون ، بەڵام لەبەرئەوەی میللەتەکەو سەرکردەکەیان ئیرادەی بەهێزی ڕزگاریان هەبوو ، کۆڵیان نەدا هەتا بوونە دەوڵەت . میللەتان و دەوڵەتانی دنیا ، موراقیبە سیاسیەکانیان ، دیپلۆمات و سیاسەتمەدارەکانیان ناهەقیان نیە ئەگەر بڵێن : ئەوە هەر کوردە لەم دنیایەدا زیاتر لە نیوسەدەیە خوێندەدا و دەڕێژێ و تەپوتۆزدەکات و هیچیان بە هیچ نەکردوە و هەر بەتەمای ئەوەن دوژمنەکانی کورد یان زلهێزەکان شتێکیان بۆ درووست بکەن . کورد خاوەنی نوخبەیەکی دز و جەردە و گەندەڵە ، دینو ئیمان و باوەڕیان پارەیە و ئەوەی ئەوان نەیانەوێ سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردیە ، میللەتانی دنیا کەمتر لەکورد خەبات و تێکۆشانیان کرد بەڵام هەموو ڕزگاربوون و بوونە خاوەن دەوڵەتی خۆیان .

نموونەیەکی تر کە نیشانی دەدا کورد خاوەنی نوخبەیەکی سیاسی دڵسۆزو نیشتمانپەروەر نیە ئەوەیە لەکاتی ڕاپەڕینەکەی 1991 دا زۆربەی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی پێشبرکێیان دەکرد چۆن کوردستان تاڵان بکەن و ئاودیوی ئێرانی بکەن ، ئەمانە هەر زوو بە خێرایی هەڵیانکوتایە سەر بانکەکان و تاڵانیان کرد هەروەکوو دوژمنانی ئەوان پارەیان لە بانکەکاندا دانابێ!!!!! و پارەکە هی میللەت نەبووبێ !!! بەنداوی بێخمەو کەرەسەکانی ئەو بەنداوەیان فرۆشت و ئاودیوی ئێرانیان کرد ، هەر شتێکی تری بە نرخیان دەستبکەوتایە لە ئوتومبیل ، گەڵابە ،  قەڵابە ، شۆڤل ، شیش ، ئاسن و دەرگاوپەنجەرە هەمویان دەبردە دیوی ئێران ، ئێمە ئەوکاتە لەڕێگای پەیامبەرو شورنالیستە بیانیەکانەوە کە ڕووداوەکانیان ڕووماڵدەکرد و لە کوردستانەوە دەیانگواستەوە بۆ ئەوروپا ، ئەم دیمەنە قێزەون و ناشیرینانەمان بەجاوی خۆمان دەبینی و نەفرەتمان لەهەموو ئەوانە دەکرد کەبەوکارە هەڵدەستن .

نموونەیەکی تر کە ترسنۆکی و بێخەمی ئەمانە نیشاندەدات ئەوەیە لەدوای ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو کوردستان ، ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرانی یەکێتی و پارتی ڕژابوونە پایتەختەکانی ئەوروپا بەتایبەتی لەندەن ، لەجارێکیاندا سەعد ساڵح ئەلجەبر کوری سەرەک وەزیرانی کۆنی سەردەمی پاشایەتی لە عێراق کەیەکێک بوو لە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق ، بیرۆکەی فیدرالی دەخاتە بەردەمی سەرانی یەکێتی و پارتی وکوو خواستێکی کورد کە کاری بۆبکرێ لە داهاتوودا ، ئەو لە دۆستایەتی بەولاوە مەبەستێکی تری نەبوو ، کاتێک بەخۆی زانی کەوتە بەر ڕەخنەو تانەو تەشەری سەرانی یەکیتی و پارتی و کابرایان کرد بە عەرەبی تڕکەن و پێشنیارەکەیان ڕەتکردەوە و پێێانوت کەی ئێستا کاتی ئەوەیە ! کەی ئێمە داوای شتی وامان کردوە ، پیاوی چاکبە کێشەمان بۆ درووست مەکە و پێشنیاری واش بۆ ئێمە مەکە ، ئەو سەردەمە ئەمانە ڕازیبوون بەوەی سەددام مزگەوتێک ، قوتابخانەیەک ، خەستەخانەیەکی بچوکیان بۆ درووستبکات و هیچی تریان نەدەویست .

لەنەوەدەکاندا فرانسۆ میتران ی سەرۆکی ئەوسای فەرەنسا بانگهێشتی سەرانی پارتی و یەکێتی کرد کە بچنە پاریس و بیرۆکەی دامەزراندنی کیانێکی سیاسی بۆ کورد (دەوڵەتی کوردی) خستە بەردەمی ئەمانە کە بە نهێنی و بە شێنەیی کاری بۆبکەن بەومەرجەی بەینی خۆیانبێت و هیچ لایەن و کەس و وڵاتێک بەمە نەزانێ ، ئەم مێشک پووچانە کەپڕن لەبەتاڵ ،  چونکە شتی وایان بە خۆیانەوە نەدیوە و لەمێژەوە خۆیان بە بچووک و بێنرخ زانیوە و هەموویان نۆکەرو وابەستەی دەزگا هەواڵگرییەکانی تورک (میت) و دەوڵەتی تورک بوون ، خۆیان بۆ نەگیرا و ماخۆلانیان بوو وەکوو جیوەت تێکردبن ، ڕایانکرد بۆ لای تورکەکان و موژدەیان پێدان و پێیان وتن : فریاکەون ، فەرەنسا دەیەوێ دەوڵەتمان بۆ درووستبکات ، بەم کارە چارەی خۆیان لای فەرەنسیەکان گران کرد و نرخ و حورمەتیان دابەزی ، چارەی فەرەنساشیان لای تورکەکان ناشیرینکرد ، زۆری پێچوو تاوەکوو فەرەنسا بە حوکمی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان جارێکیتر لای لەمانە کردەوە.

لەدوای ڕاپەرین و کۆڕەوەکەی کوردستان ساڵی 1992 هەڵبژاردن دەستیپێکرد ، خەڵکی کوردستان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و لەدڵەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بەوهیوایەی ئیتر جارێکیتر ڕۆژە سەخت و تاریک و خوێناویەکانی ڕابوردوو دووپات نابێتەوە و لە سێبەری ئازادی و دیموکراتیدا حزبە کوردستانیەکان دەتوانن پێکەوە هەڵکەن و خزمەتی ئەو میللەتە بکەن و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قەبوڵ بکەن . پاش گزی و فزییەکی زۆر ئەنجامەکان ئەوەی نیشاندا کەپارتی نیسبەتێکی زیاتری هێنابێ لە یەکێتی49% بۆ یەکێتی و 51% بۆ پارتی و دەبوایە بەو پێیە یەکێتی دەسەڵاتی ڕادەستی پارتی بکردایە و خۆی ببوایەتە ئۆپۆزسیۆن ، بەڵام ئەقڵی خۆپەرستی و خێڵەکی و بنەماڵەیی یەکێتی ڕێگربوو لەوەی ئەو ئەنجامە قەبوڵ بکات و ئەوەندەی نەمابوو جارێکیتر شەڕو ئاژاوە دەستپێبکاتەوەو دواتر بەناچاری پارتی و یەکێتی پەنجا بە پەنجا یان پەسەند کردو  ڕازی بوون و ئاویان کرد بە ئاگردا.

هەر ساڵی 1992 هێشتا پەرلەمان ساوابوو ، لەسەر قاچی خۆی نەوەستابوو بەفشارو فەرمانی تورکەکان پارتی و یەکێتی بریارێکیان لە پەرلەمانی کوردستان دەرکرد، هەردولایان کەوتنە پەلاماردانی پ ک ک و شەرێکی خوێناوی دەستی پێکرد و هێزەکانی پ ک ک یان ناچارکرد بگوێزنەوە بۆ ناوچەی قاسمەڕەش . ساڵێک دوای ئەوە یەکێتی شەڕی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیدا هەڵگیرسان و شەڕەکە بە هەڵاتنی بزوتنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی هات ، لەساڵی 1994 دا یەکێتی ڕێگەیدا بە هێزەکانی پاسدارانی ئێران  کە بێنە ناوەوە و بە تۆبخانەو چەکی قورسەوە هێرشیانکردە سەر حزبی دیموکراتی ئێران لەدەشتی کۆیە بەڵام زوو کشانەوە شوێنی خۆیان .  

جەولەیەکی تری خوێنڕشتن 1994
گورزێکی تری کوشندە
پارتی و یەکێتی تێریان نەخوارد لە ڕشتنی خوێنی لاوی کورد و دەرس و پەندیان وەرنەگرت لە شەڕەکانی 1966 – 1970 هەروەها 1976 – 1986 کە هیچیان فڕی بە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردەوە نەبوو بەڵکوو شەڕ بوو لە پێناوی شەڕدا . ئەمانە لە ساڵی 1994 دا کوێرانە و خێڵەکیانە و دوور لە هەموو مەنتیقێکی سیاسی و دیپلۆماسی و عورف و عاداتی باو ، بەبێ گوێدانە زەرفی زاتی و مەوزوعی ئەوکاتە کەمەبەستم لە زاتیەکە بوونی هەرێمێک بەناوی هەرێمی کوردستان هەروەها بوونی حکومەت و پەرلەمان ، مەوزوعیەکەش مەبەست لەدەسەلات و توانای دەوڵەتانی ترە بەتایبەتی ئەمەریکاو یەکێتی ئەوروپا کەلەشەڕی خەلیجدا چۆکیان بە سەددام دادا و کلک و گوێیان کرد و لە سنوورێکی تەسک و دیاریکراودا دەسەڵاتیان بۆ هێشتەوە لەبەغدا . ئالەم کاتەدا کە سەرکردە دەبەنگەکانی پارتی و یەکێتی واتێگەیشتبوون کە ئەوان پاڵەوانی مەیدانەکەن و ئەوە ئەوانە و ئازایەتی ئەوانە کە هەرێم و حکومەت وپەرلەمان هەیە ، ئەوە ئەوانن کە سەددامیان بەزاندوە و شکستیان پێهێناوە ...ئالەوکاتەدا بەهۆی بەیەکدادانێکی چەکدارانەی نێوان هەردولاوە  لەناوچەکانی قەڵادزێ و ڕانیە شەڕێکی خوێناوی تریان بەرپاکرد کە ئەمیشیان 3 ساڵی خایاند و باجەکەی زیاتر لە 4000 چوار هەزار پێشمەرگەی هەردولابوو ، ئەمانە بەکوڵ شەڕیاندەکرد و تینووی خوێنی یەکتر بوون ، پەرلەمان و حکومەت و هەرێمیان کرد بە دووکەرتەوە، هێزەکانی یەکێتی توانی هێزەکانی پارتی ڕابماڵێت و شاری هەولێر داگیربکات و بە مەسعود بارزانی بڵێن: مەگەر بە دوربین چاوت بە هەولێر بکەوێتەوە ، پێش 31 ی ئابی 1996 هێزەکانی یەکێتی گەیشتنە سەری ڕەش و شاخی سەفین ، مەسعود بارزانیان تەنگەتاو کردبوو بۆیە دەستبەجێ مەسعود داوای یارمەتی لە سەددام تکریتی کرد ، ئەوەبوو لە 31 ی ئابی 1996 دا سوپای عێراق بە چەکی قورسەوە ، بە هەزاران سەرباز و کەتیبەی دەبابەو تۆپخانەوە پەلاماری شاری هەولێریانداو بەهاوکاری پارتی چەند توانیان خوێنیان ڕشت و هەولێریان داگیرکردەوە و خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان ، هێزەکانی یەکێتیش پەرش و بڵاو بوونەوە و گەیشتنە سنووری ئێران و دواتر بەبریارو ئاگاداری ئەمەریکا دێگەلەیان کردە سنووری نێوان پارتی و یەکێتی ، لە 25/09/997 دا هێزەکانی تورکیا بۆ یارمەتیدانی پارتی هاتنە ناو خاکی هەرێمەوە و پەلاماری هێزەکانی یەکێتی و پ ک ک یان دا و ئیتر ئەمە بوە هەلێک بۆ تورکیا بۆ هێشتنەوەی سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان . ئەم شەڕەی دوایی نێوان یەکێتی و پارتی بە ڕێککەوتننامەی واشنتۆن کۆتاییهات کە هەردولا واژۆیان لەسەر کرد .

