لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

ئەوەی ئێمە ئەروخێنێ خۆمانین ، نەک کشانەوەی ئەمەریکا !

Wednesday, 08.25.2021, 10:48 AM


بەدرێژایی زیاتر لە ۳٠ سی ساڵ نەمان توانی قۆناغی شوڕش  تێپەڕێنین و بگەین بە  قۆناغی دەوڵەت ،  وەلە بیری شۆرشەوە بۆ بیرکردنەوە لە دەوڵەت!
ئەوەی پێگە و ستونە بەهێزەکانی هەر پێکهاتەو قەوارەیەکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی ئەپارێزێ لە هەرەس و گلان بەپلەی سەرەکی پێکهێنەرە نێو خۆییەکانیەتی وەک خەڵک ، جۆری سیستمی حوکمرانی ، عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، شەفافیەت لە داهات و سەرچاوەی سامانە سروشتیەکانی و چۆنیەتی. خەرجکردنی ، لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندیەکانی گەل و پاراستنی کەرامەت و شکۆی تاک ..

هیچ مەترسیەک ئەوەندەی فاکتەرە  ناوخۆییەکان جێگەی مەترسی و هەڕەشە نین بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان .
هۆکاری زۆربەی راپەرین و شۆرشەکان ستەمی ناوخۆ و ناعەدالەتی ناوخۆیی و ستەمی دامودەزگا ئەمنیە داپڵۆسێنەرەکانی و برسی کردنی خەڵک بووە ، شۆرشی ۲٥ی ینایری ساڵی ۲٠۱۱ی خەڵکی  میسر کە لەماوی تەنها ۱۷ رۆژدا کۆتاییان بە دەسەڵاتەکەی سەرۆک محمد حوسنی موبارەک هێنا ، هێزو هەرەشە و خەڵکی دەرەکی نەبوو ، بەڵکو ستەم و ناعەدالەتی و دەسەڵاتی تاک حزبی و ئەو جیاوازیە چینایەتیە قوڵە بوو کە وای کردبوو لە ۸٠ ٪ خەڵک هەژار و بێدەرەتان بێت و لە ۲٠ ٪ دەوڵەمەندو خۆشگوزەران بژین !
مەلیکی فەرەنسا لۆیسی ۱٦ شانزەهەم لەکاتێکا گەلی فەرەنسا بەهۆی نەبونی و هەژاریەوە ئەیانناڵاند و خەڵک نانی نەبوو بیخوا کەچی گەنجینەی دارایی وڵاتی فەرەنسای مایەپوچ کرد و جگە لە یارمەتی تیمی سەربازی ۲٠٠ ملێۆن لیڤەر ( پارەی ئەو کاتەی فەرەنسا بوو) نارد بۆ شۆرشگێرە ئەمەریکیەکان لە ساڵی ۱۷۷٥ دا ، هەر بۆ ئەوەی دژی بەریتانیا بجەنگن و شکۆی بشکێنن ، وە لەئاکامدا گەلی فەرەنسا لە ساڵی ۱۷۸۹ شۆرشیان لەدژی دەسەڵاتی لۆیسی شانزەهەم کرد و لەساڵی ۱۷۹۳ شدا بەتۆمەتی خیانەتی گەورە ملیان بە مەقصەڵە پەڕاند .

ئێمە مێژوویەکی تراژیدی و سیخناخ بە شکست و گلان و هەڵسانەوەمان هەیە ،نەک ئەزمون و مێژووی گەلانی تر ،ئەزمون و مێژووی خۆمان پڕاو پڕە لە پەند و عیبرەت ، ئەوەندەی هەمو گەلانی ناوچەکە یاخی بون و راپەرین و شۆرشمان کردوە ،  رۆژ ژمێری سەرهەڵدان و  دامرکاندنەوە و شایەتحاڵی یەکەم و کۆتای مێژووی ناوچەکە و پاڵەوانی داستانی سەروەری و شانازی گەلان و مەردوومی رەسەنی ئەم مەملەکەتەین ، کەچی هێشتا لە خۆمان ون و ونین لە ناوخۆدا .

سی ساڵە ئەم پێکهاتەیەی ئێمە لەبری ئەوەی ببێتە ناوەندی کۆکردنەوە ویەکریزی و تەبایی و کاڵکردنەوەی جیاوازی و سرینەوەی شوێنەواری کارەسات و دابران و ناتەباییەکان ،
مخابن هەر لە سنور و بازنەی بیرکردنەوەی میراتی پیرۆزیەکانی رابردودا ، لە دەوری هەواری شڕی خێڵ و بەدیار مەراسیمی رۆژی هۆز و هاتنی موچەوە خول ئەخۆین !

