لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

پێکدادانی تورکیا و ڕوسیا ئەگەرێکی زۆر بەهێزە

Thursday, 08.26.2021, 03:12 PM


-سەرباری بەردەوامی پلاتفۆرمی ئەستانە،، چەند ڕۆژێکە هێزەکانی سوریا، ئێران لە سەر عەرز و ڕوسیاش لە ئاسمانەوە ئیدلیب تۆپباران دەکەن و تورکیا و هەیئەت تحریر ئەل شام وەڵامیان دەدەنەوە؟
-چیبو وایکرد لە پڕەوە برای سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات خۆی بگەیەنێتە ئەنکەرە و لەگەڵ تەیب کۆببێتەوە؟
-ئەرمەنستان لەو ڕۆژانەدا هێرش دەکاتەوە سەر ئەو سنوور و کۆریدۆرانەی کە ئەزەربایجان لە شەڕی ساڵی ڕابووردودا بەدەستی خستن. ڕوسیا، ئەرمەنستان پڕچەک دەکات و چاودێران باس لە سەرهەڵدانی ئیسرائیلێکی بچوک دەکەن لە ناوچەکە و سەر سنوری تورکیا. لە لێدوانەکانی جەنەراڵ سەرگی شۆیگ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بڕوانە هەست بەوە دەکەیت کە ئەرمەنستان و ڕوسیا کەوتونەتە ناو پەیوەندیەکی ستراتیژی قوڵتر لە جاران.

-هۆی چیە سەرۆکی دەوڵەتی سوریا ئەل ئەسەد لە ڕۆژانی دواییدا باسی لە سیستێمی {لامەرکەزییەت} کرد کە پێچەوانەی بۆچوونی ڕژێمەکەیەتی؟

-دوێنێ پلاتفۆرمی کرم دەستی پێکرد کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئەو خاکەی ئۆکرانیایە کە ڕوسیا ٧ ساڵ بەر لە ئێستا دەستی بەسەردا گرتو ئیلحاقی کرد. لە کۆبونەوەکەدا کۆمەڵێک وڵاتی دژە ڕوسیایی، ناتۆ و ڕۆژئاوایی تێدا بەشدار بوون و یەکیش لەوانە تورکیا بو.
-ساڵێک بەر لە ئێستا باسم لەوەکرد کە ئەوەی تورکیا دەکاتە گاردیان\شەقاوە لە ڕۆژهەڵات و قەفقاسیا وە سەرئێشە بۆ ڕوسیا سازدەکات، دەوڵەتی بریتانیایە. دەزگای سیخوڕی بریتانیا ناسراو بە {ئێم. ئای.٦} چەند مانگێک بەر لە ئێستا سەردانی م.جۆلانی کرد لە ئیدلیب. ئیدلیب قەڵای ناتۆیە بەڵام ئەرکەکە ئیسلامیەکان و تورکیا بۆی دەگێڕن. ئەوانەی ئەو بەرنامەیەیان نەبینیوە دەتوانن سەیری ئەو ڤیدیۆیە بکەن
https://www.youtube.com/watch?v=kJHMlgMYFjM&t=1842s

