لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

دوا بڵاوکراوەکانی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی(٢٠/١/٢٠٢١-٢٥/١/٢٠٢١)

Monday, 01.25.2021, 02:13 PM


سەرکۆنەی خۆدەرخستنێکی وەزیری تەندروستی دەکەین

مام سابیر ئەو جوتیارە کوردە سەربەرزەیە کە دژی تەعریبی گوندی پەلکانە دەنگی هەڵبڕی

لە چەند رۆژی رابوردودا مام سابیر توشی جەڵتەی دڵ دەبێت و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر داخڵ دەبێت. بەداخەوە، وەکو زۆربەی خەڵکی کوردستان، بازرگانەکانی تەندروستی داوای پارە لە مام سابیر دەکەن بۆ چارەسەری حاڵەتەکەی. سەنتەری دڵ لە هەولێر بێ گوێدانە باری گوزەرانی مام سابیر و دۆخە تەندروستیەکەی، دەیانەوێ ئەویش بکەنە نێچیرێکی دیکە و دەست بۆ گیرفانە بەتاڵەکانی بەرن.

لە خۆدەرخستنێی بێتامدا، وەزیری تەندروستی گوایە تێجوی نەشتەرگەرییەکی خستوەتە ئەستۆی خۆی.

لەم بارەوە دەمانەوێ چەند تێبینیەک بخەیەنە بەردەم ڕای گشتی.

لە هەر وڵاتێک کە لانی کەمی ڕێز لە مافە تەندروستیەکانی هاوڵاتیان بگیرێ و حیساب بۆ مرۆڤبونیان بکرێ، چارەسەری کتوپڕ بێبەرامبەر و بە خۆڕاییە. نەک بۆ مام سابیرێکی تێکوشەر بەڵکو هەمو هاوڵاتیەک مافی خۆیەتی بەبێ بەرامبەر چارەسەری کتوپڕ وەرگرێت.

لە لایەکی ترەوە، ئەو سەنتەری دڵەی شاری هەولێر لە بنەڕەتدا هی خەڵکی کوردستان و کەرتی گشتیە. بازرگانەکانی بواری تەندروستی و بەتایبەتی کادیرە تەندروستیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەویشیان زەوتکردوە و کردویانەتە پارە. لە ڕاستدا بینای ئەو نەخۆشخانەیە هی ڕێکخراوی خێرخوازی هیوای عێراقی بو و بۆ نەخۆشخانەی منداڵبون تەرخانکرابو. بەڵام کەسێکی وەکو عەلی سندی زەوتیکرد و کردیە پرۆژەیەکی بازرگانی. لەوەش خراپتر، کەرەستەکانی سەنتەرەکە و موچەی کارمەندەکانی هەر وەزارەتی تەندروستی خۆی دابینی دەکات. ئیتر نازانین مانای چیە وەزیری تەندروستی 'پیاوەتی' بە خزمەتێکەوە دەکات کە لە بنەڕەتدا هی خەڵکی کوردستان خۆیەتی.

ئەم رەفتارەی وەزیری تەندروستی خۆدەرخستنێکی تریمان دەخاتەوە یاد. ئەمەشیان وەکو نمایشی کارکردن بو لەسەر کۆمپیوتەرەکەی گوایە بە هەردو دەستی شت دەنوسێ لە کاتێکدا کە یەک وشەیشی نەنوسیوە!

لە باتی ئەم خۆدەرخستانە بێتامانە، باشترە وەزیری تەندروستی ئەو سەنتەرە زەوتکراوەی دڵ لە هەوڵێر بگێرینێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی خۆی کە خەڵکی کوردستانە. باشترە حاڵەتی کتوپڕ کە ژیانی کەسەکەی لەسەر راوەستاوە بەبێ بەرامبەر پێشکەشی هەمو کەسێک بکرێ نەک وەزیر وەکو خۆ دەرخستن بۆ کەسێکی بکا و هەزارانی تر مەحروم بکا.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٥



داوای پێدانی موچەی تەندروستکاران دەکەین بەبێ لێبڕین

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە خۆشحاڵیەکی زۆرەوە پێشوازی لە هەواڵی پێدانی موچەی پێشمەرگە دەکات بەبێ بڕین.

هاوکات داواش دەکەین هەمان هەنگاو بۆ تەندروستکارانیش بنێرێ. تۆڕەکەمان بە پێویستی دەزانێ کە تەندروستکارانی سەبەرزی کوردستان هەمان مامەڵەی پێشمەرگە گیانفیداکانیان بۆ بکرێ.

