لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

ئەیوب بارزانی: سێ بارزانییەکە خزمەتکاری دەوڵەتی داگیرکەریی تورکن

Saturday, 07.15.2023, 12:24 PM


ئەیوب بارزانی نووسەر و سیاسەتمەداری کورد دەڵێت: سێ بارزانییە دەسەڵاتدارەکە لە مێژە خزمەتکاریی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکن و وشەی “نا” بەرامبەر تورکەکان بەکارناهێنن، ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە نوێنەرایەتی بارزان ناکەن و تەواو پێچەوانە و دژن لەگەڵ بارزانییەکاندا و ئەو ناوە بۆ تەفرەدانی خەڵک و مەرامی خۆیان بەکاردێنن، دەشڵێت: ئەمانە ئاغان بۆیە فکری ڕێبەر ئۆجالانیان پێ قبوڵ ناکرێت.

لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، ئەیوب بارزانی نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، زۆر بابەت و پرسی گرنگ و هەستیار دەخاتەڕوو، هەروەها زانیاری نەبیستراو دەدرکێنێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

دۆخی ئێستای باشووری کوردستان و دەسەڵاتی سیاسیی، چۆن هەڵدەسەنگێنن، هاوکات کاریگەریی لەسەر بەشەکانی تری کوردستان؟

ئەیوب بارزانی: ئەو قەوارە و دەسەڵاتدارییەی کە ئێستا لە باشووری کوردستان هەیە، ٣٢ساڵ هەمان شتە و دەسەڵاتێکی کۆنە؛ زۆر کۆنە، لە شاخیش هەر ئەمانە بوون، هیچ گۆڕانکارییەک نییە، باوک دەچێت کوڕ دێت؛ کوڕ دەچێت نەوەی دێت، لە باشوور ڕەوشێکیان دروستکردووە کە گۆڕانکاریی قبوڵ ناکات، لێرە کێشەکە ئەقڵییەتێکی فیوداڵ و خێڵگەرایی و ئاغایەتییە، یاسای ئاغاش وایە ئاغا هەموو شتێکە و دەسەڵات پشتاوپشتە، گەرچی لەباشوور لە ڕواڵەتدا نوێ دەردەکەوێت بەڵام بە ئەقڵییەت کۆنە.

بابەتێکی گرنگتان وروژاند، لێرەدا دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی سەروەرە، تۆ خۆت بارزانیت، بەدرێژایی مێژوو لە ناو بارزانییەکاندا دوو هێڵ هەبووە، هێڵێکیان تەریقەتی بارزان بووە و ئەویتر کەمینەیەکی سیاسی دەسەڵاتخواز، چۆن ئەم دوو هێڵە لەیەک جیا بکەینەوە؟

ئەیوب بارزانی: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەدەی ١٩، ئەوکات بارزان گوندێکی گەورەبوو لە ناوچەی بەڕۆژ لە داوێنی چیای شیرین، مزگەوتێکی گەورەی تێدابوو، مەسیحیی و موسڵمان و جولەکە پێکەوە دەژیان، لە سییەکانی سەدەی ١٩ کاتێک باشووری کوردستان کەوتە ژێر چنگی عوسمانییەکان و تورکەکان هاتن، ئەمارەت و میرنشینە کوردییەکان تێکچوون و فیوداڵیزمێکی بەهێز سەریهەڵدا و بوو بە بێسەروبەری، ئەوکات شیخ پەیدابوو، شێخ توانی نەزمێکی کۆمەڵایەتی دروستبکات و ببێتە ڕابەری کۆمەڵگا و کۆیان بکاتەوە کۆتایی بەو بێسەروبەرییە بهێنێت.