لەدوای ڕێککەوتننامەی واشنتۆن شەڕی نێوان یەکێتی وپارتی کۆتایی پێهات ، هەرچەند ناکۆکیش یان نارەزایی ڕوویدابێ لە نێوان ئەم دوولایەدا لەدوای ڕێککەوتنەکە ئەوا لەبەر فشار و چاوسوورکردنەوەی ئەمەریکا نەیانوێراوە پەنابەرنەبەر شەڕ و بە شێوازی تر چارەسەریان کردوە . بەم بۆنەیەوە ساڵی 1989 چوومە ئێران و پاش ماوەیەکی کورت چاوم بە مام جەلال کەوت ، هەرلەڕێوە وتی وەرە با نوکتەیەکی حەمە سەعیدی برات بۆ بگێرمەوە ، وتم فەرموو: وتی ئەزانی کاتی خۆی حەمەسەعیدی برات بە ملازم عومەر و برادەرانی تری مەکتەبی سیاسی وتوە : ئەم شەڕە سەگە هەر بە مام جەلال دەکرێت !! منیش پێکەنیم  وتم توشەرەف ناوی چی لێدەنێیت ؟ دەبا لێرەدا هەموومان میللەت بکەینە حەکەم ر ڕیش سپی بۆ ئەوەی ناوێک بۆ ئەم شەڕانەی لەکوردستاندا کرا بدۆزێتەوە ، بزانم لە قسەی براکەی من باشتر دەدۆزێتەوە؟ !

ئاخر ناوی چی لەشەری ئەم 35 ساڵە دەنێیت کەپارتی و یەکێتی بە خوت و خۆرایی و بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی خۆیان و سەرکردەکانیان خوێنی ئەو خەڵکەیان ڕشت و بە فیرۆدا ، لە ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو ناوچەکانی تر و هەروەها بە کوشدانی هەشت هەزار بارزانی و وێرانکردنی هەزاران گوندی کوردستان و دەربەدەرکردنی هەزاران و ڕاگواستنی خەڵكی داماو و بێدەرەتان بەولاوە ، لەمانە زیاتر کامەیە ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوەبۆ کورد؟.

ئایا لەو 35 ساڵەی خوێنڕشتنەدا کەسێکی خۆیان بە کوشتدا ؟! من ڕووی دەمم دەکەمە سەرانی هەردو حزبەکە و ڕاشکاوانە پێیاندەڵێم تو شەڕەفتان تو کەرامەتتان تو ئەخلاقتان ئەگەر ئیوە چەکتان هەڵنەگرتایە و تەقە نەکرایە لە کوردستاندا باشتر نەبوو لەوەی کردتان ؟!!!!   

هەڵبەتە ئەقڵیەتی سیاسی کورد بە ئێستاشەوە درێژەدانە بە ئەقلیەتە خێلەکیە کۆنە دواکەوتوەکە و لەکارکەوتوە و تۆزی لێنیشتوە و پیویستی بە پێداچوونەوە و گۆڕین هەیە چونکە عاجزە وەڵامی داواو پرسیارەکانی سەردەم بداتەوە. سەدان ساڵە کورد بەهۆی پارچەپارچەکردنی خاکەکەی و دابەشبوونی بەسەر چەند دەوڵەتێکی داگیرکەردا بۆتە خاوەنی کولتورێکی سەقەت چونکە داگیرکەرانی دوژمن خۆیان تێکەڵی زمان و کولتوری ئێمە کردوە و لەهەوڵی شێواندنیابوون ، جگەلەوەی باری ئابوری و سیاسی ئێمەیان هەڵوەشاندۆتەوە و بە ئارەزووی خۆیان سنووریان بۆداناوە ، کولتوری عەرەب و فارس وتورک لەگەڵ ئیسلامی توندرەو باڵیان کێشاوە بەسەر کولتوری ئێمەدا و چەندین ساڵە کۆمەڵگای سەقەت و سەرکردەی سەقەت و کاری سەقەت بۆ ئێمە بەرهەمدێنن .  مافێکی ڕەوای کوردە لەگەڵ خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا ئەم کولتورە سەقەتە ڕەتبکاتەوە بۆئەوەی ڕزگاری ببێت لە نوخبەی سیاسی سەقەت و ئینسانی سیاسی سەقەت.

هەر ئەم ئەقڵە دواکەوتوە ، هەر ئەم ئەقڵە خێڵەکیە داوەشاوە توانیان بەدرێژایی ئەم ساڵانەی ڕابوردوو یاری بە خوێن و ئارەق و فرمێسکی تاکی کوردەوە بکەن ، کەرامەت و شەرەفی کورد بڕووشێنن بۆ بەرژەوەندی بنەماڵە ، کەی ویستبێتیان لەگەڵ دوژمنی گەلەکەماندا شەڕیان هەڵگیرساندوە و بە پێچەوانەوە کەی ئارەزوویان کردبێ ئاشتییان لەگەڵدا کردوە یاخود بوونەتە نۆکەری ، هەروەها شەڕەناوخۆیەکانی کوردیشیان هەر والێکرد، ئەوانە چونک حزبی بنەماڵە و تاکەکەس بوون، چۆنیان ویستبێ هەروایانکردوە و حسابیان بۆ کەس نەکردوە ، نموونەی ئەمە کەسێکی وەکوو مام جەلال کە یاساناس بوو ، سیاسەتمەدارو دیپلۆمات ، دەیان ساڵ لە ڕیزەکانی قوتابیانی کوردستان و لاوان و حزبدا کاری سیاسی کردبوو خۆی بە دیموکرات دەزانی بەڵام هەمیشە تاکرەوانە و دیکتاتۆرانە ملی ئەنا ، ئەو کە بە ئەندازیاری شەڕی ناوخۆ ناوی دەبرێ ، لەپاش ئەم هەموو خوێنڕشتن و کوشتارو ماڵوێرانیە لەپڕ بە گۆشەیەکی 180دەرەجەیی خۆی گۆڕی و چووە سەر مەزاری مەلا مستەفا لە بارزان و سەردانی حەمایلخانی هاوسەری کرد و دانی نا بە هەڵەکانی خۆیدا و بەوەش نەوەستایەوە و دەستیکرد بە پروپاگاندەکردن بۆ شەخسی مەسعود بارزانی بۆئەوەی ببێتە سەرٶکی هەرێم بەرامبەر بەوەی خۆی ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق کە دواتر دێمەوە سەری .  

دەرفەتێکی تر بۆ بانگەشەی سەربەخۆیی
لە ڕۆژی 9 ی نیسانی 2003 دا وەرچەرخانێکی سیاسی گەورە ڕوویدا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ، سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بوش بریاریدا لەو ڕۆژەدا هیرش بکاتە سەر عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا لە چەندقۆڵێکەوە هاتنە ناو خاکی عێراقەوە و بە موشەک ژێرخانی ئابووری عێراق و بنکە سەربازیەکانیان تەخت کرد و توانیان لە ماوەی 3 هەفتەدا ڕژێمی سەددام بروخێنن و هێزەکانی خۆیان بڵاوبکەنەوە لە شارەکانی بەغداو کەرکوک و تکریت ، هەر لە ڕێوە وەزارەتەکانی بەرگری و ڕاگەیاندیان هەڵوەشاندەوە و حاکمێکی مەدەنیان بۆ عێراق دانا بە ناوی پۆل برێمەر کە حوکمی عێراق بکات .

ئەوکاتە دنیا شڵەقابوو کەس بەکەس نەبوو عێراق بەبێ خاوەن بوو کوردستان ئازاد بوو نە حکومەت هەبوو نە سوپا نەپۆلیس و نە ئاسایش ، لایە سیاسیە عێراقیەکانیش لەسەر قاچی خۆیان نەوەستابوون و خەریکی خۆکۆکردنەوە بوون و کەسیان دەسەڵاتی نەبوو ، ئالەم کاتەدا هەلێکی زێرین ، دەرفەتێکی زۆر لەبار بۆکورد هەڵکەوت کەخۆی ساخبکاتەوەو بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستان بکات ، بەڵام مەخابن لەبەرئەوەی سەرانی پارتی و یەکێتی لە مێژەوە خۆیان زۆر بە بچووک زانیوە و لەخۆیاندا رانەدەبینی ئەو هەنگاوە پیرۆزە بنێن کە هەموو کوردی لەگەڵدا بوو ، ڕایانکرد بۆ بەغدا بۆلای برێمەر و لەباتی ئەوە داوای پارە و بودجەیەکی باشتریان لێکرد و بەشداریانکرد لە مەجلیسی حوکم ولکاندنەوەی عێراقی هەڵوەشاوە بە کوردستانی ئازادەوە و دواتر ڕازیبوون بە پەسەندکردنی دەستوورێکی لوغمکراو کە کەی دوژمنانی کورد ویستیان مادەو برگەکانی بتەقێننەوە بەڕووی کوردا ، لەم دەستوورەدا زۆرشت بە هەڵواسراوی مایەوە بەتایبەتی مەسەلەی کەرکوک و دەوروپشتی کەلە40% خاکی داگیرکراوی کوردستانە و ناویان بردوە بە ناوچەی جێناکۆک و مادە 58 و 140 یان بۆدانا کە گوایە ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە و تەعریب و تەبعیسی تیا نەمێنی و دوایی سەرژمێری بکرێ لەگەڵ ڕاپرسی بەمەرجێک تامانگی 12 ی 2007 کۆتایی پێبێت بەڵام ئەمانە هیچی جێبەجێ نەکران ، پارتی و یەکێتیش لە شیڕە شیڕ و هاوار هاوار و شیوەنکردن بەولاوە هیچی تریان پێنەکرا . ساڵی 2003 پارەیەکی زۆر ڕژایە عێراقەوە کە هەموو لایە سیاسیەکانی گێژو سەرسام و سەرخۆش کرد بەتایبەتی پارتی و یەکیتی کە هەر هەڵپەی پارەیان بوو.

ئەمەریکاییەکان وتیان: تاقمە خەڵکێکمان هێنا بۆئەوەی دەسەڵات بگرنەدەست لە عێراق و حوکم بکەن ، کەچی هەموویان سەرسەری و هەتیوی سەر جادە و دزو جەردەیان لێدەرچوو . نووسەر و بیرمەندی عەرەب محەمەد حەسەنەین هەیکەل دەڵێ: عێراق بانکێک بوو ، دزوجەردە دایان بەسەریا و تاڵانیان کرد. هەدولا خەریکی خۆدەوڵەمەندکردن بوون ، کەمتر لایان لە میللەت دەکردەوە ، کەمتر خەریکی ئاوەدانکردنەوە و پرۆژەی ئابوری بوون ، هەردولایان کێبرکێیان بوو لەسەر ئەوەی کێ دەتوانێ خەڵک زیاتر کۆبکاتەوە لەخۆی ، ئەگەر لایەکیان فەڕاشێک ، چایچیەک ، کرێکارێکی دابمەزراندایە ، خێرا لایەکەی تریش هەمان شتی دەکرد ، بەوپێیە هەزاران کەسیان بە نایاسایی و بێئەوەی پێویست بێت دامەزراندو ئەوخەڵکەیان کردە بار بەسەر خۆیان و میللەتەوە . جگەلەوە میللەتیان فێری مشەخۆری و نوستن و باوێشکدان کرد ، لەباتی ئەوەی میللەتی ئیشکەر و بەرهەمهێنەر بێت ، خەڵکیان وا ڕاهێنا بوو ، فێرکردبوو کەی سەری مانگ بێت و بچێت مووچەکەی وەربگرێت ، بەهەزاران کەسیان لە دانیشتوانی گوندەکان دامەزراند بە پۆلیس ، پۆلیسی مرور ، زێرەڤان، ئاسایش ، پێشمەرگە ، فەڕاش ، بەم شێوەیە گوندنشینەکان ژمارەیان کەم بوەوە و ئەوانی تریش ورد ورد ڕژانە شارەکانەوە.