دوو کارەکتەری گرنگ لە رۆژگاری ئەمرۆدا رۆڵ و پێگەی هەر دەوڵەت وپێکهاتە و قەوارەیەکی سیاسی بەهێز ئەکەن  ج لەناوخۆی وڵاتدا یا لە دەرەوە و لە نێو کۆری نێودەوڵەتی و شانۆی سیاسی نێو دەوڵەتیدا ئەوانیش ؛

۱ ـ هێزی نەرم ( القوە الناعمە ) ؛
وەک " جۆزیف نای " پێناسەی کردوە  بریتیە لە توانای دەوڵەت بۆ بەدەستهێنان یا دابینکردنی ئەوەی دەیەوێت لە رێگەی راکێشانی سەرنجی بەرامبەر لەبری رق لێبونەوە و رق لێداگرتن ) ،واتە دەوڵەت دەتوانێ ئامانجەکانی خۆی بەدەست بهێنێ لە رێگەی نیشاندانی فۆرمی  ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبری و شارستانی کە بەها و سەرچاوەی مەعنەوین و بە کاری ئارەزوومەندانە نەک نواندنی ترس  ( الترغیب لیس الترهیب ) .
بونی سیستمێکی دیموکراسی دادپەروەر و شەفاف کە مافی هاوڵاتیان و شکۆوکەرامەت و ژیانیان پارێزراو بێت و  مایەی پێشکەوتن و شارستانی و گەشەی ئابوری بێت . وە رەنگدانەوە ی بەها و ئەداو وێنایەکی جوانی ئیداری ـ سیاسی و دیپلۆماسی بێت .

۲ ـ هێزی سەربازی ؛
هێزیکی سەربازی نیشتیمانی سەربەخۆ کە لەتەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەپێکهاتبێ و ئەرکی پاراستنی سنورەکان و قەوارە و پێکهاتەکان بێت لە هەر هێرش و پەلامارێکی دەرەکی ، هەروەها هێز پێگە و شوێنی دەوڵەت و پێکهاتە و قەوارەکان لە ململانێ و پەیوەندیە نێو دەوڵەتی و کێ بڕکێ ناوچەیی و هەرێمایەتیەکاندا بەهێزتر و کاریگەرتر ئەکات بەپێچەوانەی ئەو هێزو لایەنانەی کە بێ هێز  یا لەرووی هێزی سەربازیەوە لاوازن ، بۆنمونە بزوتنەوەی لانگرانی خوا (حرکە انصار اللە ) کە بزوتنەوەی حوسیەکانی یەمەن ناسراوە کە هێزێکی چەکداری توندرەوی ئیسلامی یەمەنە و لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پشتیوانی و هاوکاری کراوە و بە تاوانی کوشتن و ئاژاوە و توندرەویانەوە لە ناوچەکە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەو سزا دراون، هەروەها لەلایەن ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاشەوە خراوەتە لیستی رەشەوە ، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەمانەدا لایەنێکی دیار و خاوەن هێزێکی چەکداری دڕ و شەرکەر بون کە سەرەڕای هەمو ئەو فشارە زۆرەی کەلەسەریان بوو توانیان بەهێزو توانایەکی گەورەوە بمێننەوە و زۆرترین شوێنی ستراتیژی و دەوڵەمەند بەنەوت بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە ، دوای ئەوە حوسیەکان بون بەژمارەیەکی دیار و کاریگەر لەسەر مەیدانی رووداو ئاڵوگۆڕیەکانی یەمەن ، بۆیە ئەمەریکا ناچار بو دان بەو واقیعە تازەیەدابنێ و هەر بۆیە " تیم لیندر کینج " نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا لە یەمەن لە گفتوگۆیەکدا لە بەرواری ۲٤ی حوزەیرانی ۲٠۲۱ دا وتویەتی ؛  هیچ کەسێ ناتوانێ دەریان بکات یا دووریان بخاتەوە لە نێو ململانێکاندا هەرتەنها بە خۆزگە خواستن ، بۆیە لێگەڕێن با کار لەگەڵ ئەو راستیانەدا بکەین کەلەسەر زەمینەی واقیعدا هەیە ، شایانی باسە هەر لەم ماوەیەدا ئەمەریکا حوسیەکانی یەمەنی لە لیستی سزاکانی خۆی دەرهێنا ، کە ئەمەش چاوپۆشی و فەرامۆشکردنی روونی هەمو ئەو تاوان و پێشێلکاریانەیە کەئەم هێزە ئەنجامیان داوە !
ئەمەتەنها نمونەیەکە کە نیشانمان ئەدات رۆڵ و کارگەری هێز و پێگەی هێز تا چ ئاستێک کاریگەری هەیە لەململانێ  ناوچەیی و نێو دەوڵەتی و گفتوگۆ و دانوساتەکاندا .

