لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

حەپسخانەی ماوەت ( باستیلی کوردستان)

Tuesday, 08.11.2020, 05:50 PM


ئەوکاتەی کودەتای ٦٣ بوو من بەرپرسی شاری ھەڵەبجە بووم. ھەرلەیەکەم رۆژی کودەتا کەوە بەعسیەکان بەیان نامەکیان دەرکرد بەناوی بەیانی ژمارە ١٣ ئەلێ بۆ ھەموو ھێزە چەکدارەکان لەھەر جێگەیەک شوعیتان بینی بیانکوژن. بە ھەزاران کوژراو بە ھەزاران ڕویان کردە کوردستان. ھاو زەمان مەکتەبی سیاسی پارتیش بەیان نامەیەکی تایبەتی بڵاو کردەوە ئەلێت شوعیەکان ڕویان کردۆتە کوردستان . بیان بگرن و ئازاریان بدەن. ڕێگەی چالاکی سیاسیان لێبگرن. ڕویان رەش بکەن لای خەڵک. ھەر دوای ئەم بەیان نامەیە، ھێرش کرایە سەر بنکە سەربازیەکانی ( بەمۆ ، وەڵەسم، کلکەسماق ، گەرمیان، وە ئەو شوێنانەی کەبنکەی سەربازی شوعی تیا بوو. لە ھەموو بنکەکان کوژراو بریندار ھەبوو، وە لە ھەندێ جێگە بەرخۆدانێکی کەم ھەبوو دوای ھەموو خۆیان دا بەدەستەوە. چونکە ھێزی پێشمەرگە چەکی باشیان پێ بوو و شارەزای شەرکردن بوون. ئەو کاتە ئێمە لە بنکەی وەڵەسم بووین بە نیازی " جەولە" من و سید تۆفیق و باسام لە بەرزاییەکانی پشتی وەڵەسمەوە چەند کیلۆمەترێک دوور کەوتینەوە. کەلە گوێمان لە تەقەی تفەنگ و ھارا وھوریا بوو گەراینەوە . ھەتا ئێمە نزیک بووینەوە. ھاورێ یان خۆیان دا بوو بە دەستەوە. داوایان لە ئێمە کرد خۆمان بدەین بە دەستەوە ئێمە رەفزمان کرد .لەگەڵ ٥،٦ ھاورێ ی چەکدار بەرەوە گوندی یاڵان پێ کەوتینە رێ. پاش چەند ھەفتەیەک لە گوندانەیا سوراینەوە ، پاشان وردە وردە دزەمان کرد و ھاتینەوە بۆ ناوشاری ھەڵەبجە. کەوتینە گەران و بەرزکردنەوەی مۆراڵی رێکخستنەکە . پاشان من بەرەو پێنخوێن کەوتمە ڕێ . بە ھاوڕێیەتی قالەی حاجی حسێنی پێنجوێنی. لە بەینی گوندی گامیش تەپەو وەلەسمدا ئێمەیان گرت . بردینیان بۆ بنکەیەکی پێشمەرگە، کە وەستا محمودی ناڵبەند بەرپرسیاریان بوو. وەستا محمود خەریک بوو وڵاخی ناڵ ئەکرد. ئەو چەکدارەی ئێمەی گرتبوو ھاواری کرد ئەوا ٢ شوعیم ھێناوە. وەستاش بیان ھێنە با ناڵیان کەین. ئیتر کەئێمەیان ناسی، کێن و کوری کێن، ڕێزیان گرتین و ناڵیان نەکردین.!! بردینانە پێنجوێن. لە پێنجوێن بە کەفالەت مەرەخەسیان کردین. بە شەرتێک لەشار نەچینە دەرەوە. کەفیلەکەمان علی مامە قادر بوو. حاکم ئەحمەد گەلاڵی پێ وت، ئەگەر ئەمانە رابکەن ٥٠٠ دینار نەقد جەزا ئەدرێت. مامە علیش وتی بەڵێ ھەموو "دەلۆت" بۆ ئەژمێرم. پاش چەند ماوەیەک منیان گرت و بەرەو بەندیخانەی ماوەت بە ڕێیان کردین. ( چیرۆکەکان لێرەوە دەست پێئەکات). لە سیاگوێزەوە بە شاخی سورکێوا ھەڵگەراین بە لێدان لە ژێر بەفربارین و برسێتی دا چەند شەو چەند رۆژ ڕێگەمان کرد تا گەشتینە بەندیخانەی ماوەت.