لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بۆچی میللەت، ئازاری خۆی دەدات؟

Thursday, 02.17.2022, 05:58 PM


ئازاردانی خود یاخود (Self-harm) نەخۆشییەکە، کە هەندێک لە تاکەکانی زۆرێک لە کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکان بە دەستییەوە ئەناڵێنن. ئەم نەخۆشییە دەروونییە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە مرۆڤەکان بە ویستی خۆیان، ئازار بە جەستەی خۆیان ئەگەیێنن، بە بێ ئەوەی مەبەست لەم کارە خۆکوشتن بێت. جۆری ئەم ئازاردانەش خۆیان لە خۆبریندارکردن، ڕووشاندنی پێستی جەستە، سووتاندن و داخکردن، قووتدانی بڕی زۆری دەرمان...هتد دبینێتەوە.
ئاشکرایه کە چەندین هۆکار لە پشتی ئەم هەڵسوکەوتەوەیە. وەکو ئەوەی مرۆڤ لە ڕێگەی ئازاردانی خودەوە ئەیەوێت زاڵ بێت بە سەر دوودڵی و دڵەڕاوکێی زۆر، خەم و خەفەتی زۆر و بەردەوام، یاخود ئەم کارە دەکاتە ئەرک و وەزیفەی خۆی لە پێناو بە دەست هێنانی پشتگیری زیاتر یان لە پێناو خۆلادان لە داواکاری نەگونجاو و نەویستراو. هەموو ئەو پەستانی دەروونی و دڵەڕاوکێ و خەم و خەفەتانەش لە ڕێگەی هەڵسوکەوتی خێزان و کۆمەڵگاوەیە کە دەبنە هۆکاری وەها نەخۆشییەک.
هەڵبەتە ئەم جۆرە لە مرۆڤ ئەم هەڵوێستە بە چارەسەر ئەبینێت بۆ بەردەوام بوون  نەک کۆتایی هێنان بە خود، کە ئەمەیان ئەکاتە خۆکووژی.
ئەگەر ئێمە بێین ئەم وێنەیە کەمێک گەورەتر بکەین و کۆمەڵکای کوردی لە باشوری کوردستان بە مرۆڤێکی ئالوودە بەو نەخۆشییە بچوێنین. دەبینین ساڵانێکە، زۆرینەی تاکەکانی کورد لە باشور بە هۆی گەندەڵی و دەسپیسی دەسەڵات و دەستگرتن بە سەر داهات و سامان و قووتی میللەت و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی و گرتن و زیندانی کردنی بە ناهەق و نادادی کۆمەڵایەتی و ئابوری و قۆرخکاری و ساختەچێتی و قاچاخچێتی و خۆسەپاندنی دەسەڵات، ئەم میللەتەی تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ڕەشبینییەکی کوشندەی درێژ خایەنی کردووە. مرۆڤەکانی کۆمەڵگای کوردی به سەبرەوە چاوەڕوانی گۆڕانکاریان کرد و لە هەر جارێکیش بە هۆی مل نەدانی دەسەڵات و نیەت خراپی لە چاکبوون و چاکسازی کردن، لە هەرهەوڵێکی میللەت بۆ کارکردنە سەر دەسەڵات، هەمیشە تووشی شکست ئەبێت و ئەنجامی پێچەوانەی دەست دەکەوێت. بۆ نموونە سەرەتا داواکاری گۆڕانکاری لە ناو خودی حزبەکانەوە سەری هەڵدا و بە جیابوونەوە و دوولەت بوونی حزب کۆتایی هات، دواتر فشاری جەماوەر چووە سەرشەقام. دەسەڵاتیش لە بری گوێگرتن، سەرکووتکردنی هەڵبژاد و بە تراژیدیا و خوێن و زیندانی کردن وەڵام درانەوە. لە دوای ٢٠٠٣ ەوە لە گەڵ هەڵکشانی ئاستی ئابوری و دەست کەوت وتوانای مادی حکومەت بەڵام بە پێچەوانەوە قووت و دەرامەتی خەڵکی ڕۆژ بە ڕۆژ بچووک ئەکرێتەوە یان  هەر نامێنێت. ئەمڕۆ کار گەیشتۆتە ڕادەیەک کە دەسەڵات میللەتی تووشی چەندین جۆر دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کردووە لەوانە (دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بڕین و نەدانی مووچە و کەمی و نەبوونی خزمەتگوزاری و باج و زەریبەی سەپێنراوی زۆر و بەرتەسککردنەوەی ئازادی و ناشرین کردنی دیموکراسی و ئەنجامدانی ساختەکاری و دزی و گەندەڵی و ناشەفافیەت و نا ئارامی ڕەوشی ئاسایش و نا ئارامی نەتەوەیی و خیانەتکردن و هێنانە ناوەوەی دەستی سوپا و دەزگا جاسوسییەکانی دەوروبەر و ناکۆکی و گیانی دوژمنکارانە بەرانبەر بە یەکتری و کوردی پارچەکانی دیکە...).
