لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بۆ سزادراوانی بادینان

Saturday, 04.17.2021, 10:49 AM



ھاوڕێیان، ناتوانین لەمێژووی کوردستاندا سەردەمێک بدۆزینەوە کە تیایدا دەسەڵاتێکی قەزایی بەھێز و سەربەخۆ ھەبووبێت، ھەمیشە دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە پارتی و یەکێتی بوون خۆیان دادوەرەکان دادەمەزرێنن و پلەیان بەرزدەکەنەوە و بودجەیان دابین دەکەن و ھیچ جیاکردنەوەیەکی دەسەڵاتەکان لە ھەرێمی کوردستاندا بوونیی نیە.
وەک دەزانن دەسەڵاتی قەزایی ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە سیستمە سیاسیەکەی ھەرێم و ھەمیشە بەرگری لەوەدەکات کە ھاوڵاتی گوێرایەڵی دەسەڵات بێت، ئەو دادوەرانەی لەحکومەت ناڕازی بن سزادەدرێن یان دەگوازرێنەوە لە شوینەکانی خۆیان، لەروی پیشەییەوە نایەڵن پێش بکەون. ھەربۆیە کاتێک دەسەڵاتی سیاسی دەیەوێت رۆژنامەنوس و ئەوانەی بە ئازادی رای خۆیان دەردەبرن بکاتە سیخوری بێگانە دادگاکاش ناچاردەکەن بەدوایاندا واپۆلێنیان بکەن کە ئەوانە دژی بەرژەوەندی حکومەت کاردەکەن. ئەمە سەرەرای ئەوەی ھەندێ جار تەنگە نەفەسی سیاسیەکان ئەوەندە زۆرە نایەڵن کەیسەکە بگاتە دادگا و خۆیان رێوشوێنەکان دەگرنەبەر لە کوشتن و رفاندن و ئەشکەنجەی زۆرێک لە رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان. کە تا ئێستاش یەک کەیسی ئەو تاوانانە لە دادگا ئەنجامی نەبوە و کەس لێپرسینەوەی لێ نەکراوە لەسەر ئەو تاوانانە.

لەسەردەمی شەری ناوخۆی حزبەکان و ململانێکانیاندا میدیا و دادگایان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارھێنا، ھەرچەندە ئەو سەردەمە بەسەرچوە، بەڵام ھێشتا ژمارەیەک لەسیاسیەکان بە ئەقڵی ئەو سەردەمە بیر دەکەنەوە و ئەوەی لەبەرژەوەندی حزبەکەیان قسە نەکات ئەوا خیانەتکارە و دەبێت بە سیخور تۆمەتباربکرێت، ئەم بیرکردنەوەیەی سیاسیەکان کە ھەموو رایەکی ئازاد بە خیانەتکار دەزانێت لە ھەرێمێکدا کە خۆی دەیان کێشەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەیە، لەھەرێمێکی ئاوا لەرزۆکدا نەک بەرەوباشی ناروات، بگرە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو خراپتر دەروات و تا دێت متمانە بە دادگا و سیاسیەکان نامێنیت و بەرەو ئایندەیکی خراپ دەیبات.

ئەگەر دادگا و دادوەرسەربەخۆ نەبن ئەوا دەسەڵاتی سیاسی لە رێگەی ئەوانەوە یاسا بەشێوازی خۆیان جێبەجی دەکەن، ئەوکات بەئارەزوەکانیان کار دەکەن و ویژدان وجودی نامێنێت. بێگومان ئەوەش لە بەرژەوەندی گشتی نابێت، دیموکراسیەت ئەدۆڕێت و ئازادی نامێنێت، بیریاران دەڵین" مێژووی کۆمەڵگاکان بریتیە لەمێژوی یاسا و دادپەروەری و گەر ئەو دوانەی لێ دەربێت ئەوا بریتی دەبێت لە میژووی دڕندەیی و زوڵم".

بەبێ بونی دادپەروەری و دادگای سەربەخۆ لۆژیکی ھێز دەکەوێتە کار، ئەوەی بەھێزە یاساکانی خۆی دەسەپێنێت، خۆی تۆمەتەکان دروست دەکات و دایان دەتاشێت بەو شێوەیەی لە بەرژەوەندیانە، بەخوێندنەوەی ھۆبز  مرۆڤ وەک گورگ وایە بۆ مرۆڤی ھاوڕێی ئەگەر پەیمانی کۆمەلایەتی و کۆمەڵگە نەبێت، مرۆڤ مومارەسەی نادادپەروەری دەکات. ناکۆکیی و ململانێی خراپ روودەدات و کۆمەڵگە سەقامگیری نامێنێت ھەرکەس بریاڕ لەسەر ئەوی تر دەدات وەک ئەوەیە گەلە گورگێک بەردەیتە ڕانە مەڕێک، بۆیە بونیی دادگا ودادپەروەری گرنگە بۆ کۆمەڵگە. لەولاتە دیموکراسیەکاندا تەنانەت لەکاتی جەنگ وئاڵۆزیە گەورەکانیشدا دەسەڵاتداران دەستیان نەبردوە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی و رێگەیان نەداوە بەخۆیان دەستوەردان بکەن.

یاسا و دادگا دەبێت لەدەستێکی ئەمیندا بێت  بۆئەوەی پرۆسەی دادگایکردن دادپەروەرانە بێت. پێویستە ماف بدرێت بەوانەی تۆمەتباردەکرێن، چەندین دەستەی قەزایی جیاواز بۆی ھەبێت وردبینی بکات و رێگە بگرن لە رودانی ھەڵەو کەموکورتی قەزایی. چونکە لەبنەرەتدا یاسا بۆ پاراستنی قوربانیان و سزادانی تاوانبارانە، بەڵام کە سیاسیەکان دادگا دەگرنە دەست ئەم ھاوکێشە ھەڵدەگەرێتەوە و قوربانیان تاوانبار دەکرێن و تاوانباران ئازاد دەبن، ئەوەش تەمەنی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە کورت دەکاتەوە، چونکە ھاوڵاتی ھیچ متمانەیەکی بەو سیاسیانە نامێنێت کە نادادپەروەرن.

ئازادی رادەربرین ئەوە ناگەیەنێت کە رۆژنامەنوس پارێزبەندی ھەبێت لە داوا و شکاتی یاسایی، چونکە ئەو رۆژنامەنوسەی راستی بشێوینیت و بە دەستی ئانقەست روماڵیکی ناراست بکات ئەوە ئەو لایەنەی زەرەرمەند بیت مافی خۆیەتی داوای یاسای لەسەر بکات، بەلام رێزگرتن لە ئازادی رادەربرین و ئازادی رۆژنامەگەری لە کۆمەڵگەی دیموکراسیدا مانای ئەوەیە نوخبەی سیاسی و کۆمپانیاکان نابێت دەسەڵاتی قەزایی و دادگا بەکاربھێنن بۆ گرتن و راونانی ئەو رۆژنامەنوسانەی رەخنە دەگرن و لەریگەی دادگاوە تۆڵەیان لێ بکرێتەوە لەسەر نوسینەکانیان.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