وتیشی: جۆرێک لە پێکەوەیی و یەکگرتوویی لە ناو کۆمەڵگا دروستکرد، لێرەوە تەریقەت پێشکەوت و هەموو گوندەکان ڕایەڵەیەکی بەهێزیان دروستکرد لەگەڵ شێخدا و هاتنە ناو تەریقەتەوە، چیتر کۆمەڵگا بوون بە کۆمەڵگایەکی ئاشتییخواز، یەکەم شێخ لە ناو بارزانییەکان کە تەریقەتی دامەزراند، مەلا شێخ عەبدولڕەحمان بوو، لەدوای ئەو شێخ عەبدولسەلام هات، دواتر کوڕەکەی شێخ محەمەد هات، لەسەردەمی ئەودا ململانێ و دوژمندارییەکی قوڵ سەریهەڵدا لەنێوان، شێخ و دەسەڵاتی ئاغادا، زێبار لەژێر دەستی ئاغادابوو، دەسەڵاتی ئاغایەتییان پێشخست،  ئەم ناکۆکییە تا ئەمڕۆش هاتووە.

لەم ساڵانەی دوایی کەمینەیەکی سیاسیی دەسەڵاتخواز سەرهەڵدەدەن، لەناو بنەماڵەی بارزانی، ئایا ئەمانە نوێنەرایەتی هەموو بارزان دەکەن؟ ئایا ئەمانە هێڵی بارزانین؟

ئەیوب بارزانی: نەخێر هەرگیز بەهیچ جۆرێک ئەم دەسەڵاتە هیچ پەیوەندییەکی بە بارزانییەکانەوە نییە، لەدوای کۆچی دوایی شێخ ئەحمەد هەتا ئەمڕۆ، لە مەلا مستەفاوە تا کوڕ و برازا دەسەڵاتدارەکانی، هیچ پەیوەندییەکیان بە تەریقەتی نەقشبەندی و عەقیدەی بارزانەوە نییە، بە ڕەهایی هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نییە، هەرچەند ئەو ناوەش بەکاردەهێنن، بەڵام ئەم دەوڵەمەندییەی ئێستایان و پارە بردنە دەرەوەیان بۆ بانکەکان و ئەم پاشاگەردانییە لە کۆشکەکانیانەوە، بەڕەهایی هیچ پەیوەندییەکی بە بارزانەوە نییە.

وتیشی: لە ڕاستیدا بەتەواوەتی لە دژی بارزانە، تکاتان لێدەکەم تێکەڵیان مەکەن، زۆر زۆر دژن، نە ناویان بۆ بارزان هێشتەوە، نە سومعەت نە حورمەت، هیچ شتێکیان پێوە نەهێڵا، مومکین نییە ئەمانە ببەستیتەوە بە مێژووی بارزان و تەریقەتەوە، بە ڕواڵەت بەکاریدەهێنن، بۆ مەرام و بەرژەوەندی خۆیان ئەو ناوە بەکاردەهێنن، ئەتوانین بڵێین پارەپەرستی گەورەن و دەسەڵاتخوازن بە هەر نرخێک بێت، بە درۆ بێت، بە کوتەک بێت، یان کوشتن، دەسەڵاتیان دەوێت و دەستی لێ بەرنادەن.

جەنابتان ئامۆزای یەکێک لە بارزانییە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانن، بەڵام ئەم ناسنامەیە ڕەتدەکەنەوە و ناتانەوێت وەها بناسرێن هۆکار چییە؟

ئەیوب بارزانی: خزمایەتی شتێکە و پرسی نەتەوەیی و وڵات و مێژوو شتێکی ترە، ڕەنگە لەگەڵ باوکی خۆشت یەک نەبی لەسەر ئەو هەڵوێستانە، بەهیچ جۆرێک ناکۆکی من لەگەڵ ئەو، کێشەی خێزانی نییە، کێشەیەکی سیاسیی و نەتەوەییە، ئەگەر چاو لە کردار و هەڵسوکەوتی ئەوان بکەیت، دەبینیت هەموو ئەوانەی کە کورد و بارزانییەکانیان جینۆساید کردووە، هەموو لە هەولێر کۆبوونەتەوە، دارودەستەی سەدام حسێنیش، عیزەدووریش لەوێ مرد، ڕێزیان لێدەگرن و چاودێرییان دەکەن و پارەیان پێ دەدەن.

