یەکێتیی و پارتیی هیچ جیاوازییەکیان نییە، دەنگدان بە یەکێتیی، دەنگدانە بە پارتیی و رەوادانە بە بەردەوامی خیانەت

وتار » بیروڕا

پوکانەوەی پارتی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم!

(410 بینراوە)   | Monday, 12.28.2020, 12:21 PM |


لە باشووری کوردستاندا، سەرهەڵدانی بزوتنەوەی سیاسی، دامەزراندنی پارت و ڕێکخراوی سیاسی ڕەگێکی مێژووی هەیە. ئەو دەڤەرە خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ بەگوێرەی قۆناغە مێژوویەکان، بارودۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی بە دەیان پارت و بزوتنەوەی سیاسی لەو ناوچەیەدا سەریان هەڵداوە، وەک دروستبوونی حزبی شیوعی، پارتی، کۆمەڵەی ڕەنجدەران، یەکێتی، پاسۆک، حسک و یەکگرتوو و کۆمەڵ و چەند پارتێکی دیکەی ئیسلامی و کۆمۆنیستی دی.
هەوێنی دروستبوون و دامەزراندنی ئەو بزوتنەوە و حزبانە بە پلەی یەکەم دژی دەسڵاتدارانی نەتەوەیەکی دی وەک عەرەب، تورک و فارس بووە. کە لە سێبەریاندا زەمینەیەکی پڕ لە چەوساندنەوە، زوڵم و نایەکسانی و دەسەڵاتی حوکمڕانی دیکتاتۆری بکوژ و نەبوونی سیستەمی سیاسیی دیموکرات و هەڵکشانی دەنگی ناڕەزا بووە. مێژوو پێمان دەڵێت، ئا لەو زەمینە لەبارەدا، هەڵگرتنی دروشمی نیشتمانی و نەتەوەی، ئامرازێکی کارا بووە بۆ تیخدانی زێتری ئەو دەنگە ناڕەزاییانە، کە سەرانی ئەو پارتانە توانیویانە لەنێو یەک حزب یان ڕێکخراوی سیاسیدا کۆیان بکەنەوە و دواتر سەرکەوتوو بوونە لە گۆڕینی ڕێڕەوەی مێژووی ئەو بزوتنەوانە بۆ مەرام و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان.
باشووریەکان لەگەڵ ئەو ڕاستییانە بە بینین و کردار نزیک بە چارەکە سەدەیەکە گوزەر دەکەن، تا گەیشتە ڕادەیەک هەنووکە زۆرینەی سادە و شەقامی کوردیی باشوور بێ متمانەیی لا دروست بێت و هیوای بە پارت و سەرانی ئەو دەڤەرە و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ نەمێنێت. بە دڵنیاییەوە گۆڕینی ئەم واقیعە بۆ پارتەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بە تایبەتی بۆ یەپەگە و پەکەکە یان سەرهەڵدانی پارت و حزبی دیکە لە باشوور ئاسان نییە ئەگەر بە وردی کاری لەسەر نەکرێت، ڕێکخراوێکی سیاسی لەنێو هەناوی ئازارەکاندا لە دایک نەبێت، دروشمەکانی ڕەنگدانەوەی بیر و بۆچوونی ئەو دەڤەرە نەبێت و دژ بە سەرانی پارتە بەشداربووەکانی نێو حکومەتی بنکە فرەوان نەبێت!
واقیعی باشووری ئەمڕۆ لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و سیاسەتی نێودەوڵەتی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. هەنووکە ئیران، تورکیا و ئەمریکا، لە بستبەبستی باشووردا بنەکەی سەربازی و هەواڵگریان هەیە، ڕاستەوخۆ بڕیارەکانیان کاردانەوەی لەسەر چارەنووسی گەلانی عیراق بە تایبەتی کوردستان هەیە. ئێستا جۆری ململانێی نێوان ئەو هێزانە لە فۆرمێکی دیدا بەرجەستە دەکرێت، هەریەکە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی مامەڵە لەگەڵ پارت و هێزە چەکدارەکانی ئەو ناوچەیە دەکات، کە کاردانەوەی لەسەر سروشتی بزوتنەوە سیاسیەکان و سەرهەڵدانی پارتی ئۆپۆزسیۆن لە باشووردا هەیە. ئەگەر سەرنج بدەین لە کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا، بە سەدان گروپی چەکداری فەرمی و نافەرمی لەسەر دەستی زلهێزە ناوچەیەکان و دنیادا دروست بووە، کە بۆ سەپاندنی مەرجە سیاسی و ئابوورییەکانیان بەکاریان دەهێنن، بە واتەیەکی دی هەر پارتێک یان ڕێکخراوێکی سیاسی لە واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە تایبەتی لە کوردستاندا کە هێزی چەکداری نەبێت، لە هاوکێشە سیاسیەکاندا لاواز دەمێنێت و هەژماری بۆ ناکرێت نمونە، بەهێزی ینک و پدک لە بوونی هێزی زێرەڤانی و پێشمەرگەیە، کە نەک تەنیا بۆ کپکردنی دەنگی شەقامی ناڕەزا بەکاریان دەهێنن، بەڵکو بۆ ئەجێندای دەرەکیش بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان بەکاریان دەهێنن، ئەمە هۆی سەرەکییە کە وڵاتانی زلهێز و ناوچەیەکان یارمەتی ماددی ئەو دوو هێزە دەدەن کە گەلێک جاران ینک و پدک لە میدیاکاندا بە ئاشکرا خۆیان بەو جۆرە پشتیوانیە هەڵدەکێشن.
