لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بۆچی پێشکەوتنی خێرا لە بواری کۆمپیوتەرسازی و زیرەکی دەستکرد بەم زووانە دەگات بە ئاستێکی ترسناک و تۆقێنەر..!

Wednesday, 02.03.2021, 04:54 PM


سیستەمە خودکارەکانی زیرەکی دەستکرد دەبنە گەورەترین هەڕەشە لەسەر ژیان لە دوای چەکە ناوکیەکان لە داهاتوێکی نزیکدا...
لە دوای ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە و بەوردی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تەکنەلۆژیا لەهەموو بوارەکان زۆر بەخێرایی بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام نزیکەی 25 ساڵ دەبێت ڕەوڕەوەی ئەو پێشکەوتنە بە تایبەتی لەبواری کۆمپیوتەرسازی و زیرەکی دەستکرد و پڕۆگڕامسازی ئەوەندە خێرا بووە بەجۆرێک خەریکە دەگات بە ئاستێکی ترسناک...
بۆچی ئەو تەوژمە خێرایەی پێشکەوتن لە بواری زیرەکی دەستکرد ترسناک و تا ڕادەیەکیش تۆقێنەر دەبێت لە داهاتووێکی نزیکدا..؟
لەوانەیە زۆربەتان ئاگادار نەبن، بەڵام ئێستا بواری جێبەکردنەکانی زیرەکی دەستکرد چۆتە ئاستێکی نوێ، ئەویش هەنگاونانە بەرەو دانان و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بەشێوەیەک جگە لەوەی سیستەمەکە خۆی هەموو کارێک دەکات، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات هەر خۆی لەخۆیەوە فێردەبێت و وردە وردە زیرەکتر دەبێت بەبێ دەستکاری مرۆڤ، ئەمەش پێی دەووترێت machine.learning، لەبەر ئەوەی تا ئێستا هیچ پڕۆتۆکۆڵێکی فەرمی نیە لەنێوان حکومەتەکان و ناوەندە زانستیەکان بە تایبەتی لە ئەمەریکا کە تا ئێستا خاوەندارێتی بڕبڕەی پشتی زیرەکی دەستکرد دەکات بۆیە ئەم هەنگاوە دەشێت زۆر ترسناک بێت، چونکە لەم شێوەیە لە دامەزراندن و جێبەجێکردنی زیرەکی دەستکرد هیچ دڵنیاییەک نیە کە یەکەم هەڵەی گەورە و کوشندە ڕوونادات لەلایەن ئەو سیستەمانەی کە بەم ڕێگەیە کاردەکەن، دووەم لە قۆناغێک لە قۆناغەکان کە هێشتا ماوە بگەین پێی لەوانەیە ئەو سیستەمانە لە مرۆڤ زیرەکتر بن و بگەن بە ئاستێک لە ژێر کۆنتڕۆلی مرۆڤ دەربچن، هەروەها سێیەم ئەوەی بتوانێت سیستەمێکی بەهێزی لەم شێوەی هاک بکات ئەوا دەبێتە خاوەن توانایەکی زۆر وێرانکەر و ترسناک...
لەوەش ترسناکتر ئەوەیە ئێستا ئەو ڕێگایە لەلایەن هەندێک ووڵاتەوە بەکاردەهێنرێت بۆ پەرەپێدان بە دروستکردنی سیستەمی چەکی زیرەکی خودکار، بۆیە دورنیە لەداهاتوودا شەڕەکانیش بەتەواوی لەلایەن زیرەکی دەستکرد لەڕێگەی ڕۆبۆتەوە ئەنجام بدرێن، بۆ ئێستاش وەکو خەیاڵی زانستیە بەڵام سیستەمێکی زۆر زیرەک و بەهێزی ئەوها ئەگەر لەدەست دەربچێت لەوانەیە یەکەم کاری لەناوبردنی مرۆڤ بێت..!
تەنیا بۆ ئەوەی بزانن ئاستی زیرەکی دەستکرد لە ئەمڕۆدا گەیشتوە بە کوێ، دوو نمونەی زۆر سادە دەهێنمەوە کە ئاشکران:
یەکەم: پرۆسێسەری ئایفۆن 12 کە پێی دەووترێت A14.Bionic.chip و ڕووبەرەکەی ئەوەندەی سەری پەنجەیە بەڵام خێراییەکەی یەکسانە بە خێرایی 11.8 ملیار ترانسیستۆر ئەگەر هەموو ئەو ترانسیستۆرانە بەیەکەوە کار بکەن، بۆ وەبیرهێنانەوەش ترانسیستۆر ئەو پارچە ئەلیکترۆنیە بچوکەیە کە تا ساڵانی هەشتاکان ونەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو لە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان بەکاردەهێنرا، بۆ نمونە ڕادیۆیەک تەنیا شەش حەوت تڕانسیستۆری تێدا بوو بۆ ئەوەی کاربکات...!
دووەم: بەشی سەرەوەی وێنەکەی خوارەوە کارتێکی مێمۆریە کە لەسەری پەنجە بچوکترە، بەڵام توانای هەڵگرتنی یەک تێرا بایت لە زانیاری هەیە، ئەمەش واتا 1000 گێگا بایت..!
بێ گومان لەوانەیە پێشکەوتنەکان لە بواری کۆمپیوتەرسازی و زیرەکی دەستکرد لە ئاستێکی زۆر بەرزتریش بێت لەوەی ئێمە ئێستا دەیزانین، لەوانەیە گەلێک داهێنانی تر هەبن لەو بوارە گرنگە نهێنی بن وەکو کۆمپیوتەری کوانتەم و جارێ ئێمە ئاگاداری وردەکاریەکان نەبین...
لوقمان حەوێز/ تێکساس

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