لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

حیزب دروستکەین یان کۆمەڵگە

Monday, 11.08.2021, 09:26 AM


بێگومان لەگۆمەڵگەیەکی هۆشیاری تەندروستدا، حیزب بۆ مەرامی تاکەشەخس‌و  بنەماڵەو خێڵ‌و عەشرەت دروست نابێ، بەڵکو بۆ ئەوە لەلایەک نوێنەرایەتیکردنی ئەو چین‌و توێژانەی لەکۆمەڵگەدا ئەو حیزبە ئایدیای خۆی لەسەر بینا دەکات‌و لەلایەکی ترەوە بەمەبەستی دەوڵەتداری‌و حکومڕانی وڵات، حیزب لەسەربنەمای ئوسوڵ‌و زانستی سیاسەت‌و ئابوری‌و دیبلۆماسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فیکری‌و فەرهەنگی، فێرگەی ئەوکەسانەیە کە دەیانێرێتە کایەکانی بەڕێوەبردنی وڵات، بەڵام بەگشتیی لەکۆمەڵگە دواکەوتوەکان یان  ئەو کۆمەڵگانەی کە هێشتا لەسێبەری خێڵ‌و بنەماڵەکاندا، نەخشەی دەوڵەتداریی‌و  حکومڕانی دەکێشرێت، کۆمەڵگە لەگۆمی قەیرانی دروستکراوی بەفیتی ئەملایەن‌و و ئەولایەن، ململانێی بەحساب سیاسەت‌و حیزبایەتی‌و هەڵبژاردن دەکات‌و کە ئەمەش لەگەمەیەکی بێ تام‌و شانۆگەریەکی بێ ئەرزش بەولاوە هیچی تر نییە، ڕۆژنامەنوسی گەورەی عەرەب‌و میسر، محەمەد حسنین هیکل  دەڵێ، سیاسەت لەڕوە زانستیەکەی لەڕۆژهەڵات بەگشتی‌و کۆمەڵگە عەرەبیەکان بەتایبەت تێزێکی مردوە، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هەرێمی کوردستان چەند لەسیمای بەڕێوەبردندا لەسەر مۆدیلی پڕ قەیران‌و پڕ گەندەڵی  میسر بینا کراوە، کاتێ هەموو شتێک لەپێناوی سەرکەوتنی حیزبدایەو حیزبیش لەپێناوی سەرۆک یان خێڵ‌و بنەماڵەدایە، لەم گەمە نەخوازراوەدا، هاوڵاتی لەهەموو مافێکی ڕەوای هاوڵاتیبوون دادەماڵرێت‌و دەکرێت بەهەواداری ئەم حیزب‌و ئەو حیزب، لەناو حیزبیشدا دەبێت بەلایەنگری ئەم باڵ‌و تەرەف‌و ئەو تەرەف، لەوێشدا ئەم  کەس‌و ئەوکەس، واتە ئیدی چ کۆمەڵگە، چ حکومڕانی لەسەر سکەو شاڕێگەی خۆی لادەدات‌و بەخواری بەرەو وێستگەیەکی بێ ئامان سەرهەڵدەگرێ، هەروەک دەوترێ ئیدی مرۆڤ‌و کۆمەڵگەو حکومڕانی دەکەوێتە دەستی قەزاو قەدەر.

