لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بەکارهێنانەوە سیاسییەکانی نەورۆز

Sunday, 03.21.2021, 06:52 PM



مەرج نییە زیندووکردنەوەی نەورۆز لە هەموو حاڵەتێک و هەموو وڵاتێکدا رۆڵی ئەرێنی ببینێت، ئەوەی ڕۆڵ دەبینێت شێواز و ئەو گوتارەیە کە کاری تێدا دەکرێت و بە چ شێوەیەک کوردانی لەدەور خڕ دەکرێتەوە. بەتایبەت بە هۆی چەندپارچەیی کوردستان و جیاوازی-هاوبەشی شوناسی کورد و نەتەوە هاوسێکانییەوە کە هەمانکات داگیرکاری خاکەکەیین و نەورۆزیش بۆنە و جەژنیانە.
بۆیە چەند گرنگە کە نەورۆز جەژنێکی هاوبەش بێت لەو جوگرافیا فراوانەی کە هەیەتی و کوردیش بەو گەلانەوە لەم  جەژنەدا دەبەستێتەوە، لەوە گرنگتر بەتایبەت بۆ کورد (کە خاوەن دەوڵەت و هەژموونی فەرمی و هێزی هاوتای وان نییە)، ئەوەیە کە هەم لە واتا و هەم لە شێوازی یادکردنەوەی ئەو جەژنەدا بەرامەی کوردستانێتی پێببەخشرێت و جەخت لەسەر جیاوازییەکانی ئەو رۆژەش لەگەڵ دەوڵەتە پەڕگیرە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی دراوسێدا بکرێتەوە، ئیتر ئەمەش لە ڕێنووسەکەیەوە بیگرە تا دەگاتە دروشم و نەریتەکانی یادکردنەوە، چونکە جۆری نووسین و پیتەکانی، دیسانەوە دەرخەری ئەو جیاوازییە پارێزەرە یان هاوبەشییە سڕەرەوەیەن و دەتوانن پارێزەر یان کاڵکەرەوەی شوناس بن.
لە ئێران و تورکیادا کە هەنووکە زۆرترین زەبری سڕینەوەی شوناس لەو دوو وڵاتەوە بەر کورد دەکەوێت، نەورۆز یان یاد نەکرێتەوە یان هەوڵبدرێت ئەو ئەفسانە هاوبەشە نەریتییە فارسی و ئێرانی و تورکی و تۆرانیانەی لێدەربهێنرێت کە ئەنقەست بەکاردەهێنرێن و دەبنە کەرەستەی هەڕەشەی کولتووری و پاسیڤکردنی کوردان. لێرەدایە دبلۆماسییەتی کولتووری و نەرمەهێزی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ڕۆڵی گرنگتر لە چەک و مێزەکانی دانوستاندن دەبینێت، جا چ لە هاوبەشانە یادکردنەوەیدا، یان لە بایکۆتکردنیدا یاخود لە جیاواز یادکردنەوەیدا بێت. وەک چۆن لە کاتی خۆیدا کۆمەڵەی تەعالی کوردستان و پیرەمێردی شاعیر و ساڵح دیلان و ...تاد باشترین سودیان بەرامبەر میراتگرانی عوسمانی و عەرەب لێوەرگرت بۆ پارێزگاری لە کوردستان.
تەنانەت لە شێوەی نوسینی وشەکەشدا دەبێت پارێز بکرێت لە نووسینی نەورۆز بە شێوەی "نوروز یان Nevroz"، چونکە فارس و تورک بەوشێوەیە دەینووسن و ئەم شێوە نووسینانەش لە دەیان چەمکی دیکەدا بەشێکە لە سیاسەتی نەرمەهێزی کولتوورییان بەرامبەر کورد.

