لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بەخێربێن بۆ سەردەمی بنەماڵە

Monday, 01.11.2021, 05:35 PM


بنەماڵە هەتا بێت زیاترو زیاتر دەبێت دیفاکتۆ لەکوردستان و عێراق، هەروەها ناوچەکەش. بنەماڵە هەتا چەند ساڵێک لەمەوپێش وەک وەسفێکی نەشیاو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا، لەپانتایی ئاگایی کوردیدا، بەڵام لەواقیعدا بونی هەبوو و رەگی دادەکوتا. نەیارەکانی تووشی ئەو نەخۆشییە بوون کە نیتچە لێی دەترسا، ئەویش بوون بەوەی کە دژێتی.

ئەم دیاردەی نەفرەتی ریتۆریکی و چەسپاندنی واقیعی، دیاردەیەکی بڵاوە لەهەناو ئاگایی و ئەخلاقی ئێمەدا. بە داخەوە هێشتا خوێندنەوەی فیکری و کۆمەڵایەتی بۆ نەکراوە. بۆیە پەیوەندییەکی ئەوتۆ بوونی نیە لەنێوان ئەوەی مرۆڤی کوردی، یان خەڵکی ناوچەکە دەیڵێن و لەگەڵ ئەوەی دەیکەن یان روودەدات. زۆرجار ئەگەر پەیوەندی هەبێت پەیوەندییەکی پێچەوانەیە.

دیارە ئەم دیاردەیە ئاڵۆزە، لێرەدا توانای ئەوەمان نیە قسەی لەسەر بکەین، بەڵام لەسادەترین دەرکەوتەیدا مانای ئەوە دەدات کەهیچ پەیوەندییەک نیە لەنێوان وتراو ئەنجامدراودا، لەهەمانکاتدا بوونەوەری ئەم ناوچەیە خەڵکی قسەکەرنین. بەڵکو بونەوەری وتەرەوەن، بەبێ هیچ ئاگاییەکی قوڵ و بەرپرسیارێتییەک دەربارەی ئەوەی دەیڵێن یان پێیان دەوترێت.

مێژووناسێکی هۆڵەندی هەیە ناوی Jeroen Duindam ە لەزانکۆی لایدن لەبەشی مێژوو کاری هەرە سەرەکی لەسەر بنەماڵەیە، لەئەوروپاو جیهاندا. دوا کتێبی جیرۆین کورتە ناسینە بۆ چەمکی بنەماڵە، لەزنجیرەی ناسراوی زانکۆی ئۆکسفۆرد بۆ پێناسەی کورت و چڕی چەمکەکان. بنەماڵە دیاردەیەکی نوێ نیە، بەڵام وەک هەموو دیاردەیەکی دێرین، لەسەردەم و جێگا جیاوازەکاندا بەشێوازی جیاواز دەرکەوتوەو بەڕێوەچووە. لای ئەرستۆ چەمکی dunasteia کەبنەچەی چەمکی داینەستی ئینگلیزییە، بەمانای بنەماڵە دێت، مەبەست لێی ئەو جۆرە سیستەمی حومکڕانییە کە ئۆلیگارشییەکی وەچەیی دەسەڵات بەڕێوەدەبات بەشێوازێکی توندو لەسەروی یاساوە. بەم پێیە حوکمی بنەماڵەی لای فەیلەسوفی یونانی شێوازێکی خراپی حوکمڕانی بووە کەهیچ بنەمایەکی شەرعیی و یاسایی نەبووە. بەڵام بنەماڵە بەمانای حوکمی تاکە کەس نەهاتووە، بەڵکو ئۆلیگارشییەکی بەرتەسک بووە.

