لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

نوری مالیکی: چیرۆکی عێراقییەک

Wednesday, 07.27.2022, 08:47 AM




ڕەنگە هیچ سیاسەیەکی تر هێندەی نوری مالیکی کاریگەر نەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی عێراق لە پاش سەدام. تێگەیشتن لە مالیکی بە سودە نەک وەک شەخس، بەڵکو وەک چۆنێتی بەڕێوەچونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. هەروەها بۆ چۆنێتی ئامادەکردنی کەسایەتی سیاسی و هەڵکشان و داکشانیان. تۆمارە دەنگییە دزە پێکراوەکانی ئەم دواییە وەک جۆرێک لە دانپیانان مامەڵەی لە گەڵدا دەکەین. ئەم تۆمارە دەنگییانە دەرخەری ئەوەن کە لە دانیشتنە تایبەتەکاندا گفتوگۆی سیاسی چۆنە. چەندێک تێگەیشتنی پیلانگێڕی و ڕقی شەخسی و خەونی دۆکیشۆتەیی زاڵە. ئەوەی جێگای باسە ئەمە تەنها نیە بە مالیکی بەڵکو پانتایی تایبەتی سیاسیەکانی عێراق و کوردستانیش بەهەمانشێوەیە.
گەعدە سیاسییەکان پڕن لە وەهم و پیاهەڵدان و جەناب و جەنابکاریی و فوکردنە کەسی سیاسی. ئەم پانتاییە تایبەتانە بەشێکن لە ئەو دۆخەی کە لە سیاسەتی ناوچەکەدا گەورەترین وەهمی ئایدەلۆجی و بچوکترین بازنەی سیاسی پێکەوە کاردەکەن.
لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، ئەمریکا و ئێران و ئەوانیتر بە پلەی جیاوازی ڕۆڵیان هەیە. لێرەدا چەند  چەمکێک بەکاردەبەین بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە. یەکەم چەمک، چەمکی ناچاریی. لە یاداشتەکانیدا بە ناوی نێردە: لە کابولەوە بۆ کۆشکی سپی.
The Envoy: From Kabul to the White House, My Journey Through a Turbulent World

زەلمای خەلیلزاد دەنوسێت: بەیانییەکیان جێف بێلس، کە پاشان لە گەڵ دیموکراتەکاندا لە نیویورک دەبێتە کاندید، هاتە ژورەکەمەوە و ووتی: بۆ نوری مالیکی دەڵێی چی؟ ئەو کاتە قەیرانی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران بوو کە لە ٢٠٠٥ەوە دەستی پێکرد هەتا ٢٠٠٦. زەلمای دەڵێت: بایوگرافیایم خوێندەوە. ناسیونالیستێکی عێراقی بوو. لە تاران ژیابوو، پاشان ڕۆشتبوو بۆ دیمەشق. لە کاتی ئەندام پەرلەمانیدا لە لیژنەی بەرگریی بوو. ناوهێنانی مالیکی لە بەرامبەر کاندیدێکی تردابوو کە ئێران پشتگیری لێدەکرد، ئەویش عەلی ئەدیب بوو. زەلمای عەلی ئەدیبی پێباش نەبوو، چونکە ماڵ و مناڵی لە ئێران بوو. بۆیە بە دوای کەسێکی تردا دەگەڕا، کە کۆمەڵێک مەرجی تیادابێت، لەوانە کرانەوە بەرامبەر سوننە و وڵاتانی عەرەبی، دانانی هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگریی لە کەسانی ناتایفیی. کاتێک زەلمای و مالیکی لە ژورێک لە پەرلەمانی عێراق یەکتر دەبینن، مالیکی بە هەموو مەرجەکانی زەلمای ڕازی دەبێت و وەها خۆی پێشان دەدات کە هاوبیری مۆدێلی ئێرانی نیە. مالیکی بڕوای وەهایە کە لە پاش وونبونی ئیمامی مەهدی، ئیتر خەڵک بۆیان هەیە حوکمی خۆیان بکەن هەتا ئەو دەگەڕێتەوە، نەک لە لایەن فەقێ و مەلاوە حوکم بکرێن وەک تیورەی ولایەتی فەقیه  خومەینی داوای دەکات. بەڵام ئەو کاتەش ڕەخنەیەک لە مالیکی هەبوو کە توندە لە پرۆسەی لە بەعسخستن. بەم پێیە ئەمریکا، لە کاتێکدا بڕیاردەربوە، بەڵام کۆمەڵێک تێگەیشتنی پێشوەخت ئاراستەی کردوە، یەکەم، عێراق پێویستی بە کەسێکی بەهێزە بۆ بەڕێوەبردن. دووەم، دەبێت ئەو کەسە گوێڕایەڵ بێت، سێیەم، دەبێت هەشتا لە سەد لێی ڕازی بن، کە یانی شیعە و کورد، یان ئەگەری هەیە شیعە و سوننە.