نەورۆز، لە کاریگەرییەکەیەوە
نەورۆز لە سەدساڵی رابردووی دەرکەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ناوەندگەرای ئێرانی، تورکی و عەرەبیدا، بەرلەوەی نەریت و روداوێکی مێژوویی دێرین بێت، ئامرازێکی داهێنراو یان رەتکراوەی دەستی گێڕانەوە رەسمییەکانی ئەو دەوڵەتانە بووە، یان وەک شوناس بەکاریانهێناوە(ئێران و تورکیا) یان لەبەر شوناس رەتیانکردۆتەوە(عێراق و سوریا). لەپەنای ئەوانیشدا گەلانی ژێردەستەی وەک کورد (وەک نەتەوە)و عەلەوییەکان(وەک مەزهەب) بەکاریانهێناوە بۆ پارێزگاری شوناسی خۆیان لەبەرامبەر شوناسی زاڵی سەردەستەکانیان، ئەم مۆدێلەیان زیاتر لە تورکیا، عێراق و سوریا بەکارهات. ئێریک هۆبسباوم-ی مێژوونووس، ئەم جۆرە بەکارهێنان و سودوەرگرتنە لە دیاردەیەکی مێژوویی وەک نەورۆز بە "نەریتی داهێنراو" یان "داهێنراوی نەریتی" ناودەبات، بە دەربڕینێکی دی: بیدعەیەکی نەریتییە. گەر لە کۆنتێکستدا بیخوێنینەوە دەردەکەوێت کە سودوەرگرتن لە نەورۆز، هێندەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەیە کەمتر لەبەر هەقیقەتەکەیەتی.
ڕیشەناسیی "نەورۆز" ئاڵۆز و ڕای جیای لەسەرە، تەنها لەناو گێرانەوەی کورددا ئەم پەرتەوازەیی و پەسەند و رەتکردنەوەی نەورۆزە نییە، بەڵکو لەناو فارسەکانیشدا دیسان هەڵگری ڕاڤەی جیاوازە، بۆ کوردستانیان و توێژەرانی گرنگە لەو فاکتە بگەن کە مێژوو و پێدراوەکانی؛ بەرلەوەی لە نێوان هەقیقەت/راستی و ئەفسانە/درۆ-دا یەکلابکاتەوە، پێویستە بیر لە گێڕانەوەی مێژوویی و کاریگەریی گێڕانەوەکان بکاتەوە، چونکە ڕوداوەکانی مێژوو، گێڕانەوەکان و جۆری بەربێژەکان (موخاتەب)، شوێنی بەربێژەکانی و بەکارهێنانەکانی لە ناو کام گوتارەدا هەقیقەت و راستێتی و ئەفسانەییبوونی دەچەسپێنن. بۆ نمونە گرنگ نییە ئەفسانەکانی "دێوەکە و رۆمیۆی ئیتاڵیا"، "درەخت و خەوبینینەکەی باپیرانی عوسمانییەکان" و تیروکەوانەکی ئارەشی فارس" ڕاست و واقعیین یان نا، گرنگە تێبگەین کە ئەو روداوانە کاریگەرییەکانیان جێکەوتەی هەقیقییان هەیە و ڕوداوسازن و شوناس و دید و دەستپێکی مێژووی ئیتالیا، تورکیا و فارسەکان پێکدەهێنن، ئەم حیکایەتانە راست بن یان نا، بەشدارن لە کولتوور، ڕەفتار، ئابووریی، دۆخ و شوناسی گەشتیاریی کەسێتی و شوناسی گشتی ئەو وڵاتانەدا و لە جەنگەکانیشدا هاندەر و قەڵغانی نەرم بەرگریی ئەو گەلانە بوون.
نەورۆز، ئیسلام، ئارییبوون و نەبوون، میدیا، گوتی، کارۆخی، سۆمەری، سوننیبوون، شافیعییبوون، سەلاحەدین و ئەیوبییەکان، میران، کوردزمانی و جلوبەرگ و تاد، بۆ کوردستان هەروان، دەبێت بیر لە کاریگەریی و وەبەرهێنانەوەی مێژوویی، ئابووری، سیاسی، دبلۆماسی و پارادبلۆماسیی ئەو ڕەهەندانەی شوناسی کوردستان بکرێتەوە، ئەم کەرەستە کولتووریی و نەریتییانە لە جوڵانەوەی سیاسیی کوردستاندا ڕۆڵێکی کاریگەرییان بینیووە و لە دەیان چەک و بزوتنەوەی چەکداری زیاتر پارێزەری مانەوەی کوردستانییان بوون.

نەورۆز لە مێژوونووسی و ئەدەبیاتدا
لەناو کتێبە مێژووییەکانی مێژوونووسانی کوردستانیشدا، شەرەفنامە کە یەکەم کتێبی مێژوویی "دۆزراوە"ی کوردانە و یەکەمینی دۆزراوەی مێژوونووسێکی کوردە لەبارەی ڕیشەی کوردانەوە دواوە، ئەو ڕیشەی کوردان دەباتەوە سەر رزگاربووانی دەستی زوحاک، بەڵام نەورۆز بە ئاستیاگی پاشای میدیا و کاوەی ئاسنگەرەوە پەیوەستی ناکاتەوە، بەڵکو ئەو ڕۆژە هاوتا بووە لەگەڵ نەورۆزدا کە پێشتر هەر بۆنەیەک بووە.
لەناو ئەدەبیاتی نوسراو و شیعری شاعیرانیشدا (سەدساڵی دوایی لێدەرچێت) کەمتر ئاماژە بۆ بەستنەوەی سیاسییانە و ئایدۆلۆژیانەی کاوە و ئاستیاگە بە زوحاک و پەیدابوونی نەورۆزەوە، زیاتر وەک جەژنێکی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی سروشت و گەڕانەوەی بەهار باسکراوە. ئەحمەدی خانی(١٦٥١-١٧٠٧)  دەڵێ:
بیلجوملە دەچوونە دەر ژ مالان
حەتتا دەگەھیشتە پیر و کالان
رۆژا کو دەبوویە عیدێ نەورۆز
تەعزیم ژ بۆمە دەما دل ئەفرۆز

