بە دەسەڵات مەڵێ بۆ زوڵم دەکەیت؟ بە کۆیلە بڵێ بۆ زوڵم قبوڵ دەکەیت!؟

دیدار » دیدار

جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا له‌ هه‌ولێر: پێویسته‌ حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گفتووگۆ لەگەڵ رۆژنامەنوسان و کۆمەڵگای مەدەنی بكات

(613 بینراوە)   | Saturday, 03.13.2021, 08:50 PM |



(بوار نیوز)
کەیتی کایزەر، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا له‌ هه‌ولێر:
پێویسته‌ حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گفتووگۆ لەگەڵ رۆژنامەنوسان و کۆمەڵگای مەدەنی بكات
داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەشێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەى ئه‌مه‌ریكایه‌
چاوپێكه‌وتنى: سه‌رتیپ قه‌شقه‌یى
کەیتی کایزەر، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا له‌ هه‌ولێر، له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووس ( سه‌رتیپ قه‌شقه‌یى ) قسه‌ له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت به‌ (  مافه‌كانى  مرۆڤ و ئازادى راده‌ر‌بڕین و راگه‌یاندن و كه‌یسى سزادراوانى بادینان)  ده‌كات.
له‌ به‌شێكى دیمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات : لەبەرزترین ئاست و بەدرێژایی ئیدارەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسه‌یان كردووه‌ لەسەر پێویستی پاراستنی ئازادی ڕاگەیاندن و رادەربڕین لەبەر ئەوەی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەشێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەى ئه‌مه‌ریكایه‌.
هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا،  ناوبراو،  ئاماژه‌ به‌ وته‌یه‌كى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و ده‌ڵێت : " سیاسەتە نوێکە توانای وەزارەتی دەرەوە دەخاتەگەڕ بۆ سنوردارکردن و هەڵوەشاندەنەوەی ڤیزەی هەر کەسێك کە تێوەگلابێت لە ئەنجامدانی چالاکی لەدەرەوی سنوری وڵاتەکەی بۆ بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنوسان یان بەرهەڵستکاران، بۆ نمونە بیەوێت هەراسانیان بکات یان چاودێرییان بکات، یان  ئازاری خۆیان یان خێزانەکانیان بدات."
جێگرى گشیتى كونسڵى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر، ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: ویلایەتە یەکگرتووەکان شانازی بەو رۆڵەوە دەکات کە بینیویەتی لە داکۆکیکردن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان لەسەرانسەری دونیادا بە هەردوو شێوەی تایبەت (داخراو) و (ئاشکرا) لە ناویشیاندا گرنگی رێزگرتن لە ئازادییە بنەڕەتیەکانی رادەربڕین.
به‌ وته‌ى كه‌یتى، بۆ پاراستنى ئازادى ڕاپۆرتەکانى ئه‌وان  بەردەوام  کاریگەری دروستده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ ئه‌وه‌ گرینگتر ده‌رخستنى نیگه‌رانییه‌كانه‌‌ له‌لایه‌ن خودى رۆژنامه‌نووسان.
له‌باره‌ى تۆمه‌تباركردنى رۆژنامه‌نووس وچاڵاكوانان، به‌وه‌ى هاوكارى ماددیان له‌ رێكخراوێكى ئه‌مه‌ریكى وه‌رگرتوەو دواتر وه‌ك تۆمه‌ت له‌دادگا درایه‌ پاڵیان‌، كه‌یتى كایزه‌ر، ده‌ڵێت :  چاوەڕوانیمان لە وڵاتانی خانەخوێ لەسەرانسەری دونیا ئەوەیە ڕێز لە کاری دیپلۆماتەکان بگرن، کارەکانیان زۆر نزیکە لە کاری رۆژنامەنوسان و لەگەڵ خەڵکی جۆراو جۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانییان بکەن.
له‌سه‌ر كه‌یسى  به‌دواداچوونى سزادراوانى بادینان، ناوبراو، روونیكرده‌وه‌ : ئه‌وان دەیانەوێت دڵنیابین لەوەی کە ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە راگەیاندنکارانیشەوە، دەتوانن دەستیان بە پرۆسەیەکی یاسایی دادپەروەر و شافاف بگات، بۆیه‌ لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کەیسەکان دەکەن.