تیورەی ئەوەی عێراق پێویستی بە کەسێکی بەهێزە، یەکێکە لە هۆکارەکانی شکستی حوکمڕانی لە عێراقدا. لەم دواییانەدا ڕوث بن گیات کتێبێکی نوسیوە بە ناوی پیاوە-بەهێزەکان،
Strongmen: Mussolini to the Present

پێش هەموو شتێک ئەوە دەردەخات ئەوانەی کە خۆیان بە بەهێز نمایش دەکەن، لە ناخەوە یان لە ڕوی کەسایەتییەوە زۆر لاوازن. ئەم لاوازییەشە پاشان بەرەو دەسەڵاتگەرایی و ستەمگەراییان دەبات.
بەڵام لە پەیوەندی ئەمریکا و عێراقدا چەند پرسێکی تر لە ئارادایە. یەکەم، باوەڕ بەوەی کە خەڵکی ئەم ناوچەیە تەنها ملکەچی کەسی بەهێز دەبن و پیادەکردنی دەسەڵات وەها دەبینن کە خەسڵەتی کەسی بەهێزە، ئەمە هەرچەندە هەرزوو دەکرێت وەک دیدێکی ئۆریەنتالیست ئاماژەی پێبکرێت، بەڵام ڕاستی زۆر تیادایە. سەرباری ئەمە، کۆمەڵێک کێشە دروست دەکات: یەکەم، دیموکراسی دەکوژێت، دووەم، دەزگا لە ناو دەبات و دەزگای تەریبی شەخسی دروست دەکات، سێیەم، کەسی خۆ بە بەهێزان زۆرجار هیچ باجێک بە گەورە نازانێت لە بەرامبەر مانەوەیدا.
مالیکی نەناسراوبوو. کاتێک زەلمای لە ڕێگای ستیڤ هالیدەیەوە پێشنیاری دەکات بۆ کۆشکی سپی، ئەو دەپرسێت ئەمە کێیە، ئەویش پێی دەڵێت سەیری پرۆفایلەکەی بکە لای سی ئای ئەی. ئەوە ڕاستییەکە کە هەموو سیاسییەکانی عێراق پرۆفایلی تایبەتیان هەیە لای سی ئای ئەی. لە جاری دووەمدا، کە مالیکی دەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران برێت مەکگۆرک پشتیوانی دەبێت، دیسانەوە لە بەر تیورەی پیاوی بەهێز. دیدی پیاوی بەهێز لە چەند ڕویەکەوە پەیوەستە بە دۆخی ناچارییەوە. ناچاری یانی بونی دۆخێک کە بژاردەکان کەمن و بژاردەی خراپ باشترە لە خراپترین. لە هەمانکاتدا یانی دۆخی قەیران. ئەمەش زەمینە دەسازێنێت بۆ ئەوەی لە بڕی باشکردن دۆخەکە زیاتر ئیدارە بدرێت.
خەسڵەتێکی تر کە بەشێکە لە بونیادی سیاسی تاکەکانی ناو عێراق، بونی باوەڕی سیاسی بەرفراوانی ئەبستراکتە، بەڵام لە میانەی دەسەڵاتدا خل خل دەبنەوە بۆ بنەماڵە و عەشیرەت. ئەم تێزە بە سەر زۆربەی سیاسیەکانی عێراقدا پیادە دەبێت. بەشی زۆری توێژی سیاسی عێراقی و کوردستانی و هەروەها توێژی ڕۆشنبیر، باوەڕێکی ڕەهایان بە کۆمەڵێک دونیا بینی بەرفراوان هەیە، وەک سۆشیالیزم، ئومە، برایەتی گەلان، دەسەلاتی