مەولوی تاوگۆزی-یش دەڵی:
نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن
یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن
بەڵام بە دەرکەوتنی بزوتنەوەی چەپ و سوودوەرگرتن لە ڕەمزییەتی کاوە و زەحمەتکێشییەکەی، چەپەکان وەک سیمبولی شۆڕش دژی ئیمپریالیزم و سەرمایەداری بەرهەمیان هێنایەوە، نەک وەک جەژنێکی نەتەوەیی، چونکە لە بنچینەدا ئەوان باوەڕیان بە دۆخی نەتەوەیی و کوردایەتی نییە و تەنها جەژنێک لای وان جەژنی کرێکارانە (یەکی ئایار). گرێیان داوەتەوە بە ئایدۆلۆژیای چەپ و کرێکاری و شۆڕشی سوورەوە، بۆ نمونە ئاوا دەریان دەبڕی:
یادگاری چەکوشی کاوەیە نەورۆز
قەڵای زوحاکی کرد بە ‌تەپ و تۆز
ئاوری تۆڵەیە، بۆکوردەواری
لە رەش و رووتی کوردستان پیرۆز
گۆرانی شاعیری چەپ مەشرەبیش دەیوت:
ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ
رۆژی نەورۆز دای بە ‌ھەوری زستان دڕ

بەرهەمهێنانەوەی واتایی نەورۆز
جەمعیەتی تەعالی کوردستان لە گۆڤاری ژین-دا یەکەمین لایەنی نەتەوەیی کوردستانە کە لە دوادوایی عوسمانیدا سودی لە بەرهەمهێنانەوەی مانای نەورۆز وەرگرت و لە ١٨ی مارسی ١٩١٨دا لە وتارێکدا، نەورۆزی وەک جەژنێکی تایبەت بە نەتەوەی کورد لەقەڵەمدا و لەوەش زیاتر، هەوڵیشیداوە پەیوەستی بکاتەوە بە دەوڵەتداریی کوردەوە، بۆ ئەمەش سودی لە مێژووی ئەیوبییەکان بۆ مەرامی نەتەوەیی وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەداوە لە هەمان رۆژدا سەڵاحەدین لەدایکبووە و لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتووە! (لەم وتارەدا جەخت لە راستی و درووستی گێڕانەوەکان نییە باس لە رۆڵی گێڕانەوەیە). هەر لەم وتارەدایە کە کاوە وەک باوکی کوردان دادەنرێت. ئەمەش وەک قەڵغانێک بەکارهات بەرامبەر هەژموونی تۆرانیزمی تورکی و تورکاندنی کوردانی تورکیا.
ئیحسان نوری پاشا کە رابەرایەتی شۆڕشی ئاراراتی کرد، ئەویش وەک سیمبولێک لە شۆڕش و لە نوسینەکانیشدا سودێکی سیاسی لە مانادانەوە لە نەورۆز وەرگرت بەرامبەر تورکیا، وەک جەژنی نەتەوەیی بەکاریهێنا تا پارێزەری شوناسی کوردانی تورکیا بێت لە هەمبەر بە تورککردنیان.
پەکەکەش گەرچی هێزێکی چەپگەرایە، بەڵام سودێکی فراوانی لەم بۆنەیە وەرگرتووە و بۆن و بەرامەیەکی چەپانە و ئاپۆیییانەی پێبەخشی، هەوڵدەدات گەریلا و چالاکەکانی کە فیداکاری دەکەن یان خۆیان دەسوتێنن کاوەی ئاسنگەری نوێیان لێبسازێنن.  
لە کوردستانی عێراقیشدا دیسان وەک قەڵغان بەکارهات، نەورۆز لەناو کوردانی عێراقدا وەک یادکردنەوە و بەکارهێنانی سیاسییانەی، مێژوویەکی دێرینی نییە، تەمەنی بۆ ٧٠ ساڵێک دەگەڕێتەوە، یەکەمجار پیرەمێرد لە سلێمانیدا نەورۆزی میللی کردەوە و لە بەرامبەر شوناسی عەرەبی عێراق بەکاریهێنا، گەرنا ئەسیریی شاعیر لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی رابردوو لە گۆڤاری زاری کرمانجی کە لە رەواندز دەردەچوو شیعرێکی لەبارەی نەورۆزەوە بڵاوکردۆتەوە و بەر لەویش حاجی قادریی کۆیی نەورۆزی لە شیعردا بەکارهێناو و مەولەوی و شاعیرانی هەورامینووسیش زۆر پێشتر نورۆز کەرەسەی شیعرییان بووە.
جوڵانەوەی سیاسیی کوردستانی عێراقیش، هەمیشە هەوڵی داوە نەورۆز وەک جەژنێکی نەتەوەیی بناسێنێت و لە یاسا و دەستوری عێراقدا بیچەسپێنێت و بیکاتە پشوو و جەژنی تێدا بگێڕێت، بەمەش خۆی جیاکردەوە لە شوناسی عەرەبی، ئەم جوڵەیەش لە ١١ی ئازاردا جێی خۆی گرت و لە ئێستاشدا فراوانتر و دانپیانراوتر سود لەم جەژنە لە وڵاتانی دیکەی دراوسێ "بە بەرامەی کوردستانییەوە" وەردەگیرێت.
بەڵام دۆخەکە بۆ ئێران تەواو جیاوازە، بە پێچەوانەی کوردستانیانی تورکیا و عێراق و سوریا، لە ئێران وەک چەکی توێنەرەوەی شوناسی کوردی بەکارهاتووە، چونکە دەوڵەتی مەرکەزیی ئێران، هەوڵیداوە بیکاتە کەرەستەیەکی کاریگەر بۆ بە ئێرانیکردن و لە نەتەوەخستنی کورد و هاوڕیشەکردنی لەگەڵ فارسەکاندا، هەربۆیە هەرگیز بە نەتەوە ناوی کورد لە ئەدەبیاتی رەسمی دەوڵەتی و رۆشنبیرانی پان ئێرانیدا بەکارنایەت و قەدەغەیە.
ئەم حاڵەتە پێویستی بە بیرکردنەوەی ستراتیژی و ئایندەیی کورد و جوڵانەوە سیاسییەکی ئەو پارچەیە هەیە، تا لەوە زیاتر پرۆسەی تواندنەوە لەپەنای نەورۆز و حیکایەتە موزەیەفە رەسمییەکەی "ئاریبوون"دا نەتوێنرێتەوە.