پارتی و یەکێتی لەبەرئەوەی لە هەناوی بیرێکی خێڵەکی دەرەبەگایەتی پەنجاکانەوە هاتبوون و سەریان هەڵدابوو ، هێشتا نەیانتوانیبوو لێی ڕزگارببن ، خاوەنی بەرنامەیەکی مۆدێرن و سەردەمانە نەبوون و بەڕاوەستاوی مابوونەوەو  لەجێی خۆیان تەپوتۆزیاندەکرد و خۆیان ئامادەنەکردبوو بۆ ئەو وەرچەرخان و تەقینەوە سیاسیە گەورەیە کە لە عێراقدا ڕوویدا ، ئامانجی ئەوان بە ئێستاشەوە تەنها پارەپەیداکردن بوو لەگەڵ هەندێ پۆست.

بارزانی و تاڵەبانی لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی ڕێکدەکەون
پێش ئەوەی هەڵبژاردنی 2005 دەست پێبکات لە عیراق ، مام جەلال دەیویست و زۆریش مەبەستی بوو ببێتە سەرۆک کۆمار ، ئەمە خەون و ئاواتی ئەو بوو دەبوایە کاری بۆبکردایە و لایەنە کوردی و عەرەبیەکانی ڕازی بکردایە ، بۆئەم مەبەستە لەقاپی بەرپرسە حزبی و تایەفی و مەزهەبیەکانی عێراقی دا و ڕووی دەمی لە حزبەکانی ئەوان نا و تاڕادەیک قەناعەتی پێکردن کە داواکەی ڕەتنەکەنەوە . لە کوردستانیش دەبوایە رەزامەندی مەسعود بارزانی بەدەست بهێنێ بۆئەوەی لەکاتی خۆیدا دەنگی پێبداو کێشەی بۆ دروست نەکات ، پارتی و مەسعود لەخوایان دەویست و ئەم دوایەی مام جەلالیان قۆستەوە و بەگەرمی پشتگیرییان لەمام جەلال کرد بۆئەوەی ئەو لە بەغدا سەرۆک کۆماربێت و کاک مەسعودیش لەکوردستان سەرۆکی هەرێم . ئەوکاتە دەسەڵاتەکانی پارتی و یەکێتی لە کوردستاندا تاڕادەیەک وەکوو یەک بوو ، هێزەکانیشیان دابەش بوبون بۆ ناوچەی سەوز و زەرد و ئەو داهات و پارەیەش کە دەهاتە دەست دابەشدەکران و پارتی نەیدەتوانی وەکوو ئێستا بکات لەگەڵ یەکیتی و شەخسی مام جەلال ، پارتی بڕوای وابوو بوونی مام جەلال لە کوردستان ئاستەنگێکی گەورەیە لەبەردەم بنەماڵەی بارزانیدا و ئەوان ناتوانن بە دڵی خۆیان پەل بهاوێژن و هەلسوکەوت بکەن ، کارەکانیان لە کوردستان هەمووی سنووردارە ، لەبەرئەوە بەگەرمی باوەشیان بۆ داواکەی مام جەلال گرتەوە ، لەمەیاندا ئەوان وریاترو زیرەکانەتر لەیەکێتی بیریان لە خۆیان و داهاتووی خۆیان دەکردەوە لەکوردستان و دڵنیابوون بەبێ حزوری مامجەلال دەتوانن زۆر شت بکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بۆیە دەستیان کرد بە پروپاگاندەکردن بۆ شەخسی مام جالال و مام جەلالیش خۆی نزیک خستەوە لە کاک مەسعود و کەوتە پروپاگاندەکردن بۆ ئەو ، دەچوە هەر جێگایەک دەیگوت : دەنگ بدەن بە کاک مەسعود ، کاک مەسعود ئێستا سەرۆکە و بۆ داهاتووش هەردەبێ ئەو سەرۆک بێت .

ڕۆژی 06/04/2005 مام جەلال دوای هەڵبژاردنی لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقەوە پۆستی سەرۆک کۆماری پێسپێردرا ، لە 12/06/2005 دا مەسعود بارزانی وەکوو یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژیردرا و سوێندی یاسایی خوارد .

بەم شێوەیە مام جەلال بۆ کورسیەکی سەرۆک کۆمار کە نە دەستکەوتێکی نەتەوەیی و نە دەستکەوتێکی نیشتمانی بوو بۆ کورد کوردستانی جێهێشت بۆ پارتی و مەسعود بارزانی بۆئەوەی بێ سانسور و لێپرسینەوە و سنوور دیاریکردن تەراتێن بکەن بەئارەزووی خۆیان ، پارتی توانی گۆڵی خۆی لەیەکێتی بکات دوای ئەوەی کاک مەسعود بوە سەرۆکی هەرێم ، مامجەلالیش لەبەغدا ئەوەندەی سەرقاڵی کاروباری عێراق و کێشەکانی عەرەب بوو ئەوەندە سەرقاڵی کێشەکانی کوردستان نەبوو چونکە هەمووی بەرەوڕووی کاک مەسعود کردبۆوە و بەلایەوە گرنگ نەبوو پارتی چیدەکات چونکە لەسەر ئەمە ڕێککەوتبوون .
پارتی گۆڕەپانەکەی بۆ چۆڵ بوو ، بەئارەزووی خۆی کەوتە چالاکی ، دەستی هێنا بە ڕێکخستنەکانیدا و خۆی گورجکردەوە ، بەهێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش و زرێڤاندا چوەوە ، ژمارەیەکی زۆری لەخەڵک دامەزراندو فڕێیدانە ناوئەمانەوە ،  بە پەیوەندیەکانی دەرەوەی وڵات و بەغدادا چوونەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕێکیخستەوە ، کۆنترۆڵی بودجەو داهاتی کوردستانی کرد ، پەیوەندیان لەگەڵ کۆمپانیای گەورەگەورەی نەوتی دنیادا پەیداکرد و ڕێککەوتنیان لەگەڵ کردن بۆئەوەی بێنە کوردستان و بەدوای نەوتدا بگەڕێن و بەرهەمی بهێنن و ڕەوانەی دەرەوەی بکەن ، پەیوەندیان لەگەڵ تورکەکاندا بەهێزو توندوتۆڵکرد و چەندین ڕێککەوتننامەیان لەگەڵدا واژۆکردن و ئەوانیان کردە شەریکەبەش لەسامان و سەروەت و داهاتی کوردستان .

بەم هەنگاوانە پارتی پێی نایە قۆناخێکی سیاسی و ئابووری نوێوە  و ملی نا ببێتە حزبی کەڵەگا لە کوردستاندا بەبێئەوەی هیچ حسابێک بۆ یەکێتی بکات کە ئەوان هێشتا لە خەوێکی ‌قووڵدا بوون و کاتێک بەخۆیانزانی پارتی بەخشکەیی جومگە گرنگەکانی کوردستانی گرتۆتەدەست وەکوو : داهاتی خاڵە گومرگیەکان ، سامانە سروشتیەکان ، ئابووری و داهاتی ناوەوە ، سوپاو ئاسایش وزێرەڤان ، ڕاگەیاندن ، پەیوەندیەکانی دەرەوە ، مام جەلالیش کە ئەوکاتە سەرۆک کۆمار بوو ناوبەناو دەهاتەوە بۆ قەڵاچوالان ، لەهەندێ شتی وردەدا نەبێ دەستی نەدەخستە کاروباری پارتیەوە و بێدەنگەی لێکردبوو.

قەبوووڵکردنی کورسیەکی سەرۆک کۆمار بەرانبەر جێهێشتنی هەموو کوردستان بۆ پارتی ، گورزێکی گەورە بوو بۆ گیانی ی ن ک کە هەتا ئێستایش پێوەی دەناڵێنێ ، ئەوهانگاوەی مام جەلال بوە هۆی بچووککردنەوەی قەوارەی یەکیتی و لاوازکردنی ڕیزەکانی کە بەهاتنەدەرەوەی گۆران لەهەناوی ئەو کۆتایی هات ، ئەگەر بهاتبا و مام جەلال ئەو کارەی نەکردایە ، مەحاڵ بوو پارتی ببێتە حزبێکی کەڵەگای پۆلیسی و موخابەراتی و سەرمایەداری  گەورە لە کوردستاندا و بە ئارەزووی  خۆی گەمەی سیاسی بکات و  بریار بدات لەسەر خەڵکیی . گێڕانەوەی کەسێکی کارێزمای بەهێزی وەکوو مام جەلال بۆ شوێنی جارانی ناو یەکێتی چەند کارێکی زەحمەت و ئالۆزە ، ڕاگرتنی پارتیش لەکاتی ئێستادا لەلایەن یەکێتییەوە لە سنوورێکدا لەو ئاڵۆزتر و زەحمەتترە .

پارتی دەبێتە حزبێکی پۆلیسی و موخابەراتی
ئەو بۆشاییە سیاسیەی بەهۆی وەرگرتنی کورسی سەرۆک کۆمار لەلایەن شەخسی تاڵەبانیەوە ، دواتریش وەفاتی خودی تاڵەبانی خۆی بۆ پارتی ڕەخسا ، پارتی خستە بەدەم قۆناخێکی سیاسی نوێی بێ ڕکابەر بۆ ئەوەی هەڵپەی سیاسی گەورەتر لەقەوارەی خۆی بکات لە پێناوی کۆنترۆڵکردنی تەواوی گۆڕەپانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان . بۆ ئەم مەبەستە پارتی وەکوو حزبی بنەماڵە کە پەیرەوی سیاسەتی خێڵەکی دەکرد و بەتاڵ بوو لە مەعریفەو ئەقڵی سیاسی سەردەم و خۆی لەسەروو یاسا و دەستوورەوە دەبینییەوە ، توانی چەند هەنگاوێک بچێتە پێشەوە بەبێئەوەی هەڵوەستە بکات لەسەر ئێستاو ڕابوردوو لە پێناوی ئایندەیەکی ڕووناک و شکۆداردا ، ئایندەیەک لەسەر بنەماکانی سیستەمێکی دیموکراتی دوور لە هەژموون و باڵادەستی حزب و بنەماڵەیی ، هەروەها پەیرەوی یاساو دادی کۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە داهات و خەرجیەکان . دوای ئەو دەرفەتەی دەست پارتی کەوت کە بێ ڕکابەر کاری خۆی ئەنجام بدات لە هەرێمی کوردستان ، دوای ئەوەی مامجەلال بارەگای خۆی گواستەوە لە سلێمانیەوە بۆ بەغدا و لەکوردستان دوورکەوتەوە ، مەسعود بارزانی لە 12/06/2005 دا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەڵبژێردرا بۆ سەرۆکی هەرێم و لە هەڵبژاردنی 25/07/2009 دا بۆجاری دووەم هەڵبژێردرایەوە بۆ سەرۆکی هەرێم و لە 30/06/2013 دا بە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی ماوەی ویلایەتی بارزانی درێژکرایەوە.