لێرەوە بەهیچ جۆرێک حزب دروستکردن بەئامانجی ململانێکردنی دەسەڵات نابێتە هیچ ئەڵتەرناتیڤێک، بەو پێودانگەی هەموو ململانێیەکی دەسەڵات کاتێ هەرچی دارو نەداری میلەتە لەدەستی خۆیدا گلیدابێتەوە، بەجۆرێک مانای فۆرماتکردنەوەی هەمان دەسەڵات دێت، ئەگەر سەرکەوتنیش بەدەستبهێنرێت لەڕێگەیەک لەو ڕێگایانەی تاقیکراوەتەوە، وەک ئینقلاب یان موزاهەرەی کەمەرشکێن، یان هەرجۆرێکی تر، کاتێ دەسەڵاتدار بگۆڕێت‌و سیستەمەکەش وەک خۆی فۆرمات بکرێتەوە، لێرەوە بۆ ئێستەو ئایندەی هەرێمی کوردستان هەر حیزبێک بەئامانجی دژایەتی بەدەرەجەی یەک پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی یان یەکێتی کە تائێستە دەسەڵاتیان قۆرخکردوە دروستبێت، ئەوا نەتیجە فاشیل‌و  بێئەنجام دەبێت‌و دەبێتە شوێنی دروستبوونی کەسانی‌و وەزیرو مەسئولی بێ ئەرزشی هەڵتۆقیو خۆفرۆش، دەبێت کار لەسەر کۆمەڵگەو گۆڕینی سیستەم بکرێت لەڕێگەی  کۆمەڵەو ڕێکخراوی مەدەنی بۆ فسارخستنەسەر ئەو حیزبە قۆرخکارانە تا لەژێر فشاری میلەتدا بەڕێگەی خۆپیشاندانی مونەزەم‌و ڕێکخراو، مانگرتنی سەرپەرشتیکراو هێنانەوە هۆشخۆی لایەنگرانی حیزبەکان کە  لەهەواداری حیزبیەوە بگەڕێنەوە سەر مافی هاوڵاتیبوون، بۆ دروستکردنەوەی كۆمەڵگە کە حکومەتی دامەزراوەی نیشتمانی دروستبکرێت، ئەوکات لەسایەی حکومەتدا ، حیزب چ پارتی یان یەکێتی یان حیزبی نوێ، بە یاساو دەستور هەوڵ بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بدات لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە کاتێ هاوڵاتی بەئازادی  دەنگبدات نەک نۆکەری حیزبی بەکرێ گیراو..

نوسەرو رۆژنامەنوسی گەورەی میسر ئیحسان عه‌بدولقه‌دوس لەڕۆمانی  الراقسەو سیاسی، باسی ئەو وەزیر‌و مەسئولانەی ئەو حکومەتە فاشیلانە دەکات لەکۆمەڵگەیەکدا، کە چۆن حیزبی خۆسەپێن بەهۆی لایەنگرانی بەکرێگیراوی خۆیانەوە هەموو کۆمەڵگەیان بەبارمتە گرتوە، وڵات دەبێتە مەلهاو کەبەرێ‌و ڕاقیسەکان حوکمی تێدا دەکەن، بەدەیان جۆر سەرمایەداری هەڵتۆقیو دروستدەکەن‌و لەپرێکدا بۆ مەرامی خۆیان دەیانکەن بەسەرۆکی حیزبی تازە، وەک ڕاقیسەی سیاسی بۆ گەوجاندنی زیاتری کۆمەڵگە فڕێیان دەدەنە  نیشتمانەوە کە لەمەنزەردا دژی دەسەڵات‌و لەئەساسدا کوڕی دەسەڵات، بەمجۆرە  بەقەولی ئێرانی وڵات لەنێوان فاحیشەی سیاسی‌و ڕاقیسەی سیاسی نازانێ کێ سیاسەتمەدارە، بۆیە عەقڵیەتی کۆمەڵگە توشی داخورانی بیروبڕوا دەبێ کە ئیدی بڕوای نەک هەر بەسیاسەت‌و دەوڵەتداری نامێنێ، بەڵکو بڕوای بەهیچ کایەکی ژیان نامێنێ، تۆ سەیری کچێک یان کوڕێکی گەنج پاش 12 ساڵی خوێندن بەبەرزترین پلەوە ناوی لەهیچ زانکۆیەک دەرنەچێت، لەولاشەوە کوڕی ڕاقیسەیەکی سیاسی تازە هەڵتۆقیو بەهەزار فرتوفێڵ، زنجیرێک دەکاتە ملی کۆمەڵگەو وەک مەیمون سەمای پێدەکات بۆ مەرامی خۆی.

لێرەدا کێ دژی دەسەڵاتەو کێ دۆستی دەسەڵاتە؟ دەتوانی پێم بڵێی کێ پیاوی چاکەو کێ پیاوخراپ، کێ سیاسەتمەدارەو کێ ڕاقیسەی سیاسی، جیاکردنەوەی ئاسان نییە، کورد واتەنی چویتە شاری کوێران دەبێ دەست بەچاوی خۆتەوە بگری، ئەمەیە ئەسڵی قەزیە ، دەبێ چاومان بکەینەوەو وەک هاوڵاتی ڕاستیەکان ببینین، بزانین کە ئەگەر حیزبیش دروستبکەین، خۆمان دروستیکەین، نەک ڕاقیسەیەکی سیاسی بۆمان دروستکات، ئەگەر حیزبی نوێش دروستکەین ئەوا پەیمانبدەین کە دەسەڵات دروستنەکەین، دەسەڵات بۆ حکومەت دروستکەین.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