لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

تاوانێکی شاردراوە ( کیمیابارانی شاناخسێ )

Tuesday, 03.19.2024, 08:36 PM


* ئەو ڕووداوەی ٧٠٠ شەهید و برینداری چەکی کیمیاوەی لێکەوتەوە *

" ڕاستیەکان لە دەمنی منێکی پێشمەرگەی قوربانی ئەو مەرگەساتە ببیستە "

لەدوای شەڕەکانی ئەنفال ناوچە ڕزگارکراوەکان گۆڕا بۆ ناوچەی جەنگ و ئیتر ووشک و تەڕی خاپور و سوتێنرا، ئێمەش لە پارێزەری ئەوناوچانەوە بووینە هەڵهاتوو، هەرچەندە بەرگری شێتانەمان دەکرد بێ هیوا و بێ ئامانج تەنیا مەبەستێک کە هەمانبوو خاوکردنەوەی شاڵاوەکانی سوپاسی عیراقی بوو تا خەڵکی گوند و بریندار و پێداوییستیەکانی ناو بارەگاکان بگوێزرێتەوە بۆ ناوچەیەکی ئارام، چەندین گیان بازی و قارەمانێتی تۆمارکرا بەخوێنی گەنج و لاوەکان، ئەوانەی دڕیان بەمەرگدابوو. داخەکەم ئەوێ ڕۆژێ ئێمە بۆ نیشتمانێک کەلەپاچە دەکراین.

یەکەم جارمبوو لە بەرەنگاربوونەوەدا بشکێم هەم وەک کۆمەڵ و هەم وەک تاک، هەستێکی تاڵ زۆر تاڵبوو لەو باوەڕەدام تا دوا هەناسەم ئەو تامە لە یادگەمدا دەمجنێ، پەرتپەرتم دەکات، ئەوێ ڕۆژێ من وەک خۆم ئەوەم بۆ ئاشکرابوو کە بەرپرسەکان چەندە گەندەڵ و خوێڕی بوون، چەندە ترسنۆک و نابووتبوون، دەیانیان پێش بریندار و ژن و مناڵەکان هەڵهاتن و لەسەر سنورەکانی ئیران گیرسابوونەوە، پەیتا پەیتا بە بێتەلەکان داوای خۆڕاگری و نەبەردیان لەئێمە دەکرد، من خۆم بینیم لە سەرگەڵو بەرگەڵو چەندین گەنجینە خرابوونە سەر پشت ، پڕبوون لە چەندین جۆری جگەرەی براندی جیهانی و چەندین جۆر لە خواردنی قتوو و چەندین سنوق چەکی بەکارنەهاتوو چەکی سوک و مامناوەند، ئەوەی مایەی سەرسامیم بوو ئێمە لە بەرەکانی شەڕدا دەیان ڕۆژ و شەومان کردەوە بەبێ خۆراک و بێ جگەرە ، ئەوەی لە پەلامارەکانماندا بۆسەر سوپای عیراقی دەستمان نەکەوتایە نەبوو بیخۆین و بیکێشین و بیتەقێنین ..!!

هەرچۆنێکبێ باری کەرێک جگەرەو خۆراک و تەقەمەنیم کۆکردەوە و گەڕامەوە بۆ لای هاوڕێکانم، لەڕێگە دەمبینی چۆن بارەگاکان دەسوتێن و چۆن ئەو ئامێرانەی بەشی خەستەخانە و اعلام پارچە پارچە کرابوون، لەهەمان کاتتدا کۆپتەری ئێرانی پەیتا پەیتا بە شەبەکەی زۆر گەورەوە لە بەردەم سجنەکەی بەرگەڵوودا دەنیشتنەوە و دەگەڕانەوە، کە گەیشتمە نزیکی بینیم دەیان شەبەکە لەو ناوە دانراوە بەڵام پڕە لە ( مەسینە ) هاهاها گاڵتەتان لینەیەت هەمووی مەسینە بوو نازانم کوردستان بە ئاودەستێکی گەورە تێگەیشتبوون یان چی بە هەزاران مەسینە، ئای لەمەسینە هەموو ڕەنگەکان دەبریسکانەوە زۆر دیمەنێکی قۆڕبوو، هەرچۆنێکبێ لەبەردەم ئەم دیمەنە قێزەونەدا خۆم ڕاگرت و ڕێی خۆمم گرتە بەر تا گەیشتمەوە شوێنەکەی خۆمان ...

ئیتر هاوڕێکانم بە جگەرەو خواردنی قتوو و تەقەمەنی شادبوونەوە کە تیایاندا بوو سێ ڕۆژبوو هیچی نەخواردبوو لەکوێش بەشاخی ئاسۆسەوە کە تا ناوقەدمان لەبەفردابوو و بەردەوامیش دەباری ئەمە جگە لە و هەواڵە ناخۆشانەی سات لەدوای سات پێمان دەگەیشت لە شەهید بوونی هاوڕێکانمان و رەقبوونەوەی سەدان کەس لەکاتی کشانەوەدا رێیان لێهەڵە ببوو زریان لێی یابوون، کۆتا ڕۆژمان ١٩-٣ بوو فەرمانی کشانەوەی ئێجگاری و گشتی درا، ئێمەش ملی ڕێمان گرتە بەر بەرەو سنورەکانمان لە ڕێی گۆمەزەڵەوە کە دەکەوێتە بناری شاخی ژیلوان ئیتر لەوێوە من بێسەربووم بێهۆش و هەست بێ توانا لەبیرکردنەوە و ڕەنگم سپی و چاوەکانم زەرد بوون بەو دیمەنانەی لەگەڵ هەنگاوەکانمدا هەڵمدەگرتنەوە ...