-ڕوسیا چەند ڕۆژێکە بۆ ترساندنی تورکیا و پەشیمانکردنەوەی لە چوونی بۆ پلاتفۆرمی کرم کە ٢٣-٨-٢٠٢١ لە لە ئۆکرانیا سازکرا، کارتی ئەرمێنیا و ئیدلیبی باش بەکارهێنا، بەڵام کەڵکی نەبوو و تورکیا بەشداری تێدا کرد و ڕوسەکان بۆ جاری چەندەمین هەستیان بەوەکرد، یاریەکانی تورکیا لە دەریای ڕەش ئەرکێکە کە ناتۆ و بریتانیا پێیانداوە و ناچارە جێبەجێی بکات.
دوای بەشداریکردن وتەبێژی دەولەتی ڕوسیا ماریا زاخارۆڤا گوتی: ناوو دۆسیای وڵاتانی بەشدارمان تۆمار کرد و هەڵوێستمان دەبێ.
-ماوەیەکە ڕوسیا سوپای ئەرمەنستان پڕچەک دەکات و ئەرمێنیاش بە گڵۆپی سەوزی ڕوس لە کۆریدۆری {نەکچیڤان} کە لەناو خاکی ئەرمەنستاندا تێدەپەڕێ و ڕۆڵێکی ستراتیژی هەیە لە بەستنەوەی خاکی ئەزەربایجان بە تورکیا وە یان وەک تورکەکان دەڵێن تاقە ڕێگایەکە بۆ بەیەکبەستنەوەی {یەک میللەت و دوو دەوڵەتەکە} هێرشەکانی زیاتر دەکات و ئێستا ئەو ڕێگایە لەکارکەوتوە.
-سوپای سوریا، ئێران و ڕوسیا بە هاوبەشی هێرشی نوێی توند دەکەنە سەر ئیدلیب و تورکیاش بە ئاشکرا بە ناتۆ ئەڵێ ئەگەر یارمەتیم نەدەن، ژمارەی پەنابەران زیاتر دەبێ و ناتوانم پەنابەرانی سووری لە تورکیا حەپس بکەم. تورکیا وەک ساڵانی پێشو دەتوانێ بە کارتی پەنابەرانی سووری ئەوروپای گوایە لایەنگری مافی مرۆڤ و دیموکراسی باش دەمکوت بکات و سەرکەوتنی باشی بەدەست خستوە.
-لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر، ڕوسیاش ئەو ماوەیە خۆی لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی نزیکدەکاتەوە و بەدوای نەخشەڕێگایەکدا دەگەڕێ.
-
سەرۆکی سوریا کە هاوکات سەرۆکی پارتی بەعسی عەرەبی سورییە و بە مەرکەزیترین کەس دەناسرێ و لە پێشوودا دەیان جار گوتویەتی زۆر حەزدەکات ئۆتۆنۆمی بە {براکوردەکانی} بدات بەڵام لە ترسی پارچەبوونی ووڵات پێیان نادات، بۆ جاری یەکەم لە مێژووی سوریادا لێدوانێکی پێچەوانەی دا.
ئەسەد گوتی: ئەوان لایەنگری سیستێمێکی لامەرکەزین بۆ ئاییندەی سوریا!!
ئەوانەی ئەلفوبێیەک لە زانستی سیاسەت دا شارەزان، دەزانن کە لامەرکەزیەت <ذە سەنترالیزەیشن> بریتیە لە کەمکردنەوەی دەستەڵاتی حکومەتی ناوەندی و بەهێزکردنی دەستەڵات و حکومەتە هەرێمیەکان.
هەردوای ئەوە ئیلهام ئەحمەد لەسەر ناوی خۆسەری پێشوازییەکی گەرمی لە لێدوانەکەی سەرۆک ئەسەد کرد و داوای کرد گەلانی سوریا خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئایا ئەسەد و حزبی بەعس گەیشتونەتە بڕوایەک کە سوریا بە سیستێمی ناوەندی پێشو بەرێوەناچێت یان ئەمە بەتەنیا هەوڵێکە بۆ سیاسەتی خۆڕزگارکردن؟
هەردوو ئەگەر لە ئارادان، یەکەمینیان من پێشتر زۆرجار گوتوومە ڕوسەکان کە لەسەر میراسی یەکێتی سۆڤیەت دانیشتوون زیاتر لە ئەمریکیەکان ئاشناییان لەگەڵ سیستێمی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی هەیە. پێشتر سەرجەم ووڵاتانی سۆڤیەت فێدڕاڵ بوون، لەوکاتەوە تا ئێستا کوردەکانی ئێریڤان کە ژمارەیان زۆر کەمە خاوەندی ئۆتۆنۆمین و تەلفزیۆن و ڕادیۆیان هەیە.
