لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

متمانەی سیاسی لەنێوان (لەدەستدان وبنیادنانەوە)

Monday, 08.30.2021, 10:59 AM


نەمان و لەدەستدانی متمانە وەك زاراوە نوێ نیە، زۆربەی كات لەئەدەبیاتی زانستە سیاسییەكاندا باس دەكرێت و نەتەوەیەكگرتووەكانیش لە یەكەمین كۆنفراسی خۆیدا سەبارەت بە ”دروستبوونی متمانە بەحكومەت”، كە ساڵی 2006 لەشاری ڤییەننای پایتەختی وڵاتی نەمسا بەسترا، ئاماژەی پێداوە بەوەی بریتیە لەبەرهەمی ”كۆكبوون و تەوافوق لەڕاوبۆچوونەكانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە و ئیلیت و دەستەبژێرە سیاسییەكان كە پێشەنگی دۆخ و دیمەنی سیاسی و دەسەڵاتن لەسەر چۆنیەتی گرنگیپێدان و دیاریكردنی ئەركە لەپێشینەكان لە بەرنامەی كارەكان و لەبواری ئیدارەی حكومیدا و كارلێكی ئەرێنی لەنێوان دامەزراوە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكاندا”.

‎لەدەستدانی متمانەی سیاسی

‎هۆكارەكانی  لەدەستدانی ”متمانەی سیاسی” بریتیە لە ‎بەهەمیشەیی بوونی قەیرانەكان و فراوانبوون و گەورەتر بوون و بەردەوامبوونیان بەبێ دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان، چ لەلایەن كەسانی ناڕازی لێیان و چ لەلایەن دەستەبژێرانی سیاسییەوە، بەهۆی كەڵەكەبوونی نەهامەتییەكان كە هەردەم وەك دەمی برینێكی بێ چارەسەر، كراوەن.

‎لەمەشەوە لەدەستدانی متمانە بەچینی سیاسی سەرهەڵدەدات كە بنەما سەرەكییەكانی مانەوە و بەردەوامبوونیان لەدەستچووە لە ئەنجامی شكستهێنانیان لەدروستكردنی پردو رایەڵەی متمانەپێكردن لەنێوان خۆیان و جەماوەردا.

‎لەدوای دیاردەی نەگریسی گەندەڵی، پشك پشكێنە و بەش بەشێنە و حزب حزبێنە و كۆبوونەوەی كەسانی هەلپەرست و ماستاوچی و خود بەرژەوەندخواز لەدەوری پیاوانی سیاسی و كەسانی بڕیار بەدەست و خۆخزاندنی ئەم تاكە ئینتیهازیانە بۆ ناو ریزەكانی حزبە سیاسییەكان و كاریگەری خستنە سەر بەرپرسان بەهۆی مەحسوبیەت، یان پێدانی شیرینی یان هەندێ ئۆڤەری دیكەی نەشیاوو نامۆ بەئاكاری كۆمەڵگە، بۆ دانانیان لەجومگەیەكی هەستیاری حكومی یان پۆستێكی دیار، بە مەبەستی دەستخستنی داهات و قازانجی كەسی و تایبەت بەخۆیان، بەسوود وەرگرتن لەسیستماتیك نەبوونی دەوڵەت و بە دامەزراوەنەكردنی كۆی جومگەكانی حكومەت.

‎پشتگوێخستن و نەبوونی هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی كەسانی دڵسۆز و شارەزا و لێهاتوو بۆ سوودوەرگرتن لەتواناكانیان و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە لەماوەی كارو تەمەنی حكومەتە یەك لەدوایەكەكان هۆكارن بۆ دروستبوونی هەستێك لەلای تاك بەتاكی هاووڵاتیان كە حكومەت ناتوانێت خواست و ویست و ئاواتەكانیان لەخۆبگرێت و بۆیان بەدیبهێنێت، ئەمەش ڕێكارێكی ڕێخۆشكەر بووە بۆ لەدەستدانی متمانە لەنێوان هاووڵاتیان وحكومەتدا، بەجۆرێك كەهاووڵاتیان لەدۆڵێك و حكومەتیش لەدۆڵێكی دیكەیە.

‎لەگەڵ ئەمانەشدا سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و جەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو سەرقاڵبوونی حكومەت بەئاڵنگارییە سیاسییەكانی دیكەی بەردەمی، كە بووەتەهۆی كەمتەرخەمی حكومەت لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانی بەرانبەر هاووڵاتیان، زیاتر قوڕەكەیان خەستتر كردووەتەوە.

