لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

لە خڕەی ناوزەنگەوە بۆ گردی زەرگەتە (بەشی سێیەم)

Monday, 07.04.2022, 08:18 PM


پارتی سیاسی وەک پێناسەی خۆی:

پارتێکی سیاسی بە دید و بیروباوەڕ و ئامانجەکانییدا پێناسە دەکرێت و لە پارتێکی دیکە جیادەکرێتەوە. هەرچەندە هەموو پارتێکی سیاسیی بە پێی خوێندنەوەیەکی ئەکادیمیانە و لە روویەکی زانستییەوە یەک پێناسە و یەک لێکدانەوەیان هەیە.
بە کورتییەکەی حیزبی سیاسی بریتییە لە ڕێکخراوێکی یاسایی، بەپێی بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، دەیەوێت لە ناو ئەو سیستمە دێموکراسییەدا بگاتە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و حوکمی وڵات بکات. هەروەها بەشێوەیەکی گشتیش حیزبی سیاسی لەو کۆمەڵە هاووڵاتییانە پێکهاتووە، کە هەمان بیروباوەڕ و دید و ئامانجی سیاسییان بۆ بەڕیوەبردن و حوکمڕانی وڵات و دەزگا جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت هەیە.
بە پێی ئەو مەرجانەی سەرەوە، ناتوانرێت لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان و باشووری کوردستان هەمان پێناسە بۆ ئەو پارتانە بکەین، چونکە ئەو حیزبانە رێکخراوی یاسایی نیین، بەرنامەی سیاسییان بۆ سیستەمی ئیداریی و بەڕێوەبردنی وڵات و رێکخستنی کۆمەڵگا پێ نییە، ئەندام و هەوادارانی ئەو پارتانە دوای بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای پارتەکان نەکەوتوون، کە یاسا و سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای بە دامودەزگاکانییەوە پێکەوە بەستبێتەوە، بەڵکو دوای سەرکردە و بەرپرسەکان کەوتوون. سروشتی پارتەکانی باشووری کوردستانیش سروشتی بەڕیوەبردنی خێڵە، سەرکردەی ئەم پارتە خێلەکیانە دەسەڵات و پۆستەکانیان بەسەر منداڵ و کەسوکاریاندا دابەش کردووە. کاتێک سەرۆکی خێڵ دەمرێت، کوڕ و نەوەکانی جێگایان دەگرنەوە، ئەو ئەندامانەی دەوری سەرۆکی خێڵیان داوە، کەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندی پەرستن، زۆربەی ئەندام و لایەنگرانی ئەم پارتە خێڵەکیانەی کوردستان ئامادەن هەموو کارێک بۆ سەرکردە و بەرپرسەکان بکەن، رۆڵی پاسەوان، خزمەتکار و لە هەندێک کاتدا رۆڵی پیاوکوژیش دەبینن.