تەندروستکاران، پێشمەرگە ئاسا، لە کاتی بڵاوبونەوەی کۆرۆنادا شەڕی نەخۆشیەکەیان بۆ کردین بەبێ گوێدانە هەبونی موچە.

بەڵام چەندین مانگ بەبێ وەرگرتنی موچەی تەواو، ئیتر تەندروستکاران ماندوبون و بەرگەی چیتری بێ موچەیی ناگرن.

پێدانی موچەی تەواو بۆ تەندروستکاران لە کاتێکدایە کە کوردستانی خۆشەویست لە بەردەم هەڕەشەی شەپۆلێکت دیکەی کۆرۆنایە. بۆیە گرنگە تەندروستکاران بە گیرفانێکی پڕەوە ئامادەی روبەڕوبونەوەیەکی دیکە بن لەگەڵ بەڵای نەگریسی کۆرۆنا.

لێرەوە جارێکی تر وێرای دەستخۆشی لە بڕیاری پێدانی موچەی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین، داوا دەکەین هەمان هەنگاو بۆ تەندروستکارانیش بنرێ.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٥



رێکخراوەکەی سانتیلایڤ لە لیستی رێکخراوەکانی بریتانیا دەرکرا

بە خۆشحاڵیەکی زۆرەوە، تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هەواڵی تازە لەسەر نەخۆشخانەی سانتیلایڤ رادەگەیەنێت.

لە چەند رۆژی رابوردودا تۆڕی پاراستنی تەندروستی بەڵگەی تازەی بەدەستکەوت لەبارەی نەخۆشخانەی سانتیلایڤەوە.

بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی کە یەکێکیان لێرە بڵاودەکەینەوە، رێکخراوە بەناو خێرخوازییەکەی سانتیلایڤ لە لیستی رێکخراوەکانی بریتانیا دەرکرا.

ڕێکخراوی نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ لە بریتانیا تۆمارکراوە. رێکخراوەکە لە لایەن رەنج نوری شاویس و عەلی سندی و چەند کەسێکی بیانی سەر بە کۆمپانیای ئۆریکس پیترۆلیومی کەنەدی دامەزرا. ئەو کەسانەی ڕێکخراوەکەیان دامەزراند بەناوی رێکخراوی هێڤی ئەو کارەیان کردوە.

رێکخراوەکە ئەرزی گشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ملێونان دۆلاری شرینی نەوتی وەرگرت گوایە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی خێرخوازی بۆ منداڵان.

بەڵام دوای تەواوبونی، نەخۆشخانەکەدرایە کەرتی تایبەت. سەرەتا نەخۆشخانەکە لەلایەن زانکۆی کوردستان کە هی ئیدریسی کوڕی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانیە، زەوتدەکرێ. دواتر نەخۆشخانەکە دەدرێتە کۆمپانیایەکی تورکی کە ناوەکەی دەگۆرێ بۆ سانتیلایڤ.

ئێمە بە خۆشحاڵیەکی زۆرەوە دروانینە بڕیاری دەکردنی ڕێکخراوی نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان لە لیستی رێکخراوەکانی بریتانیا. ئەم بڕیارە بە هەنگاوێكی دیکە دەزانین لەسەر رێگای گەڕانەوەی نەخۆشخانەکە بۆ منداڵانی کوردستان.

لێرەشەوە بە تایبەتی داوا لە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی دەکەین کە بڕیاری ئازایانە و شەرفمەندانە لەم بارەوە بدات و نەخۆشخانەکە بداتەوە وەزارەتی تەندروستی و کەرتی گشتی.

ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات تاوەکو گەڕاندنەوەی یەکجارەکەی نەخۆشخانەکە.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٤



مژدەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکەی سانتیلایڤ

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی مژدەیەکی خۆش دەداتە خەڵکی کورستان و منداڵانی هەولێری پایتەخت.

بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی کە دەست تۆڕەکەمان کەوتوە، ڕێکخراوی بەناو خێرخوازی منداڵانی کوردستان لەلایەن دەزگاکانی بریتانیا هەوڵوەشێنرایەوە. ئەو ڕێکخراوە بەناوی دروستکردنی نەخۆشخانەی خیرخوازی بۆ منداڵانی کوردستان نەخۆشخانەی سانتیلایڤی درستکرد و دواتر درایە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی تورکی. ڕێکخراوەکە هەروەها پارەی شرینی نەوتی کۆمپانیایەکی کەنەدی بەناوی ئۆریکس پیترۆلیوم وەرگرتبو.

تۆڕەکەمان هەر لە سەرەتای ئاشکرابونی ئەو فەزیحیەوە پەیوەندی کرد بە دەزگا پەیوەندیدارەکانی برتیانیا. ئەوە بوو دەزگای تایبەت بە ڕێکخراو و کۆمپانیاکان لە بریتانیا دەستیکرد بە لێکۆڵێنەوە لەو بابەتە.