دروستبوون و دامەزراندنی حزبی ئۆپۆزسیۆن ئەمڕۆ لە باشووردا دژی دەسەڵاتی نەتەوەی دەسەڵاتداری وەک عەرەب نییە، ئەڵبەتە دژی دەسەڵاتدارانی سەرانی نەتەوەکەی خۆیتی کە ئەوانیش کوردن و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ وابەستەن بە ئەنقەرە، تاران و بەغداد. بەگشتی ئەو ئەزموونە بۆ باشووریەکان تازەیە، تەمەنی لە بیست ساڵێک ڕەت ناکات، ئەوە بۆ خۆی جیاوازیەکی جەوهەرەیە لەگەڵ ئامانج و دیدی دەنگە ناڕەزاکانی شەقامی کوردی لە سەدەی ڕابردوودا کە جۆری کارکردن لەنێویاندا پێویستی بەخوێندنەوەیەکی زانیستیانەی قوڵ و لێکۆڵینەوەی ورد، هەنگاو و داڕشتنی ستراتیژ و پلانی جیاوازتر هەیە لەگەڵ سەدەی ڕابردوودا.
لەنێو چارەکە سەدەیەک لە حوکمڕانی بنەماڵە و خێزان لە باشووری کوردستاندا بە تایبەتی لە سەرەتای دوو هەزارەکاندا، شەقامی باشوور دەنگی ناڕەزای هەڵبڕی، کە لە ئەنجامدا چەند پارتێکی ئۆپۆزسیۆن سەریانهەڵدا، کە گەورەترین و بەهێزترینیان "بزوتنەوەی گۆڕان" بوو، کە داوای ڕیفۆرمی لە دەسەڵاتی سیاسی کرد بە ڕێگەی بەشدارییکردن لە پەرلەمان و چالاکیی مەدەنی. ئەم سیاسەتە لە کات و ساتێکی مێژووی لەبار نەبوو، لەبەرئەوەی کاتێک ئەو ڕێگەیە دەگریتەبەر کە دەسەڵاتێکی سیاسی لە سیستەمێکی دیموکراتیدا حوکمڕانی بکات و بە ڕێگەی دەنگدان دەسەڵاتی حوکمڕانی دەستاودەست بکات، ئەوە بوو سەرانی گۆڕان خەڵکیان هاندا بچن بۆ دەنگدان و بەڵێنیان بە میللەت دا کە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ڕیفۆرم لە دەسەڵاتی سیاسیدا بکەن، بە دڵنیاییەوە بەڕێوەبەرانی ئەو بزوتنەوەیە ئەو ڕاستیەیان دەزانی بەڵام بۆ ئەوان هەندێک دەستکەوتی مادی تێیدا هەبوو، دواتر هەر بەوە نەوەستان چوونە نێو دەسەڵات، بەڵێنی شەقامی ئارمیان بە دەسەڵاتداران دا. ئەوان بوون کە دەنگی ناڕەزاییان خامۆش کرد و بوون بە کۆڵەکەیک بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان و بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک لە کادیری ناوەندی ئینتیهازی. بەمجۆرە سەرانی "گۆڕان" ڕێڕەوە و ئامانجی حزبێکی ئۆپۆزسیۆنیان بۆ مەرامی تایبەتی گۆڕی. بمانەوێت یان نا ئەم ئەزموونە لێدانێک بوو لە مێژووی تەمەنی ساوای ئۆپۆزسیۆن و سستبوونی سەرهەڵدانی پارتێکی دی ئۆپۆزسیۆن لە باشووردا، هەروها کاردانەوەی خراپی هەبوو لەسەر سایکۆلۆژیەتی میللەت و لە نەمانی متمانەی خەڵک بە سەرهەڵدانی پارت و بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی دی، کە هەنووکە ئەم ئەزموونە فاکتەرێکی دی گرنگە کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو متمانەیە.
دوای کۆڕەو و بە تایبەتی دوای ڕوخانی سەدام لەلایەن ئەمریکاوە، سنوورە تەلبەندکراوەکانی نێوان عیراق و ئیران و تورکیا و سووریا وەک جاران نەمان. پارتە کوردیەکانی بەشەکانی دی کوردستان وەک پەکەکە بنەکەیان بە ئاشکرا لە باشووری کوردستاندا هەبوو و هاتنە نێو باشووریەکان، بێگومان زۆر یان کەم، توانیان لەنێو گەنجانی خوێنگەرمدا بنەکەیەکی جەماوەریی بۆ خۆیان دابمەزرێنن. دوای جەنگی دژ بە داعش واتە دوای ٢٠١١، لە ڕۆژئاوا یەپەگە بوو بە هێزێکی نمونەی کە سەرنجی زۆربەی گەنجانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی بۆ خۆی ڕاکێشا و بە ڕوحێکی شۆڕشگێر و یاخی لە واقیعی دنیای کوردستانی گەورەدا پەروەردەیانی کرد، کە زۆر جیاواتر لەو پەروەردەیەی کە حزبە ئۆپۆزسیۆنکانی هەرێم بۆ ئەندامەکانیان پەیڕەویان کرد.
