لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

من "ٲربیل الحبیبة" نیم!

Wednesday, 06.21.2023, 10:58 AM




من ئەو خاکەم کە ڕووبەرەکەم ١١٥ کیلۆمەتر دووجای تەختاییە. لەو ڕووبەرەش تەنها ٢بەشم ئاوە. واتا من بە نزیکی هەمووم، دەست ئەدەن بۆ نیشتەجێ بوون و ئاوەدانی و کشتوکاڵ.

من ڕەسەنم و لە ٦٠٠٠ ساڵ بەر لە زایینەوە ئاوەدانم. بەڵام هەرگیز لە ئاوەدانکردنەوەی ئەم سەردەمەی ئێستای خۆم، ڕازی نیم. هەرگیز هێندەی ئێستا بێزار نیم. من بێزارم لەو پێیانەی ڕۆژانە بە مندا دەنرێن. من مەگەر پێیەکانی لەشکرەکەی هۆلاکۆ، هێندەی ئەم پێیانەی ئێستا بێزاریان کردبم.

من پڕ کراوم لە باڵەخانەی بەرز و سیتی و سەماخانە. هەمووشیان بە ناوی ئاوەدانکردنەوە و گەشت و گوزارەوەن. بەڵام بە چارەکی ئەو ئاوەدانییەی، لە سەر دەستی باپیرانمان لە گۆتییەکان ئەنجام دران، خۆشحاڵیان نەکردووم.
ئەمن ئێستاکە لایەکم هاوینان لە تینوێتیدا ئەخنکێ، بەم هەموو داهات و نەوت فرۆشی و پارەوپوولەی ئەمڕۆشەوە کە ڕژاوە. بەڵام والییەکانم هەر ناکەن لە سنحاریبێک بپرسن ئاخۆ چۆن لەو سەرەتای مێژووەدا، ئاوی گەیاندۆتە هەموو کونجێکم و تەنانەت بە بێ ماتۆڕ بۆ سەر قەڵاکەشم. ئەنجا بڕۆن لە خواوەندی عەشتاریش بپرسن، بزانن لە سەر دەستی ئاشورییەکان چ ئاوەدانییەک ڕووی لەم سەر زەمینەم کردبوو. ئەدی کوان و لە کوێن سەنحاریب و ئاشوورییەکانم؟
من هەمیشە چاو و دەستی تەماعم لە سەر بووە. نازانم باسی هەخامەنشی و ئەسکەندەری مەکدۆنیتان بۆ بکەم یان لەشکرکێشی ئسلامەکان و مەغولەکان و تەتەرەکان، یاخود باسی سەفەوییەکان و عوسمانییەکانتان بۆ بکەن، کە تا ئێستاش دەستی تەماعیان، وا لە گیرفانی مندایە.

من زۆرم دوژمن و داگیرکەر دیوە، بەڵام هەمووان وەکو داگیرکەر هاتوون و ڕووبەڕووی بەرگری توندی من بوونەتەوە. من هەرگیز باوەڕم نەدەکرد ڕۆژێک دابێت کە زەلیلی دەستی خۆم بم و خۆم بە دەستی خۆم، خۆم پارچە پارچە بکەم و هەر خۆشم خۆم بە خۆڕایی، پێشکەشی داگیرکەر و ناحەزانی خۆم بکەم. من تەنانەت گوومانم لە خۆشم پەیدا کردووە.