تۆڕەکەمان هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی بەناو خێرخوازی نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان لەلایەن بریتانیانەوە بەدەستکەوتێکی گەورەی خۆی دەزانێ. هاوکات بە هەنگاوێک لە زنجیرەی هەنگاوەکانی گەڕاندنەوەی نەخۆشخانەکە بۆ منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان دەزانێ.

ئێمە بەڵێن دەدین کە پشو نادەین تا ئەو رۆژەی کە نەخۆشخانەی سانتیلایڤ بەیەکجاری دەگەڕێنرێتەوە بۆ منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان.

بەم بۆنەشەوە داوا لە وەزارەتی تەندروستی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی دەکەین کە بۆ یەک جاریش بێ بڕیارێکی تەندروست و لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بدەن بە گەڕاندنەوەی نەخۆشخانەکە بۆ کەرتی گشتی.

نەفرەت لە گەندەڵکاران، و بژی مافە تەندروستیەکانی منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٣



نامەیەک ئاراستەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دانیشتوان UNFPA

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لەبارەی کەمپی ئاوارەکانی سوریاوە نامەیەک ئاراستەی سندوقی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دانیشتیوان UNFPA دەنێرێ.

لە سەرەتای نامەکەدا، تۆڕەکەمان سوپاسی ڕێکخراوەکە دەکات کە هاوکاری باشی دابینکردوە بۆ ئاوارەکان و بەتایبەتی بۆ کەمپی ئاوارە سورییەکان.

لە بەشێکی تری نامەکەدا، تۆڕەکەمان چەند تێبینیەکی پێشکەشکردوە سەبارەت بە خزمەتگوزاریەکانی کەمپەکە و خستویەتیە بەردەم ڕێکخراوەکە.

تۆڕەکەمان بە تایبەتی ئاماژەی بەوە داوە کە پزیشكی ژنان و منداڵبون لە کەمپەکە تەنها دوو رۆژ دابینکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی زانیاریەکانی تۆڕەکەمان دەبوایە بەپێی گرێبەستی ڕێکخراوەکە لە گەڵ ڕێکخراوی ژیانی تەندروستی، هەمو رۆژێ پزیشكی ژنان دابینکرابا.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی نامەی تۆڕەکەمان هاتوە کە گومان هەیە ئەو پزیشکەی کە پێشتر لە کەمپەکە بەناوی پسپۆری ژنان و منداڵبونەوە کاریکردوە لە ڕاستیدا پسپۆری پێستی هەبوە نەک ژنان. لەم بارەشەوە، تۆڕەکەمان داوای ڕونکردنەوەی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان کردوە.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هاوکات داوای شەفافیەتی زیاتر دەکات لە شێوازی پێدانی گرێبەست بە ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە کوردستاندا. تۆڕەکەمان دڵەراوکێی ئەوەی نەشاردوەتەوە کە بەشێک لە ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە کوردستاندا نزیکن لە حیزبەکانی دەسەڵاتەوە و خزمەتی ئامانج و مەرامی سیاسی و تایبەتی دەکەن. لەم بارەوە داوا لە ڕێکخراوەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان کراوە کە وریاتر مامەڵە لەم بارەوە بکەن.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی هاوڵاتیان بە ئاوارە بەڕێزەکانیشەوە تا ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. هەروەها بەڵێن دەدەین کە چاوێکی کراوە بین بۆ ئاشکراکردنی هەر گەندەڵی و نادادپەروەریەک کە لەم بارەوە ڕوبدات.

تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٣



وەڵامی بەرێوەبەری کارگێری تەندروستی هەولێر

فەیزوڵلا محمدی بەرێوەبەری کارگێڕی تەندروستی هەولێر بە چەناڵی تایبەت نامەیەکی ئاراستەی تۆڕەکەمان کردوە. نامەکە تایبەتە بە ڕاگەیاندراوێکی پێشوی تۆرەکەمان لەسەر ئەوەی کە ناوبراو بەدەر لە یاسا و رێساکان خوێندنی ماستەری لە گەندەڵی تەندروستیدا تەواوکردوە.

ئێمە ناچینە ناو ناوەرۆکی وەڵامەکەی و داوا لە بەرێزیان دەکەین وەکو چۆن ئێمە بە ئاشکرا رەخنەمان لێگرتوە، ئەویش ڕونکردنەوەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.

بە کورتی وەڵامدانەوەکەی ناوبراو کتومت ئەو قسەیە دەهێنێتەوە یاد کە دەڵێ 'عوزر لە قەباعەت خراپتر'.