جێگرى كونسڵى گشتیى، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ حکومەتی هەرێم  بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گفتووگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و کۆمەڵگای مەدەنی لەهەرێمی کوردستان بكات.
ده‌قى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ :
پ:  جیاوازی چییە لە نێوان ئیدارەی پێشوو و  ئێستا لەڕووی پشتیوانیکردنی ئازادی راگەیاندن و دەربڕین ؟
کەیتی کایزەر: لەوەتەی دامەزراندنیەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی ئازادی ڕاگەیاندن و رادەربڕینی کردوە، کە بەشێکە لە شوناسمان. هەر ئیدارەیەك  دەست پێدەکات جەخت و تەرکیزی لەسەر ئەو شتانەیە بۆی گرینگن، بەڵام سەرجەمیان پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن.  پێم وابێت زۆر روونە ئیدارەکەی سەرۆک بایدن جەختی زۆری لەسەر مافەکانی مرۆڤە، لەناویشیاندا ئازادی رادەربڕین و راگەیاندن. هەروەها بەردەوام دەبین لەتیشک خستنەسەر گرنگی ڕێوشوێنی یاسایی و سەروەری یاسا و  بە دەست راگەیشتن بە پارێزەریشەوە.
هەروەها دەمەوێت سەرەنجتان ڕابکێشم بۆ بەیاننامەکەی وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکین لەسەر مەفەکانی مرۆڤ، کە لە خوارەوە دام ناوە.
https://drive.google.com/.../1SCANGdA2GIa4cEJA0qZ.../view...
پ: بەیاننامەی زۆرمان بینیوە لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەمەریکاوە سەبارەت بە گیراوانی بادینان، بەڵام ڕۆژنامەنوسان و چاڵاکوانان دەڵێن، هیچ بەرەو پێشچونێك بەدیناکرێت. ئایا هیج بەرەو پێشچونێکتان بەدیکردووە و  وەڵامی حکومەتی هەرێم چی بووە بۆ ئێوه‌ له‌ باره‌ى ئه‌و كه‌یسه‌؟
کەیتی کایزەر: ئێمە لەبەرزترین ئاست و بەدرێژایی ئیدارەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسە دەکەین لەسەر پێویستی پاراستنی ئازادی ڕاگەیاندن و رادەربڕین لەبەر ئەوەی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەشێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەمانە. تێدەگەین کە لەم دواییانەدا هەوڵ هەبووە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر بابەتەکانی تایبەت بە ئازادی راگەیاندن، ئێمە پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین.
لەکۆتاییدا، پتەوترین چارەسەر بۆ پاراستنی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە خه‌ڵکە كه‌ خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت.
پ: لەم دواییانەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کە ئەمەریکە ڤیزە بەو کەسانە نادات کە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕاگەیاندن و دەربڕین دەکەن، ئەمە چی دەگەیەنێت و بۆچى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ؟
کەیتی کایزەر: هەروەک وەزیری دەرەوە بلینکین گوتی " سیاسەتە نوێکە توانای وەزارەتی دەرەوە دەخاتەگەڕ بۆ سنوردارکردن و هەڵوەشاندەنەوەی ڤیزەی هەرکەسێك کە تێوەگلابێت لە ئەنجامدانی چالاکی لەدەرەوی سنوری وڵاتەکەی بۆ بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنوسان یان بەرهەڵستکاران، بۆ نمونە بیەوێت هەراسانیان بکات یان چاودێریان بکات، یان  ئازاری خۆیان یان خێزانەکانیان بدات."