پارتی بۆ بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە پەنای بردە بەر ساختەو فروفێڵێکی بێوێنە لە هەڵبژاردنەکاندا ، بەهەزاران کەسیان ناوو نووس کرد لەلیستی هەڵبژاردنەکاندا لەوانەی کەهەر خەڵکی کوردستانی عێراق نەبوون و شتی پێویست چیە لە ڕەگەزنامەی عێراقی و ناسنامەی ئەحوالی مەدەنی و بیتاقەی تایبەت بۆیان جێبەجێ کردن و فرێیاندانە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە . لەدوای هەڵبژاردن پارتی بوە زۆرینە لە ناو حکومەت و پەرلەمان ، جگە لەسەرۆکایەتی پەرلەمان کە هی خۆیانبوو ، بەمە تووشی غروری سیاسی و لەخۆباییبوون بوبون ، چاویان سوور بوبو حسابیان بۆکەس نەدەکرد ، بەئارەزووی خۆیان بریاریان دەدا و جێگۆرکێیان بە خەڵک دەکرد ، ئەو پۆستانەی گرنگ بوون خەڵکانی سەربەخۆیان بۆ دادەنا ، هەر یاسا و بریارێک بەدڵی ئەوان نەبوایە لەدژی دەوەستانەوە  ، ڕووبەرووی هەر تەسریح و بەیانێک دەوەستانەوە کە ڕەزامەندی ئەمانی لەسەر نەبوایە . ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان بەئێستایشەوە ، هیچ بایەخ و نرخێکی سیاسی و یاسایی و دیپلۆماسی نەبو لای ئەمان ، بنەماڵە بریاری لەسر حزب دەدا و حزبیش بریاری لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان دەداو هەرهەموویانی بە مووچەخۆری خۆی دەزانی ، کاتی خۆی کە بنەماڵەو سەرۆک هۆز بریاری دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر یوسف محەمەد یان دا پەرلەمان و حکومەت نەیانتوانی وشەیەک بڵێن !!!! ئیتر ئەو بە ناچاری پەرلەمانی جێ‌ێشت و گەڕایەوە بۆ سلێمانی . پەرلەمانی کوردستانیش بوە نوکتە و فیلم و سینەما لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بایی کارەکە لەنرخی خۆیان دابەزان ، هەروەها کە بریاری دەرکردنی چوار وەزیرەکەی گۆڕانیان دا ، لەمەشیاندا سووکایەتیان بە خۆیان و ئەنجوومەنی وەزیران و پلەی وەزیر کرد . لەم دواییەشدا هێرشی توندیان کردە سەر پەرلەمانتار سۆران عومەر و بە شێوەیەکی ناشیرین و دواکەوتوو و قێزەون و ناشەرعی و خێڵەکی پارێزبەنییان لێسەندەوە لەسەر هیچ نا ، تەنها لەسەر ئەوەی هەگبەکەی سۆران عومەر پڕی بوو لەباسی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامان و داهاتی هەرێم لەلایەن بنەماڵەوە . کەپارتی ئێستا ئەم کارانەی بۆ چۆتەسەر دیارە لەبەرئەوەیە کە پەرلەمان پاشکۆی حکومەتە و حکومەتیش کلکی حزب و بنەماڵەیە بۆیە نەیتوانیوە ببێتە دەزگایەکی چاوقایم  چاودێری حکومەت بکات و لێی بپرسێتەوە ، لێرەدا جێگای خۆیەتی بپرسین : ئەگەر حکومەت پەرلەمانتار بداتە دادگا ، ئەی کێ مەسرور بارزانی بداتە دادگا کە 29 ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی خوێنی ئەو میللەتە دەمژن و سەروەت و سامان و داهاتەکان بە تاڵان دەبەن ؟!!

ئەوەی پەیوەندی بە ئازادی و دیموکراتی و بیرورای ئازادو سەربەخۆوە هەیە ، پارتی لە مێژەوە ئەو دەنگەی کپکردوە و خنکاندویەتی ، کۆسپ و ڕێگر بوە لەبەردەم هەموو ڕەخنەو دەربرینێکی ئازاد و دیموکراتدا ، سەردەمێک پارتی دیوارێکی پۆڵایینی لە نێوان سەرۆک و بنەماڵەو سەرکردایەتی لەلایەک و جەماوەر و کۆمەڵانی خەڵک لەلایەکی ترەوە درووستکردبوو، ئەمان خەتی سوور بوون و سێبەری خودابوون لەسەر زەوی و کەس بۆی نەبوو ئەو خەتە سوورە تێپەڕێنێ یان ببەزێنێ و بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە باسی ئەوان بکات ، ئەگەرنا بە هەڕەشەو چاوسوورکردنەوە قڕوقەپیان پێدەکرد ، لەمەیدانی رۆژنامەوانیشدا رێگە بە ڕۆژنامەنووسان نەدراوە بەئازادی بنووسن و ڕای خۆیان دەربرن مەگەر لە سنوورێکی یەجگار تەسکی دیاریکراودا ، ئەگەر نووسەرێک یان ڕۆژنامەنووسێک پەیرەوێ ڕێنماییەکانی ئەوانی نەکردبێ ئەوا دووچاری ڕاونان و گرتن و داپڵۆسین و کوشتن بۆتەوە ، نموونەی ئەمە کوشتنی سۆرانی مامە حەمەیە لە ڕۆژی 21/07/2008 داهەروەها سەردەشت عوسمان لە ڕۆژی 04/05/2010 دا لەگەڵ کاوە گەرمیانی لەرٶژی 05/12/2013 دا بەدەستی یەکێتی .  

هەرلە نەوەدەکاندا دەیان ژن بە دەستی پارتی و یەکێتی کوژران لەژێر ناوی شەرەف و فەساد و داوێنپیسی بەبێئەوەی یەکێکیان لێبدرێت بە دادگا ، بەداخەوە دەڵێم کە بەندە ناو و ژمارە و ڕۆژی کوشتنی ئەوانەم لەبەر دەستدا نیە بەڵام میللەت شاهیدی ئەو خوێنڕشتنەیە . چەند کەسێکیتر وەکوو شێخ ستارو عەلی بۆسکانی بەدەستی ئەم دوو حزبە کوژران بەبێئەوەی تاوانیان هەبێ هەتا سزای کوشتنیان بەسەردا بسەپێ ، من ئەم دوانەم بەباشی دەناسی و دڵنیام کە دوژمنی گەلەکەیان نەبوون لەوەزیاتر کە ئازاد بوون و بە ئازادی قسەیان دەکرد .

ئەگەر کەمێک بگەرێێنەوە بۆ دواوە ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە مەلامستەفای بارزانی لە کاتی خۆیدا ئاوێکی خراپی ڕشت و کورد کوشتن لە کوردستاندا ئەو دایهێنا و دواتر هەموو ئەوانەی دوای خۆی بەتایبەتی ئەندامانی بنەماڵە پەیرەویان کرد و وەکوو ئەویان کرد ، ئەو (مەلامستەفا) بڕوای وەهابوو یان هاوکاری دەکەیت و لەگەڵی دەبیت ، یاخود تۆ دوژمینت و دەتسڕیتەوە. بەبیرم دێت لەکاتی کەرتبوونی پارتی بۆ دووکەرتی مەلایی و جەلالی ، مەلامستەفا دەستی نەپاراست لە ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی کە ناڕێک بوون لەگەڵی  و سیاسەتی ئەویان بەدڵ نەبوو و هەموویانی لەناوبرد وەکوو: مەحمود حاجی تۆفیق ، عەلی حەمدی(مەردان) ، ئەحمەد عەبدوڵلە ، عوسمان عوزیری ، پێشتریش بۆ ڕازیکردنی میتی تورک هەر یەک لە دکتۆ شوان و سەعید ئاڵچی کوشت ، هەر لەوکاتەنەدا سەدیق ئەنجیری و ئەسعەد خودایاری و سلێمان موعینی و خەلیل شەوباش و مەلا رەحیمی وەرتێ لە ڕێبەرانی حزبی دیموکراتی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر وەک کوشتن یان ئیعدامکردن کۆتایی بە ژیانیان هات .

کەوابوو ئەگەر باسی ئازادی و  دیموکراتیەکەی شۆڕشی ئەیلول بکەین لە شاخ ، لەگاڵتەجاری و یاریکردن بە خوێنی میللەت بەولاوە هیچیتر نەبوە ئەو بەناو سەرکردانە هەر هەموویان تاوانباری جەنگن کە ئەو هەموو رۆڵە دڵسۆزەیان بە کوشتدا لە پێناوی هیچدا .

هەنری کێسنجەر وەزیری کۆنی دەرەوەی ئەمەریکا لە بیرەوەریەکانی ( سنوات التجدید ) بەم شیوەیە باسی ئەمانە دەکات: دەشێ یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی ڕاگەیاندن - جگە لە رادیۆ و ڕۆژنامە دەگمەنەکانی ئەو دەمە – ئەمە هۆکاربوبێ کە خەڵکی کەمتر ئاگاداری دیوە نهێنیەکانی تری بەناو بزووتنەوەی شۆڕشگێری کورد بوبێ کە چۆن ئەم پارتانە بەناوی کوردایەتی و ڕزگاری گەلی کوردو سەربەخۆیی بانگەشەیان بۆدەکرد ، بەڵام دەرکەوت کە ئەمە تەنها برێتی بوو لەکاری سەرانە وەرگرتن و زەوتکردنی ماڵ و موڵکی خەڵک هەروەها وەرگرتنی یارمەتی و هاوکاری دەوروبەر و نێودەوڵەتی بەناوی میللەتێکی پێنەزانی غەریب کە تەنیا مافی کوشتن و ڕاگواستن و ماڵ سوتانی پێ ڕەوا درابێ.  کۆی یارمەتیەکانی ئێمە (CIA) بۆ بارزانی لەساڵەکانی 1973 ، 1974 ، 1975 دا 20 ملیۆن دۆلاربوو لەگەڵ 1250 تۆن تەقەمەنی ،( چەک و جبەخانە و کەرەسەی سەربازی) ئێرانیش ئاگادارکراوەتەوە بۆ پێدانی 70 ملیۆن دۆلار .

لەهەموو دنیادا دەزگاکانی پۆلیس و هەواڵگری بۆئەوە دادەمەزرێ کە سەروماڵی خەڵک و ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزێ ، بگەڕێ بەدوای مەترسیەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی ، ڕێگە بگرێ لە تیرۆریزم ، شەڕ لەدژی تیرۆر بکا ، بگەڕێ بە دوای چەکی بەکۆمەڵکوژیدا ، هەروەها قەدەغەکردنی مادە هۆشبەرەکان و بەگژداچوونەوەی هەموو کارێکی بەدەر لە رەوشت و داب و نەرێتی باو لە کۆمەڵگادا . لەکوردستانی باشوور کارەکە تەواو پێچەوانەی ئەمانەی سەرەوەیە کە دەزگاکانی پۆلیس و هەواڵگری دنیا دەیکەن بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی خۆیان وگەلەکەیان .

شێوازێکی تری کاری پۆلیسی و موخابەراتی ئەم حزبە ئەوەیە چەندین کۆمپانیای نهێنیان دامەزراندوە بۆ سەرانە سەندن و بەرتیل وەرگرتن و ڕووتاندنەوەی خەڵکیی ، هێزی چەکداری تایبەتیان هەیە بۆ پاسەوانی و پاراستنی دزو جەردە و گەنگەڵکاران کەرەگوڕیشەیان داکوتاوە و جومگە گرنگەکانی وڵاتیان بەدەستەوەیە ، مەحاڵە کاری هیچ کەس و کۆمپانیایەکی تر لەکوردستاندا کە دەستکەوت و بەرژەوەندی هەبێت بەڕێوە بچێت بەبێ وەرگرتنی بەرتیل ، کارێکی تری قێزەون و ترسناک و بەربڵاو و ناڕەواو بێشەرمانەی ئەم حزبانە لە کوردستاندا بڵاوکردنەوەی فەساد و کاری بێئەخلاقانەیە لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا ، بەدەیان میوانخانە(هوتێل) ی چوار ئەستێرەو پێنج ئەستێرەیان دیاری کردوە بۆ قومارخانەی شەوان ، مەساج و شێلاندن کە هەمووی ئافرەتی بیانی دەیکات و بە سێکس کۆتایی دێت ، شوێنی تایبەتیان لە قاتەکانی سەرەوە تەرخان کردوە بۆ قەحبەخانەی تایبەتی بۆ بەرپرسە باڵاکان ژمارەیەکی بێشوماری لەشفرٶش ڕێگەیان پێدراوە لە جێگای تایبەتی لێرە و لەوێ بڵاوببنەوەو لەشفرۆشی بکەن ، هەندێ شوێنیتر بەکاردێت وەکوو مەلهای شەوان .
کارێکی تری نابەجێ ئەوەیە کە هەندێ لە کادیرانی پارتی پەیجیان بەناوی بەرپرس و ئەندام پەرلەمانەکانی ترەوە دروستکردوە بۆ سوکایەتی پێکردنیان، چۆنیان بوێ وەها پڕیدەکەنەوە بۆ ناوزراندنی ئەوانیتر .