ئەم بەرتەسکییە یەکێکە لەکێشەکانی بنەماڵە لەمیانەی حوکمڕانیدا، بەتایبەتی کەدێتە سەر پرسی گواستنەوەی دەسەڵات. بەڵام لەمانای ئەمڕۆدا بنەماڵە، بەتایبەتی لەهەناو کەلتوری دیموکراسیدا بەمانای خێزان دێت. خێران ئەو پانتاییە کۆمەڵایەتییە کەپرۆسەی داینەستی یان بنەماڵەیی یان گواستنەوەی دەسەڵات و جۆرەکانی سەرمایە تیایدا روودەدات. ئەمە لەبەریتانیا، ئەمریکا و چەندین وڵاتی تریش بوونی هەیە، بۆش و کلینتۆن و میبیلاند نموونەی دیاری ئەم خێزانانەن. بەڵام بنەماڵەیی دیموکراسی جودایە لەبنەماڵەیی دەسەڵاتیی. بنەماڵەیی دیموکراسی گواستنەوەی کۆمەڵێک بنەمای دەسەڵاتییە، وەک ناو، ئەزموون، سەرمایە، نێتۆرک و هەندێک خەسڵەتی تر کە کارئاسانی دەکات بۆ کەسی ئەندامی بنەماڵە رێچکەی ئەندامەکانی تری بنەماڵەی بگرێتە بەرو بگاتە دەسەڵات. هەرچەندە ئەمە جۆرێکە لەقۆرغکاریی، بەڵام جودایە لەقۆرغکاریی بنەماڵەیی تەقلیدی. لەئەم دۆخەدا ئەوەی دروست دەبێت خێزانی سیاسییە، نەک دەسەڵاتی بنەماڵەیی.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو وڵاتانەی کەخێزانی سیاسییان تیادایە دەریدەخەن کە هەبوونی ئەم بنەماڵانە جۆری کێبڕکێ دەگۆڕێت و سروشتی دیموکراسی تووشی قەیران دەکات. پاکستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کەنێو پانتایی سیاسی کوردیدا زۆر وەک نموونە دەهێنرێتەوە. بنەماڵەیی تەقلیدی کە لەکۆمەڵگای ئێمەدا زیاترو زیاتر دەچەسپێت، زیاتر لەپێناسە ئەرستۆییەکەیەوە نزیکە. چڕبوونەوەی دەسەڵاتە لەهەناو ژمارەیەکی کەمی ئەندامانی خێزانێکدا، وەها دەکات کە بەڕێوەچوونی دەسەڵات هەمیشە لەسەر بنەمای رەق بەڕێوەبچێت. بنەمای رەق بەمانای ئەوەی کە بەپێچەوانەی خەسڵەتی سەرەکی سەردەمی مۆدێرنە، کەهەموو شتێک تیایدا شل دەبێتەوە، وەک مارکس لە مانیفێستۆدا باسی دەکات، حوکمی بنەماڵەیی دەیەوێت هەندێک بنەما رەق هەڵبێنێت. رەق هەڵاتن بەمانای ئەوەیە کە ناگۆڕێت و چەسپیوەو وەک خۆیەتی. لێرەدا کۆمەڵگای سیاسی دابەشدەبێت بۆ خاوەن دەسەڵاتی راستەقینە لەگەڵ فەراهەمکەرانی دەسەڵات.

بۆیە بەشداریی سیاسی لەژینگەیەکی سیاسی وەهادا بریتی نیە لەچالاکبوون لە پانتایی گشتیدا لەپێناو چاکەی گشتی، بەڵکو بریتیە لەبەشداری لە سیستەمێکی دەسەڵاتیدا کەڕۆڵی کەسەکان تیایدا فەراهەمکەرە. لێرەدا پێمخۆشە لەدیدی هانە ئارێنتەوە پێناسەیەکی سیاسەت بکەم لەبەرامبەر بونیادی بنەماڵەییدا. لای ئەو خانمە بیرمەندە، سیاسەت لەفاکتێکەوە سەرچاوە دەگرێت کەسروشتی مرۆیی پلوراڵە یان فرەییە. بەم مانایە سیاسەت مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو جیاوازییە بنەڕەتیانەی کە مرۆڤەکان هەیانە بەرامبەر بوارە جیاوازەکانی ژیان. لێرەوە سیاسەت ئەو چالاکیانەیە کەمامەڵە لە گەڵ ئەم جیاوازییانەدا دەکات بەئامرازەکانی قەناعەت پێکردن، سازان، قسەکردن، لەگەڵ چالاکیدا. سیاسەت بەمجۆرە لەسایەی سیستەمی بنەماڵەییدا جێگای نابێتەوە. بنەماڵەیی ناتوانێت پلوراڵ بێت. ئەمە دەمانبات بۆ ئارگومێنتی سەرەکی هەردوو لێکۆڵەری جیهانی دەرون ئاچەمئۆگلۆ و رۆبسن لەکتێبی بۆچی گەلان شکست دێنن. بەدیدی ئەوان ناتوانرێت سیستەمێکی ئابوری کراوەو سیستەمێکی سیاسی داخراوت هەبێت، چونکە ئابوری و سیاسەت دوو دیوی هەمان دراون. بۆیە ئەگەر سیستەمێکی سیاسی داخراوت هەبوو، ئەوا راستەوخۆ سیستەمێکی ئابوری داخراویشت هەیە.