لەناو هەرێمدا ؛
لەناو قەوارەی هەرێمدا هەمو پێکهێنەرە بنچینەییەکانی بەهێزکردنی سیستمی حوکمرانی و گەشەی ئابوری و ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ هاوڵاتیان و ئاوەدانی و بەرهەمهێنان و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری و خاکی بەپیت و ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی پێویستمان بەزیادەوە هەیە بۆ کشتوکاڵ و،  خاوەنی سەروت و سامانێکی گەورەی غاز و نەوتین ...
کەچی نیشتیمانێکی وێرانە و سیستمێکی لەت لەت و بێ دامودەزگا و دامەزراوەیی و ناشەفاف و نائازاد و نارۆشنمان بەرهەم هێناوە کە هەڵگری هیچ خەسڵەت و بنەمایەکی پێشکەوتن و چەمکی هاوڵاتی بون و مەدەنیەت و ژیانێکی شایستە و سەردەمیانەی هاوتەریبی دەستکەوت و بەرهەم و داهات و سەروەت و سامانە نیشتیمانیەکەی نیە و سەرەڕی ئەوە هەژاری و بێکاری تەنگی بە دانیشتوانکەی هەڵچنیوە !
جگە لەوە ناو و ناوبانگی قەوارەی هەرێم لە دەرەوە ، لە بەرچاو و لەراپۆرتەکانی دامودەزگاو رێکخراوی ما فەکانی مرۆڤ چەندین پێشێلکاری دژی رۆژ نامە نوسان و چالاکوانی رێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکان لەسەر نەبونی ئازادی رادەربڕین و رای ئازاد و داواکاری ماف و داخوازیە رەواکانیان تۆمارکراوە کە وێنایەکی خراپی لای ئەوروپی و رۆژئاواییەکان لەسەر قەوارەی هەرێم دروستکردوە .

هێز ؛
هێز بەردی بناغەی هەر پێکهاتەو قەوارەیەکی سیاسیە ، بەتایبەتی بۆ پێکهاتەیەکی سیاسی نەخەمڵیوی ناکامڵی دەورەدراو بە هاوسێ و دەوڵەتی داگیرو بەسەرا دابەشکراوی نەتەوە و بونی نەتەوەی سەردەستی دەوڵەتی زاڵ ، زۆر پێویستر و ریشەیترە لەهەر ئەگەر و کارێکی نشتیمانی و بەدامەزراوەیی تری گەل .
لە بری هێزێکی نیشتیمانی یەکگرتوی تۆکمە ، شانبەشانی هێزی پێشمەرگە ، چەندین هێزو دەستەی کەسێتی فڵان سەرکردە و فیسارە بەرپرس بونیان هەیە بە بونی چەکی قورسەوە کەهەم مەترسیە لەسەر خەڵک و هەم مەترسیشە لەسەر خودی خۆیان و تۆخکردنەوەی جیاوازی و ململانێکانیان ، بەجۆرێک لەهەر بەرکەوتنێکی ئاسایدا راستەوخۆ ئەو هێزانە بە فەرمانی کەسی ئەجوڵێنرێن و دۆخەکە ئەشڵەژێنن وەک ئەوەی لە شاخ و دوور لە ئاوەدانی و شار بن ! کەنەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆ بەڵکو لەسەر ئاستی دەرەوەش شێوەیەکی قێزەون و دواکەوتی هەم بە کۆمەڵگەی کوردی و هەم بەدەسەڵەتی کوردی و قەوارەی هەرێمیش گەیاندوە ، بەداخەوە لەگەڵ ئەو هەمو فشارەی هێزەکانی هاوپەیمانان و رای گشتی خەڵکی کوردستان بۆ یەکخستن و دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتوی نیشتیمانی لە کوردستاندا  ، کەچی تائێستا هەوڵ و فشارەکان و مەترسیەکان بۆ ئەومەبەستە ، بەرهەمێکی وایان نەبوە.

ئێمە لەم هەرێمەدا نە توانیومانە رویەکی گەش و شێوەیەکی حوکمڕانی پێشکەوتو پیشانی جیهانی دەرەوە بدەین لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە سەرکەوتوو نەبوین لە بەکار هێنانی هەمو ئەو پێکهێنەرە سەرەکیانەی کەلەبەردەستدا بون و پێویست بون بۆ دروستکردن و بنیاتنانی قەوارەیەکی سیاسی خاوەن ئابوریەکی بەهێز و هێزێکی یەکگرتوی نیشتیمانی و کوردوستانێکی ئارام و ئاوەدان بەجۆرێک کەلانی کەم پێگەیەکی هەرێمی پتەو و ئاسایشێکی ناوخۆیی و بڕوا بەخۆبونێکی بەهێزی بە رۆڵەکانی ببەخشیایە  کەنەک لەگەڵ دەنگۆ و هەواڵ و تەپوتۆزی کشانەوەی  سوپایەک لە ئەفغانستان ، راچڵەکێت و بە تەمو گومان پایەی قەوارەکەی بلەرزێ !

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