لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

هەواڵگری پارتی‌و یەكێتی بە ڤیدیۆ شەڕی یەكتر دەكەن

Monday, 03.15.2021, 04:54 PM



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
بڕیاربوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە‌و ئەم كۆبونەوەیە بكەن بە مژدەی ئاشتەوایی نێوان پارتی‌و یەكێتی بۆ نەورۆزی ئەمساڵ، بەڵام لەپڕێكدا دۆخەكە بەشێوەیەكی خراپتر تێكچوو، نەرۆزی لە جەژنی ئاشتەواییەوە كرد بە بۆنەیەك بۆ بڵاوكردنەوەی سكانداڵی سێكسی.

گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر !
دەستپێشخەریی مەحمود حەفیدزادە نەوەی شێخ مەحمودی مەلیكی كوردستان بۆ كۆبونەوەی نێوان بارزانی‌و لاهور شێخ جەنگی سەرباری ئەوەی هەنگاوی باشی بڕی، بەڵام لە پڕێكدا گەڕایەوە بۆ خاڵی سفرو دیدارەكە هەڵوەشایەوە.
تائێستا وردەكانی چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی دیداری چاوەڕوانكراوی نێوان بارزانی‌و لاهور شێخ جەنگی نازانرێت، بەڵام هەندێك لەوانەی لە نزیكەوە ئاگادارن‌و (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، باسلەوە دەكەن، لە هەردوو حزب (پارتی‌و یەكێتی) كۆمەڵێك كەس هەبوون كە رۆڵیان بینیوە بۆ ئەوەی ئەو دیدارە رونەدات.
دەستپێشخەری بۆ كوبونەوە، سەرەتا لەلای بارزانییەوە دەستی پێكرد‌و هەر لەلایەن ئەویشەوە هەڵوەشێندرایەوە، ئەمە هۆكارەكەیە كە هەندێك پێیانوایە لەناو پارتیدا كەسانێك بەبێ ئاگاداری بارزانی خۆی، كاریان بۆ تێكدانی دیدارەكە كردووە، بەیاننامەیەكی كتوپڕی ئامینە زكری بەرپرسی دۆسیەی حكومەت‌و پەرلەمان لە بارەگای بارزانی، دیدارەكەی هەڵوەشاندەوە، وەڵامنامەیەكی سكرتاریەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەهەمان زمان‌و وشەو رستەوە، كۆتایی بە دەستپێشخەرییەكەی حەفیدزادە هێنا، بەڵام لە بنەڕەتەوە قسەكردنی مەحمود حەفیدزادە لەبارەی دەستپێشخەرییەكەی، زیانی لە هەوڵەكەدا‌و نەیارانی ئەو دیدارەكەی لە هەردوو حزب بەئاگا هێنا.

لە ئاشتەواییەوە بۆ سكانداڵی سێكسی
چەند كاتژمێرێك لە هەڵوەشاندنەوەی هەوڵی دیداری نێوان بارزانی‌و لاهور شێخ جەنگی، دەزگای هەواڵگری پارتی لەڕێگەی پەیجێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە ڤیدیۆی سكانداڵی سێكسی بەرپرسێكی یەكێتی بڵاوكردەوە، ئەمڕۆش دەزگای هەواڵگری یەكێتی بەهەمان شێوە سكانداڵی سێكسی بەرپرسێكی پارتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە، بەمشێوەیە نەورۆزی ئەمساڵ لەبری ئاشتەوایی، سكانداڵی سێكسی باڵی بەسەردا كێشا.