مەرج نییە ئەوەی قسەی باشی کرد، خۆشی کەسێکی باش بێت

نەوشیروان مستەفا پێش ئەوەی رەوانی خۆی شاد بکات و بە ئارامی بیخەنە ناو گۆڕێکی داگیرکراوەوە، بە هەمان عەقڵی بارزانی و تالەبانی بزووتنەوەیەکی دروست کرد، کە لە کۆتاییدا کوڕەکانی دەستیان بەسەر دەستکەوتەکانی ئەو بزووتنەوەیەدا گرت، لە کاتێکدا ئەو بۆ خۆی دەیان وتار و نووسینی دژ بە بنەماڵەکردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەبوو، کە بزووتنەوەی گۆڕانیشی دروست کرد، خۆشی هەمان هەنگاوی بنەمالەی بارزانی و تالەبانی نا، تەنانەت جاریک لە زمانی خۆیەوە گێڕایەوە، کەوا لەگەڵ مەسعود بارزانییدا دانیشتووە، پێی وتووە: (شێخ مەحمود، شێخ سەعیدی پیران، قازی محەمەد، ئەمانە سەردەمیان بەسەر چوو، نەوەکانیان نەهاتن جێگایان بگرنەوە، منیش کە مردم، نامەوێت منداڵەکانم جیگام بگرنەوە).
نەوشیروان لە لێدوان و قسە و نووسینەکانیدا کەسایەتییەکی جیاوازی هەبوو، قسەکانی لەگەڵ کردارەکانیدا لە یەکترەوە دووربوون. ئەو هەرچەندە زۆر جار قسەی ماقوڵ و باشی دەکرد، بەڵام کردارەکانی لە ئاستی ئەو قسە باشانەدا نەبوو، هەروەک جلە سادە و خاکییەکەی کە لەبەریدا بوو خۆی کردبوو بە باوکی هەژاران.
نەوشیروان مستەفا لە ژیانیدا و لە تەمەنی کاری سیاسییدا بەرامبەر بە جەلال تالەبانی دڵسۆز و راستگۆ و بە وەفا بوو، لە نووسین و قسەکردنیشدا ناوی جەلالی پێش ناوی خۆی دەخست، بۆ نمونە هەرگیز نەیگوتووە: (من و مام جەلال)، بەڵکو وتوویەتی (مام جەلال و من)، ئەوەندە چووبووە ناو کەسێتی جەلال تالەبانییەوە، خۆی کردبووە بەشێک لە جەستە و بیر و عەقڵی تالەبانی. جەلال تالەبانیش زۆر متمانەی پێی بووە، وای لێهاتبوو دەیانگوت، کە جەلال تالەبانی دوو کوڕی نییە، بەڵکو سیانی هەیە، لە هەموویان زیاتر متمانەی بە نەوشیروانیش بوو.
جەلال تالەبانی زۆر لە نەیار و ئەوانەی ترسی لێیان هەبوو بە پلان لە ژێرەوە لەناوی بردوون، بەلام لە نەوشیروان نەترساوە و متمانەی پێی بووە. نەوشیروانیش لە رووی کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتییەکی ئاڵۆز و تایبەت بە خۆی هەبوو، بەرامبەر بە ئەندامان و پێشمەرگەکان دڵ و قسەرەق! لەگەڵ جەلال و مەسعودیشدا رووخۆش و نوکتەباز، لە هەندێک کاتدا وەکو راوێژکاریش قسەی بۆ کردوون، هەر لە زمانی خۆیەوە گێڕایەوە، کە جارێک لای مەسعود بارزانی دانیشتووە، لەو کاتەدا بە ڤیدیۆ منداڵکارێک وێنەیان دەگرێت، دەپرسێت ئەمە کێیە، مەسعود بارزانی وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ئەوە مەسروری کوڕمە، نەوشیروان دەڵێت حەق نییە، ئەو کارەی پێ بسپێریت، بۆ ناینێریتە دەرەوە، بخوێنێت و لە پاشەڕۆژدا شوێنی تۆ بگرێتەوە؟!
نەوشیروان مستەفا رابەرایەتی حیزبێکی لینینی - مارکسی کوردستانی دەکرد. لە سەردەمێکدا بەرپرسی کۆمەڵەی رەنجدەران و پێشتر بە ناوی (کۆمەڵەی مارکسی و لینینی رزگاری کوردستان)ەوە بوو. یەکێکە لە تاوانبارە گەورەکانی مێژوو، تاوانەکەی لەو کاتەوە دەست پێدەکات، کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوە و تەفروتوناکردنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، لە دەرەوە بە دەیان کەسی لێ زیندانی و دەربەدەرکردن. ئەو ریکخراوەی، کە بە رەنجی سەدان قوربانی دەسەلاتی بەعسی خستبووە لەرزین، سەدان کەس بوونە قوربانی، نەوشیروان هەڵیوەشاندەوە. وەک بەڵگە هەر کەسێک بە وردی یادەوەرییەکانی (عەلی بچکۆل) و (چەند نامەیەک لە زیندانی فاشیستەکانەوە)، هەروەها (رەنجی فەرهادەکانی/ د. هەژار عوسمان) بخوێنیتەوە، دەزانێت سەرە داوی تاوانەکان لە کوێدا دەدۆزێتەوە، هەر لەسەر ئەو ریتمەش و لە فۆڕمێکی دیکەدا، نەوشیروان مستەفا، گۆڕانیشی بەو دەردە برد، هەمان تاوانی دووبارە کردەوە.