فەیزوڵلا محمد لە ڕونکردنەوەکەدا ددان بەوەدا دەنێت کە ئەو بەبێ مۆڵەتی خوێندن ئەو ماستەرەی خوێندوە. ئەمەش بەتەنها بەسە بۆ ئەوەی بڕوانامەکەی دانپێنراو نەبێ لەلای وەزارەتی خوێندنی باڵا. بەڵام ئەگەر وەکو بەپرسە حیزبی و حکومیەکان چاوپۆشی لە هەمو مەرجەکان کراوە بۆ ناوبراویش ئەوا دیسان کارێکی نابەجێ و نایاساییە و نمونەیەکی لەو گەندەڵییانەیە کە گوایە ناوبراو ماستەری لێهناوەتەوە!

فەیزوڵلا محمد دەڵێ گوایە خوێندنەکەی بە ئۆنلاین بوە و ئەوەی وەکو بیانویەک هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کە پێویستی بە مۆڵەت نەبێ. ئێمە بیری ناوبراوی دەهێننەوە کە خوێندن بە ئۆنلاین بێ یا نا پێویستە بە رێگای یاسایی و فەرمییەکاندا بڕوات و هیچ جیاوازییەک نیە لەو بارەوە.

هەروەها ناوبراو دەڵێ هەر کەسێک پێیخۆشە ئەو ئامادە نامەی ماستەرەکەی بخاتە بەردەمی. بۆیە ئێمە وەکو تۆڕەکەمان ئامادەین سیمینارێک بۆ جەنابیان ڕێکخەین بە شێوەی ئۆنلاین بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی ماستەرنامەکەی بخاتە ڕوو و ئێمەش و شارەزاییان پرسیاری لێبکەین.

بەدەستهێنانی بروانامە لەلایەن کادیرە حیزبی و حکومییەکانەوە بوەتە مۆدێلێکی باو. ئێمە گومانمان هەیە کە ئەم بڕوانامانە وەکو لە حاڵەتەکەی فەیزوڵلا محمد بەدەر لە یاسا و رێساکان بکرێ. لەوەش خراپتر گومان هەیە ماستەرنامە و دکتۆراکانی لەم جۆرە بە پارە بەدەسبهێنرێن و بە جۆرێک بێت کە خوێندکار هیچ ماندونەبوبێ بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەکە.

ئێمە هاوکات ئیدانەی ئەو جیاکارییانە دەکەین کە لە نێوان خەڵکی ئاسایی لە لایەک و بەرپرسە حیزبی و ئیدارییەکان دەکرێ. خەڵکی ئاسایی دەیان کۆت و تەگەرەی دەخرێتە بەردەم بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا. بەڵام بەرپرسە حکومی و حیزبیەکان بەدەر لە ڕێنماییەکان و لەڕێی دەیان ئاسانکاریی نایاساییەوە بڕوانامەی باڵا بەدەستدەهێنن.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٣


بە توندی سەرکۆنەی کارێکی بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ دەکەین

فەرهاد محمد بەرێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بەدەر لە هەمو یاسا و رێساکان کارێکی نابەجێی ئەنجامداوە.

ناوبراو پەیجی تایبەتی تەندروستی چەمچەماڵ خراپ بەکارهێناوە بۆ ڕیکلامکردن بۆ نورینگە تایبەتکەی خۆی لە بازاڕ.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لە پەیجی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ بڵاوبوەتەوە ریکلام بۆ نورینگەکەی ناوبراوکراوە گوایە نرخی داشکاندوە.

ئێمە لێرەوە داوا لە فەرهاد محمد و تەندروستی چەمچەماڵ دەکەین بە زوترین کات ئەو پۆستە لابەرن. بە پێچەوانەوە هەمو رێگا مەدەنی و یاساییەکان دەگرینە بەر بۆ لێپێچینەوە لەم رەفتارانە.

هاوکات بە بیری هەمولایەکی دەخەینەوە کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە نمونەیەکە لە تێکەڵی کەرتی گشتی و تایبەت. دۆخەکە بە جۆرێکە وەکو فەرهاد محمد، زۆربەی بەرپرسە تەندروستیەکان لە بازاڕدا بزنسی تایبەتی خۆیان هەیە. ئەمەش وایکردوە کە دەسەڵاتەکانیان لە کەرتی گشتیدا خراپ بەکاربهێنن بۆ ڕیکلام و مەبەستی تایبەت.