شەهید شێخ عەبدولسەلام بارزانی، ڕابەرێکی یاخی و تێکۆشەر بوو لە دژی عوسمانییەکان، دواجار هەربەدەستی عوسمانییەکان لەسێدارە درا، بەڵام ئەمڕۆ نەوەکانی شێخ عەبدولسەلام بوون بە دەستکێشی نەوەکانی عوسمانی و دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بۆ سەر خاکی کوردستان، ئەم هەڵوێستە چۆن دەنرخێنن؟

ئەیوب بارزانی: شێخ عەبدولسەلام بارزانی شۆڕشگێڕبوو، بە ڕەهایی دژی کوشتن و توندوتیژی بوو، ئەو شەڕەش کە کردی ناچاریان کرد لەلایەن عوسمانییەکانەوە، هەروەها پەیوەندی باشی هەبوو لەگەڵ باکووری کوردستان و جوڵانەوە نەتەوەییەکانی کورد، هەروەها هەوڵی هەبوو یەکگرتوویی کورد دروستبکات، بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە نابێت وەک هەمان ڕێبازی ئەو بیبینین ستەمە و نابێت، ستەمێکی گەورەیە لە بارزان و بارزانییەکان، ئەمەی ئێستا هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکەکەیەوە نییە، ئەوانەی کە جامانەی سوور بەکاردەهێنن، بۆ تەفرەدانی خەڵکە، بەکارهێنان و خەڵەتاندنە، سیستمێکی پۆلیسییە و خەڵکیان ترساندووە و هەندێکیشیان بە پارە ڕاگرتووە.

پەیوەندی سێ بارزانییەکە و سەرانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەریی تورک چ پەیوەندییەکە؟

ئەیوب بارزانی: پەیوەندییەکی قوڵ و مێژووییە، لە ساڵانی حەفتاوە ئەم پەیوەندییە هەیە، دکتۆر شڤان و سەعید یاڵچی چۆن کوژران؟ باوەڕت هەبێت لەو کاتەوە پەیوەندییان لەگەڵ میتی تورکدا هەیە، ئەقڵییەتی شۆڤێنیزمی تورکی قەت ڕێ بەوە نادات پەیوەندییەکی هاوسەنگ ببەسەتی لەگەڵیاندا، تورک هەمیشە تۆ نزم دەبینێت و خۆی گەورە، هەتا ئێستاش نەگۆڕاوە، ئەم خزمەتکارییەی سێ بارزانییەکە بۆ تورکەکان کۆنە، بەم شێوەیە (تۆ چی دەڵێیت ئێمە وادەکەین؛ پێیان دەڵێن فەرمانێک دەرکە و بڵێ ماڵی خۆت بسوتێنە با بیسووتێنین)، هەر شتێک داوا بکەن جێبەجێی دەکەن، وشەی “نا”  بەرامبەر تورکەکان بەکارناهێنن.

دەتوانین بڵێین پەدەکە پرۆژەیەکە بۆ تواندنەوەی بزووتنەوەی ئازادییخوازیی کورد؟

ئەیوب بارزانی: سەرانی پەدەکە، بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی کە دۆخی کورد تێکبچێت لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکووریش، لە کۆنەوە لە حەفتاکانەوە ئەم ڕۆڵە دەگێڕن، ڕۆڵی تێکدانی شۆڕشە کوردییەکانیان پێدراوە.