سكانداڵی سێكسی.. دواین چەك لە سیاسەتدا
"زیاتر لە 40 گرتەی ڤیدیۆی سكانداڵی سێكسی سەرۆك‌و بەرپرسانی میسرو وڵاتانی عەرەبیم لایە، ئەگەر رێگری نەكەن لە دادگاییكردنی هاوسەرەكەم، هەموویان بڵاودەكەمەوە" سۆزان موبارەك هاوسەری حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشووی میسر ساڵی 2011 بەم هەڕەشەیە هەوڵیدا پارێزگاری لە هاوسەرەكەی بكات.
ئەمە دواینجار نەبوو كە سێكس وەكو چەكێكی هەڕەشە لەبواری سیاسەتدا بەكاربهێنرێت، ئێستا لەناو رەفەی كتێبخانەكانی جیهاندا چەندین پەرتوكی سەرگوزشتەی ئاوێتەبوونی سێكس‌و سیاسەت هەن، بەمدواییانە هەندێك لەو چیرۆكانە وەرگێڕدرانە سەر زمانی كوردی.
دیاردەی بەكارهێنانی گرتەی سێكسی وەكو چەكێك بۆ هەڕەشەو یەكترخستنی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا شتێكی نوێ‌و بێ پێشینە نیە. لەگەڵ گەشەكردنی خێرای ئامرازەكانی پەیوەندیكردن‌و گواستنەوەی كامێرا بۆسەر مۆبایل‌و جێگیركردنی لە شەقام‌و ماڵەكاندا بۆ مەبەستی پاراستن‌و سكیوریتی، دیاردەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی ژنان‌و پیاوان پەرەی سەند، دەزگا هەواڵگرییەكان هەرزوو خزانە ناو ئەم بوارەشەوە‌و تیمی تایبەتییان بۆ دروستكرد.
ئێستا چەندین كەیس لەبەردەم دادگاكانی هەرێمی كوردستاندان، تایبەت بەم جۆرە لە تاوانكاریی، پۆلیسی هەولێرو سلێمانی ماوە لەدوای ماوە هەواڵی دەستگیركردنی كەسانێك رادەگەیەنن كە لەڕێگەی گرتەی ڤیدیۆییەوە هەڕەشەیان لە كچان‌و ژنان كردووە، كەمن ئەو ژنانەی كە بەهۆی ئەم جۆرە هەڕەشانەوە لە دادگاكان‌و پۆلیس سكاڵا تۆمار دەكەن، چونكە هێشتا بابەتی سێكس لە كۆمەڵگەی كوردستاندا یەكێكە لەو بابەتانەی كە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە وەكو سكانداڵ "ئابڕوچوون" تەماشا دەكرێت‌و دەكرێت خەڵكانێك لەسەری ژیانی خۆیان دابنێن.
دەزگا هەواڵگرییەكان بەباشی لە دۆخی كۆمەڵایەتی كوردستان لەبارەی سێكسەوە تێگەیشتوون، بۆیە ئەم بوارە وەكو چەكی سیاسی بۆ لێدانی یەكتر بەكاردەهێنن، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بوون بە بوارێكی باش بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە پەیامانە بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە سزایەكی یاسایی.
شەڕی ڤیدیۆیی نێوان دەزگای هەواڵگری پارتی‌و یەكێتی گەیشتوەتە ئاستێك، ئێستا هەر كەسێك هەڵوێستێك پێچەوانەی هەڵوێستی گشتی حزبەكەی نیشان بدات، پێی دەڵێن "ڤیدیۆی هەیە" یاخود "هاككراوە"، ئەمە بابەتێكی شاراوە نییە، پەرلەمانتارانی هەردوو حزبە لەكاتە هەستیارەكاندا ئەم دەستەواژانە بەرامبەر بەیەكترو هەندێكجاریش لەناو خۆیاندا دژ بە یەكتر بەكاری دەهێنن، ئامادەبوون‌و نائامادەگیی لەناو دانیشتنە هەستیارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، زۆرجار لەڕێگەی ئەم جۆرە هەڕەشانەوە یەكلاكراوەتەوە، واتە سكانداڵی سێكسی بەتەواوەتی خزاوەتە ناو سیاسەت لە هەرێمی كوردستان.
دەردەكەوێت ئێستا ئیتر كەس سەلامەت نییە، هەموان لەژێر هەڕەشەی ئابڕوچونی كۆمەڵایەتیدان، بڵاوكردنەوەی دوو گرتەی ڤیدیۆی دوو بەرپرس كە یەكێكیان یەكێتی‌و ئەوی تر پارتییە، جارێكی تر ئەم رەشبینییەی دروستكردەوە، دەزگا هەوڵگرییەكان بۆ لێدان لە یەكتر، تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بەكاردەهێنن، زۆرجار وێنە‌و گرتە ڤیدیۆییەكانیش دەشێوێنن‌و بەوشێوەیە بەرهەمیان دەهێنن كە خزمەت بە پەیامەكانیان دەكات، شارەزاو پرۆگرامی تایبەت بە هاككردن، تەكنەلۆژیای گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان، بەكارهێنانی ژنانی سێكسفرۆش، چاندنی كامێرا‌و ریكۆردەری دەنگ ئەو بوارانەن كە دەزگا هەواڵگرییەكانی حزب بۆ چاوێری نەیارە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانیان بەكاری دەهێنن، قسەوباس هەیە كار گەیشتبێتە ئەوەش خزمەتكارە بیانییەكان كە لەناو ماڵاندا كاردەكەن، بۆ ئەم بوارە سودیان لێوەرگیرابێت.  