کورد و جوڵانەوەی سیاسییەکەی (بە چەپ و راست و بەشێکی ئیسلامییەکانیشەوە)، هەردەم لە ئامرازەکانی بەردەستیدا، سودێکی فراوانی لە نەریت، ئاین و ئەفسانەکان وەرگرتووە، لەمەشدا سودێکی نایابی لێوەرگرتووە و قەڵغانێکی کلتووریی بۆ پاراستنی شوناسەکەی لێوەرگرتوون، زۆرجار وەک کۆڵەکەی "گوتاری مانەوە"ی خۆی سودی لێ بینوون، بەڵام بەداخەوە ئەم گوتار و سودلێوەرگرتنەی لە ئەفسانە، ئاین و پێدراوە مێژووییەکان نەیبردوونەتە قۆناغی سودلێوەرگرتنی بۆ "گوتاری باشترین ژیان و پەرەپێدان"، کە لەنێوان ئەم دووگوتارەدا جیاوازییەکی زۆر و قوڵ هەیە، یەکەم باشترینە بۆ رەتکردنەوەی "هەڕەشەی نەمان" بەڵام کورت و کەمە بۆ هاوچەرخانە ژیان و گوتاری دووەمیش باشترینە بۆ باشترین بەڕێوەبردن و خۆشگوزەرانانە ژیان کە کورد کورتی هێناوە.
چ لە ئێران، تورکیا، عێراق و کوردستانیشدا، گێڕانەوەکان لەبارەی نەورۆزەوە هێندەی گێڕانەوە سیاسیی و ئایدۆلۆژییەکان بە سەریدا زاڵن، گێڕانەوە مێژووییەکان و پێدراوەکانی مێژوو (لەئاستی ئەواندا) کەمڕەنگترن، من پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە نیم کە رۆڵی سیاسییانە و پارێزەری شوناس بە ئەفسانە، ئاین، بۆنە و نەریتەکان دەبەخشن، بگرە داکۆکیکاریشیانم، بەتایبەت بۆ گەلێک و خاکێکی وەک کوردستان کە هەم خاک و هەم شوناسی نەک لە مەترسیدایە، بەڵکو هەندێکجار لە حاڵەتی ئینکارکردنیشدایە.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