لەو ساڵانەی دواییشدا ڕوسیا لەوە گەیشت کە بەبێ پێدانی قەوارەیەک بە کوردەکان، هەرگیز ناتوانن لە داوی ئەمریکا ڕزگاریان ببێ. هۆکاری لێکتێگەیشتنی قەدری جەمیل <ئەو پیاوە سورییەی کە پەیوەندیەکی قوڵی لەگەڵ مۆسکۆ هەیە> لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد لە مۆسکۆ لە سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٢٠ نیشانەی پڕۆژەکانی ڕوسیان بۆ سوریای ئاییندە.
ئەکرێ ڕوسیا گوشاری لە ئەسەد کردبێ بۆ ئەو مەبەستە بەڵام بەهۆی هەستیاری پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا و هەستیاری پیلانەکانی ناتۆ لە دەریاری ڕەش لە رێگای تورکیا، ناوێرێ خۆی ڕاستەوخۆ دەست لە کاری دیمەشق و قامیشلی وەربدات.
خوێندنەوەی دووەم بریتیە لە گۆڕانی ڕای بەعسیەکانی سوریا. دوای ڕزگارکردنی هەرێمی دارا لە تێرۆریستان، ڕژێمی سوریا لەوێ بەجێ بوەوە و هەمان سیستێمی جارانی دامەزراندەوە، بەڵام زۆری نەبرد، ئەوجارە ئەوانەی کە پێشتر داعش نەبوون، دژ بە سوریا راپەرین!!. ئەوکاتە چاودێرانی ڕوسیا و عەرەبی زۆر ڕەخنەیان لە ڕژێم گرت و ئێستا سەلمێندراوە ئەوەی توندوتیژی و راپەرین بەرهەم دێنێ بەتەنیا داعش و القاعیدە نین، بەڵکو سیاسەتی سەنتراڵی دیمەشقە. ڕەنگبێ ئەسەد لەوە گەیشتبێ کاتێک عەرەبەکانی دارای پێ ڕازینەکرێن،، چۆن دەتوانێ کورد بەو سیستێمە ناوەندیە ڕازی بکات کە خاوەنی هێزێکی سەربازی پڕچەک، خاکێکی بەپیت و مۆدێلێکی ئیداری دیموکراتە؟ بێگومان هێزەکانی سوریای دیموکرات چەند خەتێکی سووریان بۆ ڕژێم هەیە کە بریتین لە: من خاوەنی ئەو ناوچەیەم کە ئێستا بەدەستمەوەیە، هێزەکانی سوریای دیموکراتی ئاوێتەی ناو سوپای سوریا ناکەن و...هتد. سوریاش خەتی سوری پێچەوانەی هەن. ئیتر دەبێ لەنێوان ئەو دوو خەتە سورە خەتێک کە سووریەکەی کەمتر بێ بدۆزرێتەوە.
دەبێ چاوەڕێی کردارەکانی ڕژێم بین، بەڵام ئەوەی گرینگە ڕوسیا ئێستا و لە ئاییندەشدا حاکمی سوریایە. دەبێ کوردەکان واقیعبینتر بن و پێموابێ مافێکی کەمتر و دەستورێکی سوری کە هەندێک مافی بنچینەیی بە هەرێمەکان و سیستێمێکی لامەرکەزی باشترە لەو ئەزمونە شکستەی باشوور کە کاتی خۆی لە ژێرناوی {نا بۆ سیستێمی ئەیالەتی،، بەڵێ بۆ فێدراڵی ئێتنیکی} عێراق و کوردستانی گەیاندە ئەو ڕۆژە و کەرکوک و ناوچە ناکۆکەکانی بەرەو ڕەوشێکی ئاڵۆزتر برد. ئەوی ئێستا لە ڕۆژئاواو باکووری سوریا لە ئارادایە، داهاتویەکەی دیارنیە. چارەسەریەکی گونجاو لەگەڵ سوریا زۆر باشترە لە یارییەکانی ئەمریکا کە ستراتیژیەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ژێر پرسیاری جدی دایە.




ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