ئاین، مرۆڤایەتی، بەڵام کاتێک دەبنە دەسەڵاتدار پاش ماوەیەک لە میانەی پیادەکردنی دەسەڵاتیاندا دەگەڕێنەوە بۆ  خۆیان و خێزان و بنەماڵە. مالیکی، پێشتر سەدام، بە هەمانشێوەبوون. وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا مالیکی بۆ ڕازیکردنی زەلمای هەوڵی ئەوەدەدات کە وەها دەرخات دیموکراسیخوازە، بەوەی بروای بە دەسەڵاتی خەڵک هەیە، هەتا هاتنەوەی ئیمامی زەمان، کە بێگومان هەرگیز نایەتەوە. بەڵام وەک لە تومارە دەنگییە دزە پێکراوەکاندا ئاماژەی پێدەکات مالیکی لە هەوڵی ئەوەدایە کە نەک لە تایفەکەی بەڵکو لە عەشیرەتەکەی هێزی تایبەت پێک بهێنێت بۆ شەڕی نەیارەکانی.
ئەم گەڕانەوەیە بۆ دۆخی تەقلیدی دەسەڵات، لە پێناو ئامانجێکدایە، ئەویش دەستبەردار نەبوون. کەسی بەهێزی لاواز لە حەقیقەتدا، هەرگیز ئامادەنیە بڕوا بە دەزگا بهێنێت و خۆی وەها ببینێت کە خزمەتی خەڵکی دەکات لە ڕێگای دەزگایەکەوە و خزمەتەکەی، چونکە بۆ خەڵکە، ئەوا دەبێت بە ڕەزامەندی خەڵک بێت، بەڵکو خۆی دەبێت بە دەزگا و دەزگا دەکاتە دەسکەلای خۆی. جۆرێک لە دەزگا دروست دەکات کە بە دەزگای داخراو یان تایبەت ناسراوە. جودایی لە نێوان دوو جۆر دەزگای کراوە و تایبەت، کرۆکی تێزەکەی هەردوو جەیمس و دارۆنە لە کتێبی بۆچی گەلان شکستدەهێنن؟
مالیکی لە هەناو پرۆسەی سیاسی عێراقیدا وەها ناسراوە کە خاوەن چەمکی نایدەین-ە، بە عەرەبی (ما ننطيه).  ئەمڕۆ کە بنەماڵەیی بەشێکی هەرە سەرەکی سیاسەتی عێراقییە و هۆکاری هەرە سەرەکی ئەوەیە کە خاوەن دەسەڵاتەکان ئامادەنین دەستاو دەستی پێبکەن. لێرەدا حکومەت و دەزگاکان وەها دەبینرێن کە بە دەستهێنرابن نەک کەسەکە دیاریکرابێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو. ئێنە بەردەوام ئەم تێگەیشتنە نامۆدێرنانە ڕۆژانە دەبیستین و دەخوێنینەوە. بۆ نمونە، کە دەڵێن فڵان وەزارەت یان پۆست هی ئەو حیزبەیە، مانای وەهایە پۆستێکی گشتی جۆرێک لە موڵداری تایبەتی بۆ دروستبوە. ڕەنگە مالیکی بڕوات، بەڵام دیاردەی مالیکیزم کە خۆی لە قۆرغکاریی و دەسەڵاتخوازی و دەستبەردارنەبون و هەموو بە دوژن زانین و وەهمی گەورە و گەڕانەوە بۆ خێڵ و بنەماڵە بەشێکی هەرە سەرەکی سیاسەتی عێراقی و ناوچەکەیە

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