ئێمە لەلاڕێکانەوە پیادەبووین تەرمی هاوڕێ شەهیدەکانمان لەسەر هەمان لاڕێ بەڵام بە ڕاکشاوی لەناو دارە مەیتێکدا یان لەناو بەتانیەکی سواودا یان پێچراوە بە جامانەی هاوڕێکانی فرمێسک لەچاوەکانمدا قەتیسبوون هەرگیز ڕێیەکی ئازادیان نەدیەوە بۆ ڕژان دەمم داچەقیو قاچەکانم بەئاستەنگ جەستەی مانوو شەکەتمی هەڵگرتبوو سات ناساتێ لارەلارەم بوو بۆ کەوتن بەڵام پاڵێکی هاوڕێکەی دوامەوە ڕێکی دەکردمەوە، تا گەیشتینە دۆڵێ پڕبوو لە خەونی ناخۆشی، ئێستام پڕپڕە لە تارمایی و مەرگ و ئازار جەستەی بەستو جەستەی سوتاو جەستەی کەرتکەرت، تێکەڵەیەک لە جەستەی جۆراوجۆری کورد عەرەب تورکمان هەندێ بەبەرگی سەربازیەوە کە دیل بوون و کوژرابوون یان بەبرینداری گیانی سپاردبوو هەندێ گوندنشین ئەوانەی بێهێز و نەخۆش و بێ تفاقبوون هەندێ پێشمەرگە کە برینداربوون و نەتوانرابوو بیانگەیەننە فریاگوزاری .

بەبینینی ئەم دیمەنانە هەموومان بڕسکمان لێبڕا و نەمان دەتوانی ڕێبکەین دۆڵەکەش تادەهات درێژتر دەبووەوە نازانم چەند کاتژمێربوو یان چەند ڕۆژ و شەو بوو بەڕێوە بووین بەڵام لەدوای ئێمەوە لەسەر لاڕێکە بریسکەی تەقەمەنیەکانمان دەهات کە هەریەکەو مەخزەنی چەکەکەی خۆی بەتاڵ دەکردوەوە تا کەمیک کێشەکەی کەمکات و بتوانێ ڕێبکات، گەیشتینە شوێنێک پێی دەوترا کەڵکی کونە سەگ لەوێوە شۆڕبوونەوەیەکی زۆر ستوونی بوو بەڵام ئاوەدانی لێبوو خێمەیەک و چەند کەسێک و خۆراک و ئاویان داینێ ، ئێمەش هەندێکمان بەڕێگەکەدا ڕۆچوونە خوارەوە و من خۆم گەیاندە شوێنێک کە زۆر صاف و لوسبوو ئەوەندە بەفری لێباریبوو سەرچلی سەری سەرەوەی درەختەکان کەمێکی بەدەرەوەبوو بە قنە خلیسکێ خۆمم تل کردەوە لەپێش هەموانەوە گەیشتەمە دامێن و لەوێوە ملی سەر جادەکانمان گرتە بەر بەناو سوپای ئیراندا، ئێران ئەوکاتە تا سنوری سەرجەمی کەناروێی گرتبوو هەرچۆنێبێ بەرەبەیانی ٢٠-٣ گەیشتینە شاناخسێ.

لەگەڵ گەیشتنمان سەدان هاوڕێی خۆمان پێشوازیان لێکردین و ڕێوشوێنی حەوانەوەیان پیشانداین، پاش ماوەیەک بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ ئوتومبێلێکی سوپای پازداران دەیان لاکە گۆشتیان هێنا لەگەڵ نان و کەمپوتی سێو و گێلاس و هەڵوژە ، ئێمەش هەردەمانخوارد دەمانوویست قەرەبووی ئەو چەندین ڕۆژە و ژەمانە بکەینەوە کە هیچ نەبوو بیخۆین، ئەوەی لەیادم نەماوە کاتژمێربوو سەرلە ئێوارە ئاسمانی شاناخسێمان لیبووە مەطاری فرۆکەی جەنگی عیراقی و کەوتینە بەر بۆردمانی ناپاڵم و چەکی کیمیایی ئێمە ٧٥٠ کەسێک دەبووین دوای چەند خوولەکێک بەئاگاهاتینەوە دنیا خرۆشابوو هەر پازداربوو بەرەو خوار ڕایدەکرد هەر پێشمەرگەبوو بەرەو سەر هەڵدەکشا ، سێ شەهید زیاد لە حەوتسەد بریندار بەچەکی کیمیایی قوڕکرا بەسەر ژیانماندا و تا ئەبەد دەبێ بناڵێنین بەدەست ئاکامەکانیەوە .

لێرەدا ڕادەوەستم گێڕانەوەکەم هەڵدەگرم بۆکاتێکیتر ، ئەوەی لام مەبەستبوو بگاتە خوێنەری ئەم چەند دێرە ئەوەیە کە دوای چوارڕۆژ لە کیمیا بارانی هەڵەبجە لەشاناخسێ ئەم کارەساتە روویدا، پرسیار بۆ تائێستا راگەیاندنی هیچ پارتێکی کوردی باسی لیوە ناکات، یادێکی ناکەنەوە، ئەبێ هۆکار چیبێ..؟؟

(( دیاری چالاک ))


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