هەندێ کۆمپانیای تر ناچاردەکەن کە نیوە بەنیوە کارەکان بکەن و قازانج بە شەراکەت بکەن لەگەڵیاندا ، ئەگەنا دەرگایان لێدادەخەن و ڕێگای کارکردنیان پێنادەن، ئەمانە بە لوشین و دزین و هەراجکردنی نەوت و گاز و وەرگرتنی شیرینی نەوت و کۆنترۆڵکردنی خاڵە گومرگیەکان کەدەکاتە ملیارەها دولار تێرناخۆن و تووشی غروری سیاسی و خۆپەرستی و هەلپەرستی بوون ، هاتوون پەلاماری قووتی خەڵک و پارەی خەڵک دەدەن لەبانکەکاندا بەناوی قەرزەوە، گوێ لە ئامۆژگاری و رەخنەی کەس ناگرن و زۆرچاک دەزانن شکستی سیاسییان هێناوە و ئیفلاسیان کردوە و ماوەی نزیکەی 30ساڵێکە میللەت بێزارو تووڕەیە لەمانە کەچی بەهۆی دەسەڵاتخوازی و لووتبەرزی خۆیانەوە نایانەوێ ئاور لەکەس بدەنەوە و بگەڕینەوە بۆ ڕاستیەکان.

جگەلەمانەی سەرەوە پارتی و پاراستن ، یەکێک لەکارە گرنگ و سەرەکیەکانیان برێتیە لە  کردنەوەی مەلەفی تایبەت بۆ ئەو کەسانەی مەبەستیانە چ ئەوانەی لە ڕیزەکانی خۆیاندان و چ ئەوانەی لەدەرەوەی ڕێکخستنەکەن ، ئەمە زیاتر کەسە دیارو بەرپرسەکان دەگرێتەوە کەبەشێوەیەکی نهێنی زانیاریان لەسەر کۆدەکەنەوە بەتایبەتی ئەوەی لە ڕەوشت و داب و نەرێتی کۆمەڵایەتی بەدەرە ، خۆشیان بە شیوازی جۆراوجۆر موناسەبات و شەوی سوور ڕێکدەخەن بۆ ئەو کەسانەی لەسەر خۆیان حسێبە و پلەو پایەی تایبەتیان هەیە و هەموو ئەمانە تۆماردەکەن و دەیپارێزن لەمەلەفەکانیاندا بۆ ڕۆژی پێویست ، هەرکەسێک لەمانە زێدەڕۆیی بکا و پێ خوار دابنێ و ڕیگایەکیتر بگرێتەبەر دژ بە ڕێبازی ئەمان ، ئەوا مەلەفەکانیان بۆ دەکەنەوە و هەڕەشەی ئابروبردنیان لێدەکەن ، کەسانی تر کە بەرپرسن و ئەو مەلەفەیان نیە ئەوا بە شێوازی تایبەتی چاڵی بۆ هەڵدەکەنن.

کارێکی تری ئەم حزبە خۆنزیک خستنەوەیە لە بەرپرسە تورکەکان ، عەرەبەکان ، کوردەکان ، بیانیەکان ، لەناو ئەمانەدا کەسە دیارەکان دەستنیشان دەکەن و هەریەکەیان بە شیوازی تایبەتی نزیک دەخەنەوە لە خۆیان بە بڕینەوەی مووچەی باش یاخود پێدانی بەخشیش و پارەی باش ، پاچە زەوی ، بەشەنەوت ، خانوبەرە ، ڤێلا ، سەیارەو زۆریتر .

پارتی بەهۆی ئەوەی پارەی زۆری میللەتی لا کۆبۆتەوەو بەتاڵان بردویەتی ، لەم مەیدانەدا توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێ و ژمارەیەک لەو کەسانە بکڕێ یاخود لەخۆی نزیک بخاتەوە کە مەبەستی بوە بەتایبەتی ژمارەیەک لە  ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی وگۆران و دواتر پێدانی پلەوپایەو ئیمتیازات بۆ هەر یەکێک لەمانە ، بێگومان لەمەودواش بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم کارە قیزەونەی ، جگەلەمانە ئەم حزبە لەمێژەوە پەیوەندیەکی توندو تۆڵی هەبوە لەگەڵ دەوڵەتەکانی دوژمن بە کوردو کوردستان وەکوو ئێران و تورکیا ، هەروەها لەگەڵ دەزگا هەواڵگریەکانیان ، بەمەش نەوەستاونەتەوە، کاتی خۆی خۆیان گەیاندە ئیسرائیل و لەگەڵ ئەویش پەیوەندیان بەست و ژمارەیەک لە سەرکردەکانیان سەردانی ئیسرائیلیان کرد لەوانە مەلامستەفا ، مەسعود بارزانی ، سامی عەبدولرەحمان ، دکتۆر مەحمود ، شەکیب عەقراوی و هەندێکی تریان . مەلامستەفا کاتی خۆی بڕوای وابوو کەبەبێ پشتبەستن بە دەوڵەتێکی گەورەو بەبێ یارمەتی ئەوان سەرکەوتن بەدەست ناهێنێ هەر بۆیە لە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیری 1975 ڕووخاو کوردستانی بەجێهێشت و چوە ئەمەریکا.  

ترسناکترین و کوشندەترین هەنگاوی پارتی لەگۆڕەپانی سیاسیدا چوونە باوەشی تورکیایە بەبی هیچ مەرجێک ، ئەم حزبە لە مێژەوە گەمەیەکی خۆفرۆشانە دەکات لەپێناوی مانەوەی خۆیدا، دوژمن چۆنی بوی وای بۆدەکا ، چونکە نە ئێستاو نەلە رابوردوودا بەرچاو ڕوون نەبوەو  لەسەر هیچ ستراتیژێک نەگیرساوەتەوە کە خێری کوردی تێدابێ ، لەمێژەوە دەستی هەڵگرتوە لە مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان و گاڵتە بە ئەقڵی کورد دەکات ، ملی ڕێگای بازرگانی و هەراجکردنی نەوت و گازی گرتۆتەبەر و ئەردۆغانی خوێنڕێژی کردۆتە شەریکە بەش لە کوردستاندا و رێککەوتننامەی پەنجا ساڵەی نەوتیان لەگەڵدا واژۆ کردوە لەسەر حسابی میللەتی کوردی ستەمدیدەو چەوساوە و بەشخوراو . هەموو کوردو میللەتان و دەوڵەتانی دنیا لایان ئاشکرایە کە تورکیا بە حکومەت و دەوڵەت و گەلەوە دوژمنی کوردن ، لەوەتی ئاکەپە بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان دەسەڵاتی گرتۆتە دەست لەتورکیا ، سیاسەتی ڕاونان و گرتن و کوشتن و پەلاماردان و بۆردومانکردنی کوردستان بەردەوامە لە کوردستان ، لەسەرەتادا تاکتیکی ئەردۆغان سووکایەتی کردن بوو بە سەرانی پارتی و ئاڵای کوردستان ، دواتر بەناوی دژایەتی پ ک ک و داکۆکی لە پارتی هێزەکانیان هێنایە کوردستان و دەیان بنکەی سەربازیان دامەزراند جگەلە جێگیرکردنی 16 بارەگای میتی تورکی لە شارەکانی هەولیر ، سلێمانی ، دهۆک . لەڕووی بازرگانیشەوە زیاتر لە 1300 کۆمپانیای تورکیا کاردەکەن لە کوردستان و تاڕادەیەک کۆنترۆڵی بازرگانی کوردستانیان کردوە . دەستکەوتی پارتیش لەمەدا تەنها وتەنها هێنانی کاولکاری و ماڵوێرانیە بۆ کورد

هەربەهۆی پارتیەوە چەندەها ملیار دۆلاری ئەم میللەتە کە بەتاڵان براوە لەبانکەکانی تورکیا دانراوە ، حکومەتی تورکیا کاری پێدەکات و پارەکە ناداتەوە ، ئەم حزبە لەسیاسەتدا قائیمەی قازانج و زەرەری خۆی نەزانیوە و نازانی و هەر بە ئەقڵی دیوەخان کاریان کردوە بۆیە حاڵمان خۆشە . لەپاڵ ئەو هەموو سووکایەتیەی ئەردۆغان بەکوردی دەکات ، هێشتا ئەم حزبە تەمێخواردو و ئاقڵ نەبوەو زیاتر دەچیتە پێشەوە لەگەڵ ئەردۆغاندا و چێ بۆ سیاسەتی ئەو باشبێت ئەوە دەکەن و دەڵێن ، نموونەی ئەمە چوونی نێچیروان بارزانی بوو بۆ بەغدا و داوای لە مستەفا کازمی (سەرۆکوەزیرانی عێراق) کرد کە پ ک ک بخەنە لیستی تیرۆرەوە بەڵام کازمی بەقسی نەکردن .

دیسان چەندساڵێک پێش ئێستا سەرانی پارتی کڵاوی ئەردۆغان چوە سەریان و مەسەلەی ڕێفراندۆمیان وروژان ، بەمەرجێک ڕێفراندوم تەنها ڕاپرسی و پرس کردنە بەخەڵک و هیچیتر ، نەدەستکەوتی سیاسیە و نەهی نەتەوەیی ونیشتمانی ، بەڵام پارتیو سەرۆکی هەرێم زلیان کردو دنیایان قڵپکردەوە و کەوتنە شیڕە شیڕ و هاوارکردن و پروپاگاندەکردن  ، بەری چاویان تاریک و سوور بوبو ، هەر بۆئەم مەبەستە کۆمەڵێ کاڵفام و نەخوێندەوار و مەسینە هەڵگریان هێنابوە سەر کەناڵەکانی تەلەفزیۆن کەقسەی سەر تەنوور و گوێ ئاگردان بۆ خەڵک بکەن، هەڕەشە وگوڕەشە پەخش بکەن و چاو  لە خەڵک سووربکەنەوە و هوشیاری بدەنە ئێران و تورکیا گاڵتەیان بە ئامۆژگاریەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاو سیاسەتمەدارانی تر دەهات و وازیان نەهێنا هەتا سەریان دای بەزەویدا و چەند ساڵێک کوردیان بردەوە بۆ دواوەو ئەم ڕۆژەیان بەرهەم هێنا کە هەموومان بەچاوی خۆمان دەیبینین و دواتر ئەردۆغانیش تاتوانی سوکایەتی پێکردن ، ئەمانە بەهۆی ئەوەی ئینتەلای سیاسیان کردبوو کەوتنە بەر نەفرەت و تانە وتەشەری میللەت و خۆشیان وەکوو میزەڵدان فش بوونەوە و ئیتر ببڕای ببڕای باسی ڕێفراندۆم بکەن .

پارتی دەبوایە لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە دروشمی مافی چارەی خۆنووسینی بەرزبکردایەتەوە بە دامەزراندنی دەروڵەتی کوردیشەوە کە خواستێکی نەتەوەیی یە و لەهەمانکاتدا ئامانجی بەرز و پیرۆژی گەلەکەمانە بە هەموو توێژو چین و حزب و ڕێکخراوەکانیەوە و موڵکی هەموانیشە و هیچ کەس و لایەن و حزبێک بۆی نیە یاری پێبکات و زەوتی بکاو بەکاری بهێنێ بۆ جۆرێک لە بەرژەوەندی تایبەتی ، پارتی ئەگەر خەڵک چەواشە ناکات و خۆڵ ناکاتە چاوی خەڵکیەوە با لە پێشاندا دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەندایە بەبێ شیڕە شێڕ و هاوار ، ئەگەر کۆسپ و تەگەرە و نارەزایەتی هاتەڕێ ئەوجا باسی ڕیفراندۆمی بکردایە ، هەرچەندە ساڵی 2005 میللەتی کورد بە شێوەیەکی ناڕەسمی ڕێفراندۆمی کرد و زۆربە داوای جیابوونەوەیان لە عێراق کرد بەڵام پارتی و یەکێتی لەدژی وەستانەوەو دانیان بەم ڕاپرسیەدا نەنا . لەڕاستیدا کارکردن بۆئەم مەسەلەیە دەبێ لەڕێگەی زەمینەخۆشکردن بێت بۆ ڕزگارکردنی میللەت لە قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ، خۆشکردنی گوزەران و ژیانی ئەوان ، بیناکردنی ژیرخانی ئابوری کۆمەڵ بە شێوەیەکی تۆکمە و بەهێز ، گێرانەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان (کەناوی ناوچەی جێناکۆکی لێنراوە) بۆ سەر هەرێمی کوردستان ، دامەزراندنی سندوقێکی تایبەتی نەتەوەیی بۆ داهاتی نەوت و گاز و داهاتەکانی تر لە کوردستاندا کە بە دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە داهاتی نەوت دەبێت بەپێی یاسای ژمارە 2 ی ساڵی 2015 کە پەرلەمانی کوردستان بریاری لەسەرداوە ، هەروەها ڕێکخستنی گوتاری سیاسی کورد و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد مەرجێکی تری ئەم بانگەشەیەیە .