هۆشداریەکی توند بۆ نەخۆشخانەی شار لەبارەی تەختەی چاودێری چڕەوە

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەکی ناو نەخۆشخانەی شارەوە دەست تۆڕەکەمان کەوتوە، بەشێک لە تەختەی نەخۆش لە چاودێری چڕی نەخۆشخانەکە بە بیانوی جیاجیاوە پەکخراوە.

هەر بە گوێرەی سەرچاوەکەی تۆڕەکەمانە، نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی زیاتر لە ٢٠ تەختەی خەواندنی نەخۆشی هەیە لە چاودێری چڕ. بەڵام لەو ژمارەیە کەمتر لە ١٥ تەختەی کاری پێدەکرێ.

سەرچاوەکەی تۆڕەکەمان ئاماژەی بەوە کرد کە بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکە ژمارەیەک بیانوی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کە هەمو تەختەکانی خەواندنی نەخۆش ناخەنە خزمەتی هاوڵاتیانەوە. ئەو بیانوانەی کە نەخۆشخانەکە دەهێنێتەوە بەشێکیان پەیوەندییان بەوە هەیە گوایە ستافی تەواویان نیە بۆ ئەوەی چاودێری نەخۆشی خەوێنراو بکەن.

هەمان سەرچاوە گومانی ئەوەی دەڕبڕی کە ئیفلیج کردنی بەشێکی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی شار بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە نەبونی ستافەوە نیە. لە ڕاستیدا ژمارەیەکی زۆری کارمەند هەن کە ئامادەن بە خۆبەخشانە لەو بەشە کار بکەن. بەڵام سەرچاوەکە هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە لەم ڕێگایەوە نەخۆش ناچاردەکرێ کە پارەیەکی زۆر لە کەرتی تایبەت و نەخۆشخانە تایبەتەکان خەرجکات وەکو نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە و سەفین بۆ نمونە.

ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە توندی سەرکۆنەی ئیفلیجکردنی بەشێکی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی شار دەکەین. داواش لە بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکە دەکەین کە بە زوترین کات ئەو تەختانەی کە ئیفلیجکراون بخاتەوە کار. هاوکات داواش دەکەین کە کارمەندی پێویست بۆ بەکارخستنی ئەو بەشە دابمەزرێ.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ئامادەیە هەمو ڕێگایەکی مەدەنی و یاسایی بگرێتە بەر بۆ گەڕاندنەوەی مافە تەندروستیەکانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی هەبونی خزمەتی شیاو لە کاتی ڕودانی حاڵەتی کتوپڕ کە پێویست بە چاودێری و خزمەتی چڕ بکات.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٣



سەرکۆنەی توندی کەموکورتیەکی نەخۆشخانەی شار دەکەین لە سلێمانی

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕەکەمان کەوتوە لە ناوی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کەموکورتی گەورە لە خزمەتی کتوپڕ بۆ نەخۆشەکانی دڵ هەیە لەنەخۆشخانەکە.

بە گوێرەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکەی تۆڕەکەمان لە حاڵی حازردا پشکنینی ترۆپۆنین دەستناکەوێ و نەخۆش ناچار دەکرێ سامپڵی خوێن بباتە دەرەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو پشکنینە.

پشکنینی ترۆپۆنین یەکێک لە هەرە سەرەتایترین ئەو پشکنینانەی کە پێویستە لە هەر شوێنێک کە ناوی لە خۆی نابێ نەخۆشخانە هەبێ. ئەم پشکنینە گرنگە بۆ زانینی ئەوەی ئاخۆ کەسێک کە ئازاری سینگی هەیە توشی جەڵتەی دڵ بوە یا خود نا.

بەگوێرەی سەرچاوەکەی تۆڕەکەمان نەخۆشێک دوای ئەوەی لای ئێوارە سەردانی نەخۆشخانەکە دەکات، بەهۆی نەبونی ئەو پشکنینەوە تا چواری بەیانی نەزانراوە کە جەڵتەی دڵی هەیە چونکە سامپڵی خوێنەکەی نێردراوەتە دەرەوە!

ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم کەموکورتییە کوشندەیەی نەخۆشخانەی شار دەکەین. داواش لە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکە دەکەین بە زوترین کات ئەم کەمکورتیە چاککەنەوە. بە پێچەوانەوە ئێمە وەکو تۆڕی پاراستنی تەندروستی هەمو ڕێگا یاسایی و مەدەنیەکان دەگرینە بەر بۆ ئەوەی چیتر بەهۆی ئەم کەموکورتیانەوە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەکەوێتە مەترسیەوە.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٢



داوای رونکردنەوە لە تەندروستی هەولێر دەکەین

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست تۆرەکەمان کەوتوە، بۆی هەیە بەرێوەبەری کارگێڕی تەندروستی هەولێر کاری نایاسایی کردبێ.