گۆڕان رێکخراوێک بۆ کەویکردنی ئۆپۆزیسیۆن

نەوشیروان مستەفا لە 11 / 04/ 2009دا دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانی راگەیاند، کە نزیکەی ساڵێک بەر لە دروستبوونی لە وتارێکدا بە ناوی (دوای ئەم هەمو رەخنەیە ئینجا چی؟) وەک کەسێکی نارازی و دەنگی رەسەنی ئۆپۆزیسیۆن خۆی پیشان دا، لایەنە نەرینی و خراپەکانی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی خستە روو، بێ ئەوەی وەک رێگاچارە و بۆ چارەسەری ئەو قەیران و نەهامەتییانەی، کە بەرۆکی هەرێمی گرتۆتەوە، باس لە ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو بکات، ئەویش بە نەمانی دەسەلاتی پارتیی و یەکیتیی و دادگاییکردنی تاوانبار و خائینەکانی ئەو دوو حیزبە، کە خواستی دەنگی رەسەنی ئۆپۆزیسیۆن بوو. نەوشیروان لە وتارەکەیدا نووسیبووی، کە:
(حیزب لە دوای راپەڕینەوە بەهۆی پاوانکردنی دەسەڵات و دارایی و دەستکەوت و ئیمتیازاتەکانییەوە لە لایەن توێژێکی دەسەلاتدارەوە ، قابیلی تازەبوونەوەیەکی راستەقینە نییە.کەواتە گۆڕێن لەم رێگایەوە ئەگاتە بەردەم دەرگایەکی داخراو.....) و (مادام گۆڕینیش لەناو حیزبەوە ناکرێت و مادام حیزب خۆی بۆتە رێگری گۆڕین و مادام حیزب ئامانج نییە، کەواتە ئەبێت لە دەرەوەی حیزب بەدوای گۆڕیندا بگەڕێین.)
لە کۆتایی نووسینەکەیدا لە بری وەڵامێک چوار وەڵامی جیاوازی دابووەوە، هەموو حاڵەتەکانی کردبوو بە تاکە ئەلتەرناتیڤی بزووتنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی، لە بری ئەوەی خۆی ببێت بە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن، ئۆپۆزیسیۆنی کرد بە بەشێک لە خۆی.
پرسیارەکەش ئەمەیان بوو:
(گۆڕین بەچی دەکرێت؟). وەڵامەکانیش ئەمانەی خوارەوە بوون:
1. بە دامەزراندنی حیزبێکی نوێ.
2. بە پێکهێنانی بەرەیەکی فراوانی موعارەزەی رێکخراو.
3. بە دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤی سەندیکایی.
4. بە رێکخستنی لیستی جیاواز و مونافیس لە هەلبژاردنەکاندا.
وەک لەو چوار وەڵامەدا دەرکەوت، نەوشیروان لە رێگای دەنگدان و دروستکردنی سەندیکا و لیستی جیاوازەوە توانی دەنگی نارازیی لە چالاکی بخات و زۆربەیانی هێنایە ناو دەسەڵاتەوە و هەرچی ناحەزی پارتیی و یەکێتیی بوو، لە ناو گۆڕاندا وەکو سڵقی رووت خستییە بەر دەستیان، ژمارەیەکی زۆریش لە ئەندامانی باڵای یەکێتیشی لە تالەبانی دوور خستەوە،  هێنایە ناو گۆڕان، بەمە یەکێتیی بۆ تاڵەبانی و هێرۆ و کوڕەکانی چۆڵ کرد.
نەوشیروان، کە پەرپرسی دووەمی یەکێتیی نیشتیمانی بوو، وەک رابەری رێکخراوێکی سیاسیی، کاتێک دوای راپەڕین، گەڕانەوە نێو شارەکان، هەرگیز لە ژیانییدا بە دوای چارەسەری کێشە سیاسیی و ئابوری و کۆمەلایەتییەکانی باشوورەوە نەبوو، هەرچەندە لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسەکانی تری ناو یەکێتیی خۆی نەدەگونجان، لێ لە جەوهەردا کێشەی فیکری و سیاسیی لەگەڵیاندا نەبوو، کاتێکیش کە وازی لە یەکێتیی هێنا و بزووتنەوەی گۆڕانی دروست کرد،  لە رێگای سەندیکا و لیستی جیاواز و چوونە ناو دەسەڵاتەوە، توانی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن و دەنگی ناڕازی پەرت و بڵاوە پێ بکات و لە راگەیاندنەکانی خۆیەوە دەیگووت:
- (رەخنە بە زمانی گوڵ)، واتا دەبێت دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیی بە رەخنە گوڵباران بکرێت.
- یان ئێمە هێزی چەکدارمان نییە و پێویستمان بە ئاژانس و دەزگای هەواڵگریی وەک پاراستن و زانیاریی نابێت.
لەمەشەوە لایەنگر و ئەندامانی گۆڕانی خستە بەر ڕەحمەت و دەستی پارتیی و یەکێتیی، زۆربەیان بێ نان و موچە کران. جارێکی دیکە هەمان سیناریۆی سەردەمی شاخی دووبارە کردەوە، دەنگی ئۆپۆزیسیۆنی لاواز و ریسوا کرد، بەو دەردەی ئەمڕۆی برد، بەمەش تەمەنی دەسەلاتی دزەکانی درێژەپێدا.