لەڕاستیدا پارتی لە مێژەوە ئەو درووشمانەی پێچاوەتەوە و دەستی لێهەڵگرتوە و بەلایدا ناچێ ، ئەوان بەبەرنامە هەموو شتێکیان سووک و خراپکردوە ، میللەتیان تاساندوە و ڕێز لەمافەکانیان ناگرن ، وەکو کۆیلە و مێگەل مامەلەیان لەگەڵدا دەکەن ، ئەم حزبە لەکاتێکدا دەسەڵات لە دەستیانایە و دەستیان دەڕوات و کێشەیان نیە ، بەری چاویان تاریکدەبێ و لا لەکەس ناکەنەوە ، بەپێچەوانەوە لە ڕۆژی تەنگانەدا کە لێیان دەقەومێ ، زۆر ئاساییە لایان سازش لەگەڵ دوژمنەکەیان بکەن و لێێان بپاڕێنەوە ، خۆئەگەر توێژەکانی میللەت نارەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بەسیاسەتی چەوت و بێکەڵکی ئەوان ، ئەوا بەلایانەوە ئاسایی و حەڵاڵە کە پەنابەرنە بەر هێزەکانیان و پەلاماری خەڵکی بدەن ، ڕاویان بنێن ،  لێیان بگرن ، لێیان بکوژن ، بۆئەمەیان ئازاو بەچکە شێرن ، بەڵام کە داعش شەنگال و موسلی گرت و ویستیان بەرەو هەولیر بڕۆن ، هێزەکانی ئەمان هەموو ڕایانکرد ، ئەمەلەکاتێکدا خۆیان هاوکاری داعش دەکەن بەپارەو چەک دژی حکومەتی مەرکەزی و بازرگانیان لەگەڵدا دەکەن ، تەنانەت داعش لەڕێگای بانکێک یان چەند بانکێکەوە لە هەولێر پارەکانیان وەردەگرن کە بۆیاندێت.


پارتی و یەکێتی دوو بازرگانی ملیاردێر
پێش دووکەرتبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ باڵی مەلایی و جەلالی و پێش دامەزراندنی کۆمەڵە و یەکێتی و حزبەکانیتر ، چڵەوی سیاسی لەکوردستاندا لەدەستی پ د ک دابوو ، لەسەرەتادا ئەندامان و جەماوەری پارتی سەرچاوەی داهات و کۆمەک و یارمەتیەکان بوون کە هەمووی لە شارەکاندا لەشێوەی خواردن ، دەرمان ، جلوبەرگ و پارە کۆدەکرانەوە و ڕەوانەی مەکتەبی سیاسی دەکرا لە شاخ و ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان دابەشیاندەکرد، یارمەتیەکانی ئەوسەردەمە بۆ پێشمەرگە زۆر کەم و سنووردار بوون و بەشی پێشمەرگەی نەدەکرد .

کەپارتی هێزی لەدەور کۆبوەوە و پێشمەرگەش چاوی کرایەوە لەلادێ و گوندەکاندا ، سەرانە و موڵک و ماڵ زەوتکردن و تاڵان و بڕۆ و دەستدرێژی بۆ سەر شەرەفی خەڵک دەستی پێکرد چونکە لەپاڵ چەک هەڵگرتنەکەدا هەڵمەتی هوشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و ئاراستەکردنی سیاسی بە شیوەیەکی مۆدێرن و سەردەمانە نەبوون و چەک بەشانەکانیش چاو سوور ولەخۆبایی بوون ، حزبەکە ئاگاداری ئەم کارە ناڕەوایانە بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە ئەوسا خۆشەویست بوو ، نرخی هەبوو ،  بەهۆی ئەو چەکەی لە شانیاندا بوو چاویان لێدەپۆشین و بە شێوازی خێڵەکی کێشەکان چارەسەردەکران و دەخران بەلادا ، لەم ڕێگایەشەوە پارتی دەستکەوتی خۆی هەبوو بەڵام نەگەیشتبوە ئەوەی پێی دەوڵەمەند ببێت . لەهەلومەرجێکی تردا کە پارتی پێدەنێتە دۆخێکی سیاسی نوێوە و فێری پەیوەندی بەستن و گەمە سیاسیەکە دەبێت ، باری ئابووری گۆڕانی بەسەردا دێت و دەبووژێتەوە ، لەڕووی سەربازیشەوە دەستکەوتی دەبێت ، ئەوکاتانەی پارتی لە بەغدا نزیک بوەوەو گفتوگۆ دەستپێکرد لە ساڵەکانی 1963 ، 1964 ، 1966 ، 1970 باری پارەوپوول و ئابوریان گۆڕانی بەسەردا هات و بووژایەوە بەتایبەتی لەمێژەوە و هەتا ئێستایش یەکەم دوای ئەوان لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان پارەوپوول بوە و مەسەلەی میللەت بە پلەی دوو و سێ هاتوە ، کەپەیوەندیشیان لەگەڵ ئێران و تورکیا(ساواک و میت) بەهێزکرد ، لەوانیش پارمەتیان وەرگرت وخۆیان پێدەوڵەمەند کرد ، بۆ نموونە کە مەلا مستەفا وتی کاری من تەواو بوو و چوە ئەمەریکا ، بە پێی هەندێ سەرچاوە زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلاریان هەبوە و بەشی کەسیشیان لێنەداوە.

لەڕێککەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975 وە هەتا ڕاپەرینی 1991 باری ئابووری و سیاسی حزبە کوردستانیەکان گۆڕانی گەورەی بەسەردا نەهات ، تەنها لە ساڵی 1984 دا ی ن ک بەهۆی ناکۆکی خۆی لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان بەناچاری کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ سەددام و رژێمی بەعس چونکە لە کوردستان بەهۆی شەڕی ناوخۆوە هەموو دەرگاکانیان بەروودا داخرابوو ، حاڵیان شڕ بوو ، لەوساڵەدا چەندجارێک چوونە بەغدا بەبێئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ سەددام و بەناچاری بەغدایان جێ‌ێشت و گەڕانەوە بۆ ناو پێشمەرگە .

دەرفەت بۆ پارتی و یەکێتی هەڵکەوت کە هەندێ لەبەرپرسەکانیان زۆر بێئەخلاقانە لەدوای کیمیابارانەکە  هەڵەبجە تاڵان بکەن و زێرو ئاڵتوونی لەشی لاشەی ئافرەتی خنکاو داماڵن و  خۆیان و حزبەکانیان سووک وناشیرین بکەن لای میللەت . دەرفەتی دووم ڕاپەڕینی ساڵی 1991بوو کە بەعس پەلاماری کوردستانی داو کۆڕەوەکەی لێکەوتەوە ، بەرپرسەکانی هەردو حزبەکە وەکوو گورگی هار کەوتنە تاڵانکردنی کوردستان و چییان توانی و لەدەست هات ،  ئاودیوی ئێرانیان کرد، من تێناگەم ئەمانە چۆن لەڕوویان دێت سەربەزبکەنەوە؟! چۆن لەڕوویان دێت بڵێن ئێمە کوردین ؟! ئائەمانە ئێستا نوێنەری میللەتن ! .

لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و کشانەوەی حکومەت لە کوردستان ، پارتی و یەکێتی پەنجا بە پەنجا دەسەڵات و ئیدارە و دارایی یان دابەشکرد لە نێوخۆیاندا ، سەرچاوە داراییەکانی ئەو سەردەمە تەنها گومرگەکانی سەر سنوور و داهاتەکانی ناوخۆ بوو ، لەبەرنامەی نەوت بەرامبەر بەخۆراک لەعێراق کورد بەشێکی هەبوو ، هەتا ساڵی 2003 کە رژێمی سەددام لێی درا ، کورد یارمەتی تری نیودەولەتی نەبوو ، پەیوەندیش لەگەڵ بەغدا نەمابوو ، هیچ پارەیەک لەوێوە نەدەهات بۆ کوردستان ، دەوڵەمەندترین خاڵی گومرگی سەر سنوور ئیبراهیم خەلیل بوو کەپارتی دەستی بەسەردا گرتبوو و بەشی یەکێتی لێنەدەدا .
ساڵی 1994 جەولەیەکی تری یەکتری کوشتن دەستیپێکردەوە کە 3 سێ ساڵ زیاتری خایاند و سەری هەزاران نەک (سەدان) پێشمەرگەی هەردوولای خوارد ، ئامانج لەشەرەکە پارەوپوول و داهاتی ئیبراهیم خەلیل بوو کە پارتی دەوڵەمەند کردبوو نەک مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان ، یەکێتیش خەونی دەبینی چۆن ڕۆژێک لە ڕۆژان دەستی بگاتە ئیبراهیم خەلیل و داهاتەکان بۆخۆیبێت ، شەرەکە بەشەقی ئەمەریکا ڕاگیرا کەقوربانیەکەی هەزاران رۆڵەی کورد بوو ، هەردولا (کاکە و مامە) چونە ئەمەریکا و لەوێ ڕێککەوتننامەی واشنتۆنیان واژٶکرد . لەدوای ڕێککەوتنەکە هەدولا لە ناوچەی زەردو سەوز دەسەڵاتی خۆیان پاراستبوو ، دێگەلە سنووری نێوان هەردولابوو ، سەرچاوە داراییەکان گۆڕانی بەسەردا نەهاتبوو هەتا ڕووخانی ڕژێمی سەددام لە نیسانی 2003 دا .

لەو ڕۆژەوە عێراق گۆڕانێکی سیاسی گەورەی بۆ خۆوە بینی ، ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەهۆی ڕژانی پارەوە تەواو گۆردرا ، برێمەر کە حاکمی سیاسی عێراق بوو لەڕێوە 3 سێ ملیار دۆلاری دا بەیەکێتی و پارتی کە لەناوخۆیاندا بەشیان کرد بێئەوەی ئاور لە میللەت بدەنەوە و هەندێک لەو پارەیە بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری تەرخان بکەن ، جەی گارنەر مانگانە 15 ملیۆن دۆلاری پێدەدان بەمەرجێ هێزەکانیان جووڵە پێنەکەن بۆ ناوچە داگیرکراوەکان ، هەروەها بەڵێنی زیادکردنی ڕێژەی نەوتی پێدان لە13% وە بۆ 17% ، برێمەر و پەرلەمان وحکومەت بودجەی ساڵانەیان بۆ هەرێمی کوردستان دابینکرد کەئەویش دەکرا بەدوو کەرتەوە و بەئارەزووی خۆیان یاریان پێدەکرد و دزییان لەسەردەکرد ، بازاری بازرگانی گەورەی وەکوو جگەرە ، مەشروب ، خواردن ، دەرمان و هەموو پێویستیەکی تر لەڕێگای کۆمپانیای گەورە گەورەی زەبەللاحی ئەم دوو حزبەوە دەستی بەسەردا گیرا ، هیچ چالاکیەکی ئابوری وبازرگانی لە کڕین و فرٶشتن لە کوردستاندا ڕێی پێنەدەدرا ئەگەر بەشی ئەم دوو حزبەی تێدا نەبوایە . هێنانی هەموو کەرەسە و شتێک لەدەرەوەی وڵات یان ناردنە دەرەوەی هەر کەلوپەلێک دەبوایە پشکی ئەم دوو حزبەی تێدابوایە . پارتی بەو دەستکەوتانە نەوەستایەوە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام هاتەدەستی و کەوتە پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای گەورە گەورەی نەوتی دنیاوە کە بێن بۆ کوردستان بەدوای نەوتدا بگەرێن و بەرهەمی بهێنن و لەڕێگای تورکیاوە ڕەوانەی دەرەوەی بکەن ، ئەوان کوێرانە ئەم هەنگاوەیان نا بەبێ دیراسەکردنی باری جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و زەرفی زاتی و مەوزوعی عێراق و کوردستان و ئەو ئەنجامانەی لێی دەکەوێتەوە ، زۆرێک لە لایەن و کەسانی شارەزا و ناسراو ئامۆژگارییان کردن کە دەستکاری ئەم سامانە سروشتیە نەکەن ، بابمێنێتەوە بۆ نەوەی داهاتوو ، بەڵام گوێیان نەدایە ئامۆژگاری و قسەی کەس ، وەکوو کەسانی برسی و چاوچنۆک و نەدی و بدی دەستیان کرد بە کارکردن لەسەر پرۆژەکان و نەوتیان بەرهەم هێنا و دەیان گرێبەستیان واژۆکرد لەگەڵ تورکیا و کۆمپانیا گەورەکان بەبێ ئاگاداری حکومەت و پەرلەمان و بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە نرخی بازاڕی نەوت فرۆشتیان بەدەرەوە .