پ: کاتێک پێشێلکاری دەرهەق بە ڕاگه‌یاندن و ئازادی راگایاندن ئەنجام دەدرێت، ئەو ڕێوشوێنانە چین ئێوە دەیانگرنەبەر بۆ فشارخستنە سەر ئەنجامدەران؟
کەیتی کایزەر: ویلایەتە یەکگرتووەکان شانازی بەو رۆڵەوە دەکات کە بینیویەتی لە داکۆکیکردن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیە بنەڕەتییەکان لەسەرانسەری دونیادا. ئێمە  بە هەردوو شێوەی تایبەت (داخراو) و (ئاشکرا) بابەتەکانی تایبەت بە مافەکەنی مرۆڤ، لە ناویشیاندا گرنگی رێزگرتن لە ئازادییە بنەڕەتییەکانی رادەربڕین و ئازادى   کۆبوونەوە و  ئازادى خۆ رێکخستن و ئازادى ئاینى   لە هەموو ئاستەکانی پەیوەندیە دوولایەنەکانمان دەخەینەڕوو، هاوبەشیەکانمان  بەهێزتردەبن کاتێك رەنگدانەوەی بەها هاوبەشەکانمان لە ئازادیە بنەڕەتییەکان. ئەو گفتوگۆیانە گرنگن بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییەکانی نێوانمان.
کارکردن لەسەر مافەکەنی مرۆڤ لەسەرانسەری دونیادا زۆرجار بریتی دەبێت لەیارمەتیدانی هاوڵاتیان بۆ دۆکۆمێنتکردن و بەرزکردنەوەی نیگەرانیەکانیان، هەر بۆیەش ئێمە هەڵسەنگاندنی ساڵانەی خۆمان بۆ دۆخەکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە مافەکەنی مرۆڤ بڵاو دەکەینەوە. هەروەها یارمەتی بەرزکردنەوەی ستانداردی پرۆفێشناڵی ڕۆژنامەنوسان و باشترکردنی پەیوەندی نێوان ڕۆژنامەنوسان و حکومەتەکانیان دەدەین. بۆ نمونە، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا کۆمەکی دارایی بۆ پێنج ڕاهێنانی سێ ڕۆژەی بۆ ڕۆژنامه‌نوسانی پێکهاتەکان تەرخانکرد کە لەلایەن سەنتەری میترۆ و ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەتەوە جێبەجێکران. بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو کۆمەکی داراییمان بۆ چەندین ڕاهێنان و زەمالەو پرۆگرامی گەشەپێدانی پرۆفێشناڵی تەرخانکردووە و بەرنامەشمان هەیە بەردەوام بین.
پ: له‌ كه‌یسى گیراوانى بادینان  یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ى دادگاى كرا‌ گوایه‌ له‌ رێگه‌ى رێكخراوێكى ئه‌مه‌ریكى هاوكارى وه‌رگرتوه؛ واته‌ كارى بۆ ئه‌مه‌ریكا كردوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ چ قسه‌یه‌كتان هه‌یه؟ ئایه‌ چ گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌یه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌وانه‌ى سه‌ردانى كونسڵخانه‌ و باڵوێزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن تاوانبار ناكرێن به‌ كاركردن بۆ لایه‌نێكى ده‌ره‌كى؟ ئایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ ناڕه‌زایه‌تیان داوه‌ به‌ حكومه‌ت و به‌رپرسانى هه‌رێم ؟
کەیتی کایزەر: چاوەڕوانیمان لە وڵاتانی خانەخوێ لەسەرانسەری دونیا ئەوەیە ڕێز لە کاری دیپلۆماتەکان بگرن، کە کارەکانیان زۆر نزیکە لە کاری رۆژنامەنوسان و لەگەڵ خەڵکی جۆراوجۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانییان بکەن. ئێمە هەمان تێگەیشتنمان هەیە بۆ ئەو دیپلۆماتە بێگانانەی کە لە ئەمەریکاش کاردەکەن، بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمیشەوە.