کوردی ئیسلام و ئیسلامی کورد:

لە دەرەوەی ئەو مێژووە تاڵەی، کە ئیسلام بەرامبەر بە کورد هەیەتی، هەروەها ئەو ماوە زۆرەی، ئیسلامەکان درێژەیان بە داگیرکاری کوردستان دا و لە دوای دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی پێهات، بە فەرمی کوردستان کرا بە چوارپارچەوە. ئیتر لەو رۆژەوەی کە دەوڵەتی عێراق راگەیەنرا، (ئینگلیزەکان لە باشووری کوردستان توانیان مێشکی مرۆڤی کورد بخەنە سەر سکەیەکی دیکەی بیرکردنەوە، عەقڵێکی تریان بۆ کورد دروست کرد، بە بیرکردنەوەیەکی جیاواز ئەو عەقڵەیان لە جەستەی کورددا موتوربە کرد، ئەو عەقڵەی کە هی کوردەکە خۆی نەبوو، واتە، عەقڵێکی دوور لە سروشتی کوردبوون، بەڵام ئێمە چونکە تا ئیستا بە مێژووی خۆماندا نەچووینەتەوە، هەر ئەو عەقڵە بەکار دەهێنین، کە داگیرکەرەکانمان بۆیان دیاری کردووین.). ئەو عەقڵە لە راگەیاندنەکانی سەردەمی ئینگلیز و دەولەتی عێراقەوە تا دەگاتە نێو بەرنامە و پرۆگرامی پارتەکانی باشوور تێماندا شۆڕبۆتەوە و لەناو ئیسلامێکی کورددا رەنگی داوەتەوە، ئەمڕۆش ئەو عەقڵە لە ناو ئیسلامەکانی کوردستاندا وەک دوو بیروباوەڕ و دوو فەلسەفەی جیاواز بوونیان هەیە:

1- (ئیسلامی کورد):