بەڕێز فەیزوڵا محمد رەسول کە بەرێوەبەری کارگێرێ تەندروستی هەولێرە، لەم رۆژانەدا لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک هەواڵێکی بڵاوکردوەتەوە. بەگوێرەی هەواڵەکە ناوبرا بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە لە زانکۆی Near East.

ئەوەی جێگای پرسیاری ئێمەومانانە ئەوەیە کە ناوبراو چۆن و بە چی یاساییەک بڕوانامەی بەدەستهێناوە لە کاتی دەوامی فەرمیدا؟ ئایا تەندروستی هەولێر، یا وەزارەتی تەندروستی یا وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگاداربون لەم بابەتە؟

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانی ئێمەیە ئەوەیە کە بابەتی بڕوانامەکە لەسەر 'رۆڵی حکومەتی ئیلکترۆنی لە روبەروبونەوەی فەسادی ئیداری'!

لەم بارەوە وتەبێژێک بەناوی تۆڕی پاراستنی تەندروستی رایگەیاند، کە دیار نیە ناوبراو ماستەری لە چی هێناوە چونکە شتێک نیە بەناوی حکومەتی ئیلکترۆنی تەندروستی لە کوردستاندا.

هاوکات وتەبێژەکەی تۆڕەکەمان سەرسورمانی خۆی دەربری کە ناوبراو لێکۆلینەوەی لە گەندەڵی کردوە لەکاتێکدا خوێندنەکەی خۆی لەکاتی دەوامی فەرمی بۆ خۆی جێگای گومانە و بۆی هەیە گەندەڵی بێ.

لە لایەکی ترەوە وتەبێژەکەی تۆرەکەمان ئاماژەی بەوە دا کە تەنانەت لە ناونیشانی ماستەرەکە هەڵەی رێنوسی گەورە هەیە بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزیش! ئەمەش نیشانەی پرسیار دەخاتە ناوەڕۆکی سەر نامەی ماستەرەکە بە گشتی.

ئێمە لە تۆڕی تەندروستی گشتی داوا لە بەرێز فەیزوڵا محمد دەکەین کە نامەی ماستەرەکەی بخاتە بەردەم رای گشتی بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و سودی لێوەربگیرێ. هاوکات داواش لە تەندروستی هەولێر دەکەین رونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی چۆن و بەچی یاسا و رێسایەک رێگەیان داوە کە بەڕێوەبەری کارگێرییەکەیان لە کاتی دەوامی فەرمی خوێندنی باڵا تەواوبکات؟

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٢



نامەیەک ئاراستەی ڕێکخراوی UNFPA لەبارەی هاوکارییەکانی بۆ وەزارەتی تەندروستی

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی نامەیەکی ئاراستەی ڕێکخراوی سەندوقی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دانیشتیوان کرد.

لە نامەکەدا، تۆڕەکەمان داوای ڕونکردنەوەی لە ڕێکخراوەکە کردوە دەربارەی چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو هاوکارییانەی بۆ هەرێمی کوردستانی دابینکردوە.

لە سەرەتای نامەکەدا، تۆڕەکەمان سوپاسی ڕێکخراوەکەی کردوە کە تاوەکو ئێستا بە بڕی

٢٢٦،٠٠٧ دۆلار (دوو سەد و بیست و شەش هەزار و حەوت دۆلار) هاوکاری پێشکەشی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە. وەکو لە ڕاگەیاندراوەکانی ڕێکخراوەکە هاتوە، ئەو بڕە پارە زۆرە بۆ دابنیکردنی پەیداویستی خۆپارێزی دژی کۆرۆنا بەکارهاتوە.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی وێرای سوپاسگوزاری بۆ ڕێکخراوەکە، هاوکات چەند پرسیارێکی کردوە لەبارەی ئەو هاوکارییانەوە.

یەکێک لەو پرسیارانەی تۆڕەکەمان ئاراستەی ڕێکخراوەکەی کردوە تایبەتە بە کەرەستەی خۆپارێزی کۆرۆنا لە کوردستاندا. تۆڕەکەمان لە نامەکەدا بە ڕێکخراوەکەی یو ئێنی ڕاگەیاندوە کە سەرباری ئەو پارە زۆرەی بۆ کەرەستەی خۆپارێزی دژی کۆرۆنا خەرجکراوە بەڵام هێشتا کەموکورتی لەو بارەوە هەیە و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بەدەست نەبونی ئەو کەرەستانەوە دەناڵێنن.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بۆ ڕێکخراوەکەی شیکردوەتەوە کە گومان هەیە لە چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو کەرەستانە. هەروەها داوای لە ڕێکخراوەکە کردوە چاودێری دابەشکردنی ئەو هاوکارییانە بکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و دور لە گەندەڵی دابەشبکرێ.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی دەزگا تەندروستیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە هەر کەمکورتی و کێشەیەک ئاگاداردەکاتەوە.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢١