پ: ئێوه‌ چ پێوه‌رێكتان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى بزانن پێشێلكارى كراوه‌ یاخود نا؛ واته‌ له‌ كه‌یسێكى هاوشێوه‌ى بادینان ئێوه‌ چۆن ده‌زانن دادگا بڕیارێكى دروستى داوه‌ به‌ واتایه‌كى دیكه‌  ئه‌و‌  حوكمه‌ى سه‌پێندرا تا چه‌ند لاى ئێوه‌ باوه‌ڕپێكراو بوو؟
کەیتی کایزەر: ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە راگەیاندنکارانیشەوە، دەتوانن دەستیان بە پرۆسەیەکی یاسایی دادپەروەر و شافاف بگات. ئێەمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کەیسەکان دەکەین، بەڵام گرنگتر لە هەر تاکە کەیسێکی تایبەت بریتیە لە ژینگە گشتییەکەی ئازادی رادەربڕین. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بەدەر نییە لەو کێشانە و ئەو حکومەتانەی بابەتی مافەکەنی مرۆڤ بە هەند وەردەگرن ئەوانەن شەفافن و پێشوازی لەو گفتوگۆیانە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانیەکان و باشترکردنی دۆخەکە.  بەمجۆرە کارکردن گرنگە بۆ سەقامگیری و سەرکەوتوویی وڵاتەکە.
پ: به‌ بۆچوونى ئێوه‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ى له‌ لایه‌ن رێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، هیچ كاریگه‌رییه‌كى كورت مه‌ودا و دوور مه‌وداى هه‌یه‌؟
کەیتی کایزەر: نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکەن ئەو ڕاپۆرتانە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کروردستاندا گفتوگۆ دەکەن و بەردەوامن لە گفتوگۆی بنیات نەرانە.  هیوادارین ئەو ڕاپۆرتانەی لەسەر مافەکەنی مرۆڤ لەسەر هەر وڵات یان هەرێمێک بڵاودەکرێنەوە ببنە مایەی بەرەپێشبردنی مافەکەنی مرۆڤ لە دوور مەوداو نزیک مەودادا. قسەکردن لەسەر کێشەکان هەنگاوی یەکەمی چارەسەرکردنیانە. هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە ئازادی ڕادەربڕین گرنگە.
پ: ئێستا جۆرێك له‌ بێ متمانه‌یى له‌ لاى رۆژنامه‌نووسان و چاڵاكوانان دروستبووه‌، كه‌ فشاره‌كانى ئه‌مه‌ریكاو وڵاتانى دیكه،‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كى نییه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم،  پێتان وایه‌ ئه‌و بێ متمانه‌یه‌ له‌ چیه‌وه‌ هاتووه‌؟
کەیتی کایزەر: هیوا خوازین خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەموو دونیا ئەوە بزانن کە ئەمەریکا بەردەوام کاردەکات بۆ پاراستنی مافەکەنی مرۆڤ. بنەمای ئەوکارە و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان بریتیە لە هاوشانیکردن و گفتوگۆ ئینجا لە گەڵ کۆمەڵگای مەدەنی بێت، یان لە گەڵ حکومەتی خانەخوێ. پێمان وایە ڕاپۆرتەکان بەردەوام دەبن لە کاریگەری دروستکردن بەتایبەتی ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی هاوشانە بیانیەکانمان بەیەکەوە کاردەکەین، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی بە خێرایی دروست ناکرێت، بەڵکو دەرەنجامی چەندان گفتوگۆیە بەدرێژایی کات.
پ: لە مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان حکومەتی ئەمەریکا چ هەنگاوێکی كردارى دەگرێتە بەر،  لە کاتێکدا ئەگەر بینیان رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی لە مەترسیدایە؟
کەیتی کایزەر: سەرۆک بایدن چەندین جار جەختی لە گرنگی  پێکهێنانی هاوپەیمەنی نێودەوڵەتی  و کارکردن لەگەڵ هاوشانەکان کردووەتەوە بۆ بە دەستهێانی ئامانجەکان. ئیدامەدان بە سازانی دوور مەودا لەسەر گرنگی بنەڕەتی ئازادی رادەربرین لە هێڵی پێشەوەی پاراستنی ئەو ئازادیەیە. ئەوەش گفتوگۆی کراوە و شەفاف لەگەڵ هاوشانەکەنمان و پشتیوانیکردن و فراوانکردنی دەنگی کۆمەڵگای مەدەنی و رۆژنامەنوسان دەگرێتەوە. هەنگاوی تریش هەن بەس تایبەتن بەهەر بەرودۆخێکی تایبەتەوە.