لێرەوە دەبینین بە وێنەی مرۆڤە تووش بووەکە بە نەخۆشی ئازاردانی خود ، مێللەت ئیتر لە ئاست دەسەڵاتی بێ چاو گوێچکە و زماندا تووشی شۆک بووە و ڕێگەچارەی نێگەتیڤ هەڵدەبژێرێت. جا یان بۆ ئەوەی دەسەڵات بە هۆش خۆیدا بهێنێتەوە و سەرنجی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت یاخود بۆ ئەوەیە ئازاری خۆی بدات تا لەو دڵەڕاوکێ و دوودڵیی و خەم و خەمۆکییە درێژخایەنە ڕزگاری بێت.
لە سەروو بەندی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە بەغدا بۆ لە بە عێراقی کردنی نەوتی کوردیدا...
هیچ کوردێک نیە لە باشور لە نیەت خراپی و ناحەزی و گیانی ڕەگەزپەرستی هەموو عەرەبی عێراق بە هەموو  تایەفە و مەزهەبەکانیانەوە تێنەگات و نەفامێت. هەمووانیش لەوە دڵنیان کە ڕادەستکردنی سەروەت و سامانی نشتیمانی و داهاتی ناوخۆ و گومرک بە بەغدا، واتا بوونی کورد بە پێچووە پاساری بێ پەڕ و باڵ لە نێو لانەی خۆی و هەمیشە دەنووک کراوە لە چاوەڕوانی بەغدادا تا بەشە خۆراک و مووچەی بۆ بنێرێت. کەواتا سەروەری و سەربەخۆیی دەگۆڕێتەوە بە بوون بە فەرمانبەری عێراقی لەو شوێنانەی کە کوردی لێ دەژی. میللەت ئەزانێ هەولێری بێ نەوت و بێ وەبەرهێنان ئیتر چۆڵ ئەبێت لە کامێرا و لە وەفدی بیانی و کۆبوونەوە. میللەت ئەشزانێ بەغدا ئەمەی بۆ بچێتە سەر، پەل ئەهاوێت بۆ بە میلیشیاکردنی پێشمەرگە و مراندنی مادەی ١٤٠ و تەنانەت بە ئیدارەی مەحەلی کردنی حکومەتی هەرێمیش.
پرسیاری گرنگ لێرە ئەوەیە ئاخۆ زوحاکەکانی ئەمڕۆ چ ستەمێکیان لە کاوەکان کردووە، وا بە گەرمی پێشوازی لە وەها بڕیارێکی بەغدا بکەن و بە نەتیجە سزای خۆیانی لە مەودای دووردا پێ بدەن؟ هەمووان ئەزانین وەڵامەکە چیە و چۆنە!؟ ستەمی دەسەڵات بە ئەندازەیەکە کە هەستی نەتەوایەتی تاکەکانی هێناوەتە خراپترین  ئاست، کە چاوەڕوان ئەکرێ لە نەوەی ستمەلێکراوی بێ ئومێدی دوای ڕاپەڕین و نەوەی ئومێد کۆژراوی پێش ڕاپەڕین نەک دڵخۆش بن بە وەها بڕیارێک بگرە بە هەلهەلە و ئاڵای عێڕاقیشەوە پێشوازی لە سوپا بکەن.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