خیانەتی قەڵەمی نووسەران لە خیانەتی پارت و سیاسییەکان مەترسیدارترە، چونکە رووناکبیران کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر کۆمەڵگا هەیە

وتار » بیروڕا

له‌ په‌نای شه‌ڕی په‌كه‌كه‌وه‌ چی ده‌گوزه‌رێت؟

(293 بینراوە)   | Saturday, 01.30.2021, 08:13 PM |


هه‌ركاتێك وه‌زیرێكی توركیا سه‌ردانی به‌غدا و هه‌ولێر بكات، پیلانێك له‌ ئارادایه‌، بۆیه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ كت و پڕه‌ی ( خلوسی ئاكار) زه‌نگی مه‌ترسی جه‌وله‌یه‌كی تری شه‌ڕ له ‌ناوچه‌كه‌ لێده‌دات، به‌تایبه‌تی ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ به‌ره‌و به‌هارده‌چین و زۆربه‌ی شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كانی كوردیش له‌و وه‌رزه‌دا بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌به‌ر سه‌ختی چیاكان په‌لاماری كوردستان دان له‌ زستان كارێكی سه‌خته ‌و به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش زستان ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ خۆئاماده‌كردنی ته‌واو بۆ شه‌ڕ.

هاوكات ئه‌و سه‌ردانه‌ی ئاكار له‌كاتێكدایه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وامن له ‌گفتوگۆ، به‌ڵام ‌ له‌دۆخێكی سه‌ختدایه ‌و گرژییه‌كان له‌نێوان ئه‌و دوولایه‌نه‌ تادێت قووڵتر ده‌بیته‌وه‌، ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ به‌غدا سه‌ركه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ستهیناوه‌ و توانیویه‌تی ناوماڵی كورد له‌ ڕه‌گه‌وه‌ دابه‌ش بكات و كۆمه‌ڵگای كوردی له‌ناخه‌وه‌ بنكۆڵ بكات،  ئه‌‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ هێزی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كوردیی له‌ په‌رته‌وازه‌ییه‌كی گه‌وره‌دایه‌.

جێگای داخه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ رۆژئاوا و ئه‌مریكاش دوای ریفراندۆم ساردی تیكه‌وتووه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ڕووكه‌ش گرژیش نه‌بێت، ئه‌و گۆڕانانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی هاوسه‌نگی هێز له‌ناوچه‌كه‌ روویداوه‌، كارتی كوردی تا راده‌یه‌كی زۆر بێهیز كردووه‌. بۆیه‌ توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزێته‌وه‌ وه‌ك ساڵانی پێشتر(2017-2018-2019) ده‌ستی زیاتر له‌ مه‌سه‌له‌ی كورد بوه‌شێنێت، ‌ له‌باشووره‌وه‌ به‌ناوی لێدانی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت كورد بخاته‌وه‌ نێو شه‌ڕێكی ناوخۆیی مه‌ترسیدار، له‌ رۆژئاوای كوردستانیش پێده‌چێت هه‌مدیس گڵۆپی سه‌وزی له‌لایه‌ن روسیا و ئه‌مریكا و ناتۆوه‌ بۆ هه‌ڵكرابێت بۆئه‌وه‌ی په‌لاماری (عه‌ین عیسا) بدات.

ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات، ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشوه‌چوونانه‌، پیلانێكی هه‌رێمی ترسناك له‌ پشته‌ په‌رده‌ به‌دیده‌كرێت و یه‌كێك له‌ سیناریۆ ترسناكه‌كانی ئه‌و پیلانه‌ش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سوپای ئێراقه‌، بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌په‌نای شه‌ڕی په‌كه‌كه‌وه‌، یاخود له‌په‌نای سه‌پاندنی ده‌سه‌لاتی حكومه‌تی فیدڕاڵیه‌وه‌ به‌سه‌ر بۆڕیه‌ نه‌وته‌كان، پێده‌چیت جۆره‌ رێككه‌وتنێكی هه‌رێمی له‌م لایه‌نه‌وه‌ ئه‌نجام درابێت و هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیاش به‌شێك بێت له‌ سیناریۆی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سوپای ئێراق بۆ سه‌ر سنووره‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دۆخی باشووری كوردستان، بۆ قۆناغی به‌ر له‌ راپه‌ڕین.

ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه‌ دیاره‌ به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌روونیه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت، ره‌نگ بێت زۆرینه‌ی خه‌لك پێشوازی له‌ سوپای ئیراق بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رئه‌نجامی مه‌ترسیداری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه‌ تێبگه‌ن، هاوكات واپێده‌چیت به‌شێكی هێزی كوردی، كه‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و به‌شێك له‌وانه‌ی خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ده‌نوێنن، بیانه‌وێت به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ربێنن و ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتوون، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌كاته‌وه‌، كه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دوچاری چ سه‌رگه‌ردانیه‌ك كراوه‌!.

له‌ هه‌موو حاله‌ته‌كاندا پێده‌چێت ئه‌و به‌هاره‌ش، ئه‌گه‌ر زووتریش نه‌بێت، شه‌ڕو ماڵوێرانی روو له‌كوردستان بكاته‌وه‌، كه‌ جێگای داخه‌ زه‌ره‌رمه‌‌ندی یه‌كه‌م له‌ هه‌ر شه‌ڕێك و پێشوه‌چوونێكی له‌م شێوه‌یه‌دا خه‌ڵكی كوردستان و مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌بێت.





وێنە

نیهاد بارزانی ناسراو بە شێخ فستق بارزانی
مەسعود پولەکەی پاپای بە ریفراندۆمەکەوە دەنێت
هێزی گەل و هێزی دەسەڵات
دەزگای میت، هاوپەیمانی پارتیی، بزانە چۆن مامەڵەی کورد دەکات