هەواڵ
سەروەریی هەرێم لەبەردەم چەكوشی دادوەری لەندەندا
Friday, 02.12.2021, 12:41 PM
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
وەرگرتنی لە (درەو میدیا)
دادگا لەندەن كۆتایی بەدانیشتنەكانی هێنا لەسەر ئەو سكاڵایەی كە كۆمپانیای (دایناستی) لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماری كردبوو، لەماوەی چەند هەفتە بۆ دوو مانگی داهاتوودا دادگا حوكمی خۆی رادەگەیەنێت، ئاشتی هەورامی بدۆڕێت هەرێمی كوردستان سەروەری بەسەر نەوتەكەیدا لەدەستدەداتو سەرباری ئەمەش دەبێت (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی (دایناستی) بكاتەوە، لەم دانیشتنانەدا پارێزەران وەكو بەڵگەنامە چەند راپۆرتێكی (درەو)یان سەبارەت بە ووردەكاری پرۆسەی نەوتی هەرێم خستوەتە بەردەم دادوەر، وردەكاری دانیشتنەكانی دادگا لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە.
نەوتی هەرێم لە لەندەن
ئەمڕۆ دواین دانیشتنی دادگای لەندەن لەسەر سكاڵای كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەدژی ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات.
دادگا (ئاربیترەیشن) چوار رۆژە لەسەر ئەم كەیسە بەشێوەی "ئۆنلاین" لە كۆبونەوەدایە، ئاشتی هەورامی دوو پارێزەری هەیە بەناوەكانی (گراهام دەنینگ)و (كاسرین جەنگ)، (كۆمپانیای دایناستی)ش بەهەمان شێوە دوو پارێزەری هەیە بەناوەكانی (ریچار والەر)و (دانیاڵ بێنێدیگ).
پارێزەرەكانی ئاشتی هەورامیو كۆمپانیای (دایناستی) هەردوكیان قسەی خۆیان لەبەردەم دادوەر (بوچەر)دا كرد، ئێستا ئیتر كاتی ئەوەیە دادوەر چەكوشەكەی بەكاربهێنێتو بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەكە بدات، بڕیارە لە چەند هەفتە تاوەكو دوو مانگی داهاتوودا حوكمی كۆتایی دادگای لەندەن لەسەر دۆسیەكە دەربچێت، حوكمێك كە دورنییە پرۆسەی نەوتیی هەرێم لەسەر ئاستی جیهان بخاتە بەردەم پرسیاری گەورەو كێشە بۆ فرۆشتنی دروست بكاتو وا لە كۆمپانیاكانی تریش بكات سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماربكەن، بەتایبەتیش ئەوەی سكاڵاكە مەسەلەی سەروەربوونی یان نەبووی حكومەتی هەرێم بەسەر دۆسیەی نەوتدا بەلادا دەخات، سەروەرییەك كە خۆی لەبنەڕەتەوە بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی حكومەتی عێراقەوە لەژێر گوماندایە.
لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا، دادوەر دەبێت زیاتر لە (22 هەزار) لاپەڕە بەڵگەنامەی پارێزەرانی ئاشتی هەورامیو كۆمپانیای (دایناستی) بخوێنێتەوە، سەرباری ئەمەش دیراسەی دۆخی هەرێمو پرسی نەوتو شەفافیەت دەكاتو لەسەر ئەو بنەمایانە حوكمی كۆتایی لەسەر كەیسەكە دەداتو حوكمەكە دەبێت بە لەڕووی یاساییەوە دەبێت بە ئەبدەیت بۆ كەیسی نەوتی هەرێم لەدادگاكانی بەریتانیا.
لەم دانیشتنە "ئۆنلاین"ەكاندا، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمیش بەشداربوون، یەكێك لە بەشداربووەكان بە (درەو)ی راگەیاند، پارێزەرەكان چەند راپۆرتێكی پێشتری سایتی (درەو)یان وەكو بەڵگە بەكارهێناوە لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمو خستویانەتە بەردەم دادوەر.
حاڵی هەرێم لەبەردەم دادوەرێكی ئینگلیزدا !
سایتی (LAW 360)ی بەریتانی بەوردی باسی لە پرۆسەی دادگایكردنەكەی ئاشتی هەورامیو (دایناستی) كردووە.
سایتەكە دەڵێ، دوێنێ (گراهام دەنینگ) پارێزەری ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە لەبنەڕەتەوە سكاڵاكەی (دایناستی) لەدادگای لەندەن پوچەڵبكاتەوە، بۆ ئەمەش ئاماژەی بەوەكرد، ئەم ناكۆكییە یاساییانە دەبێت لە وڵاتی خۆیان واتە لە هەرێمی كوردستان گوێیان لێبگیرێتو دانوستانی لەسەر بكرێت نەك لە لەندەن، چونكە هەرێمی كوردستان سەروەری عێراقی هەیە لە دادگاكانی دەرەوەی وڵات.