لەوێ من و جمال جلال یان جیاکرەوە. بردنیانە ژورێکی بچوک کە نزیکەی ٢٥-٣٠ کەسی تیا بوو. ئەوانیان برد بۆ ھۆڵێک کە پربوو لە عەسکەر و جاش و کەسانی تر کەلەسەر قەتل و دزی و جاسوسی گیرا بوون. لە ژورەکەی ئێمەدا چەند ئەفسەری عێراقی و قامیقامێک و لە ھاورێ یانی شوعیش ئەرەحمانە شەلی ھەولێری، ئەو رەحمانی ساڵحی خلە، ئەکبەری خانەقینی، سەید تۆفیق، باسام، مامۆستا ئەحمەد رەشید، ئەحمد دەنگ گەورە، چەند شوعیێکی تری تیابوو. ئەو ژوورەی ئێمە زیدانێک بوو لە ناو حەپسخانەکەدا. شەو بە نۆرە ئەخەوتین. ئەبوایە چەند کەسێک بە پێوە بوەستایە تا چەند کەسێک ئەخەوت. حەپسخانەکە نزیکەی ٧٥٠- ٨٠٠ کەسی تیا بوو . رۆژی ٣ پارچە نانیان دەداینێ، مەگەر خوا بزانێ لەچی دروست کرا بوو. برسێتی وای کە خەڵک کرد بوو کە ئەیان بردن بۆ دەرەوە بۆ ئیش کردن، بە تایبەتی عسکەرە عەرەبەکان، ئەگەر لەسەر سەرە نوێلکەکان لاشەی ئاژەڵی تۆپیویان دەست دەکەوت، لاشەی ئاژەڵی تۆپیویان ئەھێنایەوە بۆ حەپسخانەکەوە ئەیان کوڵاند و ئەیان خوارد. ئەمەم بە چاوی خۆم چەند جار دی بوو. دەنگو باسی برسێتی وای لە مەلای مزگەوت کرد بوو، کە فتوای دا ئەگەر بەندەکان بەلای مزگەوتا گوزەریان کرد با خەڵک نانو خورمایان باتێ خێرە. شوعیەکان نزیکەی ٦٥ کەس دەبووین. دوای ھەموومانیان لە ھۆڵێکی گەورەدا دانا. ئەوە بۆ ئێمەی قولەکە وەکو پشویەک وابوو..!!. بەرۆژ ئەیان بردین بۆ کۆلە دارھێنان خۆ ئەگەر کەسێ لە ڕیزەکەلای بدایە، مام سەلیم بە گۆجان لەم سەر بۆ ئەو سەر لەھەمووی ئەدا. ریزەکەزۆر جار لە نیو کیلۆمەتر درێژ تر ئەبوو. ھەندێ سەرباز و ئەفسەری عەرەب، کە خۆیان تەسلیم کرد بوو بە شۆرش، ئەوانیش لە ھۆڵە سارد و سرەکەی ئێمەدا بوون. یەکێکیان لە کاتی بێگاریدا، کەوت بوو قاچی لە جێ چوو بوو. لەنانەوا خانەیەکدا ھەندێ ھەویری دەست کەوت بوو قاچی پێ بەست بوو. شەو عسکەرێک کەلە تەنیشیتیەوە بوو لە برسا ھەویرەکەی خوارد بوو. بەیان ئەی وت خۆم قاچم شکاوە خۆم برسی بووم ھەویرەکەم نەخوارد کێ خواردوویەتی؟ ڕۆژی تر ھەر لەو نانەوا خانەیە، بڕێک ھەویری ھێنا بوو بەستی بووی بە قاچیەوە. شەو بەدەم ھاوارەوە خەبەرمان بووە سەربازەکە ئەی وت بۆ گازم لێئەگرن، ھەویرەکە قوزەڵقورت بکەن، تومەس ئەم جارە مشک خوارد بووی. مشکەکان لە ئێمە برسیتر بوون ..!! خولە ئامە و علی برایم دەروێش بە نۆرە مودیری بەندیخانەکە بوون. خولە ئامە پەیوەندی لەگەل حیزب ھەبوو. ڕۆژێ بانگی کردم بۆ ژوورەکەی خۆی. نامەیەکی دایە دەستم، ھاتمەوە نامەکەمان کردەوە. نوسرا بوو ھاوڕیان سڵاویان ھەیە بۆتان، بەم زوانە مەلا مستەفا دێتە ناوچەی مەرگە ھاورێ عزیزیشی لەگەل دایە بەردەبن. وەلامی نامەکەمان دایەوە، من بردم بۆ ژوری خولە ئامە لە پەلەپەلیدا پارچە سابوون کەلە گیرفانم دا بوو ئەوەم دابوو بە کاک محمود لە باتی نامەکە. ڕۆژی دوای بانگی کردم بۆ ژورەکەی خۆی ئەزانم لێت تێکچووە، ئەو سەلکێ سابوون نامەکەم بدەرێ. ئیتر لە ڕێ غولەئامەوە ھەرچی ھەبوو ئەمان گەیاندە حیزب. من ٨ مانگ لەوێ مامەوە، ھاورێ تر ھەبوو ٢ ساڵ لە رەوشە ناھەموارەدا ژیا بوو. ھەتا خوالێجۆششبوو مەلا مستەفای بارزانی ھاتە مەرگە و ھێزی تایبەتی خۆی نارد و ھەر چی شوعی ھەبوو ھەموویان