لە هەمووی گرنگتر یەپەگە و پەکەکە دوو هێزن خاوەن بنکەو بارەگان، واتە ماڵێکیان ڕێکخستووە لایەنگرانیان لە کاتی ئاشکرابوونیان ڕوویان تێدەکەن و دەگوازرێنەوە بۆ قۆناغێکی دی بەرەنگاری بوونەوە، هەروها هەردووکیان خاوەن هێزی چەکدارن، چۆن لە حکومەتی تورکیا، سوریا ناگەڕێنەوە بەهەمان شێوە لە هێزی زێرەڤانی و پێشمەرگەی هەرێمیش ناگەڕێنەوە، واتە دەتوانن زۆر یان کەم دیفاع لە خۆیان بکەن، بەڵام هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە باشووور تەنیا بیەوێت کادیرەکانی بنێرێت بۆ نێو پەرلەمانی ئیفلیجبووی هەرێم و ئەندامەکانی هاندات دروشمی لاواز لەسەر کاغەز بنووسن و بەرزیکەنەوە، چۆن دەتوانێت بچێتە هاڤرکێی ئەو دەنگە ناڕەزاییانەی کە یەپەگە و پەکەکە لەخۆیانیان کۆکردۆتەوە!
چارەکە سەدەیەکە دەسەڵاتێکی سیاسی حوکمڕانی باشوور دەکات، کە دوای سیستەمی ففتی ففتی پەیڕەوی مودیلی سیاسەتی "تەوافق و پشک" دەکات و حکومەتی بنکە فرەوانی پێکهێناوە، هەموو پارتە بەهێز و بێهێزە عیلیمانیەکان و ئایینیەکانی بەشداری پێکردوە لەو دەسەڵاتەدا، هەر یەکە بەگوێرەی پێگەی جەماوەری بودجە، پۆست و هەقی پارەی کورسی پەرلەمان وەردەگرێت. ئەمە بۆتە هۆی گەشکردنی دیاردەیەکی ناتەندروست لە هەرێم، هەر پارتێک کە دروست دەبێت، کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دادەمەزرێنیت، بەکاری دەهێنێت بۆ بانگەشە و بەشداریی هەڵبژاردن دەکات، جا ئەگەر چوار کورسی یان کەمتریشی مسۆگەر کرد دەچێتە پەرلەمانی ئیفلیچ کە سورسور دەزانێت، هۆڵی پەرلەمان هی ئەوە نییە هیچ یاسایەک دژ بە ینک و پدکی لێتێپڕێت، لەگەڵ کاتدا ئەو پارتە بەرەو پوکانەوە دەچێت، ئەزموونی ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەش لە هەرێم زۆرە وەک "نەوەی نوێ" و "بزوتنەوەی گۆڕان" و "یەکگرتوو".
حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم بە تایبەتی ینک و پدک، پارە و سامانی گشتی بەکاردەهێنن بۆ تەزویر کردن لە هەڵبژاردنەکان و کڕینی خەڵک، کە لە ئەنجامدا لەشکرێک لە خەڵکی ئینتیهازی و بەرژەوەندیی و پۆست و پارەپەرست نێو کۆمەڵگەی کوردی باشووریان تەنیوە و بە دوروبەری خۆیاندا بازنە دوای بازنەیان لەنێو گەلدا دروست کردوە و کە هەموویان بۆ یەک ئامانچ کارد دەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان کە بەستراوە بە مانەوەی ینک و پدک.
جا لەم جۆرە بارودۆخەدا دامەزراندن و ڕاگەیاندنی پارتێکی ئۆپۆزسیۆن تەنیا بە کاری سەرپێ و هەوڵێکی بچووک و کۆکردنەوەی چەند کەسێک سەرناگرێت، ئەڵبەتە لە سەرەتاوە دەبێت هێڵی گشتی ئەو بزوتنەوەیە دیار بکرێت، پەیڕەوی ناوەخۆی و ستراتیژ و پلان و بەرنامەی داڕێژراو و تۆکمەی هەبێت، هەروها هەر لە سەرەتاوە خۆی ساغکاتەوە کە ئایا ئەو بڕوای بە خەباتی چەکداری و درێژخایەن هەیە یان هەمان ئەزموونی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دی باشوور پەیڕەو دەکات کە دوای دوو هەزارەکانی ئەم سەدەیە سەریان هەڵدا و پوکانەوە!





وێنە

نیهاد بارزانی ناسراو بە شێخ فستق بارزانی
مەسعود پولەکەی پاپای بە ریفراندۆمەکەوە دەنێت
هێزی گەل و هێزی دەسەڵات
دەزگای میت، هاوپەیمانی پارتیی، بزانە چۆن مامەڵەی کورد دەکات