ئەم گەندەڵانە بە شێوازی جۆراوجۆر تورکەکانیان ڕازیکرد بۆ ئەمکارە :
یەکەم: ڕاکێشانی بۆری نەوت لەکوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکیا بەسەرپەرشتی و ئاگاداری تورکەکان .
دووەم: فرٶشتنی نەوت بە تورکەکان بە نرخێکی خەیاڵی هەرزان ، تاڕادەیاک بە خۆڕایی .
سێیەم: بەشی تورک لەو نەوتەی دەچێتە بەندەری جیهان .
چوارەم: ڕێککەوتننامەیەکی  50  ساڵییان واژۆ کرد لەگەڵ تورکەکاندا لەبەرژەوەندی تورکیا .
لەپاڵ ئەمانەدا بنەماڵەی بارزانی کە بەئارەزووی خۆیان تەراتێنیان دەکرد لە کۆردستاندا و لەژێر چاودێری کەسدا نەبوون ، فێری بەرتیل و شیرینی وەرگرتن بوون لەکۆمپانیا نەوتیەکان بەرانبەر گەران بە دوای نەوتدا هەروەها بەرهەمهێنانی . ئەم دزو جەردانە تاساڵی 2014 زیاتر لە 5 ملیار دۆلار شیرینی نەوتیان وەرگرتوە جگە لەپارەی پەترۆ دۆلار کەهەمووی حەپەلووش کراوە و میللەتی لێبێبەش کراوە، جگەلەوە ئەمانە وەکوو ئەمیرەکانی خەلیج و سعودیە  کێلگەی نەوتی تایبەتیان هەیە بەناوی خۆیانەوە وەکوو کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە .

بەرهەمهێنانی گاز سەرچاوەیەکی تری داهاتە کە خەڵکانی سەر بە بنەماڵە بە نرخێکی گران دەیفرۆشنەوە بە هاوڵاتیان  و شوێنانی تر . لەپاڵ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە کوردستاندا جەندین پاڵاوگەی نەوت درووستکراوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و بەنزین کە بەنرخێکی گران ساخی دەکەنەوە بەسەر خەڵکیدا و پارەکەی بۆ بنەماڵەیە .

ئەو پارە بێشومارە زۆرەی ڕژایە خەزێنەی بنەماڵەی بارزانیەوە وای لەوان کرد پەل بهاوێژن بۆ دەرەوەی وڵات ، پارەکانیان بگوێزنەوە بۆ ئەمەریکاو ئەوروپاو خەلیج ، لەوێ وەبەرهێنان بکەن . بەقسەی سەفیری ئەمەریکا لە عێراق  بنەماڵە 147 ملیار دۆلاریان هەیە لە بانکەکانی ئەمەریکا و ئەوروپادا .

نموونەیەکی زیندووی وەبەرهێنانی بنەماڵە لەئەمەریکا گروپی لینایە(Lina holding ) کە لینا ی کچی سیروان بارزانی خاوەنێتی و پێکدێت لە 26 کۆمپانیا ، 14 هوتێل ، 6 کارگە و 286 قاوەخانە ، 540 شوققەی نیشتەجێبوون و 48 ڕیستۆرانت ، 8 سەنتەری مەلەوانی و 2 پرۆژەی گەشتیاری و یەک نەخۆشخانە و یەک بانک . جیگری بەرێوەبەری لقی لۆس ئەنجەلس ی گەورەترین بانکی ئەمەریکاو جیهانە ( J P Morgan )کە خاوەنی گەورەترین سەرمایەی پاڵپشتە بە گوژمی 2 ترلیۆن و 450  ملیار دۆلار . ئەم کچە لەدایکبووی ساڵی 1994 ە واتە تەمەنی 26 ساڵە.

کۆمپانیای کار کە بنەماڵە خاوەنێتی و لەناوەوی هەرێم کاردەکات و دەستی گرتوە بەسەر جومگە سەرەکیە ئابوریەکانداو سەرپەرشتی کاروباری کۆمپانیاکانی خوار خۆی دەکات ، گەورەترین دەسەلاتی هەیە لە کوردستاندا و بە حکومەتی سێبەر ناودەبرێت ، چونکە بەبێ چاودێری و لێپرسینەوە کارەکانی دەکات و حساب بۆ حکومەت و پەرلەمان ناکات و یەکسەر پەیوەندی بەبنەماڵەوە هەیە ،  لەدەڤەری سەوزیش کۆمپانیای قەیوان و ئیدارەی گشتی وەکوو کۆمپانیای کار خاوەنی دەسەڵاتی ئابووری یەکێتین .

جگە لەنەوت و گاز و سەرچاوەکانی تری پارەو سەرمایە کە ئاماژەم پێکرد ، یەکێتی و پارتی بەشێوازی تریش داهات و دەستکەوتیان هەبوە و بازاریان گەرم بوە ، هاتنی داعش بۆ سوریا و عێراق دەرفەتێکی زێرین بو بۆ هەردولایان ، لەلایەک ئەمەریکا هاوکاری و یارمەتی پێشمەرگەی دەدا ، چەک و تەقەمەنی و تفاقی شەڕی دەنارد جگە لە یارمەتیدانی هەردو حزبەکە بە ملیۆنەها دۆلار بەناوی یارمەتی بۆ پێشمەرگەو کەسیش نازانێ چۆنیان خەرجکرد .

سعودیەش هاتە سەر خەت و بەملیۆنەها دولاری دا بەیەکێتی و پارتی بۆ شەڕی داعش ، لەمەشیاندا هەر خۆیان دەزانن چی لەپارەکەهات . کارێکی تری قێزەون و ئابروبەرانەی ئەمانە بۆ پارەپەیداکردن  ئەوەیە کە پەنایانبردە بەر  فرۆشتنی چەکەکانی ئەلەمانیا بە دوژمنانی گەلەکەمان کە وەکوو یارمەتی درابوو بە پێشمەرگەو دوایی ئەلەمانیا پێیزانی و نارەزایەتی وبێزاری خۆی دەربڕی ، ئەم بێویژدانانە وەکوو چەتەو ڕێگر مامەلە دەکەن ، بەس پارەیان بدەرێ یان سەرچاوەی پارەپەیداکردنیان دەست بکەوێ ئیتر هیچی تریان ناوێت ، میللەتێک و وڵاتێکیان خستۆتە مەزادی عەلەنیەوە لە پێناوی پارەدا ، ئێستا هەر گەلی کورد نیە کە ئەمانە دەناسێ و لێیان تێگەیشتوون ، هەموو میللەتان و وڵاتانی دنیا ئەمانە دەناسێ و بە دزو جەردە و عەسابە ناویان دەبەن و بڕوایان پێیان نەماوە . بەم شێوەیە ئەم دوو بنەماڵەیە بە شێوەیەکی ناشەرعی بوونە ملیاردێری سەردەم لە کوردستاندا لە ڕێگەی بە تاڵانبردنی داهات و سەروەت و سامانی گەلەکەمان ، داگیرکردنی موڵک و ماڵ و دەیان تەپۆڵکە و گرد وشاخ و زەوی خەڵک و هەرێم ، بەقاچاخ فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی سەدان تەنکەرەوە کە ڕیزدەبەستن بەرەو ئێران و تورکیا . چی چاوەروان دەکەیت لەم نوخبە خێڵەکیە سەقەتە دواکەوتوە کە لە تەقەکردن و پیاوکوشتن و کاری پۆلیسی و موخابەراتی بەولاوە هیچی تر نازانن و فیرنەبوون و ماوەی 29 ساڵە هەنگاوی سەقەت دەنێن و کاری سەقەت ئەنجام دەدەن و کۆمەڵگای سەقەت بۆئێمەبەرهەم دێنن ، کوردستانیان کردۆتە کەلاوە وسەرەنوێلک بۆ کورد ، ئەوپارەیەی کە هاتۆتە دەستی ئەمانە و دزیویانە و هێشتا ئێمە زانیاری تەواومان لانیە لەسەر بڕەکەی ، دوو وڵاتی وەکوو سوریا و ئەردەنی پێ ئاوەدان دەکرێتەوە و بەخێو دەکرێ ، لە جێی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و پێشخستنی لەڕووی کشتوکاڵ و پیشەسازی و دامەزراندنی ئێستگەی گەورە گەورەی ئاو و کارەبا و دروستکردنی جادەو ڕێگاوبان و خەتی شەمەندەفەر و خەستەخانە و قوتابخانە و باخچەی منداڵان و فرٶکەخانەی مودێرن و دەیان پرۆژەی تری وەبەرهێنان  ، لە جیاتی ئەمانە کوردستانیان خستۆتە مەزادی عەلەنیەوە بۆ تورکە  فاشیستە داگیرکەرەکان ، ئەوان خاکەکەی ئێمەیان بەبیانووی جۆراوجۆرەوە لێ داگیرکردوین و بوونەتە شەریکە بەش لەگەڵماندا .