بە توندی سەرکۆنەی لێدوانێکی بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە دەکەین

تۆڕی پاراستنی تەندروستی بە سەرسوڕمان و شۆکێکی گەورەوە دەڕوانێتە لێدوانێکی شەمال جەباری یاوەری بەڕێوەبەری تەندروستی پێشمەرگە لەبارەی کۆرۆناوە.

ناوبراو لە لێدوانێکی میدیاییدا دەڵێت 'کۆرۆنا کوشندە نیە'

ئەم لێدوانە لەگەڵ ئەوەی مایەی شۆکە بۆ ئێمە هاوکات دەرخەری ئاستی زانستی و مەعریفی بەرپرسە تەندروستیەکانی ئەم وڵاتەیە.

ئێمە لە شەماڵی جەبار یاوەر دەپرسین، ئایا کۆرۆنا چۆن کوشندە نیە کە تاوەکو ئەم ساتە بە گوێری ئامارە فەرمییەکانی حکومەتەکەی ئەو، ٣٤٤٨ کەس لە کوردستان بەم دەردە نەگریسە مردوە؟ ئایە ناوبراو ژیانی زیاتر لە سێ هەزار کەس بەکەم تەماشا دەکا و بە مرۆڤیان دانانێت وا دەڵێن کۆرۆنا کوشندە نیە؟ ئایا چی دەرد و بەڵایەکی تر هێندەی کۆرۆنا و لە ماوەیەکی کورت ئەوەنە خزم و کەسوکار و هاوڕێی لێمان سەندوە؟

شەماڵی جەبار یاوەر ئەگەر ژیانی مرۆڤی کورد بەکەم دەزانێ و کۆرۆنا بە کوشندە نازانێ ئایا چی لەبارەی زیاتر لە دوو ملیۆن مرۆڤ دەڵێت کە لە سەر ئاستی جیهاندا بەهۆی ئەم ڤایرۆسە نەگریسەوە گیانیان لە دەستداوە؟

ئێمە بەلامانەوە سەیرە کە ئەم جۆرە لێدوانە لە کەسێکەوە بێت کە خۆی بەڕێوەبەری دەزگایەکە کە نەخۆشخانەی ئاسای تایبەت بە کۆرۆنا سەر بە ئەوە. ئایا شەماڵی جەبار یاوەر ئاگای لەو هەمو نەخۆشە نەبو کە لە ناو ئاسا گیانیان لەدەستدا بەهۆی نەخۆشیەکەوە؟ ئاخۆ ناوبراو ئاگای لەو هەمو نەخۆشەی کۆرۆنا هەیە کە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکاندا چارەسەرکران و بەشێکیان گیانیان لە دەستدا؟

ئێمە یادی شەماڵی جەباوەر یاوەر دەخەینەوە کە کۆرۆنا نەک تەنها دەردێکی کوشندە بو لەسەر ئاستی تاکە کەس بەڵکو لەسەر ئاستی سیستمی تەندروستیش بەڵایەکی گەورەیە. بەهۆی کۆرۆناوە ئەوەی کە لە سیستمە بەحیزبیکراو و بە بازاڕکراوەکەی جەنابیان ماوەتەوە ئەویش ئیفلیج و وێران بوە. ئایا جەنابیان ئاگایان لەوە نیە کە خزمەتگوزارییەکانی دەزگاکەی خۆی حاڵیان چۆن بو بەدەست کۆرۆناوە؟

ئەم جۆرە لێدوانانە، جگە لە ساردکردنەوەی خەڵک لە خۆپارێزی، لە زەرەر زیاتر هیچ سودێکی تریان نیە. بۆیە لێدوانی وا وەکو کۆرۆنا کوشندەن بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان.

بۆیە وەکو تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوا لە شەماڵی جەبار یاوەر دەکەین دەستبەجێ داوای لێبوردن بکات و لە لێدوانەکەی پاشگەزبێتەوە. باشتر وابو لە باتی قسەی لەوجۆرە، خەڵکی کوردستانی هانبدایە بۆ خۆپارێزی بۆ ئەوەی لە ئەگەری ڕودانی شەپۆلێکی دیکە کەمترین ئازیزمان لەدەستبدەین.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢١



زانیاری تازە و گرنگ لەسەر نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان (سانتیلایڤ)

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕەکەمان کەوتوە، لێکۆلێنەوەکان لە بارەی نەخۆشخانەی سانتیلایڤەوە لە وڵاتی بریتانیا چونەتە قۆناغێکی هەستیارەوە.