من چاوم لێیە بەم ڕۆژگارە، هەر ڕۆژە و دوژمن و نەیار و ناحەزێکی خۆم، دەبێ بە خاوەنی پارچەیەکم. بۆیە وای بۆ دەچم ڕۆژێک بچمە سەر مەنارەکەی خۆم و خۆم هەڵدەمە خوارەوە و خۆم بکوژم لە داخی میرەکانی ئەوڕۆم.
من شاهیدی زۆرم هەن کە پێشتر زۆر لەمڕۆم گەشاوەتر و جوانتر بووم، بڕۆن بە وێنەکانی ڕابردوومدا بچنەوە.
بڕۆن لە ماستەکەم بپرسن بۆ ڕاست و درۆ. من خاکێکی چەند بە پیتم بۆ سەوزایی و کشتوکاڵ و ئاوەدانی؟ من دەمتوانی بکرێم بە  سەبەتە خۆراکی دووسێ وڵات. لە جیاتی ئەو هەموو باڵەخانە و کتلە کۆنکرێتییە بێ ڕووحانە. دەکرا بکرامایە بە دەغڵ و دان و بەروبووم و کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر و ماسی و ئاژەڵداری!؟ ئەو دەم نە کارم بە بەغدا دەبوو و نە بە تاران و نە بە ئەرخەداشەکەی ئەنکەراش.

بڕۆن مێژووم بخوێننەوە، بزانن سەری چەند پاشا و سەرداری زاڵمم خواردووە؟ جەخار ئێستا ڕۆژێک والییەکم ئەڵێ بۆ خۆتان هەرهەڵبەڕن، خۆ بە گوێتان هەر ناکەم و ڕۆژێکی دیکەش یەکێکی دیکەم  ئەڵێ بڕۆن بمرن لە برسا و نووسەرێکی دەرباریش بۆ تورەکەیەک درهەمی فەسادی، ئەڵێ خۆڵ بخۆن لەم حاڵەتان باشترە.

بڕۆن لە چایەکی مەچکۆم بپرسن کە ئاخۆ من، هەتا دەنگی حەیرانی دەشتی هەولێر و کەندیناوا و شەمامک دەگەشتە گوێم، بە بێ شەرابەکەی عەینکاواش هەر مەست و حەیران دەبووم یان نا؟ وەلی ئێستا هەر سوچێکم بە ئاوازێک ئەخوێنی و پڕ بووم لە دەنگ و مۆسیقای تورکی، پڕ بووم لە گەعدەی شروگی و سەماکەری پاشەڵ زل و ناشرین. هێندە بێزارم لەم دەنگانە هەرچی شەرابی دونیا هەیە نە دەتوانن مەستم بکەن و نە ئازارەکانیشم کەمێک لە سەر سووک بکەن. من حەزم ئەکرد لە جێی هاتنی تاتلیساسی نەساز، ڕۆژێک زیاد ئەسعەدەکەم بگەڕاباوە و پێی لە سەر چاوم دانابا و چەپڵە و سێڵفی ڕۆڵەکانم لە گەڵ ئەوبان. من حەزم ئەکرد، لە بری ئەوەی کۆشک و تەلارم لە سەر بیناکەن، بۆ گۆرانی بێژ و سەماکاری عارەبان و کۆنە بەعسیان، گەورەترین پەیکەری زێڕین بۆ عەبدوڵا پەشێوەکەم داتاشرابا. یان بۆ سیمبولانی ئازادی وڵاتەکەم.
من حەزم ئەکرد ئێستا باخچەیەکی بوێر و ڕاستگۆم ناوی عەبدولخالق مەعروفبا و وشەقامێکیشم ناو بنرایە سەردەشت عوسمان، نەوەکو هەر شەوەو  لە زریکەی دەنگێکی ئازادی زیندانییەک ڕابچڵەکێم.

چۆن دەکرێ ڕۆڵەی ئازادی خۆم لە زیندانی خۆم بئاخنرێن و جبورییەکانیش زەوییان پێ بدرێ و دورییەکانیش لە نەخۆشخانەکانم چارەسەر بکرێن و نەوەی سوڵتان هاشمەکانیش لە گەڵ قەڵاکەم سێڵفی بگرن و مالیکیی و عامری عەبادییەکانیش بۆ دەستکەوتێکی سیاسی بچووکی خێڵ، لە خوێنی و خاکی جەستەی من پاداشت بکرێن؟


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