بەردا. ھەندێ ڕوداوی سەرنج راکێش: 1. ڕۆژێک ڕۆژنامە نوسێکی چیکۆسلۆفاکی ھات بۆ بەندیخانەکە، ھێنایان بۆ ژوورە بچکۆلەکەی ئێمەی تیا بووین، خوالێجۆششبوو سامی عبدول رەحمان و م دزەیی کەلەگەڵدا دا بوو. یەکە یەکە پرسیاری لێمان کردمامۆستا ئەحمد رەشید کە ئینگلزێکی باشی ئەزانی کەوتە قسە لەگەلیدا. ئەورەحمانە شەلی ھەولێریش لەگەل کاک موحسین دزەییدا کەوتنە گلەیی و باسی ھەولێر کردن. ڕۆژنامە نووسەکە لەگەل من دیدارێکی ساز دا. کاک سامی تەرجومەی دەکرد. ڕۆژنامە نووسەکە زۆر تورە بوو لەبەر ئەوەی ئەم شۆرشە شۆرشی گەلێکی زوڵم لێکراوە چۆن دەبیێت شوعی حەپس بکات ؟ ئیتر بە تورەیی چوە دەرەوە. 2. برادەرێکمان نانەوا بوو بەیانی ئەیان برد بۆ ئیش کردن. کە ئەھاتەوە دەورەمان لێ ئەدا، ئەمان وت ھەوال چیە ؟ وتی "ڕادوێی ئیسرائیل" وتویەتی ئەم شەو ئیشەلا باش ئەبێت. تومەس لە ھەوالەکاندا باسی مفاوازاتی کورد و عێراق کراوە. 3. دیمەنی ئەو مناڵە ١٢ ساڵەی ئێمە ھێنامانە لای خۆمان بۆ ئەوەی دوجاری کاری خراپی نەکەن کە دایکی ھات بۆ مواجە، چووە باوەشی دایکی چەند کاتژمرێک خەوی لێکەوت. ئەو دیمەنە ئێستەش ھەرلەیادمە. 4. مواجھەی علی سویلەی برای حمە سویلە کەیەک منجەڵێ فافۆنی برنج و قەڵی کولاو دەستەیەک نانی تیری بۆ ھێناین. قەد لە یاد ناچێت. حەمە سویلەش ئەی وت ئەم جارە علی لە مردن ڕزگاری کردین . ( علی سەر لقی پارتی بوو) 5. جارێک ھێنانینە دەرەوە بۆ گەرماو، علی ماوەتی کە ھاورێ ی خۆمان بوو لەدەرگای گەرماوەکە چەند پاکەت خورمای کردە ناو گیرفانی چاکەتەکەمەوە. منیش لەگەرانەوەمدا لەبەر ئەو ھۆڵەدا تێپەر بووم کە ھاورێ ھونەرمەند تەھا خلیلی تیا بوو. لە پەنجەرەکەوە پاکەتێکم بۆ فڕێدا. بەندەکان ھەر بە ئاسمانەوە قۆستیانەوە لە بەینی خۆیاندا بەشیان کرد یەک دەنکیان نەدا بە ھاوڕێ تەھا. 6. ھاورێ معتەسەم رەشید، کەلەم دوایەیە بوو بە ڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی. لەگەل علی ئەحە خورشە کەلە کۆلەدار ئەیان ھێنانەوە، لەناوەراستی حەوشەی بەندیخانەکەیا ھاواریان ئەکرد بە دەنگی بەرز ئەیان وت "بژی ھیتلەر بژی فاشست " ئەمان وت بۆچی وا ئەڵێن، ئەیان وت لەوە زیا تر ھیچیمان لە دەست نایا. 7. ئەورەحمانی سالحی خلە لە "کانی ماسی" بەزیندووی بەنزین و نەوتیان پیا کرد گریان تێبەردا ھەتا بوو بە خۆلەمێش. 8. لەھەولێر لە ٥٨ و ٥٩ ڕێپوانیان دەکرد ئەیان وت بژێ گەل ڕۆلەی گەل ئەورەحمان و شێخە شەل ( ئەمانە دوو تێکۆشەری شوعی بوون) 9. حەپسخانەی باستیل لە مێژووی بەشەریەتدا بە ڕەشترین حەپسخانە ناسراوە لە شۆرشی کۆمۆنە پاریس بەڵام درگای حەپسخانەکەیان کردە ٣٠٠ کەس زیاتری تیا نەبوو.بەڵام حەپسخانەی ماوەت دەیان کەس لە برسا مرد. چەپێک گوڵ و چەپێک نێرگز بۆ ئێوە، ئێمەش بەندیخانەی ماوەت ١٠ ساڵی لە تەمەنمان کوژاندەوە.

(سوپاسی تەڤدا پرێس بۆ کاك دلێڕ شازەمان بۆ هەڵبژاردن و ناردنی ئەم بابەتە)


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