پێشینەیەكی خراپ
ئەو دوو بەرپرسەی كە لەچەند كاتژمێری رابردوودا سكانداڵی سێكسییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، دواین كەس نین كە بوون بە قوربانی ئەم جەنگە تەكنەلۆژی- كۆمەڵایەتییە، ساڵی رابردوو یەكێك لە بەرپرسە باڵاكان كە لە پۆستێكی گەورەی هەرێمی كوردستاندایە، چەند فۆتۆیەكی بڵاوكرایەوە.
كۆتایی مانگی نیسانی (2014) بۆ یەكەمجارو بەشێوەیەكی ئاشكرا، پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) پەردەی لەسەر ئەم بابەتە شاراوەیە هەڵماڵی، ئەم كچە كە ئەندامی خولی ئێستای پەرلەمانی كوردستانە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكردو وتی:" لەڕێگەی مەسجێكەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆی دروستكراوم لێدەكرێت".
شادی نەوزاد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ بوو، ئەوكات كێشە لەناو حزبەكەیدا هەبوو، شادی كەوتبووە ئەو بەرەیەی كە دژی سەرۆكی جوڵانەوەكە (شاسوار عەبدولواحید) بوون، بۆیە شادی ئەوكات سەرۆكی جوڵانەوەكەی تۆمەتباركرد بەوەی كە لەپشت ئەوە بووە هەڕەشەی سكانداڵی سێكسی لێكراوە، ئێستا شادی خۆی وەكو پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ دەناسێنێت‌و وازی لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ هێناوە.
كەم نین ئەوانەی لەم ساڵانەی دوایدا، بەهۆی پاڵنەری سیاسییەوە ڤیدیۆی سێكسییان بڵاوكراوەتەوە یاخود هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانەیان لێكراوە تاكو ناچار بكرێن بە ئەنجامدانی كار یان هەنگاوێكی سیاسی دیاریكراو، كە ئەوان نەیانویستووە پێشترو لە دۆخی ئاساییدا بیكەن، چەند نمونەیەك لەوبارەیەوە:
•    لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لە ژنە كاندیدێكی بزوتنەوەی گۆڕان كرا.
•    لە گەرمەی كێشمەكێشمەكانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 2015دا، گرتەی ڤیدیۆیی پەرلەمانتارێكی پیاوی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوكرایەوە.
•    كۆتایی ساڵی 2016 چەند وێنەیەكی سێكسی ژنە پەرلەمانتارێك بڵاوكرایەوە كە لەوكاتەدا سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بوو لە پەرلەمانی عێراق.
•    لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2018دا، چەند گرتەیەكی سێكسی ژنە كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوكرایەوە، بەمەبەستی ناچاركردنی بە كشانەوە لە پرۆسەی خۆكاندیدكردن.
لەسەر ئاستی عێراقیش بەمدواییە ئەم دیاردەیە زیادی كرد، بەتایبەتی لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا، چەند نمونەیەك:
•    لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقدا، گرتەی ڤیدیۆیی ژنە كاندیدێكی هاوپەیمانێتی (نەسر) بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی بڵاوكرایەوە، بەوهۆیەوە ئەو ژنە لە هەڵبژاردنەكان‌و پرۆسەی سیاسیش دوورخرایەوە.
•    لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا گرتەی ڤیدیۆیی ژنێك بڵاوكرایەوە كە كاندیدكرابوو بۆ وەرگرتنی یەكێك لە پۆستە وەزارییەكان، بەو هۆیەوە ئەو ژنە چانسی وەرگرتنی پۆستەكەی لەدەستدا.