لە بەرامبەر ئەو هێڵەدا، هێڵێکی  وڵاتپارێزیی و شۆڕشگێڕیی هەیە، کە ٤٠ساڵە، بزووتنەوەیەک، فکرێک و سیاسەتێک ڕابەرایەتی هەرچوار بەشی کوردستان دەکات و لە باکووری کوردستانەوە سەریهەڵداوە، ئەم هێڵە چۆن دەبینن؟

ئەیوب بارزانی: ئەو شۆڕشە جیاوازە چونکە زۆر پێشکەوتووە، ژن تێیدا ڕۆڵی هەیە و ئایدۆلۆژیای هەیە و خاوەن ڕێکخستنێکی بەهێزە، ئەو دۆخەی کە شۆڕشەکەی تێدا پەیدابووە زۆر سەختە چونکە دژی دەوڵەتێک شەڕ دەکات کە ئەندامی ناتۆیە، هەروەها لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە سەرۆکێکی هەیە، سەرۆک عەبدوڵا ئۆجالان، فەزڵی ئەو شۆڕشە بۆ ئەو دەگەڕێتەوە، ئەو گەلە نزیک بوو لە مردن، کاتێک نێردەی بەریتانییەکان لەتورکیا بەدواداچوونێك دەکات، ڕاپۆرتێك دەنووسێت بۆ لەندەن بەمشێوەیە، “لێرە هیچ شتێک نەماوە بەناوی کوردەوە”، بەڵام هەڵە دەرچوو فەزڵی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبەر ئۆجالان، کە توانی گەلی کورد لە مردن هەستێنێتەوە.

وەک سیاسەتمەدارێک تا چەند ئاشنای فکر و سیاسەتی ڕێبەر ئۆجالانن؟

ئەیوب بارزانی: هەندێک لە کتێبەکانیم خوێندووەتەوە، فکرێکی نوێیە بۆ کورد، بۆ هەموو سەرهەڵدانێکی گەلیش فکر و بەرنامەیەکی نوێ پێویستە.

بۆچی سەرانی پەدەکە ئەم ڕێبەرە قبوڵ ناکەن؟

ئەیوب بارزانی: لێرە ئاغایەتی و فکری فیوداڵیزم هەیە، فکری ئاغا و فکری ڕێبەر ئۆجالان، مومکین نییە یەکناگرنەوە، دەبێت یان فکر هەبێت یان ئاغا!

گەورەترین بەربەست لەبەردەم یەکێتی و یەکگرتنەوەی کورد کێیە و چییە؟

ئەیوب بارزانی: تەنها دەسەڵاتدارانی کورد، بەتایبەتی دەسەڵاتی ئەم باشوورە شکستخواردووە، هیچ ئومێدێکی لەسەر هەڵناچنرێت، گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەش دەرگا دەکاتەوە ەبەردەم گەلی کورد کە جارێکیتر خۆی بناسێتەوە، ئەم دەسەڵاتە هیچیان بەدەست گەلەوە نەهێشتووەتەوە، بوونەتە بەڵا بۆ گەلی خۆیان و هەرچواربەشی کوردستانیش، ئەم دەسەڵاتە زەرەرمەندە و بە نەمانی کورد هەناسەیەک دەدات و دەتوانێت بڵێت هەم.

بارزانی سەرۆکی پەدەکە لە بەیاننامەیەکدا گەریلای بە “داگیرکەر” ناوهێنا لەسەر خاکی باشووری کوردستان، تۆ چی دەڵێیت؟

ئەیوب بارزانی: نەخێر وانییە و ئەوە تەنها بۆ دڵخۆشکردنی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکە، گەریلا لەسەر خاکی خۆیەتی و داوای مافی خۆی دەکات، ئەوە تورکیایە کە مافی لێ زەوت کردووە و هەوڵی لەناوبردنی دەدات و ناچاری کردووە شەڕ بکات بۆ مانەوەی خۆی.

* بۆ بینینی تەواوی چاوپێکەوتنەکە بە شێوەی ڤیدیۆ سەیری ئەم لینکە بکەن.

https://youtu.be/H9TBaQPEr0Y



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