سەرچاوەکانی تۆڕەکەمان ئاشکرایان کرد کە هەمو ئەو کوردانەی کە لە زەوتکردنی نەخۆشخانەکە تێوەگلاون لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.

هەر بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە ماوەی ڕابوردودا، کۆمسیونی ڕێكخراوەکانی بریتانیا نامەی ئاراستەی سەرپەرشتیارانی فاوەندەیشنی نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان کردوە.

ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان پێوەکراوە هەر یەکێک لەمانەی خوارەوە:

*ڕەنج نوری شاوێس: دامەزرێنەر و یەکێک لە ئەمیندارەکانی ڕێکخراوەکە

*ناودار بێواری: سەرۆکی ڕێکخراو و یەکێک لە ئەمیندارەکانی و هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی هێڤی

*فەخری مەحمود: یەکێک لە ئەمیندارەکانی ڕێکخراوەکە و بەرپرسی ئۆفیسی تەندروستی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە گەشبینیەکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم پەرەسەندنە. تۆڕەکەمان هیوادارە بەزوترین کات دەرئەنجامی لێکۆلێنەوەکانی کۆمسیونی ڕێکخراوەکانی بریتانیا ئاشکرا بکرێت. هاوکات هیواداریشین بە زوترین کات نەخۆشخانە زەوتکراوەکەی سانتیلایڤ بگەڕێتەوە بۆ منداڵانی کوردستان.

هەر بەم بۆنیەوە داوا لە ناوبراوان و ڕێکخراوی هێڤی و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هەنگاوی پێویست بنێن بۆ گەڕاندنەوەی نەخۆشخانەکە. بە پێچەوانەوە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان تا گەڕاندنەوەی تەواوەتی نەخۆشخانەکە.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٠



هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەی سانتیلایڤ ڕادەگەیەنین

بە خۆشحاڵیەکی زۆرەوە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی فاوەندەیشنێکی بەناو خێرخوازی تایبەت بە نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان (سانتیلایڤ) لە بریتانیا ڕادەگەینێت.

رۆژی ٢٠٢١/١/١٩ دەزگای تایبەت بە کۆمپانیا و ڕێکخراوەکانی بریتانیا رتکخراوی ناوبراوی هەڵوەشاندەوە. بە گوێرەی بەڵگەیەک کە دەست تۆڕەکەمان کەوتوە و لێرەدا کۆپیەکی دادەنێین، ڕێکخراوەکە بە یەکجاری هەڵوەشاوەتەوە.

فاوەندەیشنی نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان، ڕێکخراوێکە لە بریتانیا تۆمارکرا بۆ بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی مندالانی کوردستان لە هەولێر. چەند کەسێک لەوانە ڕەنج نوری شاوێس و عەلی سندی و چەندین بەرپرسی دیکە فاوەندەیشنەکەیان لە بریتانیا لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراندوە. یەکێک لەوانەی کە فاوەندەیشنەکەی باوەوە بو، بەرپرسی ئۆفیسی تەندروستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوە. فاوەندیشنەکە پارەی شرینی نەوتی کۆمپانیایەکی کەنەدی و ئەرزی گشتی وەرگرت بۆ نەخۆشخانەکە. بەڵام دوای دروستکردنی، نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان درایە زانکۆی کوردستان و دواتر درایە کۆمپانیایەکی تورکی و ناوەکەی گۆڕا بۆ سانتیلایڤ. کۆمپانیا تورکییەکە بە پارەیەکی زۆر نەخۆش چارەسەردەکات لە کاتێکدا کە نەخۆشخانەکە لە سەرەتادا نۆ منداڵان دروستکرابو و دەبوایە بە خۆڕایی بوایە.

تۆڕەکەمان هەڵوەشاندنەوەی فاوەندەیشنەکە لە بریتانیا بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێ. ئەم هەنگاوەش وەکو یەکێک لە بەرهەمەکانی هەوڵەکانی تۆڕەکەمان دەبینین. تۆڕەکەشمان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەراندنەوەی نەخۆشخانەکە. لەم بارەوە، تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە فەرمی سکاڵای لای دەزگا پەیوەندیدارەکانی بریتانیا تۆمارکردوە و چاوەڕێی وەڵامە.

لە کۆتایشدا داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە زوترین کات ئەو نەخۆشخانەیە بدەنەوە منداڵانی کوردستان.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

٢٠٢١/١/٢٠








ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