تاوان‌و سزا !
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، بڵاوكرانەوەی ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە (گرتەی سێكسی كەسەكان)‌ یاخو هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە، سزاكەیان بەمشێوەیەیە:
•    هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە، بەپێی ماددەی (430)‌و (431)ی یاسای سزادانی عێراقی، سزای تاوانبار تا (7 ساڵ) زیندانی دەڕوات، بەپێی جۆری كەیسەكە.
•    بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە لە ماددەی (438)دا دیاریكراوە، لەم حاڵەتەدا تاوانبار سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە (ساڵێك) زیاتر نەبێت.
واتە بەپێی یاسا، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە سزاكەی زیاترە لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكە.
لە هەرێمی كوردستان زۆرینەی ئەوانەی كە گرتەی سێكسی كەسەكان بڵاودەكەنەوە یاخود وەكو هەڕەشە بەكاری دەهێنن لە سزای یاسای دەرباز دەبن، بەتایبەتیش ئەگەر كارەكە دەزگا هەواڵگرییەكانی لە پشتەوە بێت، بەڵام دیمەنی گەشاوەی ناو ئەم دیاردە مەترسیدارە كۆمەڵایەتییە، ئەوەیە، هەر كاتێك كەسایەتییەك دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی لەكەداركردنی ناوبانگی كۆمەڵایەتی، خەڵك بەبێ لەبەرچاوگرتنی بیروباوەڕی سیاسی، كەمپەینی گەورە دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی كەسە بەئامانجگیراوەكە، رەنگە هۆكاری ئەم پاڵپشتییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هەمووان لەوە تێگەیشتوون، دیاردەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان مەترسییە لەسەر تەواوی كۆمەڵگە نەك تەنیا ئەوانەی بەئامانجدەگیرێن، بەوپێیەی لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا پرسی سێكس هێڵی سورەو بابەتێكی داخراوە كە ناكرێت بە ئاشكرا گوزارشتی لێبكرێت.

دەزگای هەواڵگری لە كوردستان
لە هەرێمی كوردستان دوای سێ دەیە لە كشانەوەی دامودەزگاكانی بەعس، هێشتا دەزگایەكی هەواڵگری نیشتمانی بوونی نییە، ئەوەی هەیە دوو دەزگای هەواڵگری حزبییە كە یەكێكیان سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە بە ناوی (پاراستن)‌و ئەوی تر سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بەناوی (زانیاری).
بەڵام ساڵی 2011 یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا بۆ ئەوەی ئەم دوو دەزگایە لەچوارچێوەی دامەزراوەیەكدا یەكبخرێن، ئەو یاسایە پێی دەوترێت یاسای ژمارە (4)ی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
ئەنجومەنەكە بەفەرمی لە ساڵی 2012دا دەستبەكاربووە، لەماوەی (8)ی رابردوودا‌و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا، ئەم ئەنجومەنە بەهۆی ناكۆكی نێوان ئەندامەكانییەوە، كۆنەبوەتەوەو هەماهەنگی تەواوەتی لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا نییە، بۆیە زۆرجار كە كێشەیەكی ئەمنی لە یەكێك لە زۆنەكان روودەدات، بەرپرسانی ئەمنی ناو ئەنجومەنەكە لەڕێگەی بەیاننامەوە قسە لەگەڵ یەكتر دەكەن‌و وەڵامی یەكتر دەدەنەوە.
لە ساڵی 2013وە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نەبووە، بەڵام بەپێی دواین پرۆژە یاسای بودجە، ژمارەی كارمەندانی ئەنجومەنی ئاسایش (6 هەزارو 476) كارمەندەو بودجەكەشی (344 ملیارو 630 ملیۆن) دینارە، رێژەی (2.9%)ی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا بۆ ئەم ئەنجومەنە تەرخانكراوە.
ئەمە سەرباری ئەوەی، هەربە بەپێی دواین پرۆژە یاسای بودجە، دەزگای ئاسایش كە ژمارەی كارمەندانی بە (31 هەزارو 421) كەس دیاریكراوە، بڕی (487 ملیارو 443 ملیۆن) دیناری بۆ تەرخانكراوە كە دەكاتە (4.2%)ی كۆی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا.
لەدوای ساڵی 2013ەوە تائێستا بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە نازانرێت بودجەی ئەو دەزگایانە چەندەو چۆن خەرجدەكرێت، سەرباری ئەمە بودجەی ئەنجومەنی ئاسایش‌و وردەكاری خەرجییەكانی وەكو بابەتێكی ئاسایشی نیشتمانیی تەماشا دەكرێت‌و ناكەوێتە ژێر چاودێری پەرلەمانەوە.
(وەرگیراو لە درەو میدیا)

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