بەڵام لەبەرامبەردا (ریچارد والەر) پارێزەری (دایناستی) وتویەتی: ئاشتی هەورامی هیچ پارێزبەندییەكی لە دادگای لەندەن نییە، چونكە حكومەتی هەرێم بەناوی خۆیەوە چوەتە ناو پرۆسەكەوە نەك بەناوی عێراقەوە، هەروەها كوردستان لە یاسای ئینگلیزدا وەكو دەوڵەت نەناسێندراوە، بەڵكو وەكو دەسەڵاتێكی ئۆتۆنۆمی ناسێندراوەو لە 2003ەوە دوای پەسەندكردنی دەستوری نوێی عێراق ئەو ئۆتۆنۆمیەش نەماوەو بووە بە ناوچەیەكی فیدراڵ.
لەم كاتەدا دادوەر پرسیاری لە پارێزەرانی (دایناستی) كردووە لەبارەی ئەوەی بۆچی لەدادگاكانی هەرێمی كوردستان سكاڵاكەیان تۆمارنەكردووە، پارێزەرەكان وتویانە لە كوردستان دادگاكان بەسیاسی كراون، بۆ ئەمەش وەكو نمونە ناوی حاكم (شێخ لەتیف)یان هێناوە كە چۆن بەهۆی بەسیاسیكردنی دادگاكانەوە وازی هێناوە، هەروەها نمونەیان بە داخستنی پەرلەمان هێناوەتەوە لەلایەن پارتییەوە لە ساڵی 2015دا ئەوەش كاتێك كە پەرلەمان گومانی لەسەر دۆسیەی نەوتو گرێبەستە نەوتییەكان دروستكردووە.
پارێزەرانی (دایناستی) هەریەكە لە ئاشتی هەورامیو قوباد تاڵەبانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی هەڕەشەیان لە خاوەنی كۆمپانیاكە كردووە، بەڵام پارێزەری ئاشتی هەورامی ئەمەی لەبەردەم دادگادا رەتكردەوەو رایگەیاندووە، ئاشتی هەورامی هەوڵی نەداوە دایناستی ناچار بكات دەست تەندەرەكەی هەڵگرێت، چونكە هەرێم لەوكاتەوە سەربەخۆ بووە هەوڵیداوە سەرەنجی كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوت بەلای خۆیدا رابكێشتو هیچ پاڵنەرێك نییە بۆ ئەوەی ناوبانگی خۆی ناشیرین بكات.
پارێزەرانی (دایناستی) دەڵێن ئاشتی هەورامی بەناوی حكومەتەوە رێگربووە لەبەردەم كڕینی پشەكانی (ریپسۆڵ)ی ئیسپانی لەلایەن (دایناستی)یەوە، بەڵام پارێزەرەكانی ئاشتی هەورامی دەڵێن هەورامی رێگر نەبووە، بەڵكو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان چەند پێوەرێكی هەیە بۆ ئەوەی كێَڵگەكانی نەوت بە كۆمپانیایەك بدات، (دایناستی) ئەو پێوەرانەی تێدا نەبووە، پێوەرەكان ئەمانەن:
یەكەم: كۆمپانیاكە ئەزمونی كاركردنی لەبواری نەوتدا هەبێت
دووەم: كۆمپانیاكە توانای دارایی پێویستی هەبێت (واتە لانی كەم نیو ملیار دۆلاری هەبێت)
سێیەم: كۆمپانیاكە توانای تەكنیكی هەبێت
پارێزەرەكانی (دایناستی) وەڵامی ئەم قسانەیان داوەتەوەو بەبەڵگە نیشانی دادگایان داوە كە كۆمپانیاكە هەموو پێوەرەكانی تێدایەو پارەی پێویستی هەبووە بۆ ئەنجامدانی كارەكە، ئەمەشی بە ژمارە حسابییەك لە بانك سەلماندووە.
پارێزەرانی ئاشتی هەورامی باسلەوە دەكەن، كۆمپانیای (دایناستی) لە كڕینی پشەكانی كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیدا پێشوەختە پرسی بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نەكردووەو خاوەنی دایناستی نزیكە لە یەكێك لە پارتە سیاسییەكانەوە، بەڵام پارێزەرەكانی (دایناستی) دەڵێن، ئێمە پشكمان كڕیوەو كۆمپانیای ریسپۆڵ گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەبووە، كێشەی (دایناستی) ئەوە بووە كە بەرتیلی بە ئاشتی هەورامی نەداوە.