واتا ئەو کوردەی، کە ئیسلامبوونەکەی بە پلەی یەکەم وەردەگرێت و لە ناخەوە نکۆڵی لە کوردبوونی خۆی دەکات، دەیەوێت وەک موسوڵمانێک دەربکەوێت ، ناوی منداڵەکانی بە کوردی نانێت، لە زۆر بۆنەدا پوشاک و جلوبەرگی ئیسلامیی و عەرەبی و تورکی لەبەردەکات، کەلتوری عەرەب و داگیرکەر دەهێنێتە نیو بۆنەکانەوە وەکو پرسە و جێژنە ئاینی و بۆنەکانی تر. لەبەر ئەوەی لە ئیستادا و لە ناچارییدا ناتوانێت کوردبوونەکە لە خۆی بکاتەوە، هێدی هێدی هەنگاوی بۆ دەنێت. ئەم گروپە ئیسلامیە کوردانە بریتین لەو کوردە ئیخوان و کەسانەی، کە بە ناوی ئیسلامەوە کار لەسەر کوردی موسوڵمان دەکەن، بە چاوێکی سووکەوە سەیری ژن و کچ دەکەن، دەیانەویت کچان بنێرنە مالەوە و واز لە خوێندن بهێنن، سەرپۆش و حیجاب بپۆشن. ئازادی تاکەکان کەم بکەنەوە، تاکی کورد لە هەموو پەیامە جوانەکانی مرۆڤایەتیی دوور بخەنەوە، واتا دەبێت (موسوڵمانێکی کورد) موسوڵمانبوونەکەی پێش مرۆڤایەتیی و کوردبوونەکەی بێت، ئەم مەلا و خەتیب و ئیخوانە ئیسلامییەی ئەمڕۆ کە لە کوردستانن، نەتەوەکەیان دەخەنە خزمەتی ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی وەک تورکیا و قەتەر و هتد..
موسوڵمانێکی کورد ئەو کەسەیە، کە یارمەتی هەموو موسوڵمانێکی غەیرە کورد دەدات، جەرگی بۆی دەسوتێت، بەڵام بۆ کارەساتێکی وەکو عەفرین دەستخۆشی لە برا موسوڵمانە تورکەکەی دەکات، کە کورد لەناو دەبات. بۆ گەیشتنی بەو ئامانجە، ئیسلامە ئیخوانییەکانی کوردستان دەیانەوێت لە رێگای سیاسەتەوە لە دەسەلات نزیک ببنەوە و کوردستان بکەن بە ئەفغانستان، بۆیە نمونەی وەک مەسعود عەبدولخالقێک پەیدا دەبێت، ناماقوڵی دەکات و دەڵێت: (ئه‌وانه‌ی ویستویانه‌ سیاسه‌ت له‌ ئاین جیابكه‌نه‌وه‌ خزمه‌تكاری سته‌مكاران بووینه‌).

2- (کوردی ئیسلام):

تەواو پێچەوانەی ئیسلامی کوردە، لە پێناوی بەرژەوەندی باڵای خاک و نیشتیمان و گەلەکەیاندا ئامادەن واز لە ئاینەکەش بهێنن، لە نمونەی: (داود ئۆغڵۆ کە دەڵێت: ئەگەر خوا دەوڵەتی کوردی دروست بکات، تورک لە خوا دەتۆرێت و لێی هەڵدەگەڕێتەوە).
کوردی ئیسلام وەک فارس، تورک، عەرەب و هەر نەتەوەیەکی موسوڵمانی تر بیردەکاتەوە، خاک و هاوزمانەکەی خۆی خۆش دەوێت، خۆفرۆشی ناکات، پیاوی داگیرکەر نییە، دز و درۆزن نییە. وەکو ئەم مەلا و خەتیب و پێشنوێژانەی ئەمڕۆ هەموو قسە و باسەکانیان لەسەر ژن و ئافرەت نییە، وەک مرۆڤ لە ئافرەت دەڕوانن، ریزی ژن و خوشک و کچی خۆیان دەگرن. کوردێکی موسوڵمان کەسێکی بێوەیە، دەستو دڵی خاوێنە، بە بیروباوەڕەوە خواپەرستی و نوێژ و رۆژووی خۆی دەکات، هەقی کەسی نییە، زیان و خراپەی بۆ دەوروبەر نییە، رێزی بیروبۆچوونی ئاینەکانی دیکە دەگرێت، کوردبوون و خواپەرستییەکەی لە یەکتر دوورنەخستۆتەوە. بە واتا سیاسییەکەی ئەمانە (کوردی ئیسلام)ن. جل و پۆشاکی کوردی فڕێ نادات، ناوی منداڵەکانیان بە کوردی دەنێن، نەفرەت لە کوردبوون ناکەن، لە بەهەشت ناروانێت وەکو شوێنی رابواردن و خواردنەوە و نیربازی، ئەم دنیایە لەبیرخۆی ناباتەوە و نیشتیمانەکەی بۆ داگیرکەر جێ بهێڵێت.

تێبینی: لەو بەشەدا، کە باسی (ئیسلامی کورد و کوردی ئیسلام)م کردووە، وەک سەرچاوە کەڵکم لە کتێبی (رێگایەک بۆ مرۆڤبوون/ ل19،17)ی ناسر حەفید وەرگرتووە.


ماوێتی




ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