‎بنیادنانەوەی متمانەی سیاسی

‎ئەم قەیرانەش چارەسەر نابێت تەنها بەگەڕاندنەوە و بنیادنانەوەی متمانەی سیاسی نەبێت، بنیادنانەوەی ئەم متمانەیەش لەژێر هەڕەشەدایە بەهۆی شێوازی دابەشكاری سامانە گشتییەكان و سەرمایە كۆمەڵایەتییەكان.

‎پردی بەیەكگەیشتن لەنێوان چینی دەسەڵاتداران وهاووڵاتیان دەپسێت و دادەتەپێت كاتێك چینی سیاسی دەسەڵاتدار كەهەر خۆیان سەرمایەداری گەورەی وڵاتن، توانای بەڕێوەبردنی حكومەت و ئیدارەدانی میللەتیان نابێت بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان و بەدیهێنانی ئامانجە تایبەتەكانیان.

دروستكردن و بنیادنانەوەی متمانەی سیاسی كاتێك دەبێت كە تاكەكانی كۆمەڵگە و هاووڵاتی هەست بكەن كە بەرنامەی كاری حكومەت لێكەوتەی پێداویستییەكانی كۆمەڵگەیەوهاوتەریبە لەگەڵ خواستەكانی و بەخێرایی وەڵامیان دەداتەوە، كە ئەمەش بەدەركەوتنی كەسایەتییەكی كاریزمی دەبێت چ لە لوتكەی دەسەڵاتی سیاسی، چ لە لوتكەی ئیدارەی حكومەتدا، كە شێلگیرانە هەوڵی ئەنجامدانی چاكسازی و رێگرتن لەگەندەڵی بدات، خەمی سەرەكی بەدیهێنانی ژیانێكی شكۆمەندانە بێت بۆ هاووڵاتیان، ئەگەر نا ئەوا ناكۆكی و كەلێن و كەموكورتییەكان دەبنە هێڵی جیاكەرەوەی نێوان دەسەڵات و جەماوەر، كە ئەم جەماوەرە هەمیشە بەرەو ئاراستەیەك هەنگاو دەنێت كە تەواو پێچەوانەی ئاراستەی بۆچوونەكانی حكومەتە كە لەئاستی تێركردنی داواكارییە رەواكانی جەماوەردا نیە لەو چوارچێوەیەی كە دەستور دیاری كردووە.

‎بەكورتی و بەكوردی

‎پشتبەستن بەكەسانی بەرژەوەندخوازوهەلپەرست و دووڕوو، خاڵیكی لاوازە و زیانی لەسوودی زیاترە و ئەنجامەكەشی شكستهێنانە،

‎بەڵام .. پشت بەخۆبەستن و هەڵبژاردنی كەسانی دڵسۆز و بەئەمەك و كارامە و خاوەن هەڵوێستی نەگۆڕ،  خاڵێكی بەهێزە و سوودی لەزیانی زۆر زیاترە و بەرهەمەكەشی گەیشتنە بەسەركەوتن.

‎متمانەی سیاسی پرەنسیپ و بنەمایە بۆ ئارامی و سەقامگیری، هۆكاری بەستنەوەیە لە نێوان بەڵێنەكان و جێبەجێ كردنیاندا، ئەویش بەوەڵامدانەوەی بڕیار بەدەست كەحكومەتە بۆ پێداویستییەكانی هاووڵاتیان كە گەل و كۆمەڵگە پێكدەهێنن، بە تایبەتی پێداویستییە ژیاری و ژیانییەكانی ڕۆژانەیان وەك نان و ئاوو كارو كارەباو تەندروستی  و پەروەردە وهتد...

‎هەروەها پێویستە لەسەر چینی دەسەڵاتدار كە تابتوانێت دووربكەوێتەوە لەدابەشكردنی سامانی گشتی و بەخشینەوەی كێكی دەسەڵات تەنها بەسەر كەسانی خاوەن پۆستی حكومی و سیاسی و حزبییە باڵاكان و خەمەكانی خەڵك و هاووڵاتیانی سادە بكاتە خەمی خۆی، بەمەش دادگەری كۆمەڵایەتی دەچەسپێنێت و رایەڵەی متمانەی سیاسی بە بەردەوامی و نەپساوی دەهێڵێتەوە لەنێوان فەرمانڕەوا (حاكم) و فەرمانبەراندا (محكومین).

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