تەوەرێكی تری ناكۆكییەكان ئەوەیە، پارێزەرانی حكومەتی هەرێم دەڵێن بەرلەوەی (دایناستی) سكاڵا تۆمار بكات، ئاشتی هەورامی هەردوو كۆمپانیای (ریسپۆڵ)و (ویسترن زاگرۆسی) كەنەدی بینیوە كە ویستویانە گرێبەستی گەشەپێدانی كێڵگەكانی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) بكەن، بەڵام پارێزەرەكانی (دایناستی) دەڵێن، بەر لە كۆبونەوەكەی (ریپسۆڵ)و (ویسترن زاگرۆس) گرێبەستی كڕینی پشكەكانی (ریپسۆڵ)یان كردووەو بەفەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانو نێچیرڤانی بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتیان لەكاتی خۆیدا لە گرێبەستەكە ئاگاداركردووە.
لەبارەی كەیسەكەوە
ئەم كەیسەی كە دادگای لەندەن بڕیاری لەسەردەدات، پەیوەندی بە سكاڵایەكی یاساییەوە هەیە كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە شاری سلێمانی بەناوی (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان تۆماری كردووە.
كۆمپانیای (دایناستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووەو داوای بڕی (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكاتو دەڵێ بەهۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە زیانی بەركەوتووە.
(دایناستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانەو سنوردارە لە بواری نەوتو غازدا، رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە:
• بلۆكی نەوتی (K 39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەمو ناوچەی جەبارە.
• بلۆكی نەوتی (K 44) لە كێڵگەی نەوتو غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار.
كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو.
ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوەو دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان، یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) دەگاتە (2 ملیارو 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆنو 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە رۆژانە دەگاتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێلگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا.
كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیدا كردو پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە.
كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد.
پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) سەرباری ئەوەی پێیانوایە ئاشتی هەورامی یاساو مەرجەكانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت پێشێلكردووە، تۆمەتباریشی دەكەن بەوەی هەڵمەتێكی بەردەوامو نایاسایی ئەنجامداوە بۆ لێدان لەناوبانگی كۆمپانیاكەیانو هەڕەشەكردن لە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (ریپسۆڵ)و (دایناستی)، كە گرێبەستی كڕینو فرۆشتنیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە دواجار گرێبەستی كڕینو فرۆشتنی پشكەكانی هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) راوەستاوەو سەرباری ئەمە ئاشتی هەورامی تۆمەتباركراوە بەوەی داوای "بەرتیل"ی لەو دوو كۆمپانیایە كردووە، لەم كەیسەدا ناوی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەتیش دێت كە هەڕەشەی لە خاوەنی كۆمپانیای (دایناستی) كردووە.
دوای ئەم گرێبەستەو كێشەكانی، ئاشتی هەورامی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر)ی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكە وەرگرتەوەو دای بە هەردوو كۆمپانیای (روزنەفتی) روسیو (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی، بڕیارە لەچەند مانگی داهاتوودا ئەم دوو كۆمپانیایە لەو كێڵگانە دەستبەكاربن.
بەگوێرە زانیاییەك كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو حكومەت دەست (درەو) كەوتووە، لە كابینەی پێشوودا، نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەرییەكی كردووە بۆ ئەوەی كۆمپانیای (دایناستی) سكاڵاكەی لەسەر ئاشتی هەورامی بكێشێتەوە لە دادگای لەندەن، بۆ ئەمەش بەڵێنیداوە خزمەتگوزارییەكانی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) بدات بە (دایناستی) كە بەهاكەی بە (نیو ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام (دایناستی) بەم پێشنیازە قایل نەبووەو سكاڵاكەی نەكشاندوەتەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
بەهادین یوسف: بەهادین یوسف: دوو هەزار پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان
قارەمان مەمەند: بایدن دوبارە پابەندبوونی ئەمریکای بە بەهاو هاوپەیمانییە جیهانییەکان دوپاتکردەوە
تەڤدا پرێس: مردنی مەلا عوزێر زیانێكی گەورە بوو لە گەلەكەمان كەوت
تەڤدا پرێس: تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان ڕاگەیەنراوێکی بەپەلە لەسەر لێدوانەکەی سەرۆکی حکومەت بڵاو دەکاتەوە
تقرير لصحيفة مورننغ ستار البريطانية حول تعذيب واعترافات قسرية في كردستان العراق
ناوی پارێزراو لای تەڤدا: ناڕەزایی کۆمەڵێک قوتابیانی کۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە
ئەندامی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا نامەیەكی نارەزایی ئاراستەی مەسرور بارزانی دەکات
بارەگاى بارزانى، دەیان کادیرى سۆشیاڵ میدیاى بارەگاکە دەستگیردەکات
مرصد الأورومتوسطي لحقوق الإنسان- عمليات تعذيب واحتجاز غير قانوني لمتظاهرين في إقليم كردستان العراق
کەسوکاری زیندانیانیش دەستگیرکران