بنەماڵەی بارزانی بەهۆی ئەوەی پەروەردەی دەستی دەزگا هەواڵگریەکانی ساواک و ئیتیلاعات  و میت و موسادن و شتی زۆر لەوانەوە فێربوون ، زیاتر بە کاری بازرگانی و پۆلیسی و موخابەراتیەوە خەریکن ، کەمتر سەرقاڵی مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانن بەتایبەتی دوای ئەوەی لە بانگەشەی ڕێفراندۆمدا شکستیان هێنا و توشی نووچدان بوون و ساڵانێکی زۆر کوردیان گێرایەوە  بۆ دواوە . بەم پێیە دەسەڵاتێکی تاکرەوی بیرۆکرات و ئەرستۆکراتی پیادەدەکەن ، سووک سەیری خەڵک دەکەن ، چەواشەو سەرگەردانیان دەکەن، بنەماڵەیەک کەئەمە ڕێبازەکەی بێت ، ماف و ئازادیە دیموکراتەکان پێشێل بکات لەپێناوی دەستکەوتی تایبەتیدا ، خۆیان لە سەرووی یاساو دەستورەوە ببیننەوە ، یاساو دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن ،  بۆ کاری نایاسایی و ناڕەوا ، بازرگانی بە ئارەق و فرمێسک و خوێنی ڕۆڵەی کوردەوە بکەن ، هەموو شتێک قۆرخبکەن لەکوردستاندا ، کۆنەجاش و مستەشار و بەعسی و ئەمن و موخابەراتەکانی سەددام لە نێوخۆیاندا دابەش بکەن و شانازی پێووبکەن ، پێشبرکێ بکەن لەسەرئەوەی کێ باشتر خۆی دەفرٶشێ بە ئێران و تورکیا و شوێنانی تر ، ئەگەر ئەمە بیروباوەڕ و خواست وڕێبازی ئەوان بێت، ئیتر چۆندەبێ خۆیان بە نوێنەری کورد بزانن لەکوردستان و بەغدا ، کەسی تریش بە هیچ ، ئێستایش لەدوای شکستە سیاسیەکەیان ، بەناچاری و سەرشۆڕی بەرەو بەغدا دەچن و لێیان دەپاڕێنەوە کەلەگەڵیاندا ڕێكبکەون لەسەر مەسەلەی بودجەو نەوت . بەغداش دەستەکەی ئەمانی لا کەشف بووە و بەدز و ساختەچی و دەستبڕ ناوزەدیان دەکات و تێگەیشتوە کە ئەمانە لەسەردەمی نوری مالکی و حەیدەر عەبادی و  عادل عەبدولمەهدی یەوە هەر خەریکی کات کوشتن  و درۆ و ساختەهەڵچنین بوون و ڕیزو حورمەتیان بۆ خۆیان نەهێشتۆتەوە و دەیانەوێ بلۆف لە بەغدا بدەن و کارەکە تێپەڕێنن ، ئەوکاتەی نرخی نەوت لەبازارەکانی نەوتدا بەرزدەبۆوە ئەمان پشتیان دەکردە بەغدا بۆیە بەغداش بڕواو متمانەی بەمانە نەماوە ، لەوە گەیشتوون کە ئەم بنەماڵەیە بودجەی کوردستان و داهاتەکانی نەوت و گاز و خاڵە گومرگیەکان و هی تریش نابەنە پەرلەمان ولەڕێوە نیوەی دەدزن و پەرلەمان ئاگاداری هیچی ئەمانە نیە ، بەسەدان هەزار مووچە خۆری بندیوار ، پۆلیسی ناوخۆ ، زیرەڤان ، پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن ، پاسەوان هەن کە هەندێکیان هەر ناویان هەیە و خۆیان دیارنین ، دەیانەوێ پارەی ئەوانەشیان بۆخرج بکرێ و قورخی بکەن .

حکومەتی سێبەرو کۆمپانیا زەبەللاحەکانی حزبەکان ڕێگرن لەوەی بودجە و داهاتی نەوت و گاز و داهاتەکانیتر بچێتە پەرلەمان چونکە بە زەرەری ئەوان تەواودەبێت ، هەروەها ڕازی نین مووچە بەپێی سیستمی بایۆمەتری دابەشبکرێت بۆئەوەی ژمارەیەکی سەربەخۆیان بتوانن زیاتر لە مووچەیەک وەربگرن . ئابەم حاڵە حزبەکانی بنەماڵە شیڕەشیڕ دەکەن بەسەر میللەتێکدا کە بەبەرنامە برسی کراوە و پسێنراوە و دەڵێن ئەوە ئێمەین کە ئەم ڕۆژەمان درووستکردوە ، ئەوەی دەیبینن بەرهەمی خەبات و تێکۆشان و شۆڕشی چەندساڵەی ئێمەیە کەچی ڕاستیەکەش ئەوەیە کەپارتی و یەکێتی فڕیان بەسەر ئەوبارودۆخەی عێراق و کوردستانەوە نیە ، داگیرکردنی کوێت و دواتر هێرشی سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆسەر هێزەکانی سەددام لەکوێت و دەرپەڕاندنیان ، دواتریش لێدان و ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام لەلایەن ئەمەریکاوە هۆکاری سەرەکین بۆ ئەو بارودۆخەی دوێنێ و ئەمڕۆی عێراق ، پیویستە میدیای حزبەکان دەست لە فشە فش و خۆهەڵکێشان هەڵگرن .

ئەمڕۆ ساڵێکە مەسرور بارزانی و حکومەتەکەی دەستبەکار بووەو هاتۆتە سەر خەزێنەیەکی بەتاڵ ، 30 ساڵ لەبەر تاڵان و برۆ و دزیکردن هیچ پارەو زێڕ و یەدەکێکیان نیە لەخەزێنەی هەرێمدا ، بارودۆخەکە خراپترە لەوەی پێش خۆی ، یەکەم دیاریی کە ئەو پێشکەشی گەلەکەی کرد بەبێئەوەی پێی نەنگ بێت وتی: حکومەت 27 ملیار قەرزارە ، دەتگوت لەدوکانی بەقاڵێک گوێز دەژمێرێت بۆ خەڵکی ، خۆیشی لەمە بێبەری کرد و کەموکوڕیەکانی خستە ملی حکومەتی پێشوو کە ئامۆزاکەی (نێچیروان) دەیبرد بەڕێگاوە . ئەوەی جێی سەرسوڕمانە و سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە بۆچی کاک مەسرور و یاریدەدەرەکانی ئەم میللەتە بە گێل و دەبەنگ دەزانن ، ئەم میللەتە بەدەیان پسپۆری ئابوری ، سیاسی ، ئیداری ، پسپۆری نەوت ی تیایە کە دەیانی وەکوو مەسرور بارزانی لەسەر پەنجە دەخولێننەوە ، هەموان دەزانین کە وڵاتەکەی ئێمە لەسەر دەریایەک نەوت و گازە ، ئایا ئێمە نەوت و گازمان لەم ولەو کڕیوە هەتا قەرزاربین یان فرٶشتوومانە؟!!! ، زۆر بەڕاشکاوانە دەڵێم کە مەسرور بارزانی گاڵتە بە ئەقڵی خۆی دەکا و بەخۆی پێدەکەنێ و هیچ کەسێک گوێ لەم قسانەی ئەو ناگرێ و حسابی بۆناکات ، خەڵکی هوشیار زۆرن لەناو ئەم میللەتەدا کە ئەو قسانە رەتبکەنەوە .

کورد لە باشوور لەپێش دەرهێنانی نەوت و تەنانەت لەسەردەمی سەددامیشدا هەزار دۆلار قەرزار نەبوە ، ئەوە خێرە ئێستا 27 ملیار دۆلار قەرزارە ؟!!!!! میللەتەکەی ئێمە ساڵ دوانزەی مانگ هاوارێتی بەدەست نەبوونی ئاو ، کارەبا ، نەوت ، گاز  ، پارەش دەدات بەهاسانی دەستی ناکەوێت . من بە کاک مەسرور دەڵێم : میللەتەکەی ئێمە گوناهی چیە و چ تاوانێکی هەیە وا بێباکانە 27 ملیار دۆلار دەخەنە ئەستۆی ، ئەمە هیچ نەبێت سووکایەتیەکی گەورەیە لەپێشاندا بە خۆتان ئینجا دوایی بەمیللەتێکی سەتەمدیدە ، پیویستە بەرپرسەکان واز لەم قسانە بێنن و بگەڕینەوە بۆ ڕاستیەکان و ددان بە هەڵەو تاوانەکانیاندا بنێن، مەسرور بارزانی بەم شێوەیە دەوڵەتداری پێناکرێ و ناتوانێ کاروبای حکومەت بەڕیوەبەرێ چونکە ئەو شکشتی هێناوە ، جگەلەوە ئەو نەیتوانیوە ڕێز لە ئیرادەی خەڵک و پەرلەمان بگرێت و لەهیچ هەنگاوێکیدا نەگەراوەتەوە بۆ ئیرادەی پەرلەمان و پرسی بەوان نەکردوە ، پەرلەمان لای ئەو تەنها تەنەکەی خۆڵ و سەرەنوێلکە و هیچ بایەخێکی یاسایی و دەستووری نیە ، کارو پیشەو خەبات و تێکۆشانی مەسرور بارزانی و حزبەکەی هاتۆتە سەرئەوەی چۆنچۆنی مووچەی مووچەخۆران دابین بکات ئەمە لەکاتێکدا- مووچە-مەسەلەیەکی سیاسی نیەو و کێشەی گەلی ئێمە کێشەی مووچە نیە بەتەنیا ، ئەوەتا بەدەیان کێشەی تری نەتەوەیی و نیشتمانی لەولاوە خەوی لێکەوتوە ، گەندەڵ و گەندەڵکاران ناوێرن بەلایدا بچن و قسەی لەسەر بکەن نەبادا حکومەتی مەرکەزی ناوچەوانی گرژبکات و نیگەران بێت .

گەورەترین کێشەی میللەت لەگەڵ حزبی بنەماڵە ئەوەیە کە کەس نازانێ داهاتەکان کامانەن و چی لێهاتوە و بۆچی خەرجکراوە ، لەهەموو دنیادا لە ناو هەموو دامەزراوەکەیدا دەوڵەت ، حکومەت ، حزب ، کۆمپانیا ، کۆمەڵەی خێرخواز ، ڕیكخراوە کۆمەڵایەتیەکان .... هتد شتێک هەیە پێی دەڵێن موازەنە و حسابی خیتامی کەساڵانە نیشانی دەدات ئەو دامەزراوەیە دەستکەوت و داهاتی چەندە هەروەها خەرجکردن و سەرفکردنەکانی چەندە ، واتە قازانجەکان و زیانەکان لە ساڵێکدا کامانەیە ، حزبی بنەماڵە تەنها موازەنەی دیوەخانیان هەیە کە پیشانی دەدات چی هاتۆتە سەر حسابەکەیان یان دەستیان ، بەڵام نابێ و لەخۆیان بەولاوە کەسیتر بزانێ چۆنچۆنی خەرجکراوە ، ئەمە کێشەیەکی گەروەیە لەگەڵ تەنها گەلی کورد نا بەڵکوو لەگەڵ بەغداش کە هێشتا نەکەوتوە بەلایەکدا، جگەلەوە ئەوانەی دەچنە باغدا کەسانی پسپۆر و شارەزا نین لەکایەکانی نەوت ، ئابوری ، موحاسەبە و ئیدارە و کەدەکەونە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەمیان دەبێت بە تەڵەی تەقیو و لەزۆر داواو پرسیاری ئەوان ڕادەکەن و خۆیانی لێدەدزنەوە و خەریکی لەف و دەوەران دەبن .


پەیامێک بۆ ئازادیخوازان
ساڵانێکی دوورودرێژە دەسەڵاتی سیاسی تاکڕەو و بیرۆکرات ئازادی خەڵکیان زەوتکردوە لەکوردستاندا و نایانەوێ خەڵک ئەو سنوورە تێپەڕێنێ کە ئەمان دیارییان کردوە بۆ ئازادی و دیموکراتی ، ئەوان داوا لەخەڵک دەکەن کە خۆی ساخبکاتەوە لە نێوان ئازادی و کۆیلایەتی ، ئەگەر خەڵک دووەمی هەڵبژارد ئەوا بەئاسانی ملی خۆی دەسپێرێت بە تیغی دەسەڵات .

زۆرداران هەرچەندە زیاتر تاڵانیی بکەن ، چاوچنۆکتر بن ، زێتر کاولکاری و وێرانی بکەن ئەوا پێیان وایە میللەت زیاتر خۆیان دەدەن بە دەستەوەو ملکەچدەبن ، بەخت ڕەشەکان خۆیان هۆکاری بەدبەختین چونکە چاویان لەمافەکانیان پۆشیوە ، مەزارەکانیان تاڵاندەکرێن ، سامانەکانیان دەدزرێن ، بنەماڵەییان لەناودەچێت و بەو جۆرە دەژین کە ناتوانن بانگەشەی خاوەنداری هیچ بکەن و وادێنە پێش چاو کە دارایی و خێزان و ژیانیان بەقەرز وەرگرتوە و خۆشبەختن ئەم گەندەڵیی و بەدبەختیی و وێران و لەناوچوونە نەک لە دوژمنێکی بێگانەوە ،  بەڵکوو لە دوژمنێکەوە بەوان دەگات کەخۆیان دەسەڵاتیان پێداوە ،  کاتێک خەڵک بەفێڵ و تەڵەکەبازی ئازادی لەدەست دەدەن ئەوەندەی لە نەزانینی خۆیان زیانیان پێدەکەوێ ئەوەندە لە کردەی کاسەلێسەکان زیانیان پێناگات . دەبێ داخ بۆ کەسانێک بخۆین کەلەژێر سایەی کۆت و بەندا لەدایکدەبن .

دەبێ شانازی بکەین و سەربەرزبین کە ئازادی و میللەت نامرن

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