پ: ئایە بە هه‌ڵسه‌نگاندنى ئێوە رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێك دایە و  دەسەڵاتدارانی هەرێم تا چەند جۆر لە ئێوە دەگرن؟
کەیتی کایزەر: هەموومان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاشەوە پێویست دەکات بەردەوام بین لە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی پاراستنی ئازادی رادەربڕین و میدیای ئازاد. پێزانینمان هەیە بۆ ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ ئێمە و هاوبه‌شه‌کانی تر لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەڵام لەوە گرنگتر بوونی ویستی حکومەتی هەرێمە بۆ گفتوگۆکردن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
پ: بەرای ئێوە بۆ پاراستنی ئازادی جگە لە فشارە نێو دەوڵەتییەکان چ کارێك گرینگە کە ئێمە وەکو رۆژنامه‌نووسان بیکەین؟
کەیتی کایزەر: بوونی ئیرادە بۆ چوونە ناو گفتوگۆوە و کراوە بوون بۆ ڕەخنەی بنیاتنەر ژینگەیەك دەڕەخسینێت کە تیایدا ئازادی ڕادەربڕین رەگ دا دەکوتێ و گەشەدەکات. ئەوە شتێکە کە هەموو خەڵك، بە بێ لەبەرچاوگرتنی رۆڵیان لە کۆمەڵگادا، دەتوانن بیکەن. بوونی وەرگری بەرپرسانەی میدیا ( ئەو وەرگرانەی کە هەستی بەر پرسیاریان هەیە) هەنگاوێکی تری گرنگە کە دەربڕو دەرخەری نیگەرانیەکانتانه‌.
پڕۆفایل
کاترین کایزەر، جێگری بەرپرسی یەکەم (جێگری کونسوڵی گشتی): کاترین (کەیتی) کایزەر لە مانگی ٧ ی ٢٠٢٠ وەک جێگری کونسوڵی گشتی دەستبەکار دەبێت. پێش هەولێر لەم پۆست و شوێنانە کاریکردووە: لە ساڵی ٢٠١٨ وە وەک جێگری بەڕێوبەری ئۆفیسی #میسڕ و لە مانگی ٦ ی ٢٠١٩ ەشەوە وەک بەڕێوبەری ئۆفیسەکە بە وەکالەت؛ ڕاوێژکاری ئابوری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە #تونس؛ سەرۆکی بەشی ئابوری و سیاسی لە ئۆفیسی دەرەکی #لیبیا؛ بەرپرسی سیاسی و سەربازی لە هۆبەی میسڕ؛ بەرپرسی بەشی کاروباری گشتی لە لەهۆر، #پاکستان؛ بەرپرسی بەشی سیاسی لە عەمان، #ئوردون؛ هەروەها بەرپرسی بەشی ڤیزە لە ئۆساکا، #یابان. کەیتی پێش ئەوەی پەیوەندی بکات بە وەزارەتی دەرەوە وەکو مامۆستا و رێکخەری پڕۆگرامەکانی مۆزەخانە و دیزاینەری چوارچێوەی تایبەتمەندی وێنە کاریکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەنترۆپۆلۆژیا و فەلسەفە لە زانکۆی #فلۆریدا بەدەستهێناوە و بڕوانامەی ماستەریشی لە خوێندنە یابانیەکان لە سکوڵی خوێندنە ئەفریقی و ڕۆژهەڵاتیەکان لە زانکۆی لەندەن هەیە و بە ئاستی جیاواز زمانەکانی #یابانی و #عەرەبی دەزانێت. کەیتی وەرگری خەڵاتی "دەبڵیو ئاڤەڕێڵ هاریمەن دیسێنت"ە بۆ ساڵی ٢٠١٠ کە لە لایەن ڕێکخراوی خزمەتە بیانیەکانەوە دەبەخشرێت.





وێنە

نیهاد بارزانی ناسراو بە شێخ فستق بارزانی
مەسعود پولەکەی پاپای بە ریفراندۆمەکەوە دەنێت
هێزی گەل و هێزی دەسەڵات
دەزگای میت، هاوپەیمانی پارتیی، بزانە چۆن مامەڵەی کورد دەکات