ئەمە لەکوردستان بەزەقی و بەئازارەوە دەبینرێت، چۆن هەردوو بواری سیاسەت و ئابوری داخراوە و قوفڵدراوە و کلیلەکەی لای چەند کەسانێکی کەمە. بنەماڵە خەریکە دەبێتە تەنها دەزگای سیاسی باڵا. سەرهەڵدانی ئەم دەزگایە ئاسانتربوو لەدەزگاکانی تری مۆدرێن وەک پەرلەمان، سوپای نیشتمانی، دادوەریی سەردەمیانە، بیرۆکراسیەتی عەقڵانی، سیستەمی دراوی کراوە، سەرمایەدارییەکی لیبراڵ. ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە چەندێک ئاسانە بۆ دەزگا تەقلیدییەکان گەشە بکەن، تەنانەت ئەگەر خواستی زۆرینەش وەها نەبێت. بنەماڵەی سیاسی بۆ کوردستان نەگونجاوە. چونکە بەسروشت بنەماڵەی سیاسی کۆمەڵێک کێشەی هەیە. وەک مێژووی ئیمارەتەکان بۆمان دەردەخەن: بنەماڵە سیاسییەکان یان بنەماڵە حوکومدارەکان خاوەنی دیدی ئاسایشی نیشتمانی نین، بەڵکو کرۆکی پرسی ئاسایش لای ئەوان ئاسایشی بنەماڵەیە. بەمجۆرە نیشتمان دروست نابێت. بەداخەوە ئەدیبانی کورد کرۆکی وەم پرسە نابینن.

دژایەتی نیشتمان و نەتەوەو بنەماکانی تری مۆدرنە لەخزمەتی سیستەمی بنەماڵەییەدایە. حوکمی بنەماڵەیی ناتوانێت سوپا لەسەر بنەماکانی مەدەنی-سەربازی-دیموکراسی بونیادبنێت. ئەم پرسە دەبێت لەداهاتودا کاری زۆر لەسەر رەهەندە فیکریی و فەلسەفیەکانی بکەین، چونکە خەڵکی کورد تەواو دابڕاوە لەئەم بوارە. ئەدەبی کوردی بەگشتی درێژەپێدەری میتۆدەکانی ئەدەبی ناوچەکەیە لەدروستکردنی جەنگاوەر یان دژ جەنگاوەر. بنەماڵەی سیاسی بەبێ رەگی دەرەکی ناژی. ئەم واقیعە پەیوەندی نێوان دەرەوەو ناوەوە تەواو کاڵدەکاتەوە. لێرەدا دەتوانین بڵێین کە شتێک نیە بەناوی نەتەوەوە کاتێک ناوەو و دەرەوە پەیوەندییان رێکنەخراوە. بنەمای بوونی نەتەوە؛ یەکبوونی ناوەکیی و جودایی دەرەکییە. سیستەمی بنەماڵەیی بۆ ململانێی یەکتر و مانەوەیان لە میانەی ململانێدا دەرەوەو ناوەوە پێکەوە گرێدەدەن. بەجۆرێک نە سەروەریی نەتەوەیی و نە سەروەریی نیشتمانی و نە سەروەریی هاووڵاتیان بونی دەبێت. هێزە دەرەکییەکان بنەماڵەیان پێباشە چونکە، هەموو ئەو دەزگاکانی تر بەلاواز و نەبوو لەقەڵەمدەدەن. بنەماڵە سەقامگیریی و دڵنەوایی و ئاسایش بۆ خاوەن بەرژەوەندییەکان دابین دەکات. کەدەزانرێت دوای کێ، کێ دێت یان دەتوانرێت کاریگەری دابنرێت لەسەر پرۆسەی هاتنی کێ و نەهاتنی کێ، ئەوا سیستەمی بنەماڵە لەسیستەمی دیموکراسی گونجاوتر دەبینرێت. دیارە بنەماڵە لەهەناوەوە ئیتکی سیاسی تایبەت بە خۆی هەیە.

هەر سیستەمێکی بنەماڵەیی بەشێوازی تایبەت دەستاودەستکردنی ناوەکی رێکدەخات، بەجۆرێک هاوسەنگی ناوەکیی و قورسایی دەرەکی بپارێزێت. بەڵام سەرباری ئەمە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لەناو بنەماڵەدا هەرگیز بێ کێشە نەبووە. بۆیە لەهەناو بنەماڵەدا توندوتیژییەکی زۆر هەیە کەدێتە سەر کورسی. بەڵام قەیرانی هەرە سەرەکی بنەماڵە باوەرە. بازنەی باوەڕ لەسیستەمی بنەماڵەدا زۆر تەسکە. باوەڕ بنەمای سەقامگیریی سیاسی و ئابووریشە، وەک فۆکۆیاما لە کتێبی ساڵی ١٩٩٦دا باس لەئەم پرسە دەکات. نەبونی باوەڕ لەسەرەوە دەبێتە مایەی نەبوونی باوەڕی کۆمەڵایەتیش. لەدۆخێکی وەهادا کردیت لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی بەدەست نایەت بەڵکو لەسەر بنەما ژمارە. تەماشای دیاردەی قەرزاربون بکە لەهەناو توێژی بیزنیسدا. نەوت و سیستەمی موچەی بەرفراوان و پێویست نەبونی خەڵک هەموو ئەو بنەمایانە دادەڕێژن کەبنەماڵەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەری دەوستێت.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